گەلی تاتار

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-11-11:11:00 - کۆدی بابەت: 8967
گەلی تاتار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاتار (بە ئینگلیزی: Tatars، بە عەرەبی: التَّتار) گەلێکی تورکن کە لە خەڵکی قەوقاز و هۆزی بولگاری تورکەوە هاتوون، لە ئەنجامی لەشکرکێشی مەغۆلەکان لە وڵاتەکەیانەوە ئاوارە بوون بۆ هەنگاریا و دوورگەی قرم و هیچ پەیوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ تاتارەکانی کۆندا نییە. لە ڕووی مێژووییەوە، زاراوەی تاتارەکان بۆ هەر کەسێک بەکاردەهێنرا کە لە زەوییە فراوانەکانی باکوور و ناوەڕاستی ئاسیا سەرچاوەی گرتبوو کە ئەوکات بە تارتاری ناسرابوو، زاراوەیەک کە لەگەڵ خودی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلەکاندا تێکەڵ دەکرا.

بەڵام لەم دواییانەدا ئەم زاراوەیە بە شێوەیەکی بەرتەسکتر ئاماژەیە بۆ ئەو نەتەوە پەیوەندیدارانەی کە خۆیان بە تاتار ناودەبەن یان بەو زمانانە قسە دەکەن کە بە شێوەیەکی باو بە تاتار ناودەبرێن، ئەوانیش تاتارەکانی ڤۆڵگا، تاتارەکانی قرم و تاتارەکانی سیبیریا.

گەورەترین گرووپ لە نێوان تاتارەکان تاتارەکانی ڤۆڵگان کە خەڵکی ناوچەی ڤۆڵگا-ئۆرال (تاتارستان و باشکۆرتۆستان)ـن، کە بەم هۆیەوە زۆرجار بە زمانی ڕووسی تەنیا بە "تاتارەکان" ناسراون. ئەوان ٥٣%ـی دانیشتوانی تاتارستان پێکدەهێنن. زمانەکەیان بە زمانی تاتار ناسراوە. تا ساڵی ٢٠١٠، بە مەزەندەکردن ٥.٣ ملیۆن تاتاری نەتەوەیی لە ڕووسیا هەبوون. زۆرێک لە بنەماڵە بەرزەکانی سەردەمی تزاری ڕووسیا و ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا ڕەچەڵەکی تاتاریان هەبووە.

تاتارەکان لای ئەورووپییەکان بە تەتەرەکان یان تارتارەکان ناسراون، لە کاتێکدا چینییەکان پێیان دەڵێن تاتا و پیتی (ر) لادەبەن، ئیبن خەلدوونیش بە ئەلتەعزەز ناویان دەبات.

کتێبە نهێنییەکەی مەغۆلەکان باس لەوە دەکات کە تاتارەکان گەلێکی دوژمنکار بوون کە لە ڕۆژهەڵاتی مەغۆلستان دەژیان و جەنگیزخان بەنزیکەیی قڕی کردوون و تەنیا دیلەکان و پێنج سەد پیاوی بەجێهێشتووە، سەرەڕای ئەوەش عەرەبەکان بە هەڵە بانگی تاتارەکانیان کردووە و وەک مەغۆلەکان دایانناون، زۆربەی تاتارەکانی ئێستا لە نەوەی تورکە قەوقازییەکانەوە هاتوون کە لەلایەن مەغۆلەکانەوە فەرمانڕەوایی دەکران و هیچ پەیوەندییەکیان بە تاتارە کۆنەکانەوە نییە، ڕووسەکان ئەم تورکانەیان بە تاتار ناودەبرد و ئەوەش هۆکارێکی سیاسی بوو بە ئامانجی دەرکردنیان لە وڵاتەکەیان و دوورگەی قرم بۆ ئۆزپەکستان و کازاخستان.

تاتار بوو بە ناوێک بۆ دانیشتوانی خێزانی زێڕینی پێشوو لە ئەورووپا، وەک دانیشتوانی خانەکانی پێشووی کازان و قرم و ئەستراخان و شانشینی قاسم و سیبیریا. وشەی تارتار یان لە لاتینی یان فەڕەنسییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە زمانی تورکی و فارسییەوە هاتووە بۆ زمانەکانی ئەورووپای ڕۆژئاوا. هەر لەسەرەتاوە، بەپێی فەرهەنگی ئینگلیزی ئۆکسفۆرد پیتی (ر)ـی زیادە لە فۆرمەکانی ڕۆژئاوادا هەبووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمە بەهۆی پەیوەندییەکەوە بووە لەگەڵ تارتارۆس.

هەموو گەلانی تورک کە لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادا دەژیان، ناویان لێنرا تاتار. هەندێک لەو دانیشتوانە هێشتا تاتار وەک خۆناساندنێک بەکاردەهێنن، هەندێکی تریش نایکەن. 

گروپەکانی کیپچاک

  • تاتارەکانی ڤۆڵگا
  • تاتارەکانی ئەستراخان
  • تاتارەکانی لیپکا 

لقی کیپچاک–کومان

  • تاتارەکانی قرم
  • تاتارەکانی دۆبروجان
  • قەرەچ و باڵکارەکان: تاتارەکانی شاخ
  • کومیکس: تاتارەکانی داغستان
  • کارایەکانی قرم: تاتارەکانی کارایتی قرم/ تاتارەکانی کارایتی
    کریمچاک: تاتارەکانی کریمچاکی قرم/ تاتارەکانی کریمچاک

لقی کیپچاک-نۆگای

  • نۆگایس: تاتارەکانی نۆگای

لقی سیبیریا

  • تاتارەکانی سیبیریا
  • خەڵکی ئەلتای: تاتارەکانی ئەلتای، لەوانەش تاتارەکانی توبالار یان چێرنێڤۆ
  • چولیم یان تاتاری چولیم
  • خەڵکی خاکا: تاتارەکانی یەنیسێی (هەروەها تاتارەکانی ئاباکان یان تاتارەکانی ئاچین)، تا ئێستاش ناوی تاتار بەکاردەهێنن
  • شۆرس: تاتاری کوزنێتسک
  • لقی ئۆغوز
  • گەلی ئازەربایجان: تاتارەکانی قەوقاز (هەروەها تاتارەکانی ترانسقاوقاز یان تاتارەکانی ئازەربایجان)

هەروەها ناوی تاتار ناوێکی ناوەکییە بۆ ژمارەیەک گەلی سیبیریا و ڕۆژهەڵاتی دووری ڕووسیا، ئەوانیش گەلی خاکا ـن.

واتای تاتار

واتای وشەی تاتار دیاری نەکراوە، لەلای چینییەکان بە واتای دەشتەکی دێت، هەندێک جاریش لەلایەن فارسەکانەوە بە هەمان واتا بەکاردێت. لە زمانی تورکی کۆندا وشەی تاترای دەبینین کە مەبەستی سوارچاکی پۆستەچییە و لەنێو واتاکانیدا بۆ ئەوان لووتبەرزی و شەرەفە. بەوەش وشەی تاتار لە واتایەکدا بە سوارچاکی و ئازایەتییەوە گرێدراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو شێوازە ژیانەی کە ئەم مرۆڤانە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دەرکەوتنیان لەسەر شانۆی سیاسیی جیهانیدا ژیاون.

بنەچە

تورکەکان بەسەر سێ گرووپدا دابەش دەبن: ئۆغوز، کیپچاکس، کارلوکس، زۆربەی تەتەرەکانی ئێستا لە نەوەی کیپچاکس و تورکەکانی بولگاریین. سەبارەت بە تاتارە کۆنەکان، بەشێوەیەکی گشتی بە دەستی مەغۆلەکان جینۆساید کراون. 

تاتارەکان ناوێکە بە هەڵە لەلایەن مێژوونووسانی عەرەبەوە بە مەغۆلەکان درابوو بەهۆی ئەو زانیارییە هەڵانەی کە گەیشتبووە دەستیان، لە کاتێکدا کە تاتارەکان بە دەستی جەنگیزخان تووشی قڕکردنی تەواو بوون. بەڵام تاتارە نوێیەکان زۆربەیان لە تورکەکانی کیپچاکس و بولگارییەکانەوە هاتوون، کە دانیشتوانی ڕەسەنی خاکی کیپچاکسی باشووری ڕووسیای ئێستان، کاتێک مەغۆلەکان خاکەکەیان داگیرکرد ٢٠٠,٠٠٠ کەس تێیدا کوژرا. تورکەکانی کیپچاکس بوونە هاوپەیمانی ڕووسەکان لە دژی مەغۆلەکان، بەڵام بەهۆی لێکچوونی جلوبەرگ و کلتوور و خاک و ئایین، مەغۆلەکان پێیان باشتر بوو لە خاکی کیپچاکس نیشتەجێ بن کە کەمینەیەکی دەسەڵاتداری مەغۆلییە لەنێو زۆرینەیەکی تورکدا. بەشێك لە تاتارە نوێیەكانی ئەمڕۆ لە نەوەی مەغۆلەكانەوەن كە لەناو زۆرینەی توركدا شیبوونەوە و لەناوچوون، وەك هۆزی نۆگای، تاتارە كۆنەكان تووشی قڕكردنی تەواو بوون، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ڕەچەڵەكی تاتار بەردەوام بووبێت و بەتەواوی لەناو نەچووبێت، بەڵام تاتارەکانی کۆن وەک ناسیۆنالیزمێکی نەتەوەیی لەناوچوون و لە مەنگۆلیا بوونیان نییە.

سەبارەت بە تاتاری نوێ/تورکی کیپچاکس، ئەوان خۆیان ناوی خۆیان نەگۆڕیووە بۆ تاتار، بەڵکوو ئەورووپییەکان و ڕووسەکان پێیان داون، بەڵام ناوەکەیان قبووڵ کرد، ئەم ناوەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە ڕووسیا و ستالین ئەم تورکانەیان پێ کردە ئامانجی کوشتن و قڕکردن و دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ، وەک چۆن زیاتر لە نیوەیان لە دیپۆرتکردنەوەکانی زستاندا لە برسێتی و سەرمادا گیانیان لەدەستدا، بە بیانووی ئەوان نامۆن لە خەڵکی ڕەسەنی ڕووسیا.

بەپێی وتەی زانا "ئێس، ئێس، برووک" سەرهەڵدانی تاتارەکان وەک هۆزی جیاواز دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی پێنجەم و سەرەتای سەدەی شەشەمی زایینی. ئەوان لە نێوان هۆزە مەغۆلەکاندا ژیاون، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە زێدی ڕەسەنیان باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی بایکاڵ بێت. لە کاتێکدا "تیۆدۆر شاباو" پێی وایە بۆ یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتی مەنگۆلیا و ڕۆژئاوای مەنچۆریا لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا ژیاون، دواتر لەگەڵ هۆزەکانی تری تورکدا هۆزی زێڕینیان پێکهێناوە.

شێوە و دەرکەوتن

تاتارەکان بە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی مەغۆل-تورک-چین جیا دەکرێنەوە کە دەتوانرێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:

باڵایان کورتە (١٦٠-١٧٠ سم)، چەناگەیان لە ئەندامەکانی تر درێژترە و چەناگەیان گەورەترە، شان و سەریان پان و ڕووخساریان تەخت و پان و لووتیان بچووکە لە ناوەڕاستدا، خاوەنی ناوچاوێکی گەورەن، ڕوومەتەکانیان بەرزە، ددانەکانیان کەمن و چەناگەی خوارەوەیان فراوانە. چاوەکانیان ڕەشن و بچووکن، لە سەرەوەیان پێڵووی چەوری قورسیان لەسەرە، چاوەکانیان تەسکن، جەستەیان نەرمە و موویان کەمە، لێوەکانیان باریکە و ڕەنگیان زەرد و سپییە. بەڵام لە ناوچە بیابان وشک و ساردەکاندا ڕەنگیان تۆخترە. ئەم تایبەتمەندیانە بە پلەی جیاواز دوای نیشتەجێبوونیان لە وڵاتە نوێیەکانی ئاسیا و ئەورووپا گۆڕاوە. بەهۆی هاوسەرگیری و تێکەڵی زۆرەوە، تایبەتمەندی ئەوروپییەکانیان وەرگرتووە، باڵایان درێژتر ڕەنگی چاوەکانیان جۆراوجۆر بوون و لە جیاتی قژە ڕەشە ڕاستەکان، قژی قاوەیی و شۆخ و تەنانەت سووریش دەرکەوتن و سیما ڕەسەنەکانی ڕووخساریان گۆڕا.

ئایین

مەغۆلەکان و تاتارەکان ئایینی بودیزمیان دەناسی، بەڵام ئایینی تۆتێمیستی تایبەت بە خۆیان هەبوو، وەک چۆن دیاردەی سروشت (با و ڕەشەبا) و ئاژەڵ (بەراز و گورگ) و شتی تریان دەپەرست و ئەستێرە و هەسارەکانیان دەپەرست، بە تایبەتی خۆر چونکە کەمێک کاریگەریی ئاگرپەرستانیان لەسەر بووە. بەڵام زۆرینەی تاتارەکان موسڵمانن و باوەڕیان بە ئیسلام هەیە (مەزهەبی سوننە)، لە ئەنجامی باوەڕهێنانی نەوەیەکی جەنگیزخان بەناوی "بێرکە خان" بە ئیسلام. دواتر هەوڵی بەهێز لەلایەن ڕووسەکانەوە درا، دوای ئەوەی ئیڤانی چوارەم پایتەختی تاتارەکانی داگیرکرد (١٥٥٢) بۆ ئەوەی بیانگۆڕێت بۆ ئایینی مەسیحی، بەڵام ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون و بەهۆیەوە کۆمەڵکوژی و ئاژاوەی زۆر ڕوویاندا. تەنیا گرووپە بچووکەکانی وەک تاتار کریاسین و چێلیابێتسک ئایینی خۆیان گۆڕی.

کارەساتی تاتارەکانی قرم

تاتارەکانی کریمیا یان قرم لە ساڵی ١٩٣٤ ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس دەبوو، ئەوان لە جەنگی جیهانیی دووەمدا سوودیان لە داگیرکردنی وڵاتەکەیان لەلایەن هێزەکانی ئەڵمانیاوە وەرگرت، بە هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانییەکان کاریان بۆ سەربەخۆیی لە یەکێتیی سۆڤیەت کرد. بەڵام دوای شکستی ئەڵمانییەکان، دەوڵەتی سۆڤیەت هەموو تاتارەکانی بەرەو کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست دەرکرد، بە تایبەت بۆ ئۆزپەکستان، هەروەها لە مافە مەدەنییەکانیان بێبەش کران، کۆماری خۆبەڕێوبەری پێشووی تاتار هەڵوەشایەوە و تاتارەکانی قرم چەندین ڕاپەڕینیان ئەنجامدا و بەتوندی سەرکوت کران. لە سەردەمی خرۆشۆفدا مافە مەدەنییەکانیان گەڕێندرایەوە، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە بۆ قرم.


سەرچاوەکان



1419 بینین