تەکفیری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-16-14:31:00 - کۆدی بابەت: 8669
تەکفیری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەکفیری یان تەکفیرکار (بە ئینگلیزی: Takfiri، بە عەرەبی: التكفيري) زاراوەیەکە بۆ موسڵمانێک بەکاردێت کە موسڵمانێکی تر بە کافر و لادەر تۆمەتبار دەکات. تۆمەتبارکردنی گرووپە ئیسلامییەکان بە تەکفیری، بووە بانگەوازێکی مەزهەبی باو، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١. ئەم دەستەواژەیە زیاتر لەلایەن موسوڵمانە توندڕەوەکانەوە بەکاردێت و کەسێکی تر کە بەهەمان شێوەی ئەوان بیرناکاتەوە بە کافر دەزانن و بە دەقی ئایەت و فەرموودە ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەم دیاردەیەش بە تەکفیریزم ناو دەبرێت، کە بە "ئایدۆلۆژیای کەمینەکان" ناوزەد کراوە و داکۆکی لە کوشتنی موسڵمانانی دیکە دەکات کە بە بێباوەڕ ڕاگەیەندراون.

خودی تۆمەتەکە پێی دەوترێت تەکفیر، کە لە وشەی کافیر (بێباوەڕ)ـەوە وەرگیراوە، ئەمەش کاتێکە کە موسوڵمانێک بە هەڵگەڕاوە و مورتەد ناودەبرێت. لە ڕاستیدا لە ئیسلامدا، تاکە گرووپێک کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە موسڵمانێک بە کافیر (بێباوەڕ) بناسێنێت بریتییە لە چینی زانایانی ئیسلامی، ئەمەش تەنها کاتێک ئەنجام دەدرێت کە هەموو ڕێوشوێنی خۆپارێزیی یاسایی دیاریکراو گیراوەتەبەر. بە شێوەیەكی نەریتی تەكفیر لە دژی ئەو كەسانە بەكاردەهێنرا كە خۆیان بە موسڵمان دەزانی و یەكێك یان زیاتر لە بنەما بنەڕەتییەكانی ئیسلام ڕەتدەكەنەوە. بزووتنەوە و گرووپە ئیسلامییەکانی وەک (کۆمەڵەی ئەحمەدی) بە کافیر ناویان لێنراوە و لەلایەن زۆرێک لە موسڵمانانەوە قوربانیی تەکفیر بوون، چونکە تۆمەتبارن بەوەی نکوڵی لە بنەمای بنەڕەتی کۆتاییی پێغەمبەرایەتی دەکەن.

لە مێژووی ئیسلامدا، ئەمە ڕێبازێکە کە لە سەدەی حەوتەمی زایینیەوە سەرچاوەی گرتووە و بە خەواریجەکان ناسراون، تەکفیریان ئەنجامداوە و بۆ چەندین سەدە سەرچاوەی یاخیبوون بوون لە دژی خەلافەتەکانی سەرەتا. لە نیوەی کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، تەکفیر وەک سزایەک بۆ "توندوتیژی دژی سەرکردەکانی دەوڵەتە ئیسلامییەکان" کە شەریعەت جێبەجێ ناکەن یان بە شێوەیەکی تر "بە نائایینی دادەنرێن" بەکار دەهێنرێت. ئەم بەکارهێنانەی تەکفیر بووەتە "ئایدۆلۆژیای سەرەکی" گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییە جیهادییە یاخیبووەکانی وەهابی-سەلەفی بە تایبەتی قاعیدە و داعش، کە سوودیان لە بیرۆکەکانی زانایانی ئیسلامی سەدەی ناوەڕاست وەک ئیبن تەیمییە و ئیبن کەثیر وەرگرتووە، لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی مۆدێرنی سەید قوتب و ئەبوو عەلای مەودوودی.

ئەم کارە لەلایەن گرووپە موسڵمانە سەرەکییەکان و زانا ناودارەکانی ئیسلام وەک حەسەن حودەیبی و یوسف قەڕزاوی بە لادان ناوزەد کراوە و بە ناڕاست دانراوە.

تەکفیر لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەک

قوتب و یاخیبووان

تا ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان، ئەو گرووپانەی لە سەید قوتبەوە ئیلهامیان پێ بەخشرابوو بریتی بوون لە: (کۆمەڵەی جیهادی ئیسلامیی میسڕ (جماعة الجهاد الإسلامي)، کۆمەڵەی تەکفیر و هیجرەت (جماعة الدعوة والهجرة)، جوندوڵڵا (جندالله)، ئەلجیهاد، کۆمەڵەی ڕێکخراوی فەنیی عەسکەری (تنظيم العسكرية)، کە هەموویان شەڕی یاخیبوونە توندوتیژەکانیان دەکرد. لە کاتێکدا قوتب ڕایگەیاندبوو کە جیهانی ئیسلامی "لەمێژە لە بووندا لەناوچووە" و موسڵمانانی ڕاستەقینە دەبێت ڕووبەڕووی "کەسانی خۆبەزلزان، فەساد، تاوانبار و ڕسوا" ببنەوە لە خەبات بۆ گەڕاندنەوەی ئیسلام، بەڵام بە تایبەتی باسی لەوە نەکردبوو کە خۆبەزلزانەکان "دەسەڵاتدارانی سیستەمی جاهیلی" موسڵمانان لادەر بوون (یان ئایا دەبێت هەموویان بکوژرێن)، بەڵام شوێنکەوتووانی بەوشێوەیە بڕیاریان دا.

ئەیمەن زەواهیری، ئایدۆلۆژیستێکی سەرەکی جیهاد و سەرکردەی ڕێکخراوی قاعیدە، لە کتێبی شوڕشگێڕان لە ژێر ئاڵای پێغەمبەردا ڕێزی لە قوتب گرتووە بەگشتی بەو شێوەیە وەسفی دەکات کە هەوڵی ڕووخاندنی "ڕژێمە موڕتەدەکان" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕینی ئەوان بە "حکوومەتە ئیسلامییە ڕاستەقینەکان"ـی داوە.

شوکری موستەفا، دامەزرێنەری جەماعەتی موسلیمین (کە لەلایەن خەڵکەوە بە تەکفیر وەلحیجرە ناسراوە) لەگەڵ قوتب لە زینداندا بووە و هاوڕێی بووە.

شێوازی تەكفیری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام زیاتر ڕەگ و ڕیشەی لە وەهابییەت و ئیبن عەبدولوەهابدا هەبێت لە چاو قوتب، بەڵام یەک قسەی زۆر بەناوبانگی سەید قوتب هەیە کە لەلایەن ئەوانەوە لەسەر دیوارەكان نووسراوە و هەروەها چەندین جار لە دەقەكانی داعشدا دەركەوتووە: "هەرکەسێک باجی جیهاد نەدات، باجی خۆبەدوورگرتن دەداتەوە".

شەڕی ناوخۆی جەزائیر

لە شەڕی ناوخۆی دڕندانەی جەزائیر لە ساڵانی ١٩٩١-٢٠٠٢ لە نێوان حکوومەتی جەزائیر و گرووپە جیاوازە یاخیبووەکانی ئیسلامیدا، تەکفیر لەلایەن ئیسلامییە توندڕەوەکانی کۆمەڵەی ئیسلامیی چەکداری جەزائیر (الجماعة الإسلامية المسلحة)ـەوە ڕاگەیەندرا. لە نیسانی ١٩٩٨ـەوە دەستی پێکرد، زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی لە گوندەکان و گەڕەکەکاندا دروست بوو و دەیان و هەندێکجاریش سەدان کەسی مەدەنی کوژران بەبێ گوێدانە تەمەن و ڕەگەزی قوربانییەکان. گرووپەکە ڕایگەیاندبوو کە جگە لە خۆیان هەموو ئەوانی تر کافرن و هەڵگەڕاونەتەوە لە شەریعەتی ڕاستەقینەی ئیسلامی. لە کۆتاییدا ١٠٠,٠٠٠ بۆ ٢٠٠,٠٠٠ کەس لە شەڕەکاندا کوژران.

 ئەفغانستان

لە مانگی ئابی ١٩٩٨ـدا لە مەزار شەریفی ئەفغانستان یاخیبووانی تاڵیبان ٨٠٠٠ کەسیان سەربڕی کە زۆربەیان شیعەی نەتەوەی هەزارە بوون. تاڵیبان ئاماژەی بە تۆڵەکردنەوە کرد، یان ڕق و کینە نەتەوەییەکان ڕەنگە پاڵنەرێک بووبێت بۆ سەربڕینەکە، بەڵام لێدوانەکانی مەلا نیازی، فەرماندەی تاڵیبان لە هێرشەکە و پارێزگاری تازە دامەزراو، ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕەنگە بیرۆکەی تەکفیرییش پاڵنەرێک بووبێت. نیازی لە ژمارەیەک وتاردا لە دوای سەربڕین لە مزگەوتەکانی مەزەری شەریفەوە ڕایگەیاند: "هەزارەکان موسڵمان نین، شیعەن. ئەوان کافرن. هەزارەکان لێرە هێزەکەمانیان کوشت، ئێستاش ناچارین هەزارەکان بکوژین. یان قبووڵ دەکەیت موسڵمان بیت یان دەبێت ئەفغانستان بەجێ بهێڵیت".

ڕێکخراوی قاعیدە

قاعیدە بەشێک لە بیروباوەڕی تەکفیریی داعشی هاوبەشی پێ دەکرد، بۆ نموونە ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی باڵای شیعەکانی بە "قوتابخانەیەکی ئایینی لەسەر بنەمای زیادەڕەوی و درۆ" ناوزەد کرد، بەڵام زەواهیری و ئەبو محەمەد ئەلمەقدیسی دژایەتی هێرشەکانی سەر شیعەکانیان کرد چونکە وەک سەرقاڵکردنێک دەیبینن لەچاو ئامانجی گرنگتر کە شکستپێهێنانی دوژمنی دوورە کە بریتییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

جەنگ لە عێراق (٢٠١٣-٢٠١٧) و لێکەوتەکانی

لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠٢١، ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی گرووپە پەیوەندیدارەکانەوە، داعش بەرپرس بووە لە ٢٧ هەزار و ٩٤٧ کوژرانی تیرۆریستی لە عێراق. زۆرینەی ئەمانە موسڵمان بوون بەڵام داعش بە چاوی کافرەوە سەیری کردوون.

دژە شیعەکان

ئەبوو موسعەب زەڕقاوی کە لە ساڵی ١٩٩٩ جەماعەتی تەوحید و جیهادی عێراقی دامەزراند، بەوە دەناسرێت کە یاخیبوونی عێراقییەکانی دژی ئەمریکا بۆ جەنگی سوننە و شیعە گۆڕیووە. ئەو خۆی و گرووپەکەی نەک تەنیا دژی ئەمریکا شەڕیان دەکرد، بەڵکوو شەڕیان لەگەڵ ئەو شتانەدا دەکرد کە ناویان دەنا "ڕێبازە لادەرەکان" (واتە موسڵمانانی شیعە). لە ئەیلوولی ٢٠٠٥، دوای هێرشی حکوومەتی عێراق بۆ سەر یاخیبووان لە شارۆچکەی تەلعەفەری سوننە، زەڕقاوی و گرووپەکەی جەنگی سەرتاسەرییان دژی شیعەکان لە عێراق ڕاگەیاند.

تەکفیرکردنی فراوان

جگە لە تەکفیرکردنی شیعەکان، لە نزیکەی ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٦، زەڕقاوی مەودای بڕیارەکانی بۆ تەکفیرکردن فراوانتر کرد و زۆرێک لە موسوڵمانی تری بە کافر دانا، لەوانە: فرۆشیاری کحوول و ماددە هۆشبەرەکان، لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕۆژاوایی و ڕیش تاشین و هێشتنەوەی سمێڵ، بەشداریکردن لە دەنگدان تەنانەت بۆ کاندیدی موسوڵمان لەگەڵ دوودڵیی لە دانانی ئەو کەسانە بە کافر. زەڕقاوی لە ٢٠٠٦ کوژرا و داعش شوێنی گرووپەکەی گرتەوە، بیرۆکەی تەکفیری لای داعش گەورەتر بوو و چەندین یاسای نوێی بۆ زیاد بوو. بۆ نموونە لە هێرشی سەر شنگال، داعش ڕایگەیاند: "بڕیارە ژن و منداڵی ئێزدی بەپێی شەرع دابەش بکرێن لە نێوان ئەو چەکدارانەی دەوڵەتی ئیسلامی کە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی شنگالدا کردووە، هەروەها بەکۆیلەکردنی بنەماڵەی کافرەکان و بردنی ژنەکانیان لایەنێکی پتەوی شەرعییە کە ئەگەر یەکێکیش نکووڵی لێ بکات یان گاڵتەی پێ بکات، ئەو دەبێتە نکوڵیکار و گاڵتەپێکاری ئایەتەکانی قورئان و ڕیوایەتەکانی پێغەمبەر، بەوەش لە ئایینی ئیسلام دەردەچێت و دەبێتە هەڵگەڕاوە".

حووکمی بەکافربوونی موسوڵمانێک

بەکافرکردنی موسڵمان دروست نییە، چونکە یەکێکە لە تاوانە گەورەکان. خوای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا ضَرَبْتُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَتَبَيَّنُوا وَلَا تَقُولُوا لِمَنْ أَلْقَىٰ إِلَيْكُمُ السَّلَامَ لَسْتَ مُؤْمِنًا تَبْتَغُونَ عَرَضَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ...) النساء:٩٤، واتە: ئەی باوەڕداران کاتێک چوون بۆ جەنگ لەپێناو خودادا شتەکان لە یەکدی جیابکەنەوە و بەرچاوڕوونانە مامەڵە بکەن، یەکێک لە مەیدانی جەنگدا سەلامی لێکردن ئێوە تۆمەتباری مەکەن بەوەی لە ترساندا ئەوە دەکات و ڕاست ناکات و باوەڕدار نییە، ئایا ئێوە بەدوای دەستکەوتی دونیاییەوەن (یاخود ڕێنوێنی کردنی خەڵک) لەم ئایەتەدا خودای گەورە ڕێنوێنی باوەڕداران دەکات هەرکەسێک خۆی بە مسوڵمان دانا و مسوڵمانبوونی خۆی ئاشکرا کرد ئاوەڵناوی کوفری مەخەنە شوێن و بە کافری دامەنێن.

پێغەمبەر ﷺ لە فەرموودەیەکدا و بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی مسوڵمانان بۆ خۆپاراستن لە تاوانی بەکافردانانی مسوڵمان دەفەرموێت: (من رمی مؤمنا بکفر فهو کقلتە) واتە: هەرکەسێک تۆمەتی کوفر بداتە پاڵ باوەڕدارێک وەک ئەوە وایە کوشتبێتی، کە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر گەورەیی بە کافردانانی مسوڵمانێک.


سەرچاوەکان



1505 بینین