تەشقەند

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-14-21:46:00 - کۆدی بابەت: 9019
تەشقەند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەشقەند (بە ئینگلیزی: Tashkent, بە ئۆزبێکی: Toshkent، بە عەرەبیطشقند و لە فارسی کۆندا بە چاچ ناوبراوە). پایتەخت و گەورەترین شاری ئۆزپاکستانە و دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و نزیکی سنووری وڵاتی کازاخستانە. لە ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی دانیشتوانی تەشقەند ٢،٦٩٤،٠٠٠ کەسی تێپەڕاند.

وڵات ئۆزپاکستان
قایمقام جەهۆنگیر ئۆرتیقۆجەیڤ
ڕووبەر ٣٣٤،٨ کیلۆمەتر دووجا
ژمارەی دانیشتوان ٢،٧٠٠،٠٠٠

مێژوو

واتای ناوی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ تورکی و کۆکراوەی تەش لەگەڵ قەندە، کە بە واتای شاری بەرد دێت. هەندێک لە زانایانی جوگرافیا پێیان وایە کە تاوەری بەرد وەکوو چەقی ڕێگەی ئاوریشم و بازرگانی نێوان چین و ئەورووپا داندراوە بەڵام هەندێک پێیان وایە نەخێر، تەنها یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێش و گەشتیارییەکانی شارەکە. لە سەرەتاکانی سەردەمی ئیسلامیدا تەشقەند بە چاچ ناوبراوە و هەروەها لە شانامەی فیردەوسیدا بەهەمان شێوە بە چاچ ناوبراوە. لە سەدەی ٤ و ٥ـدا تەشقەند لەژێر دەستی تورکەکاندا بووە پاشان لە سەدەی هەشتەمدا عەرەبەکان دەسەڵاتیان زیادی کرد و توانییان شارەکە داگیر بکەن. لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ساسانی ناوی شارەکە گۆڕا بۆ (بنکەس) بەڵام عەرەبەکان بەردەوام بوون کە بە چاچ ناوی ببەن. پاشان لە سەدەی ١١ ناوی شارەکە لە چاچقەند یاخوود چاشقەندەوە کرا بە تەشقەند. لە ساڵی ١٢١٩ جەنگیز خان شارەکەی بەتەواوەتی ڕوخاند و ناوبانگ و جوانی شارەکەی نەهێشت. لە سەردەمی میر تەیموردا شارەکە دووبارە بنیادنرایەوە و ناوبانگی بۆ گەڕایەوە. تەیمور تەشقەندی بە شارێکی گرنگ و ستراتیجی دادەنا. لە سەدەی ١٦ شارەکە لەژێر دەسەڵاتی ئوزبێکییەکاندا بوو. لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ تەشقەند بە دەوڵەمەندترین شاری ئاسیای ناوەڕاست هەژماردەکرا. لە سەدەی ٢٠ و کاتێک دەسەڵاتی ڕووسییەکان زیادبوو، توانیان شاری تەشقەند داگیر بکەن و دانیشتوانەکەی بوون بە ٣ بەرەوە (موسڵمانەکان، ئۆزبێکیە ڕەسەنەکان و ڕووسییەکان کە یەک لەسەر پێنجی شارەکەیان پێکدەهێنا. پاشان کاتێک دەسەڵاتی هیتلەر زیاد بوو و توانی لە ساڵی ١٩٤١ بەتەواوەتی وڵاتی ڕووسیا داگیر بکات زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر ڕوویان کردە شاری تەشقەند و تا دەهات ژمارەی ڕووسییەکان زیادی دەکرد. لە ساڵی ١٩٦٦ تەشقەند ڕووبەڕووی بومەلەرزەیەکی بەهێز بووەوە کە تیایدا ٣٠٠،٠٠٠ کەس بێماڵ بوون و زیاتر لە ٧٠،٠٠٠ خانوو بە تەواوەتی ڕووخان بەڵام لە ساڵی ١٩٧٠ شارەکە بە شێوەیەکی نوێ و سەردەمییانە بنیادنرایەوە و ١٠٠،٠٠٠ خانووی نوێ بە قوربانیانی بومەلەرزەکە بەخشرا. لە ساڵی ١٩٩١ یەکێتی سۆڤیەت چوارەم بەهێزترین هێزی ناوچەکە بوو و هەر لەو ساڵەدا ئۆزپاکستان سەربەخۆبوونی خۆی ڕاگەیاند.

تەشقەند وەکوو پایتەخت

تەشقەند لە ساڵی ١٩٩١ـەوە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە لە ڕووی کولتووری، ئەندازیاری و ئابوورییەوە. چەندین تەلار و شوێن کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە بنیاد نرابوون ڕوخێنران و بە شێوازی نوێ دروستکرانەوە. ناوەندی شارەکە چەندین بینا و فرۆشتگای بۆ مەبەستی جیاواز لێیە، بە شارێکی گرنگ بۆ بازرگانی دادەنرێت. بە بەراورد بە شارەکانی تری ئۆزپاکستان ئەم شارە زۆرترین گەشتیاری سەردانکەری هەیە، سەرۆک شەڤکەت ئاماژەی بەوە دابوو کە بە مەبەستی بەهێزکردنی ئابووری و ناساندنی کولتووری وڵاتەکە تەشقەند دەکەین بە شارێکی گەشتیاری و بازرگانی گرنگ.

جوگرافیا

تەشقەند چەندین ناوچەی کشتووکاڵی گرنگی هەیە کە کاری تێدا دەکرێت و تەنها ١٣ کیلۆمەتر لە سنووری کازاخستانەوە دوورە. زستانی بە گشتی وشکە و بە کەمی باران و بەفری تیادا دەبارێت، هەروەها هاوینی گەرم و وشکە، دەکرێت هاوین لە تەشقەند ٤-٥ مانگ بخایەنێت و لە ناوەندی هاویندا پلەکانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە.

شوێنە گرنگەکانی شارەکە

مزگەوتی کوکەلداش، بازاڕی چارسو، کۆمەڵە تەلارەکانی حەزرەتی ئیمام، گۆڕی یونس خان، کۆشکی شازادە ڕۆمانۆڤ، تەلاری شانۆی عەلیشێر، مۆزەخانەی هونەری ئۆزپاکستان، مۆزەخانەی هونەری پێشکەشکراو، مۆزەخانەی مێژوویی ئۆزپاکستان، مۆزەخانەی میر تەیمور، مۆزەخانەی هۆنراوەی نۆڤای و میترۆی تەشقەند.


سەرچاوەکان



653 بینین