پاڵاوتنی گورچیلە

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-06-23-19:46:00 - کۆدی بابەت: 9139
پاڵاوتنی گورچیلە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پاڵاوتنی گورچیلە یان شوشتنی گورچیلە (بە ئینگلیزی: dialysis, بە عەرەبی: غسل الكلية), پاڵاوتنی گورچیلە چارەسەرێکە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەو فەرمانانەی کە گورچیلەی تەندروست ئەنجامی دەدات، پاشەڕۆ و ئاوی زیادە لە خوێن جیادەکاتەوە. پاڵاوتن کاتێک پێویستە کە گورچیلەی خۆت چیتر نەتوانێت ئاگاداری پێویستییەکانی جەستەت ببێت.

پاڵاوتنی گورچیلە بۆ کێ و کەی بەکاردێت؟

ئەو کەسانەی گورچیلەکانیان ٨٥٪-٩٠٪ لەکارکەوتووە و فەرمانی ئاسایی خۆی جێبەجێ ناکات پاڵاوتنی گورچیلەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بەشێوەیەک ئەگەر ڕێژەی پاڵاوتنی گلومێرولارەکانیان کەمتر بێت لە ٪١٥ (GFR<15) پێویستە پاڵاوتنیان بۆ ئەنجامبدرێت.

جۆرەکانی پاڵاوتنی گورچیلە

پاڵاوتنی خوێن Hemodialysis

لە پاڵاوتنی خوێندا گورچیلەیەکی دەستکرد بەکاردێت بۆ لابردنی پاشەڕۆ و ماددەی کیمیایی و ئاوی زیادە لە خوێن، بۆ ئەوەی خوێن بگاتە گورچیلە دەستکردەکە، پزیشک پێویستی بەوە هەیە بگات بە خوێنهێنەر و خوێنبەرەکانت، کە ئەمەش بە نەشتەرکاری لاوەکی بۆ قۆڵ یان قاچ ئەنجام دەدرێت. هەندێک جار بۆ دروستکردنی لوولە خوێنێکی گەورەتر پێویستە خوێنهێنەرێک و خوێنبەرێک لەژێر پێست بکرێن بە یەک، کە پێی دەوترێت فستولا، بەڵام ئەگەر لوولەی خوێن بۆ فستولا گونجاو نەبێت پزیشک لەوانەیە بۆری پلاستیکی نەرم بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بچێتە ناو خوێنبەرێک و خوێنهێنەرێک لەژێر پێست، ئەمە پێی دەوترێت گرافت. هەندێک جار چوونە ناو لوولەی خوێن لە ڕێگەی بۆڕی پلاستیکی تەسکەوە دروست دەکرێت کە پێی دەوترێت قەستەر، کە دەخرێتە ناو خوێنهێنەرێکی گەورە لە ملدا، ئەم تەکنیکە لەوانەیە کاتی بێت بەڵام هەندێک جار بۆ چارەسەری درێژخایەن بەکاردێت.

پاڵاوتنی پەریتۆنی Peritoneal dialysis

پزیشکی پسپۆر پەردەکانی سک بەکاردەهێنێت (peritoneum)، بۆ پاڵاوتنی خوێن لەناوەوی لەش قەستەرێک لە ڕێگەی نەشتەرگەریەوە لە نزیک ناوکی کەسەکە دادەنرێت، قەستەرەکە دەبرێتە ناوەوە و هەریەک لە پەردەکانی سک (پەریتۆن) هەڵدەستن بە کرداری پاڵاوتن.

سوودی پاڵاوتنی گورچیلە چیە؟

لە کاتی لەکارکەوتنی گورچیلە کرداری پاڵاوتن جەستەت لە هاوسەنگیدا دەهێڵێتەوە لە ڕێگەی:

  • پاشەڕۆ، خوێ و ئاوی زیادە لادەبات و ڕێگە دەگرێت لە کەڵەکەبوونیان.
  • ڕێژەی ئاسایی ئایۆنەکان لەناو خوێن دەپارێزێت.
  • یارمەتی جڵەوکردنی پەستانی خوێن دەدات.

مێژووی ئەنجامدانی پاڵاوتنی گورچیلە

لە ساڵی ١٩٦٠ـەوە پاڵاوتنی گورچیلە وەکوو چارەسەرێکی ئاسایی دەستی پێکرد و ئێستا لە هەموو جیهاندا چارەسەرێکی نموونەییە. چەندین نەخۆش بەم چارەسەرە یارمەتی دراوە و ژیانی ڕزگارکراوە.

ئایا پاڵاوتن یارمەتی چارەسەری نەخۆشی گورچیلە دەدات؟

پاڵاوتن تەنها هەندێک لەو فەرمانانە جێبەجێ دەکات کە گورچیلەی تەندروست لە کاتی ئاساییدا جێبەجێیان دەکات، بەڵام ناتوانێت چارەسەری نەخۆشی گورچیلە بکات. ئەو کەسانەی نەخۆشی گورچیلەیان هەیە ئەگەر نەشتەرگەری چاندنی گورچیلەیان بۆ ئەنجام نەدرێت بە درێژایی ژیانیان پێویستیان بە پاڵاوتنی گورچیلە دەبێت.

ئایا پاڵاوتنی گورچیلە بە ئازارە؟

لەوانەیە هەندێک نائاسوودەیی هەبێت کاتێک دەرزییەکان دەخرێنە ناو فستولا یان گرافەکە، بەڵام زۆربەی نەخۆشەکان هیچ کێشەیەکی تریان نییە. چارەسەری پاڵاوتن بێ ئازارە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەوانەیە هەندێک لە نەخۆشەکان پەستانی خوێنیان کەم ببێتەوە. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، لەوانەیە نەخۆشەکان هەست بە نائاسوودەیی بکەن لە گەدە، ڕشانەوە، سەرئێشە یان تەنگەژەیەکیان بۆ دروستببێت، بەڵام لەگەڵ بەردەوامییان لە چارەسەر ئەم کێشانە کەم دەبنەوە.

بۆ ماوەی چەند دەتوانیت لە ڕێگەی تەکنیکی پاڵاوتنی گورچیلەوە بژیت؟

‎ئەگەر گورچیلەکان سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانی فرمانی خۆیان جێبەجێ بکەن دووبارە، نەخۆش پێویستی بە چارەسەری پاڵاوتن دەبێت بۆ هەموو ژیانی مەگەر ئەوەی بتوانێت چاندنی گورچیلە بەدەست بهێنێت. هیوای ژیان لەسەر پاڵاوتن دەتوانێت جیاواز بێت بە پشتبەستن بە دۆخی تەندروستی تر و چۆن بە باشی پەیڕەوی پلانی چارەسەر دەکرێت. تێکڕای هیوای ژیانی چاوەڕوانکراو لەسەر پاڵاوتنی گورچیلە 5-10 ساڵە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی نەخۆشەکان بۆ ماوەی 20 یان تەنانەت 30 ساڵ بەباشی لەسەر پاڵاوتنی دەستکرد ژیاون.


سەرچاوەکان



706 بینین