پەفین

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-05-21:46:00 - کۆدی بابەت: 9292
پەفین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

پەفین (بە ئینگلیزی: Puffin)، جۆرێکی باڵندە ئاوییەکانە نشینگەکەی دەکەوێتە هەندێک لە وڵاتەکانی نیوەگۆی باکووری زەوی، لە ناوچە ساردەکانی ئۆراسیا و ئەورووپا و ئەمریکای باکوور دەژی، شوێنی ژیانکردنیشی دەکەوێتە دەریا و کەنارەکانەوە، ژمارەی تاکەکانی ئەم جۆرە باڵندەیە ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات بەهۆی ڕاوکردنیان و پیسبوونی ژینگەوە، بەڵام هێشتا لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا نین کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، هەروەها پەفین باڵندەیەکی خێرایە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٨٨ کیلۆمەتر ببڕێت، جگە لە فڕینیش بەخێرایی توانای مەلەکردنیشیان هەیە کە دەتوانن بگەنە نزیکەی ٦٠ مەتر لە ژێری ئاو، هەروەها یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە دەتوانێت بۆ ماوەی دوو خولەک لەناو ئاودا بمێنێتەوە، پەفینەکان بوونەوەری زۆر کۆمەڵایەتین کە تاکەکانی پێکەوە دەژین و گرووپی گەورە دروست دەکەن، هەندێکجار بەڕادەیەک گەورەن کە دەکرێت دوو ملیۆن ئەندامی تێدابێت.  

شێوەی دەرەوەی

بەگشتی شێوەیان لە پەنگوینەکانەوە نزیکە بەڵام جیاوازیان زۆرە یەکێک لە دیارترینیشیان ئەوەیە کە پەنگوینەکان هاوشێوەی پەفینەکان توانای فڕینیان نییە، دیارترین بەشی جەستەی دەنووکیەتی کە شێوەیەکی سێگۆشەیی هەیە و ڕەنگی کاڵ و کراوەیە، جەستەی بە چڕی بە پەڕ داپۆشراوە کە چەند ڕەنگێکی هەیە وەک، ڕەش و سپی لەگەڵ ڕەساسی، پەڕەکانی ئەستوورن و هاوکاری دەکەن کە بە گەرمی بمێنێتەوە و دەیپارێزێت لە کەشی ساردی نیوەگۆی باکوور، مل و پشت و باڵەکانی ڕەشن بەشی پێشەوەشی سپییە، لە وەرزی زستاندا قاچ و پێیەکانی زەردە دواتر لە کاتی وەرزی زۆربووندا دەگۆڕێن بۆ پرتەقاڵی، قەبارەیەکی زۆر گەورەی نییە بە بەراورد بە باڵندەکانی تر و بە باڵندەیەکی بچووک ناودەبرێت، درێژییەکەی لە نێوان ٢٨-٣٢ سانتیمەتر دەبێت، کێشی بە نزیکەیی لە نێوان ٣٦٩-٤٨٢ گرام دەبێت مەودای نێوان باڵەکانیشی دەگاتە ٤٧-٦٣ سانتیمەتر، شێوەی دەرەوەی نێرینە و مێینەکان وەک یەکترە بەڵام قەبارەی نێرینەکان کەمێک گەورەترە لە مێینەکان، بۆیە ئەگەر هاتوو لەتەنیشت یەکتریدا ببینرێن بە ئاسانی جیادەکرێنەوە.

خۆراک

لە بنەڕەتدا باڵندەیەکی هەموو شتخۆرە بەڵام زۆرینەی جارەکان گۆشت دەخوات، ژەمە خۆراکییە سەرەکییەکانی بریتین لە جۆری جیاوازی ماسییەکان وەک ماسی ڕەنجە، لە ماوەی مانگەکانی زستانیشدا دەکرێت بوونەوەر ئاوییە هەڵواسراوەکانیش بخۆن، پەفینەکان دەتوانن توێکڵدار و نەرمۆکە و مەرەکەبەکانیش ڕاوبکەن، جیاوازییەکی ئەم باڵندەیە ئەوەیە کە دەتوانێت  بەردەوام بێت لە ڕاوکردن کاتێک ماسییەکیشی گرتووە بە بێ ئەوەی لە دەم و دەنووکی بکەوێ، شێوازی باو لەناویاندا ئەوەیە کە هەتا گەڕانەوە بۆ سەر وشکانی هەوڵدەدەن سی ماسی بگرن، لەکاتی ڕاوکردندا پێکەوە بە کۆمەڵەی گەورە دەفڕن و بەبەردەوامی هەوڵ دەدەن پێکەوە بمێننەوە، ئەمە تەنها لەبەر بەدەستهێنانی ئاسانی خۆراک نییە بەڵکو بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە ڕاوچییەکانیش، لە وەرزی زستاندا پەفینەکان چەندەها کیلۆمەتر لە هێلانەکانیان دووردەکەونەوە بۆ ڕاوکردنی ماسییەکان و دڵنیابوونەوە لە بەدەستهێنانی ژەمی خۆراکی بۆ خۆیان و بێچووەکانیشیان، هەروەها پەفینەکان خۆشیان دەبن بە نێچیری ڕێوی و نەورەسەکان لەگەڵ باز و هەڵۆکان، لە ناوچەی نزیک مرۆڤەکانیشدا لەلایەن سەگ و پشیلە ماڵییەکانەوە ڕاودەکرێن، جگە لە ئەمانەش قرتێنەرەکانیش هێلکەکانیان دەکەن بە ئامانج، لە ئێستادا گەورەترین مەترسی مرۆڤەکانن بەهۆی ئەوەی ڕاویان دەکەن بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشت و هێلکەیان یاخود گەشەپێدانی کەنارەکان بۆ گەشتکردن و ڕژانی نەوت بە ڕووداوی نەخوازراو و بردنی ئاژەڵی دڕندە بۆ ناوچەکە کە لە بنەڕەتدا هی ئەو جێگەیە نین، هەموویان بوون بە هۆکاری نزمبوونەوەی ڕێژەی پەفینەکان لە جێگە سروشتییەکەیاندا.

یەکگرتن و زۆربوون

پەفینەکان لە نێوان تەمەنی ٤-٥ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، لە هاویندا یەکگرتن ئەنجام دەدەن و هێلانە دروست دەکەن لە ناوچەی سەر گژوگیا نەرمەکان و بە سوود وەرگرتن لە دەنووک و چنگیان چاڵی گەورە بۆ هێلکە و بێچووەکانیان دروستدەکەن، دەکرێت قووڵییەکەی مەترێک بێت بۆ پاراستنی هێلکە یاخود بێچووە تازە هەڵهاتووەکانیان لە نەورەسەکان، کاتێک نێرینە و مێینەیەک دەبن بە هاوبەشی یەکتر ئەوا بە درێژایی تەمەنیان پێکەوە دەمێننەوە، واتە فرەژنی لە کۆمەڵەی پەفینەکاندا بوونی نییە، شێوازی زۆربوونیان بە هێلکە کردنە، دوای یەکگرتن مێینەکان یەک هێلکە دەکەن، کە هەردوو دایک و باوکەکە بەنۆرە لەسەر هێلکەکە دەنیشن و دەیپارێزن بۆ ماوەی شەش هەفتە، بێچووەکە لەسەرەتادا زۆر لاوازە و ڕەنگی پەڕەکانی قاوەیی کاڵە کە هەردوو دایک و باوکەکە لەناو دەنووکیاندا ماسی بۆ دەهێنن، دواتر کاتێک تەمەنی بێچووەکان دەگاتە دوو مانگی هێلانەکەیان جێدەهێڵن و پشت بە خۆیان دەبەستن، لەهەرجارێکی یەکگرتندا تەنها یەک بێچوو دروستدەبێت، هەتاکوو تەمەنیان نەبێت بە دوو مانگ توانای فڕینیان نابێت، هەروەها ماوەی تەمەنی باڵندەی پەفینەکان لە نێوان ١٥-٣٠ ساڵ دەبێت.  

جۆرە سەرەکییەکانی

  • پەفینی ئەتڵەسی
  • پەفینی شاخدار
  • پەفینی کەزیدار
  • پەفینی تاک قۆچ


سەرچاوەکان



294 بینین