فلامینگۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-23-22:31:00 - کۆدی بابەت: 9515
فلامینگۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فلامینگۆ (بە عەرەبی: الفلامينغو، بە ئینگلیزی: Flamingo)، جۆرێکی باڵندەکانە و نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکانی زۆرینەی کیشوەرەکان دەگریتەوە جگە لە ئوستوڕالیا و بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشی لە دەریاچە و ناوچە ئاوییەکاندایە لە نزیک هێڵی کەمەرەیی یاخود دوورتر، باڵندەیەکی کۆمەڵایەتییە و شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی پێکەوە و بەکۆمەڵە، پۆلی تایبەت بە خۆیان دروستدەکەن و دەکرێت بگاتە ١٠٠٠ دانە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فلامینگۆ ئەوەیە کە ئەم باڵندەیە تەنها لەسەر یەک قاچ دەخەوێت، هەندێک لە زاناکان دەڵێن کە ئەمە شێوازێکە بۆ بەدەستهێنانی گەرمی، بەڵام فلامینگۆکان لە جێگەی ئاووهەوای زۆر گەرمیشدا بینراون بەهەمان شێوە، بۆیە هەندێکی تر لە زاناکانی باوەڕیان وایە کە تەنها شێوازێکی ئاسوودەیە بۆ خەوتن نەک جێگیرکردنی پلەی گەرمی.

ئەم باڵندەیە خێرایە و لەماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر ببڕێت، هەروەها جۆرێکی شەڕانگێز نییە و زۆرینەی کاتەکانی بەهێمنی تێدەپەڕێت، بەڵام کاتێک کە هەوڵی بەدەستهێنانی خۆراک دەدات یاخود پێشبڕکێ دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی هاوبەشێک بۆ جووتبوون دەکرێت شەڕانگێزی بنوێنێت، ناوی فلامینگۆ لە وشەیەکی ئیسپانییەوە هاتووە کە بەواتای ڕیتم و ڕەمزی سەماکردن دێت، باوەڕ وایە ئەم ناوە بەهۆی جووڵەی کۆمەڵەکانەوەیە، کە کاتێک ئەندامانی کۆمەڵەیەک دەجووڵێن ئەوا پێکەوە و بەهاوسەنگی ئەنجامی دەدەن، هەرچەندە فلامینگۆ باڵندەیەکی کۆچەری نییە بەڵام لە نەبوونی ئاو و خۆراکی پێویستدا دەکرێت کۆمەڵەکان کۆچبکەن، بۆ نموونە لە مانگەکانی زستاندا کۆمەڵەی فلامینگۆکان لە ناوچەی دەریاچە و ئاوە قووڵەکانەوە کۆچدەکەن بۆ ناوچەی ئاوی تەنکتر.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی ئەم باڵندەیە بە پەڕ داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک پەمەیی، پرتەقاڵی، سپی لەگەڵ شین، یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی هەبوونی دەنووکێکی درێژ و چەماوەیە، هەروەها قاچەکان و ملی درێژن و شێوەی ملی وەک پیتی (S)ـی ئینگلیزییە، قەبارەیەکی گەورەی هەیە و درێژییەکەی لە نێوان ١٠٠-١٥٠ سانتیمەتر دەبێت بەڵام کێشی کەمە و لە نێوان ٢-٤ کیلۆگرامە، هەروەها مەودای نێوان باڵەکانی لە نێوان ١٠٠-١٨٠ سانتیمەتر دەبێت، شێوازی پێیەکانی وەک تۆڕێک وایە کە هاوکاری دەکات بەئاسانی بەسەر ڕووی ئاودا بڕوات، واتە ڕێگری دەکات لەوەی لە قوڕ و لیتاودا گیرببێت کاتێک دەچێتە ناوچەی قووڵاییەوە.  

خۆراک

ئەم باڵندەیە بوونەوەرێکی هەموو شتخۆرە و ژەمە سەرەکییەکانی بریتین لە مێروو و ماسی لەگەڵ قەوزە، هەروەها ڕۆبیان و هێلکە شەیتانۆکەش دەخوات، کە فلامینگۆیەک سەری دەخاتە نێو ئاوەوە ئەوا بەهۆی دەنووکییەوە وەک شۆفڵێک خواردنەکەی دەگرێت، ئەم باڵندەیە لە ڕۆژێکدا نزیکەی ٢٥٥ گرام خۆراک دەخوات، بەڵام پێویستی بە زیاتر لە ١٥ لیتر ئاو هەیە.

لەهەمان کاتدا فلامینگۆ خۆشی دەبێت بەنێچیری گیانەوەری تری وەک هەڵۆ و سەگە کێوییەکان، یاخود مرۆڤەکانیش ڕاویاندەکەن، ژیانکردنی فلامینگۆکان پێکەوە و بەپۆلی گەورە یەکێکە لە هۆکارەکانی پاراستنیان لە ڕاوچییەکان، بۆ نموونە کاتێک یەکێک لە فلامینگۆکان هەست بەبوونی ڕاوچی دەکات ئەندامەکانی تر ئاگادار دەکاتەوە، یاخود کاتێک گیانەوەرێک دەبینێت کە پۆلێکی گەورەن بوێری نزیکبوونەوەی نابێت، واتە تاکە پێگەیشتووەکان زۆر پارێزراون، بەڵام بێچووەکان دەبنە خۆراکی ژمارەیەکی زۆری گیانەوەران وەک باز، داڵ، ڕێوی، پشیلە، بەراز، ڕاکۆن، لەقلەق و مشک گرە، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەم باڵندەیە زۆرینەی کاتەکانی لەناو ئاودا بەسەر دەبات، بۆیە پیسبوونی ئاو بەهۆی کارگەکانی ناوچەکانەوە هۆکارێکی تری لەناوچوونیانە.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن دیاریکراو نییە و دەکرێت لە هەرکاتێکی ساڵەکەدا ڕووبدات، بەڵام هەموو جووتەکانی کۆمەڵەیەک لە هەمان کاتدا یەکدەگرن، لە ئەنجامدا بێچووەکان پێکەوە لەدایکدەبن و گەشە دەکەن، بۆ نموونە ئاستی باران بارین و هەبوونی خۆراک کاریگەری دەبێتە سەر کاتی یەکگرتن، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان نێرینەی فلامینگۆ لەنجەولاری دڵداری ئەنجام دەدات و پەڕەکانی دەکاتەوە، هەرچەندە ئەم باڵندانە تاک هاوژینن و فرەژنییان نییە، بەڵام هەندێک لە نێرینەکان لەگەڵ چەندین مێینەدا یەکگرتن ئەنجام دەدەن.

هێلانەی فلامینگۆکان لە قوڕ دروستبووە کە تەنها لەسەرەوە جێگەیەکی هەیە بۆ هێلکە دانان، پاش یەکگرتن و پیتاندنی هێلکە، مێینەی فلامینگۆ تەنها یەک هێلکە دەکات واتە ژمارەی بێچووەکانیش تەنها یەک دانەیە، هەردوو دایک و باوکەکە بەنۆرە لەسەر هێلکەکە دەنیشن کە ٢٧-٣١ ڕۆژ دەخایەنێت، دواتریش پێکەوە گرنگی بەگەورەکردنی دەدەن، لەسەرەتادا بێچووەکان ڕەنگیان سپییە و دەنووکیان ڕێک و ڕاستە، پاش تێپەڕبوونی ١١ هەفتە دەنووکیان دەچەمێتەوە، هەروەها ڕەنگی پەڕەکەی دەگۆڕێت بۆ پەمەیی لە نێوان تەمەنی ٢-٣ ساڵیدا، ئەم گۆڕانەش بەهۆی ماددەی بێتا کارۆتینەوەیە کە لە خواردنەکەیدا هەیە.

بێچووەکانی فلامینگۆ بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەگەڵ دایک و باوکیاندا دەمێننەوە، دایک و باوکەکە خۆراکی گەدەی خۆیانی پێدەدەن، خۆراکەکە پێی دەوترێت شیری دانەوێڵە کە ڕەنگێکی سووری هەیە، خەڵکی لەکاتی بینی وێنە و گرتەی پێدانی خۆراکدا هەستدەکەن کە خوێنە، بەڵام لە ڕاستیدا شیرە و لە کۆئەندامی هەرسەوە دێت کە بە دەنووکیان پەستان دەخەنە سەری دێتە دەرەوە، پەستانەکە هیچ ئازارێکی نییە و بەتەواوەتی شتێکی ئاساییە.

پاش پێنج ڕۆژەکە بێچووەکان دەچنە کۆمەڵەیەکی بچووک کە لە بێچووەکان پێکهاتووە، هەموویان بۆ ماوەی سێ هەفتە پێکەوە دەبن، دواتر دایک و باوکەکە بۆ دۆزینەوەی بێچووەکەیان لەناو کۆمەڵەکەدا، بۆ پێدانی خۆراک دەنگی تایبەت دەردەکەن و یەکتری دەدۆزنەوە، لەدوای ئەم ماوەیە بێچووەکان دەتوانن خۆیان خۆراک بخۆن و بەدەستی بهێنن، هەروەها کاتێک تەمەنیان دەگاتە ٣-٥ ساڵی دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و جەستەیان بەتەواوی پەرەدەسێنیت، سوڕی ژیانی ئەم جۆرە باڵندەیە لە نێوان ١٥-٣٠ ساڵ دەبێت، بەڵام بە دیلکراوی دەکرێت تەمەنی زیاتر بکات و بگاتە ٥٠ ساڵ، هەندێکیشیان تووشی نەخۆشی کۆئەندامی هەناسەدان دەبن و کەمتر دەژین.

جۆرە سەرەکییەکان

  • فلامینگۆی بچووک
  • فلامینگۆی مەزن
  • فلامینگۆی ئەندی
  • فلامینگۆی چیللی
  • فلامینگۆی پونا
  • فلامینگۆی ئەمریکی


سەرچاوەکان



788 بینین