پشکنینی تای ماڵتا

له‌لایه‌ن: - سارا محێدین - به‌روار: 2022-05-09-21:55:00 - کۆدی بابەت: 8583
پشکنینی تای ماڵتا

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی تای ماڵتا

تای ماڵتا (بە ئینگلیزی: Malta fever) کە حەمەی ماڵتاشی پێ دەوترێت، نەخۆشییەکی بەکتریاییە کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هۆکارەکەی بەکتریای (بروسێللا)یە. یەکێک لە بەربڵاوترین سەرچاوەکانی تووشبوون بەم بەکتریایە بەکارهێنانی شیرەمەنی خاو و پاکژ نەکراوە. هەندێک جاریش بەکتریاکە دەتوانێت لەڕێگەی هەوا یان مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵی توشبوودا بگوازرێتەوە.

نیشانەکانی تای ماڵتا

• تا
• لەرز
• ئارەقکردنەوە
• خاوبوونەوەی لەش
• نەمانی ئارەزووی خواردن
• سەرئێشە
• ئازاری ماسوولکە، جومگە یان پشت
• شەکەتی

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە ڕەنگە بۆ چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک دیار نەمێنن و دواتر سەرهەڵبدەنەوە. هەندێک کەس تای ماڵتای درێژخایەنیان هەیە و بۆ چەندین ساڵ ئەزموونی نیشانەکان دەکەن، تەنانەت دوای وەرگرتنی چارەسەریش. نیشانە درێژماوەکان ئەمانە دەگرێتەوە:

• شەکەتی
• سەرهەڵدانەوەی تا
هەوکردنی توێی ناوەوەی ژوورەکانی دڵ (endocarditis)
• هەوکردنی جومگەکان (ڕۆماتیزم)
• هەکردنی جومگەکانی بڕبڕەی پشت (spondylitis)
• هەوکردنی جومگەکانی ناوچەی بەیەکگەیشتنی بڕبڕە و حەوز (sacroiliitis)

چی کاتێک ئەم پشکنینە پێویستە؟

• ئەگەر لە قەسابخانە کار دەکەیت و نیشانەکانی نەخۆشییەکەت تێدایە.
• ئەگەر لە قەسابخانەیت، شیرەمەنی فرۆشی یان لە کێڵگەی ئاژەڵداریدا کار دەکەیت و بەرکەوتنت هەیە لەگەڵ بەکتریای بروسێللا لەڕێگەی برینی کراوە یاخود داخراوەوە.
• ئەگەر ئاسک، بەرازی کێوی، یاخود ئاژەڵەکانی تر ڕاو دەکەیت و نیشانەکانی نەخۆشییەکەت تێدایە.
• ئەگەر گەشت دەکەیت بۆ ئەو وڵاتانەی نەخۆشییەکەی تێدا باوەوە و شیر، پەنیر یان ئایسکرێمی پاکژ نەکراوت خواردووە.
• ئەگەر کارمەندی تاقیگەیت و بەرکەوتنت لەگەڵ بەکتریاکەدا هەبووە.

زۆرینەی خەڵکی لەوانەیە تاوەکوو ٣ بۆ ٤ هەفتە دوای بەرکەوتنیان لەگەڵ بەکتریای (بروسێللا) نیشانەکانیان تێدا دەرنەکەوێت. بەوپێیەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەستبەجێ دەرناکەون، بۆیە ڕەنگە پزیشکەکەت هۆکاری نیشانەکانت نەزانێت تاوەکوو ئەم پشکنینە ئەنجام دەدەیت.

پشکنینەکە چۆن ئەنجام دەدرێت؟

پشکنینەکە پێویستی بە نموونەیەکی خوێنە، ئەویش لەڕێگەی سرنجێکەوە لە قۆڵی نەخۆشەکە وەردەگیرێت.

چی شتێک کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان دروست دەکات؟

پۆزەتیڤی ناڕاست لەم پشکنینەدا تاڕادەیەک باوە، چونکە لەشی مرۆڤ دەتوانێت هەمان دژەتەن وەک کاردانەوە بۆ میکڕۆبەکانی تریش دروست بکات.

ئەنجامەکانی پشکنینەکە چی دەگەیەنن؟

بەگشتی ئەم پشکنینە بە پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ ئەنجام دەدات بەدەستەوە، ئەنجامی ئاسایی پێویستە نێگەتیڤ بێت کە بەواتای نەبوونی دژەتەنەکەیە لە لەشدا.
سەرەڕای ئەمە ڕێگەی تریش هەن بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە و ڕێژەی ئاسایی ئەنجامەکان لە تاقیگەیەکەوە بۆ تاقیگەیەکی تر بەگوێرەی شێوازی ئەنجامدانی پشکنینەکە دەگۆڕێت، بۆیە باشترە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت بۆ لێکدانەوەی ئەنجامەکان.


سەرچاوەکان



1071 بینین