ئیسفەنجی ئاوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-03-16:10:00 - کۆدی بابەت: 9263
ئیسفەنجی ئاوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیسفەنج یاخود ئیسفنج (بە ئینگلیزی: Sponge)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکانە و زیاتر لە ٩٠٠٠ جۆری دۆزراوەتەوە و ناسراوە، نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە و لە قوڵایی ئاوە سوێرەکاندا دەژی، ژمارەیەکی کەمیشیان لە ئاوی سازگار و ڕووبار و دەریاچەکاندا دەژین، ئیسفەنجەکان پێکەوە دەژین و گروپی درێژ دروستدەکەن، هەروەها ژمارەیەکی دیاریکراو و زانراوی نییە بەڵام گۆڕانەکانی کەشوهەوا و تێکدانی نشینگەکەی دوو هۆکاری سەرەکی لەناوچوونیانە.

هەندێک لە خەڵکی هەر وەک ئیسفەنجی دەستکرد ئەم بووونەوەرە بۆ خاوێنکردنەوە بەکاردەهێنن، یاخود کێڵگەی گەورەی بۆ دروستدەکەن و لە بواری پزیشکیدا سوودی لێوەردەگرن بەتایبەتیش وەک دژە هەوکردن یاخود دەرمانی دژە ڤایرۆسی لێدروستدەکەن، زۆرینەی ئەو بوونەوەرە ئاوییانەی کە توانای جووڵەیان نییە و کۆئەندامی دەماریان نییە مرۆڤەکان بە ڕووەکی دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا ئیسفەنجەکان بوونەوەری ئاوین و لە کۆمەڵەی دیاریکراوی شانشینی ئاژەڵەکاندا پۆلێنکراوە، زاناکان باوەڕیان وایە کە لەوانەیە هێشتا هەزاران جۆری ئیسفەنج نەدۆزرابێتەوە، جێگەی ئەمانەش لە ئەو شوێنە قوڵ و دوورانەی زەریاکانە کە نەیانتوانیوە لێکۆڵینەوەی تێدا بکەن.  

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی ئیسفەنج ئەوەیە کە لەسەر ڕووی جەستەی کون هەیە و ڕەنگی جەستەشی کراوە و سەرنجڕاکێشە، دەکرێت سوور، پرتەقاڵی، قاوەیی، شین، زەرد یاخود سەوز بێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە دیاریکردنی شێوەیەکی تایبەت بۆ جەستەیان نییە، بەڵام بە گشتی بەشی دەرەوەیان گۆشت و پێستی نەرمە بەڵام لە ناوەوە پێکهاتەی پەیکەری بەهێز و توندی هەیە.

درێژی جەستەی بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازی هەیە و بەگشتی لە نێوان ٢٥ سانتیمەتر بۆ ٢ مەتر دەبێت و کێشی دەگاتە نزیکەی ٩ کیلۆگرام، شێوازی جەستەی سادەیە بەڵام بە یەکێک لە کۆنترین ئەو بوونەوەرانە دادەنرێت کە لەسەر زەوی هەبووە، جیاواز لە زۆرینەی گیانەوەران کۆئەندامی سوڕانی ئیسفەنجەکان کراوە و داخراو نییە، بەندە لەسەر ئاڕاستەی شەپۆلە ئاوییەکان کە کاتێک بە کونەکانی سەر جەستەی ئیسفەنجەکەدا تێدەپەڕن دەبنە هۆی هەناسەدان، لەگەڵیدا خۆراک بەدەستدەهێنن و ڕزگاریان دەبێت لە پاشماوەکانیش.  

خۆراک

ئیسفەنج هەموو شتخۆرە دەتوانێت هەردوو گیا و گۆشتیش بخوات، خۆراکە سەرەکییەکانی بریتین لە هەڵواسراوەکان و نەرمۆکەکان لەگەڵ توێکڵدارەکان، هەندێکی تریشیان لەگەڵ ئەو بەکتریایانەی کە ڕۆشنەپێکهاتن دەکەن و خۆراک بەرهەمدەهێنن پەیوەندییەکی هاوژیانی دروستدەکەن، لەبەر ئەوەی ئارەزووی خواردنی خاوێن دەکەن زۆرینەی جۆرەکان لەسەر بەردەکان نیشتەجێدەبن، لێرەدا شەپۆلە ئاوییەکان خۆراکی زۆر وردیان پێدەبەخشن کە خاوێنترە، بەڵام هەندێکیشیان دەتوانن ڕەگەکەیان بەڕادەیەک درێژ بکەن لەسەر لمی ژێر ئاوەکە جێگیر ببن.

ئیسفەنجەکان دەبنە خۆراکی ژمارەیەکی زۆری بوونەوەرە ئاوییەکانی وەک ژووشک، ئەستێرەی دەریا، ماسییەکان، کیسەڵ، مشەخۆرەکان و مێرووەکان، نەبوونی توانای جووڵەکردنی ئیسفەنجەکانیش مەترسییەکی گەورەیە، بەڵام لە بەرانبەردا چەندین شێوازی دڕکی جیاواز لەسەر جەستەیان هەیە کە دەتوانن ببنە هۆی ڕێگریکردن لە هەندێک لە ڕاوچییەکانیان، جگە لە ئەمانەش مرۆڤەکانیش ئیسفەنجەکان ڕاودەکەن و لە ناوچەی تایبەتدا دەیانچێنن بە مەبەستی بازرگانی.

زۆربوون

شێوازی زۆربوونیان بە هەردوو جۆری توخمانە و ناتوخمانەیە، ئیسفەنج گیانەوەرێکی نێرەمووکە واتە هەردوو نێرینە و مێینە لە جەستەی هەمان تاکدایە، لە دۆخی توخمانە زۆربووندا ئیسفەنجێک پاش یەکگرتن هێلکە دەکات و بەرەڵای دەکات بۆ ناو ئاو، پاشان ئیسفەنجێکی تر تۆوی خۆی دەردەدات و هێلکەکان دەپیتێنێت، دواتر هێلکەکان لەسەر رووی ئاوەکە دەمێننەوە هەتا کاتی هەڵهاتنیان دێت، شێوازی ناتوخمانەکەش دروستبوونی تاکی ئیسفەنجی نوێیە لە خانەیەک یاخود پارچەیەکی بچووکەوە، ئەندامە پێگەیشتووەکان لە جێگەیەکدا جێگیردەبن، بەڵام ئەوانەی کە بچووکترن دەتوانن زۆر بە هێواشی جووڵە بکەن لە ڕێگەی کردەیەکەوە کە پێی دەوترێت گواستنەوەی خانە، بەهۆیەوە خۆراک بەدەستدەهێنن و گەشە دەکەن، ناوەندە ڕێژەی زۆربوون دەگاتە نزیکەی هەزارەها دانە، هەروەها ئەم بوونەوەرە دەتوانێت بە نزیکەیی ١٥-٣٠ ساڵ بژی.  

جۆرە سەرەکییەکان

زیاتر لە هەزاران جۆر لە ئیسفەنجەکان هەیە کە لە چوار تیرەی سەرەکیدا پۆلێنکراون، بنەمای پۆلێنکردنەکە لەسەر جیاوازی نشینگە و تایبەتمەندییە فیزیاییەکانە، هەروەها ژمارەی تاک و جیاوازی جۆرەکان لە ناوچەی ئاوی هێڵی کەمەرەیدا زیاترە بە بەراورد بە ناوچە مامناوەند و جەمسەرییەکان، ئەمانەش چوار تیرە سەرەکییەکەن:

  • دیمۆ ئیسفەنج: گەورەترین کۆمەڵەیە کە زۆرترین جۆری جیاوازی تێدایە، بە نزیکەیی ٧٠% هەموو ئەو جۆرانەی کە ناسراون لە ئەم کۆمەڵەدا دانراون، بەشی دەرەوەیان پێست و گۆشتێکی نەرمە کە بوونەتە ڕووپۆشی بەشی ناوەوە، لە بەشی ناوەوەدا پەیکەرێکی کشاو هەیە کە بووەتە ڕاگیرکردن و گەشەکردنی بەشی سەرەوەی.
  • کلکاریا: ئەم کۆمەڵەیان بچووکترە و نزیکەی ٤٠٠ جۆری تێدایە، ئەندامەکانی ئەم تیرە دەرپەڕیوی وەک دڕکیان هەیە کە لە کالسیۆم پێکهاتووە، ئەم دەرپەڕیوانەش دەبنە پەیکەرێکی ڕاگیرکەر و پارێزەر بۆ ئیسفەنجەکە.
  • ئیسفەنجی شوشەیی: ئەم کۆمەڵەیان ئیسفەنجە دەگمەنەکانی تێدایە، لەسەر ڕووی جەستەیان دڕکی بە تیژی ئاڕاستەکراو هەیە کە لە پێکهاتەکانی سیلیکا دروستبووە، لە ئەنجامدا دەرکەوتنێکی تایبەتی پێدەبەخشێت.
  • هۆمۆسکلیرۆمۆرفا: ئەم کۆمەڵەیان بچووکترین دانەیە و سەرەتایترین جۆرەکانی ئیسفەنجی تێدایە، تایبەتمەندییە بایۆلۆجییەکانی سادەترە بە بەراورد بە ئەندامی کۆمەڵەکانی تر، هەروەها ئەندامەکانی بە ئاڕاستەی ئاسۆیی بڵاودەبنەوە.


سەرچاوەکان



706 بینین