پلازمای خوێن بۆ چارەسەرکردنی هەڵوەرینی قژ

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان سازان عەدنان - به‌روار: 2022-05-22-13:25:00 - کۆدی بابەت: 8746
پلازمای خوێن بۆ چارەسەرکردنی هەڵوەرینی قژ

ناوه‌ڕۆك

چۆن پلازمای خوێن بۆ چارەسەرکردنی هەڵوەرینی قژ بەکاردێت؟

پلازمای خوێن بۆ چارەسەرکردنی هەڵوەرینی قژ (بە ئینگلیزی: Platelet Rich Plasma(PRP)for hair Loss) بریتییە لە بەکارهێنانی پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێنی کەسەکە خۆی کە بەشێوەی دەرزی لە پێستی ئەو ناوچەیە دەدرێت کە قژەکە تێیدا لاواز بووە، بۆ ئەوەی پێکهاتە و تەندروستیی قژەکە بەهێز بکات و لە هەمانکاتیشدا هانی گەشەکردنی مووی نوێ بدات.

ئەم جۆرە پلازمایە دەوڵەمەندە بە پڕۆتین و هۆیەکانی گەشە کە هانی چاکبوونەوەی برین و گەشەی خانەکان دەدات هەروەها دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کۆلاجین کە پڕۆتینێکی گرنگە بۆ پێست و ماسولکە و ئێسکەکان.

هەڵوەرینی قژ یەکێکە لە باوترین کێشەکان لە پیاوان و خانماندا بە گشتی کۆمەڵێک هۆکار هەن کە دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ وەکوو: بۆماوەیی, تەمەن، ناڕێکی هۆڕمۆنەکان، هەوکردنی پێستی سەر هەروەها هەندێک جۆری دەرمان.
بۆ ئەم مەبەستەش پزیشکان بەکارهێنانی پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێن بۆ هاندانی گەشەی مووەکانی پێستی سەر بە ڕێگایەکی کاریگەر دەبینن، لە ئەنجامی ئەو توێژینەوە زانستیانەی کە سوودەکانی ئەم جۆرە پلازمایە بۆ چارەسەرکردنی دەردەکانی پێست دەردەخەن.

پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێن چۆن کاردەکات؟

بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی کارکردنی پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێن پێویستە لە گرنگی پەڕەکانی خوێن تێبگەین، پەڕەکانی خوێن پێکهاتەیەکی سەرەکی خوێنن, کاتێک بەشێکی جەستە دووچاری برینێک دەبێت ڕاستەوخۆ پەڕەکانی خوێن وەڵامدانەوەیان دەبێت و خوێنبەربوون ڕادەگرن و دەبنە هۆی چاکبوونەوەی برینەکە. 
لێکۆڵەران ئەوەیان دەرخستووە کە ئەگەر بتوانرێت پەڕەکانی خوێن بە خەستییەکی زۆر دەربهێندرێت و لەو شوێنەی دووچاری برین هاتووە بەکاربهێنرێتەوە ئەوا یارمەتی زووتر چاکبوونەوە دەدات.

هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێن بۆ چارەسەری هەڵوەرینی قژ

لە هەنگاوی یەکەمدا نموونەی خوێن لە چارەخواز خۆی وەردەگیرێت و دەخرێتە ناو ئامێری سەنتریفیوج کە ئامێرێکی تاقیگەیە بۆ جیاکردنەوەی پێکهاتەکانی خوێن بەکاردەهێنرێت، دواتر خوێنەکە جیا دەبێتەوە بۆ سێ بەش:
•پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێن.
•ئەو پلازمایەی ڕێژەی پەڕەکانی خوێن تێیدا کەمە.
•خڕۆکە سوورەکانی خوێن.

پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێن جیادەکرێتەوە و دواتر دەخرێتە ناو دەرزی تایبەت بە ئەنجامدانی پلازما بۆ پێستی سەر. 
لەهەنگاوی دووەمدا پزیشکی پسپۆڕ دەرزی پلازما بۆ ئەو بەشانەی پێستی سەر کە مووەکانیان هەڵوەریوە بەکاردەهێنێت.

لە دوای ئەنجامدانی پلازما ئاساییە چارەخواز هەست بە ئازار بکات ئەویش بەهۆی ئەو دەرزیانەی لە پێستی سەر دەدرێت و هەروەها دەبێتە هۆی خوران و سووربوونەوە و شین هەڵگەڕان لە ماوەی دوو بۆ پێنج ڕۆژ پاش ئەنجامدانی چارەسەرەکە.

پێویستە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر پاش ئەنجامدانی چارەسەرەکە بە هیچ شێوەیەک قژ تەڕ نەکرێت، هەروەها هیچ بەرهەمێکی تایبەت بە گرنگیدان بە قژ بەکارنەهێنرێت.

بە ماوەی چەندێک کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت؟

کاریگەری پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێن لە پاش شەش مانگ لە ئەنجامدانی بە تەواوەتی بەدیدەکرێت، لە پاش ئەو ماوەیە بە تەواویی هەست بە بەهێزبوونی ڕەگی قژ و گەشەکردنەوەی تاڵە مووەکان لەو بەشانەی پێستی سەر کە مووەکانیان هەڵوەریوە دەکرێت.

پێویستە چەندجار ئەم چارەسەرە ئەنجام بدرێت؟

بە شێوەیەکی گشی پێویستە ئەم چارەسەرە سێ جار ئەنجام بدرێت کە ماوەی نێوانیان بە نزیکەیی چوار بۆ شەش هەفتە دووربێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی کاریگەر دەستەبەربکرێت.

ئایا ئەم چارەسەرە بۆ هەموو چارەخوازێک هەمان ئەنجامی دەبێت؟

ئەم چارەسەرە بۆ هەموو نەخۆشێک بەسوود نییە بۆ نموونە، لەو کەسانەی کە هۆڕمۆنەکانی غودەیان ناڕێکە یان هەر نەخۆشییەکیان هەیە کە ببێتە هۆی هەڵوەرینی قژ سوود لەم چارەسەرە نابینن، بەڵکوو پێویستە سەرەتا کێشەی ناڕێکی هۆڕمۆنەکانی غودە چارەسەربکرێت پاشان پلازما ئەنجام بدرێت، چونکە ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت ئەوا دووبارە مووەکان هەڵدەوەرن و چارەخواز سوود لە پلازما نابینێت.


سەرچاوەکان



1709 بینین