هەوکردنی مێشک

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-06-25-18:10:00 - کۆدی بابەت: 9159
هەوکردنی مێشک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەوکردنی مێشک (بە ئینگلیزی: Encephalitis) بریتییە لە هەوکردنی شانەکانی مێشک. Encephal پێشگرە و لە پزیشکیدا بە مانای مێشک دێت و itis پاشگرە و بە مانای هەوکردن دێت، بەم شێوەیەش Encephalitis بە مانای هەوکردنی مێشک دێت. ئەم حاڵەتە زۆر بەربڵاو نییە، بەڵام حاڵەتێکی مەترسیدارە و مەترسی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروست دەکات، پێویستە بەخێرایی چارەسەر بکرێت.

‎هەموو کەسێک ئەگەری تووشبوونی بەم نەخۆشییە هەیە، بەڵام هەرزەکاران و بەساڵاچووان زیاتر لە بەردەم مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییەدان، هۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە بریتیین لە ڤایرۆس، بەکتریا، مێرووەکان و نەخۆشییە دژەخۆییەکان و دەکرێت کەڕووەکانیش ببنە هۆکاری ئەم نەخۆشییە، بەڵام ئەم حاڵەتە زۆر کەم دەبینرێت، هەندێکجاریش تووشبوون بەم نەخۆشییە هۆکارێکی دیاریکراوی نییە.                          

جۆرەکانی هەوکردنی مێشک

هەوکردنی مێشک دوو جۆری سەرەکی هەیە:

  1. هەوکردنی سەرەتایی: کاتێک ڕوودەدات کە ڤایرۆس، بەکتریا و هۆکارەکانی تر ڕاستەوخۆ مێشک تووشی هەوکردن دەکەن .
  2. هەوکردنی دووەمی: ئەم جۆرەیان بەهۆی سیستمی بەرگری لەشەوە ڕوودەدات، کاتێک بەشێکی جەستە دووچاری هەوکردن دەبێت سیستمی بەرگری چالاک دەبێت تاکوو هەوکردنەکە لەناوبەرێت، بەڵام سیستمی بەرگری لەجیاتی هێرشکردنە سەر شوێنی هەوکردنەکە بەهەڵە هێرش دەکاتە سەر خانە تەندروستەکانی مێشک، بەم جۆرەش دەبێتە هۆی هەوکردنی دووەمی مێشک.

نیشانەکانی تووشبوون

نیشانەکان دەکرێت مامناوەند یان توندبن، نیشانە مامناوەندییەکان وەک:

نیشانە توندەکان بریتیین لە:

  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش تاکوو 39.4 سیلیزی یان بەرزتر
  • بێهێزی
  • سەرلێشیوان
  • هەلوەسەکردن
  • هەستیاری بۆ ڕووناکی
  • هێواشبوونەوەی جووڵە
  • هەستکردن بە بێزاری
  • لەهۆشچوون
  • گەشکە

نیشانەکان لە منداڵاندا:

  • ڕشانەوە
  • گریانی بەردەوام
  • ڕەقبوونی جەستە
  • نەمانی ئارەزووی خواردن

هۆکار

باوترین ڤایرۆس لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کە دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسی هێرپس (herpes virus)ـە، ئەم ڤایرۆسە نەخۆشی لە پێستدا دروست دەکات، بەڵام دەکرێت بەرەو مێشک بڕوات و ببێتە هۆی هەوکردن لەو بەشەی مێشک کە کۆنتڕۆڵی یادەوەری و قسەکردن دەکات، هەروەها دەکرێت کار لەو بەشەی مێشک بکات کە کۆنتڕۆڵی هەستەکان و ڕەفتارەکان دەکات.

هەوکردنی مێشک بەهۆی هێرپس ڤایرۆس (herpes virus) مەترسیدارە و دەبێتە هۆی تێکچوونی مێشک و مردن.

ئەو هۆکارانەی کە مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاد دەکەن بریتین لە :

  • تەمەن: هەندێک جۆری هەوکردنی مێشک لە گەنجان و منداڵاندا زیاتر دەردەکەوێت بە بەراورد بە تەمەکانی تر.
  • سیستمی بەرگریی لاواز: تووشبوانی نەخۆشی ئایدز، ئەو کەسانەی دەرمانی لاوازکردنی سیستمی بەرگری بەکاردەهێنن یان تووشبووی حاڵەتێکن کە سیستمی بەرگریان لاواز دەکات، ئەم کەسانە زیاتر لەبەردەم مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی مێشکدان.
  • ناوچە جوگرافیەکان: لە هەندێک ناوچە هۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاترن بە بەراورد بە ناوچەکانی تر.
  • وەرزەکانی ساڵ: لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەهۆی مێرووەکان نەخۆشییەکە لە هاویندا زیاتر دەردەکەوێت بە بەراورد بە وەرزەکانی تر.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

لەکاتی هەستکردن بە نیشانە توندەکان بە تایبەت (تا، سەرئێشەی توند و گۆڕان لە بیروهۆشدا)، پێویستە بەپەلە سەردانی پزیشک بکەین، بەڵام لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک لە منداڵاندا پێویستە ببرێنە لای پزیشک.

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە

  • پشکنینی شلەی دڕکەپەتک: بەهۆی دەرزییەک پزیشک شلەی دڕکەپەتک لە نێوان بڕبڕەی چوارەم و سێیەم کۆدەکاتەوە و دواتر پشکنینی بۆ دەکرێت .
  • پشکنینی خوێن: بەتەنیا پشکنینی خوێن بە دەگمەن دەتوانێت دەستنیشانی هەوکردنەکە بکات، پشکنینی خوێن لەگەڵ تاقیکردنەوەکانی تر پێکەوە دەتوانن هەوکردنەکە دەستنیشان بکەن.
  • وێنەی تیشکی موگناتیسی: گۆڕانکاریەکان کە لە شێوەی مێشکدا دروست دەبێت بەهۆی تیشکی موگناتیسی دەبینرێت، هەندێک ڤایرۆس ناوچەی تایبەت لە مێشک تووشی هەوکردن دەکەن، بینینی ئەو بەشەی مێشک کە  دووچاری هەوکردن بووە دەتوانێت جۆری ئەو ڤایرۆسەی بووەتە هۆی هەوکردنەکە دیاری بکات.
  • پشکنینی بەشێک لە شانەکانی مێشک: پزیشک بەشێک لە شانەکانی مێشک وەردەگرێت و پشکنینیان بۆ دەکات، بەڵام ئەم پشکنینە مەترسیدارە و تەنیا کاتێک ئەنجام دەدرێت ئەگەر پزیشک نەیتوانی هۆکاری هەوکردنەکە دیاری بکات یان ئەگەر دەرمانەکان کاریگەریان نەبوو لەسەر چاکبوونەوەی نەخۆشەکە.

خۆپاراستن

  • دوای چوونە تەوالێت دەستەکانت بە ئاو و سابوون بشۆ
  • کەلوپەلی کەسانی تر بەکارمەهێنە
  • پێش گەشتکردن پێکوتە وەربگرە

ئایە نەخۆشی هەوکردنی مێشک چارەسەری هەیە؟

هەندێک نەخۆش بەتەواوی لە نەخۆشییەکە چاک دەبنەوە، چاکبوونەوە لەم نەخۆشییە بە جۆری ئەو ڤایرۆسەی بووەتە هۆی هەوکردنەکە و توندی هەوکردنەکەوە پەیوەستە.


سەرچاوەکان



1952 بینین