کەریم بێنزیما

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-13-14:26:00 - کۆدی بابەت: 8800
کەریم بێنزیما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەریم مستەفا بێنزیما ناسراو بە کەریم بینزیما (بە ئینگلیزی: Karim Mostafa Benzema, بە عەرەبی کریم مسطفى بنزيما). یاریزانی پیشەگەری هێرشبردنی یانەی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی فەڕەنسایە. ١٩\١٢\١٩٨٧ لە شاری لیۆنی فەڕەنسا لەدایکبووە. بە یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی دەیەی ٢٠١٠-٢٠٢٠ دادەنرێت.

ناوی تەواوەتی کەریم مستەفا بێنزیما
ناوی کورتکراوە بێنزیما
بەرواری لەدایکبوون ١٩\١٢\١٩٨٧
شوێنی لەدایکبوون لیۆن، فەڕەنسا
باڵا ١٨٥ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن هێرشبەر، هێرشبەری ناوەند


مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

ساڵانی سەرەتا

بێنزیما لە یانەی ناوچەکەی خۆی برۆن تێرایلۆن ئێس سی Bron Terraillon SC وەکوو منداڵێک دەستی بە یاریکردن کرد. یانەی لیۆن ویستی لەسەر بوو لەگەڵ یانەکەدا ڕێبکەوێت و هەر لە منداڵییەوە بێنزیما بۆ ڕیزی یانەکەیان بگوازنەوە، یانەکە ڕەتیانکردەوە بەڵام پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ دایک و باوکی بێنزیما لەسەر گواستنەوەی بۆ لیۆن ڕێککەوتن. 

لیۆن

لە ١٥\١\٢٠٠٥ یەکەم یاری فەرمی خۆی ئەنجامدا و پاشان گرێبەستێکی ٣ ساڵی لەگەڵ یانەی لیۆندا بەست. لە سەرەتادا بێنزیما کاتێکی زۆری پێ نەدەدرا و وەکوو یاریزانێکی سەرەکی دەرنەدەکەوت بەڵام بەپێی تێپەڕینی کات و پیشاندانی ئاستە بەرزەکەی لە وەرزی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ کاتی زیاتری لە یاریگادا پێدرا و وەکوو یاریزانی سەرەڕمی سەرەکی یانەکە دەردەکەوت لەگەڵ ئەوەی لەم وەرزەدا بێنزیما تووشی پێکان بوو بەڵام ئاستێکی باشی پێشکەشکرد و لیۆن بوو بە خاوەنی نازناوی خوولی یەکەمی فەڕەنسی لیگ وەن بۆ ٦ جاری بەدوایەک. لە وەرزی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ لە کۆی ٥١ یاری ٣١ گۆڵی تۆمارکرد و خەڵاتی باشترین یاریزانی خوولی فەڕەنسی بەدەستهێنا. لە وەرزی ١٣\٣\٢٠٠٨ گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ یانەی لیۆن درێژکردەوە. لە وەرزی ٢٠٠٨-٢٠٠٩، ١٧ گۆڵی تۆمارکردووە. 

گواستنەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید

لە ١\٧\٢٠٠٩ یانەی لیۆن و یانەی ڕیاڵ مەدرید گەیشتنە ڕێکەوتن بۆ گواستنەوەی بێنزیما و  یانەی ڕیال مەدرید گرێبەستێکیان بە بڕی ٤١ ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی ٦ ساڵ لەگەڵ بێنزیمادا بەست. لە ٢٩\٨\٢٠٠٩ یەکەم یاری خۆی بۆ یانەی ڕیال مەدرید ئەنجامدا. لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانەکە ڕەخنەیەکی زۆری ڕوبەڕوو بووەوە لەسەر ئاستی یاریکردنی و زمانی ئیسپانییەکەی بەڵام بێنزیما ئاماژەی بەوەدا کە لە هەوڵدایە بۆ فێربووی زمانی ئیسپانی و بەرزکردنەوەی ئاستی یاریکردنی. لە وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ کاتی زۆری پێ نەدرا بەڵام لە وەرزی ٢٠١١-٢٠١٢ توانی جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا بکاتەوە، ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و نازناوی باشترین یاریزانی فەڕەنسی وەرزەکەی بەدەستهێنا. لە وەرزەکانی ٢٠١٢-٢٠١٦ بە بەردەوامی ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و لە پێکهاتەی سەرەی یانەکەدا بوونی هەبووە. لە ٦\٨\٢٠١٤ گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠١٩ درێژکردۆتەوە. لە ١٥\٢\٢٠١٧ گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢١ درێژکردۆتەوە. لە وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩ ، بە کۆی خوولەکانی لالیگا، جامی سوپەر و خوولی یانە پاڵەوانەکان  ٣٠ گۆڵی بۆ یانەکە تۆماکردووە. لە وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ ڕیال مەدرید نازناوی خوولی لالیگای بەدەسهێنا و بێنزیما ٢٠ گۆڵی لە خوولەکەدا تۆمارکردووە. لە وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ـی لالیگادا ٢٣ گۆڵی تۆماکردووە و ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەشکردووە. لە وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ـی لالیگا ٢٧ گۆڵی لە خوولەکەدا تۆماکردووە و بە باشترین ساڵ و بەرزترین ئاستی بێنزیما دادەنرێت. بە تۆمارکردنی ٣٢٣ ریزبەندی دووەم گۆڵکاری یانەکەی دەستەبەر کردووە.

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

لە ساڵی ٢٠٠٨-٢٠٢٢ بێنزیما وەکوو یەکێک لە ٢٣ یاریزانە سەرەکییەکەی پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی دەستنیشان کراوە. سەرەڕای ئەوەی لە جامی یۆرۆی ٢٠٠٨ ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد دووبارە لە جامی جیهانیی ٢٠١٠ وەکوو یەکێک لە ٢٣ یاریزانە سەرەکییەکەی پێکهاتەکی هەڵبژاردەکەی دەستنیشان کرایەوە، بەڵام لەمجارەدا توانی ئاستی خۆی بسەلمێنێت و لە پاڵەوانێتییەکانی (جامی یۆرۆی ٢٠١٢، جامی جیهانیی ٢٠١٤)، لە هەردوو جامی یۆرۆی ٢٠١٦ و جامی جیهانیی ٢٠١٨ بەهۆی دەمارگیریی فەڕەنسییەکانەوە دوورخرایەوە و بانگهێشتی هەڵبژاردە نەکرا. دواتر لە جامی یۆرۆی ٢٠٢٠ وەکوو سەرەڕمی سەرەکی هەڵبژاردەکە یاری کرد. 

شێوازی یاریکردن

خێرایی و جووڵەکانی بێنزیما سەرسوڕهێنەرن شێوازی یاریکردنەکەی وای لێکردووە بە یاریزانێکی زۆر بەهرەدار ناو ببرێت. سەرەڕای ئەوەی بێنزیما یاریزانێکی سەرەڕمە کاتێک کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ یاریزانی ڕیاڵ مەدرید بوو، بێنزیما زیاتر وەکوو گۆڵ درووستکەرێک بۆ کریستیانۆ دەردەکەوت و پاش ڕۆشتنی کریستانۆ بێنزیما بوو بە گۆڵکاری یانەکە و وەکوو سەرەڕمێک ئەرکی خۆی بەجێ دەهێنێت.

ژیانی تایبەتی

بێنزیما بە بنەچە جەزائیرییە، دایکی فەڕەنسی و باوکی جەزائیرییە، بەڵام خۆی لە شاری لیۆنی فەڕەنسا لەدایکبووە و گەورەبووە. بێنزیما خاوەنی ٨ خوشک و برایە. لە ٣\٢\٢٠١٤ کچەکەی مێلیا و لە ٥\٥\٢٠١٧ کوڕەکەی ئیبراهیم لەدایکبوون. بێنزیما پەیڕەوکەری ئایینی ئیسلامە و توانیویەتی ئەرکی حەج کردن بەجێبهێنێت.


سەرچاوەکان



1824 بینین