بەرگی کەعبەی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-06-16:20:00 - کۆدی بابەت: 9302
بەرگی کەعبەی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەرگی کەعبە یان پەردەی کەعبەی پیرۆز (بە عەرەبی: کسوة الكعبة) بەرگێکی گرانبەهای ڕەشی تایبەتی لە ئاوریشم دروستکراوە و هەموو کەعبەی داپۆشیوە.
مێژووی نەریتی گۆڕینی بەرگی کەعبە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر ﷺ و بە دیاریکراوی لە کاتی حەجی ماڵئاوایی، پێغەمبەر ﷺ بەرگی کەعبەی گۆڕی بۆ بەرگی یەمەنی ئەو سەردەمە کە بەرگێکی گرانبەها و پتەو بوو، لە پاش ئەو "خەلیفەکانی ڕاشیدەین" بەردەوامییان بەم نەریتەداوە و ساڵانە جارێک بەرگی کەعبەیان دەگۆڕی و تا ئێستاش ئەو نەریتە بەردەوامە.

تایبەتمەندییەکانی بەرگی کەعبەی پیرۆز

بەرگی کەعبە بەرگێکی گرانبەهایە و لە ئاوریشمی سروشتی دروستدەکرێت، دواتر بە ڕەنگی ڕەش بۆیە دەکرێت، بەرگەکە نزیکەی 700 کیلۆگرام ئاوریشمی خاوی پێویستە کە هەر لە کارگەی دروستکردنی بەرگی کەعبە ئامادە دەکرێت، هەروەها بۆ دوورینی بەرگەکە پێویستی بە 120 کیلۆگرام لە خێت و تەزووی زیو و ئاڵتوون هەیە.
بەرزی بەرگەکە 14 مەترە و لە سێیەکی بەشی سەرەوەی بە تەزووی زێڕ هاوشێوەی پشتوێنێک لەسەر بەرگەکە ئایەتی قورئانی و ویردی لەسەر نەخشێنراوە کە پانییەکەی 95 سانتیمەترە و درێژییەکەی 47 مەترە.

گۆڕینی بەرگی کەعبەی پیرۆز

لە ئێستادا ساڵانە یەک جار بەرگی کەعبە بە تەواوی دەگۆڕدرێت، لە سەرەتای مانگی زولحیجەوە بەشێک لە بەرگەکەی هەڵدەکرێت و بەردەکانی بەشی خوارەوەی بە تەواوی دەردەکەون، پاشان وەکوو ئامادەکارییەک بۆ گۆڕینی بەرگەکەی بە پەموو ئەو بەشەی کە هەڵکراوە دادەپۆشرێت، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی نۆی موحەڕەمی ساڵنامەی کۆچی و لە ڕۆژی عەرەفە، کەعبە بەرگی نوێ دەپۆشێت و بەرگەکەی بە تەواوی دەگۆڕن.
ئەو کەسانەی ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدەن کەسانی پسپۆڕن و سەر بە لیژنەی کاروباری مزگەوتی حەڕامی سعوودییەن، ڕۆژێک پێش گۆڕینی بەرگەکە، گەورە بەرپرسی کەعبە ئەو کەسەی کە پێی دەوترێت "سدنة الكعبة" بەرگە نوێیەکە وەردەگرێت، سەرلەبەیانی ڕۆژی عەرەفە پڕۆسەکە جێبەجێ دەکرێت.
بە گشتی پڕۆسەی ئامادەکردن و گۆڕینی بەرگی کەعبە نزیکەی 22 ملیۆن ڕیاڵی سعوودی تێدەچێت کە دەکاتە نزیکەی شەش ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

بەرگە کۆنەکەی کەعبە چی لێدەکرێت؟

لە ئێستادا بەرگە کۆنەکەی کەعبە دەدرێتە دەست لیژنەیەکی تایبەت بە بواری کارەکانی مزگەوتی حەڕام لە حکوومەتی سعوودییە.
پاشان بەرپرسانی ئەو بوارە بەرگەکە دەکەن بە چەند پارچەیەکی بچووکەوە و وەکوو دیاری دەیبەخشنە کەسایەتییە ناودارەکانی وڵاتان و جیهانی ئیسلامی.

مێژووی دروستکردنی بەرگی کەعبە

مێژووی دروستکردنی بەرگی کەعبە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر ﷺ و خەلیفەکانی ڕاشیدەین، تاکوو سەردەمی ئومەوییەکانیش و لە سەردەمی دەسەڵاتی "موعاوییەی کوڕی ئەبووسوفیان" بەرگی کەعبە هەر لە "قوماشی یەمانی" دروستدەکرا، بەڵام موعاوییە لە پڕۆسەی گۆڕینی بەرگی کەعبە چەند تایبەتمەندییەکی زیاد کرد و نوێکاری تێدا کرد، ئەو یەکەم کەس بوو کە لە کاتی حەجکردن و لە مانگی ڕەجەب کەعبەی بۆنخۆش دەکرد، هاوکات ساڵی دوو جار بەرگی کەعبەی دەگۆڕی، لە ڕۆژی عاشوورا و ڕۆژێک پێش جەژنی ڕەمەزان ئەو کارەی ئەنجام دەدا.
لەو سەردەمەدا بەرگی کەعبە لە باشترین قوماشەکانی دیمەشق دروستدەکرا بە دیاریکراوی لە ناوچەی "کیسوە" لە دیمەشق بە تایبەتی بەرگەکەی ئامادە دەکرا و دەنێردرا بۆ مەککە، بۆیە بەرگی کەعبە بە "کسوة الكعبة" ناسراوە. بەرگەکە لە ئاوریشمی گرانبەها دروستدەکرا و کاری نەخشاندنی بۆ دەکرا.

لە سەردەمی عەباسییەکان، "هارونی ڕەشید" ساڵانە دوو جار بەرگی کەعبە دەگۆڕی، بەڵام "خەلیفە مەئموون" ساڵانە گۆڕینی بەرگی کەعبەی کرد بە سێ جار.

لە سەردەمی مەمالیکەکانی میسر، لە نێوان ساڵانی 135ـی زایینی بەرامبەر بە ساڵی 751ـی کۆچی لەلایەن خانەدانە میسرییەکانەوە بەرگی کەعبە دروستدەکرا. چەند هەوڵێک لە هەریەک لە وڵاتانی عێراق و یەمەنەوە دران کە بەشداربن و بەرگی کەعبە دروست بکەن، بەڵام میسرییەکان بەهۆی لێهاتووییانەوە پێشەنگی بوارەکە بوون.
لە سەردەمی مەمالیکەکان "پاشا ساڵحی کوڕی ناسڕی قەلاوون" بڕیاریدا ساڵانە یەکجار بەرگی کەعبە بگۆڕدرێت. ئەم نەریتە بەردەوام بوو تاکوو سەردەمی "محەمەد عەلی" دامەزرێنەری عەلەوییەکانی میسر، کە بەهۆی ناکۆکییەکی سیاسی لەنێوان میسر و سعودییە بۆ ماوەی شەش ساڵ میسر بەرگی کەعبەی دروستنەکرد.
لە ساڵی 1962ـەوە تاکوو ئێستا وڵاتی سعودییە کاری دروستکردن و گۆڕینی بەرگی کەعبەی لە ئەستۆگرتووە، لیژنە و کارگەی تایبەتی بەو بوارە دامەزراندووە.


سەرچاوەکان



852 بینین