سیسارک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-26-16:27:00 - کۆدی بابەت: 9550
سیسارک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیسارک (بە ئینگلیزی: Common buzzard)، جۆرێک باڵندەیە و زیاتر لە ٢٠ جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی دەکەوێتە وڵاتە جیاوازەکان لە سێ کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا لەگەڵ ئەفریقا، جێگەی ژیانکردنیشی لە ناوچەی نزیک درەختەکانەوە دەبێت، شێوازی ژیانکردنی تاکەکان بە تەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵەی تایبەت بەخۆیان دروستناکەن، بەڵام هەندێکجار دەکرێت لە پۆلی بچووکدا ببینرێن، هەروەها هەندێکجار بە سیسارک دەوترێت هەڵۆی گەشتیاری، چونکە گەشتیارەکان کاتێک سیسارک دەبینن وا هەستدەکەن کە هەڵۆیەکی خاڵداریان بینیوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە شێوەیان زۆر لە یەکترییەوە نزیکە، ئەم باڵندەیە کۆچەرییە و خێرایە کە لەماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانێت نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر ببڕێت، هەندێکیان مەودای زۆر دوور دەبڕن و دەچنە وڵاتی ترەوە، بەڵام هەندێکی تریان مەودای کەم دەبڕن و تەنها ناوچەیەکی گەرمتر و گونجاوتر بدۆزنەوە دەمێننەوە تێیدا.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی ئەم باڵندەیە بە پەڕ داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک ڕەش، سپی، قاوەیی یاخود ڕەساسی، یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی شێوەی دەنووکییەتی کە چەماوەیە، هەروەها هەستی بیستنی بەڕادەیەک پەرەسەندووە کە تەنانەت لەکاتی فڕینیشدا دەتوانێت جووڵەی مشکێک لە نێو گژوگیادا ببیستێت، بەڵام قەبارەیەکی زۆر گەورەی نییە و کێشی لە نێوان ٤٠٠-١٤٠٠ گرام دەبێت، درێژییەکەشی لە نێوان ٥١-٥٧ سانتیمەتر دەبێت، هەروەها مەودای نێوان باڵەکانی بەنزیکەیی لە نێوان ١٠٧-١٣٥ سانتیمەتر دەبێت، بەگشتی قەبارەی مێینەکان گەورەترە بە بەروارد بە نێرینەکان، کە ئەگەر لە تەنیشت یەکترییەوە ببینرێن خاڵێکی خێرا و سەرەکی جیاکردنەوەیانە.

خۆراک

سیسارک باڵندەیەکی ڕاوکەری گۆشتخۆرە و ژەمە خۆراکی سەرەکی بریتییە لە کەروێشک، خشۆک، باڵندە، مێروو، مشک، پۆڕ لەگەڵ مارمێلکەکان، هەندێکجاریش دەکرێت لاک و گیانەوەری مردوو بخۆن، لەناویشیاندا کەروێشکەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازن، دەکرێت هەندێکیان قاچ و چنگیان بخەنە سەر خۆڵ و زەوی بۆ ڕاکێشانی کرمەکان بۆسەر ڕووی زەوی و پاشان خواردنیان.

لەهەمان کاتدا سیسارک خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک ڕێوی و هەڵۆ یاخود پشیلە کێوییەکان، بەڵام بۆ بەرگریکردن لە خۆی دەتوانێت خۆی حەشاربدات بەئاسانی بەهۆی ڕەنگی پەڕەکانییەوە، یاخود بە خێرایی بفڕێت و خۆی لە مەترسی دووربخاتەوە، یەکێکیتر لە مەترسییەکان بڕینەوەی دارستانەکانە یاخود دانانی تەڵە بۆ ڕێویەکان، کە خۆراک و لاکی ژەهراوی دانراوە بەڵام سیسارکەکان دەیخۆن و لەئەنجامدا ژەهراوی دەبن، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش ژمارەیان زۆر کەم نییە و تاڕادەیەک جێگیرە.  

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی زۆربوون لە وەرزی بەهاردایە کە نێرینەکان سەرنجی مێینەکان ڕادەکێشن بە فڕین و لەنجەولاری دڵداری، سیسارکەکان لەسەر درەخت و ناوچەی بەرزدا هێلانە دروستدەکەن، هێلانەکە لە لق و چڵی درەخت دروستکراوە و ناوەکەشی بە گەڵا ڕووپۆشکراوە، بەگشتی نێرینەکان هێلانەکە دروستدەکەن وهەموو ساڵێک بەکاریدەهێنن، ئەگەر هێلانەکەش تێکبچێت و بڕوخێت ئەوا نوێدەکرێتەوە، هەروەها هاوبەشیبوونی سیسارکەکان بەدرێژایی تەمەنە، واتە فرەژنی نییە و هەموو وەرزێکی زۆربوون لەگەڵ هەمان هاوبەشدا دەبن.

تاکەکانی سیسارک لەتەمەنی سێ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، دوای یەکگرتن مێینەکان ٢-٤ هێلکە دەکەن، پاشان ماوەی نیشتن لەسەر هێلکەکان لە نێوان ٣٣-٣٨ ڕۆژ دەخایەنێت، بەدوایدا بەگشتی سێ بێچوو لەدایکدەبێت، مێینەکە گرنگی بە بێچووەکان دەدات و نێرینەکەش خۆراک بۆ هەردووکیان دەهێنێت، هەروەها پاش تێپەڕبوونی مانگێک پەڕە سەرەتاییەکانی بێچووەکان دەوەرێت و پەڕی نوێ دروستدەبێت، بە تێپەڕبوونی ١٤-١٦ هەفتە بێچووەکان دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و هێلانەکەیان جێبهێڵن، سوڕی ژیانی سیسارک لە نێوان ١٢-٢٠ ساڵ دەبێت.  

جۆرە سەرەکییەکان

  • سیسارکی دەشت
  • سیسارکی باو
  • سیسارکی قاچ درێژ
  • سیسارکی قاچ پتەو
  • سیسارکی شاخاوی
  • سیسارکی دارستان
  • سیسارکی مەدەغەشقەر
  • سیسارکی زەوییە بەرزەکان
  • سیسارکی مل سوور
  • سیسارکی چەقەڵ


سەرچاوەکان



330 بینین