جیاوازترین گوندی جیهان

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان سازان عەدنان - به‌روار: 2022-07-21-22:20:00 - کۆدی بابەت: 9483
جیاوازترین گوندی جیهان

ناوه‌ڕۆك

جیاوازترین گوندی جیهان کوێیە؟

گوندی گیتۆرن (بە ئینگلیزی: Giethoorn village) بە جوانترین و قەشەنگترین گوندی جیهان دادەنرێت، ئەم گوندە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی هۆڵەندا بەنزیکەیی ٨٥ خولەک لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەنداوە دوورە. جیاوازی گوندی گیتۆرن لە هەموو شوێنێکی تری جیهان ئەوەیە کە هیچ جۆرە ڕێگەیەکی تێدا نییە بەڵکو پێکهاتووە لە چەندین جۆگە و نۆکەندی جیاواز کە تەنها ڕۆیشتن لەڕێگەی بەلەمەوە دەبێت و هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێک و هۆیەکی تری گواستنەوە لەو گوندەدا بوونی نییە. سروشتی جوان و سەرنجڕاکێشی ئەم گوندە هۆڵەندییە بۆتە هۆی ئەوەی ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار سەردانی بکەن و هەست بە ئاسوودەیی بکەن تێیدا چونکە دوورە لە ژاوەژاوی شار و تاکە دەنگێک کە دەکرێت گوێبیستی ببن دەنگی مراوییەکانی ناو جۆگەکانی ئەم گوندە سەرنجڕاکێشەیە.

مێژووی دروستبوونی گوندی گیتۆرن

مێژووی دروستبوونی ئەم گوندە بۆ ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کە دانیشتووانەکەی بەدەست هەوڵیانداوە گڵی زەوییەکان بکێڵن و چەندین دەریاچە و جۆگە بنیادبنێن پاشانیش پردیان بۆ پێکەوەبەستنی ڕێگاکان دروستکردووە و چەندین خانوو و مۆزەخانەی تایبەتیان تێدا بنیادناوە. لەئێستادا ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ نزیکەی ٢٧٠٠ بۆ ٣٠٠٠ کەس دەگەڕێتەوە.

ئەو شتانەی زیاتر گوندی گیتۆرنی پێ دەناسرێتەوە

ئەم گوندە بە جوانییە ناوازەکەی، بوونی چەندین دەریاچە و جۆگە، گوڵ و ڕووەکی جیاواز هەروەها بەلەم و پردە لە دار دروستکراوەکانی دەناسرێتەوە. جۆگە و دەریاچەکانی ئەم گوندە لە کۆندا هەموویان لەلایەن دانیشتووانی گوندەکەوە بە دەست هەڵکەندراون و دروستکراون دواتر لە ڕێگەی پردەوە کە بەنزیکەیی ژمارەیان ١٧٦ پردە ڕێگەکانی گوندەکە پێکەوە دەبەسترێتەوە. زۆربەی خانووەکانی گوندەکە خانووی کێڵگەیین و مێژووی دروستکردنیان بۆ سەدەی هەژدەیەم و نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە, زۆربەی خانوو و دووکان و چێشتخانەکان بە گوڵی جوان و ڕەنگاوڕەنگ دەورەدراون و بنمیچی خانووەکان لە قامیش دروستکراوە. لەناو گوندەکەدا هیچ ڕێگایەک یاخود شەقامێک بەدیناکرێت بۆیە هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێکیش بوونی نییە گەشتیاران ئۆتۆمبێلەکانیان لە دەرەوەی گوندەکە دەوەستێنن و بەلەم بۆ گەشتکردن و گەڕان بەناو شوێنە ناوازەکانی گوندەکەدا بەکاردەهێن.

چەند نازناوێکی تایبەتی گوندی گیتۆرن

ئەم گوندە بە چەند ناوێک دەناسرێتەوە لەوانەش:

  • گوندی بێ ڕێگا
  • ڤێنیسی بچووکی هۆڵەندا کە شاری ڤێنیس یەکێکە لە شارە جوانەکانی ئیتاڵیا و ئەم گوندەش بە هاوشێوەی ئەو شارە دەناسرێت.

گەشتیاران چۆن دەتوانن بەناو شوێنە ناوازەکانی گوندی گیتۆرندا گەشت بکەن؟

لە گوندەکەدا چەند جۆرێکی جیاوازی بەلەم بوونی هەیە کە گەشتیاران بۆ گەشتکردن بەکاریاندەهێنن و دەتوانن گەشتی خۆیان ئەنجامبدەن، بچووکترین بەلەم نزیکەی دوو بۆ چوار کەس دەگرێت و نرخەکەی لە ١٥ یۆرۆوە بۆ هەر کاتژمێرێک دەستپێدەکات. جۆرێکی تری بەلەم لە گوندەکەدا بوونی هەیە کە ئاڕاستەکراوە و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە گەشتکردن بەردەوام دەبێت بەناو جۆگە و ژێرپردەکاندا، خاوەن بەلەمەکان دەتوانن بە چەندین زمان قسەبکەن و هاوکاری گەشتیاران بکەن بۆ بەڕێکردنی گەشتێکی ناوازە هەروەها نرخی ئەم جۆرە بەلەمانە لە شەش یۆرۆ بۆ ١٢ یورۆ دەستپێدەکات. ئەو گەشتیارانەی خوازیاری مانەوە دەکەن لە گوندی گیتۆرن دەتوانن بچنە هۆتێلە تایبەتەکانی گوندەکە کە یەکێک لەو هۆتێلانە هۆتێلی دی هارمۆنیای چوار ئەستێرەیە کە شوێنی مانەوە و خورادن و هەروەها بەلەم بۆ گەشتیاران دابینکراوە. لەناو گوندەکەدا چەندین چێشتخانە و قاوەخانە لە قەراغی ئاوەکاندا بوونی هەیە و گەشتیاران دەتوانن سەردانیان بکەن هەروەها چەندین مۆزەخانەی بچووک لە گوندەکەدا بوونی هەیە کە بە یەکێک لە جوانترین شوێنەکانی گوندەکە دادەنرێن.


سەرچاوەکان



508 بینین