پەتای ئاوڵەی مەیموون

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان سازان عەدنان - به‌روار: 2022-05-24-18:25:00 - کۆدی بابەت: 8775
پەتای ئاوڵەی مەیموون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەتای ئاوڵەی مەیموون (بە ئینگلیزی: Monkeypoxنەخۆشییەکی ڤایرۆسییە بەهۆی Monkeypox Virus کە جۆرێکی ڤایرۆسە لە ڕەگەزی Orthopoxvirus لە خێزانی Poxviridae بڵاودەبێتەوە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە هاوشێوەی نیشانەی نەخۆشی ئاوڵەیە بەڵام کەمتر توندە بە بەراورد بە نەخۆشی ئاوڵە کە لە ساڵی ١٩٨٠ بە تەواویی بنەبڕکرا. نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون سەرەتا لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا سەریهەڵدا و لە  نزیکی ناوچە کەمەرییە دارستانە باراناوییەکان و ناوچە شارستانییەکان بە ڕێژەیەکی زۆرتر دەرکەوت.

نەخۆشییەکە چۆن دەگوازرێتەوە؟

  • لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ: ئەم نەخۆشییە لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە خوێن و دەردراوەکانی لەش یاخود پێست و دەردراوە لینجەکانی ئاژەڵی تووشبوو بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. لە وڵاتی ئەفریقا ئەم نەخۆشییە تووشی هەندێک جۆری ئاژەڵی وەکوو: سمۆرە، مشک، هامستەر هەروەها هەندێک جۆری تایبەتی مەیموون دەبێت. خواردنی گۆشتی باش نەکوڵاو یاخود هەر بەرهەمێکی ئاژەڵیی کە بەرکەوتنیان بەو ئاژەڵە تووشبوانە هەبێت دەبێتە هۆی مەترسی بۆ مرۆڤ هەروەها ئەو کەسانەی کە لە نزیک ناوچە دارستانییەکان دەژین ئەگەری بەرکەوتنیان بەو جۆرە ئاژەڵانە زیاترە و مەترسی تووشبوونیان زیاترە.
  • لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤێکی تر: ئاوڵەی مەیموون بەهۆی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ بە هەناسەی کەسی تووشبوو یاخود ئەو کەرەستانەی بەکاریهێناوە دەگوازرێتەوە, هەروەها دەکرێت لە ڕێگەی وێڵاشەوە لە دایکەوە کە تووشبووی ڤایرۆسەکەیە بۆ کۆرپەلە بگوازرێتەوە. گرنگترین هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ڕێی پەیوەندی سێکسییەوە دەبێت کە زۆر بە خێرایی دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە لەنێوان هاوڕەگەزخوازاندا بڵاوبۆتەوە و وادادەنرێت کە ئەوان هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانەوەی ئەم ڤایرۆسەن، لەبەر ئەم هۆیەش بە پەتای نوێی ئاوڵەی مەیموون ناودەبرێت.

نیشانەکانی چین؟

ماوەی تووشبوون و دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم ڤایرۆسە بە گشتی پێنج بۆ شەش ڕۆژ دەبێت و دەکرێت درێژەبخایەنێت بۆ ٢١ ڕۆژ. ماوەی تووشبوون بەسەر دوو بەشدا دابەشدەکرێت کە تێیدا نیشانەی جیاوازی نەخۆشییەکە بەدیدەکرێت:

  • ماوەی یەکەم بە ماوەی هێرشبردن ناودەبرێت کە پێنج ڕۆژی سەرەتای نەخۆشییەکە دەگرێتەوە و تێیدا ڤایرۆسەکە دەستدەکات بە چالاک بوون و کۆمەڵێک نیشانە وەکوو: تایەکی بەرز، سەرئێشەیەکی توند، هەڵئاوسانی لیمفەگرێکان، ئازاری پشت، ئازاری ماسولکەکان، هەروەها بێ هێزیی لە کەسی تووشبوو دەبیندرێت. هەڵئاوسان و هەوکردنی لیمفەکان یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی ئاوڵەی مەیموون کە لە نەخۆشییەکانی تر جیایدەکاتەوە.
  • لە ماوەی دووەمی نەخۆشییەکەدا لیر لەسەر ڕوخسار و لەپی دەست و بنی پێییەکان دەردەکەوێت. لە ئێستادا ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵەوەیە ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون زیاترە چونکە بڕی پێویست لە پێکوتەی تایبەت بۆ بەکارهێنان بەردەست نییە. ئەگەر ڤایرۆسەکە زیاتر تەشەنەبکات کەسی تووشبوو  دووچاری چەندین نیشانەی قورسی وەکو: هەوکردنی بۆری هەوا و پەڕەی سییەکان، گەنین، هەوکردنی مێشک و هەروەها هەوکردنی کۆرنیە کە دواتر دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینایی. ڕێژەی مردن بەم نەخۆشییە لە پێشتردا بە ١١٪ بە تایبەتی لە منداڵاندا تۆمارکراوە، بەڵام لە ئێستادا ڕێژەکە بە ٣-٦٪ هەژماردەکرێت.

دەستنیشانکردن

بۆ دەستنیشانکردنی ئەم ڤایرۆسە پشت بە چەند پشکنینێکی تاقیگەیی وەکوو کارلێکی زنجیرەیی پۆلیمەرەیز(PCR) دەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستەش نموونەیەک لە خوێنی کەسی تووشبوو وەردەگیرێت و لە تاقیگەدا پشکنینی بۆ دەکرێت ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە ئەرێنی بوو ئەوا تووشبوونی کەسەکە بەم ڤایرۆسە دەسەلمێنێت.

چارەسەرکردن

ئەو پێکوتانەی کە لە کۆندا بۆ نەخۆشی ئاوڵە بەکارهاتوون لە ئێستادا بە نزیکەیی ٨٥٪‏ بۆ پەتای ئاوڵەی مەیموون سوودیان لێوەردەگیرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەم پێکوتەیە بە بڕێکی کەم بەرهەمدێت و بەردەست نییە بۆ بەکارهێنان تەنها ئەو کەسانەی لە بنکە تەندروستییەکان و هەندێک تاقیگەی تایبەتدا کاردەکەن ئەم پێکوتەیەیان پێدەگات بۆ ئەوەی لەو شوێنانەی کاری تێدادەکەن لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە پارێزراوبن.

خۆپاراستن

  • زیادبوونی ئاستی هۆشیاری تاک لەسەر مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە و هەبوونی زانیاری لەسەر چۆنێتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەی نەخۆشییەکە.
  • خۆپارێزی لە ڕێگەی دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسی تووشبوودا، چونکە  هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە.
  • ئەو کەسانەی چاودێری نەخۆش دەکەن پێویستە زۆر ئاگاداربن کە بە هیچ شێوەیەک لە کەسی تووشبوو نزیک نەکەونەوە، هەروەها لە کاتی ئەنجامدانی پشکنیندا جلوبەرگی پارێزەر و دەستەوانە بەکاربهێنن تا ڤایرۆسەکەیان بۆ نەگوازرێتەوە.
  • خۆپاراستن و دوورکەوتنەوە لەو ئاژەڵانەی کە دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ڕێژەی ئاژەڵی هەڵگر بەم ڤایرۆسە تێیدا بەرزە.


سەرچاوەکان



938 بینین