ئایا مەڵاشوو کەوتن ڕاستە؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-27-18:01:00 - کۆدی بابەت: 9194
ئایا مەڵاشوو کەوتن ڕاستە؟

ناوه‌ڕۆك

مەڵاشوو چییە؟

مەڵاشوو لە زانستی پزیشکیدا بریتییە لە شلکە سەری منداڵ، کە لەناو کورددا زیاتر بە مەڵاشوو ناسراوە. لە کاتی لەدایکبوونی منداڵدا کۆمەڵێک کون لە ئێسکی سەردا هەن کە دیارترین و گەورەترینیان ئەوەیە کە لە بەشی پێشەوەی سەردا هەیە و پێی دەڵێن مەڵاشوو.
مەڵاشوو قەبارەیەکی دیاریکراوی هەیە و لەماوەیەکی دیاریکراودا دادەخرێت، واتە لە نۆ بۆ ١٨ مانگیدا، ئەگەری هەیە زووتریش دابخرێت. پێویستە مەڵاشوو تەخت و نیمچە نەرم بێت، هەندێ جار لێدانی هەیە وەک لێدانی دڵ.
لە کاتی گریان و پاڵکەوتن و ڕشانەوە، مەڵاشوو بۆ دەرەوە دەردەچێت ئەمەش ئاساییە.

سوودەکانی مەڵاشوو

  • لە کاتی لەدایکبوونی منداڵدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕبوونی کۆرپەلە بەناو لەشی ئافرەتدا، چونکە بەهۆی بوونی ئەو کونانە لەسەردا ئێسکەکانی سەر دەچنە سەریەک.
  • یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەورەبوون و گەشەی مێشک، واتە ئەگەر ئەم کونە زوو دابخرێت و ئێسکەکان یەک بگرن، مێشک ناتوانێت لەوە زیاتر گەورە ببێت و گەشە بکات.
  • لە ڕێگەی ئەم کونەوە زانیاری لەسەر مێشک لەڕێگەی سۆنەر و ئامێری تری دیاریکردنی نەخۆشی بە ئاسانی وەردەگیرێت.
  • پزیشک دەتوانێت لەڕێگەی دەست لێدانی زانیاری لەسەر پەستانی ناو مێشک دەستبکەوێت، بۆ نموونە ئەگەر چاڵ بووبێت واتا نەخۆشەکە لەوانەیە وشکبووبێتەوە، یان ئەگەر دەرچووبێت لەوانەیە پەستانی ناو مێشک زیادی کردبێت.

ئایا مەڵاشوو کەوتن ڕاستە؟

لە ڕووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو هەرگیز ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە ڕووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت ئەدینۆید یان پێی دەڵێن گۆشتە زیادە، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قوڕگ لە پشت ڕێرەوی لووت گەورە دەبێت، ئەمەش لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە. بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.

بە کێ دەوترا مەڵاشووی کەوتووە؟

لە کۆندا بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کە منداڵەکە ماوەیەک ئەم نیشانانەی تێدا بووایە:

  • خواردنی کەمبووایە
  • هەبوونی پرخەی لووت
  • بێتاقەتی و بێهێزی

چۆن چارەسەر دەکرا؟

دوای هەبوونی چەند نیشانەیەک و چاڵبوونی سەری منداڵەکە، کە بەهۆی وشکبوونەوەوە ڕوودەدات، دەوترا منداڵەکە مەڵاشووی کەوتووە، بۆیە دەیانبرد بۆ لای کەسی نەشارەزا. ئەم کەسە بە پەنجە پەستانی دەخستە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیدەدا مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام نازانن کە ئێسکێکی زۆر پتەو لە نێوان دەم و مێشکدا هەیە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو پەستانە کاریگەری نییە، بەڵکوو تەنیا ئازاری منداڵەکە دەدات. ئەم ڕێگایە ڕێگایەکی زۆر هەڵە بووە و چەندین لێکەوتی مەترسیداری بۆ منداڵەکە هەبووە.

لێکەوتەکان

  • هەبوونی ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە.
  • ئەگەری هەوکردن و خوێنبەربوون زیاد دەبێت.
  • ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت.
  • مەترسی هەوکردنی منداڵەکە بەهۆی ئەو دەستەی کە دەکرێت بە دەمیدا.


سەرچاوەکان



1508 بینین