تووشبوونی میکرۆبی

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-07-26-22:01:00 - کۆدی بابەت: 9560
تووشبوونی میکرۆبی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تووشبوون بە میکرۆب (بە ئینگلیزی: Infection، بە عەرەبی: العدوى) کە زۆرجا بە نەخۆشیی بەکتریایی یان ڤایرۆسی دەناسرێت بریتییە لەو نەخۆشییەی کە وردەزیندەوەرێک یان میکرۆبێک دێتە نێو لەشی مرۆڤ و تووشی زیانی دەکات. وردەزیندەوەرەکە یاخوود میکرۆبەکە لەشی ئەو کەسە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بەهێز ببێت، زۆر ببێت و شوێنێک داگیر بکات، ئەم میکرۆبانەش بە میکرۆبی تووشکەر (Infectious) یان هۆکاری نەخۆشی (Pathogens) ناسراون و زۆر بەخێراییش دەتوانن ژمارەیان زیاد بکەن. پێویستە بزانرێت کە تووشبوونی میکرۆبی، هەوکردن یان ئیلتیهاب (Inflamation) نییە و ئەمانە دوو شتی زۆر جیاوازن.

نموونەی میکرۆبەکانی هۆکاری نەخۆشی بریتین لە:

هەروەها ئەم میکرۆبانە بە زۆر ڕێگای جیاواز بڵاودەبنەوە کە بریتین لە:

  • بەرکەوتن بە پێست
  • گواستنەوەی شلەکانی جەستە، وەک لیک و تۆواو
  • بەرکەوتن بە پیسایی
  • خواردنی ئاو یان خۆراکی پیسبوو بە میکرۆب
  • هەڵمژینی تەنۆلکە یان دڵۆپەی بچووکی نێو هەوا
  • دەستدان لە شتێک کە کەسێکی تووشبوو بە میکرۆب دەستی لێ دابێت

جۆرەکان

تووشبوونە میکرۆبییەکان بەپێی جۆرەکانیان بە شێوازی جیاواز بڵاو دەبنەوە، تووشی مرۆڤ دەبن و کاری لێ دەکەن. کۆئەندامی بەرگری بەربەستێکی کاریگەرە لە دژی هۆکارەکانی تووشبوونی میکرۆبی، بەڵام زۆرجار هۆکارەکانی نەخۆشی بەسەر سیستمی بەرگریدن زاڵ دەبن و جەستە چیتر ناتوانێت شەڕی میکرۆبەکان بکات، لەم قۆناغەدا تووشبوونی میکرۆبی زیانبەخش دەبێت.

هەندێک لە هۆکارەکانی نەخۆشی کاریگەریی کەم لەسەر جەستە دروست دەکەن، بەڵام هەندێکی تریان تۆکسین (ژەهری میکرۆبی) یان ماددەی هەوی بەرهەم دەهێنن کە دەبێتە هۆی هاندانی وەڵامدانەوەی نەرێنی لەلایەن جەستەوە. ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە هەندێک تووشبوونی میکرۆبی سووکن و بە ئاستەم تێبینی دەکرێن لە کاتێکدا هەندێکی تریان توندن و هەڕەشە لەسەر ژیان دروست دەکەن، جگە لەوەی کە هەندێک میکرۆبی هۆکاری نەخۆشی هەن بەرگەگری دەرمانن واتا دەرمان کاریان لێ ناکات.

بەکتریا، ڤایرۆس، کەڕوو و مشەخۆر کە جۆرە جیاوازەکانی میکرۆبی هۆکاری نەخۆشین لە زۆر شتدا لەیەک جیاوازن، بۆ نموونە:

  • قەبارە
  • شێوە
  • فەرمان
  • پێکهاتەی بۆماوەیی
  • شێوازی کارکردنیان لەسەر جەستە

بۆ نموونە ڤایرۆسەکان لە بەکتریاکان بچووکترن، دەچنە نێو خانەخوێ و دەستی بەسەردا دەگرن بەڵام بەکتریاکان دەتوانن بەبێ خانەخوێش زیندوو بمێننەوە. هەروەها چارەسەریش بەندە لەسەر هۆکاری تووشبوونە میکرۆبییەکە.

تووشبوونی ڤایرۆسی 

تووشبوونی ڤایرۆسی (Viral infection) بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسەوە ڕوودەدەن، ملیۆنان ڤایرۆس بوونیان هەیە بەڵام توێژینەوەکان تا ئێستا (٢٠٢٢) تەنیا ٥٠٠٠ جۆریان ناساندووە. ڤایرۆسەکان لە پارچەیەکی بچووکی کۆدی بۆهێڵی لەگەڵ بەرگێکی پارێزەری پڕۆتین و چەوری پێکهاتوون.

ڤایرۆسەکان کاتێک دێنە ناو جەستە خانەخوێیەک داگیر دەکەن و بە خانەکەوە دەنووسێن، کاتێک کە دەچنە نێو خانەکە ماددە بۆهێڵییەکەیان بەڕەڵا دەکەن، ئەم ماددەیەش خانەکە ناچار دەکات بەوەی ڤایرۆسەکە لەبەر بگرێتەوە و لە ئەنجامدا ڤایرۆسەکە چەندهێندە دەبێت، کاتێکیش خانەکە دەمرێت ڤایرۆسە نوێیەکان بەڕەڵا دەکات کە ئەوانیش خانەی تر تووش دەکەن.

هەموو ڤایرۆسێک خانەخوێیەکەی لەنێو نابات، هەندێکیان فەرمانی خانەکە دەگۆڕن، بۆ نموونە هەندێک ڤایرۆسی وەکوو بالووکە یان پاپیلۆما (HPV) و ڤایرۆسی ئێپستاین با ڤایرۆس (EBV) خانەکان ناچار دەکەن کە بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵنەکراو خۆیان لەبەر بگرنەوە بەمەش دەبنە هۆکاری نەخۆشیی شێرپەنجە. هەروەها ڤایرۆسەکان دەتوانن تەمەنێکی دیاریکراو بکەنە ئامانج بۆ نموونە منداڵی ساوا و منداڵی بچووک.

ڤایرۆسەکان دەتوانن بۆ ماوەیەک دابمرکێنەوە بەرلەوەی دووبارە دەست بە چەندهێندبوونیان بکەنەوە، بۆیە کەسێکی تووشبوو بە ڤایرۆس لەوانەیە هەست بە چاکبوونەوەی تەواو بکات بەڵام لەوانەیە دواتر دووبارە نەخۆش بکەوێتەوە کاتێک ڤایرۆسەکە دووبارە چالاک دەبێتەوە. 

تووشبوونە ڤایرۆسییەکان بریتین لە:

  • سەرمابوون یان هەڵامەت (Common cold) کە بەهۆی ڤایرۆسەکانی ڕاینۆڤایرۆس، کۆڕۆناڤایرۆس و ئەدینۆڤایرۆس ڕوودەدات.
  • هەوکردنی مێشک و هەوکردنی پەردەی مێشک کە بەهۆی ئینتێرۆڤایرۆس، ڤایرۆسی تامیسکە (Herps simplex virus) و ڤایرۆسی نیل (Nile virus) ڕوودەدات.
  • بالووکە و هەوکردنی پێست بەهۆی ڤایرۆسی پاپیلۆماڤایرۆس (HPV) و ڤایرۆسی تامێسکە (HSV) ڕوودەدات.
  • هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە بەهۆی نۆڕۆڤایرۆس.
  • کۆڤید-١٩ بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕوودەدات کە بووەتە پەتایەکی جیهانی.

نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی تر بریتین لە:

چارەسەری دژەڤایرۆسی (Antiviral) دەتوانن یارمەتی نەمانی نیشانەکانی هەندێک لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان بدەن، هەروەها دەتوانن ڕێگری لە زیادبوونی ژمارەی ڤایرۆسەکە بکەن و سیستمی بەرگریش بەهێز بکەن بۆ ئەوەی لە دژی ڤایرۆسەکە شەڕ بکات. 

دژەبەکتریاکان (Antibiotic) کە بە دەرمانی ئیلتیهاب ناسراون، لە دژی ڤایرۆسەکان سوود و کاریگەرییان نییە، بۆیە بەکارهێنانیان بۆ تووشبوونێکی ڤایرۆسیی وەکوو هەڵامەت یان ئەنفلۆنزا دەبێتە هۆی زیادکردنی مەترسیی بەرگریی دژەبەکتریاکان، کە حاڵەتێکی مەترسیدارە و بەرۆکی جیهانی گرتووە، بۆیە لەکاتی سەرمابوون و پەتا وەرزییەکاندا پێویست ناکات دەرمانی دژەبەکتریا وەربگریت بەڵکوو پێویستە چاوەڕێ بکەیت تاوەکوو لەشت خۆی لە ڤایرۆسەکە ڕزگار دەکات، هەروەها دەتوانیت دەرمانی ئازارشکێن و پەسیوو بەکار بهێنیت بۆ نەهێشتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، وەکوو دەرمانی (Flu out) و بە هیچ شێوەیەک دەرمانی وەکوو ئەمۆکسیلین و هاوشێوەکانی کاریگەرییان نابێت و بەکارناهێنرێن.

تووشبوونی بەکتریایی 

تووشبوونی بەکتریایی (Bacterial infection) بەهۆی تووشبوون بە بەکتریاوە ڕوودەدات، بەکتریاکان زیندەوەری تاک خانەک کە بە ناوک سەرەتایییەکان (Prokaryotes) ناسراون، پسپۆڕەکان ئەوەیان خەمڵاندووە کە بەلایەنی کەمەوە یەک نۆنلیۆن (یەکێک و سی سفر) بەکتریا لەسەر زەوی بوونیان هەیە، کە ڕێژەیەکی نائاسایی زۆرە و لە هەموو شوێنێکی سەر زەوی بەکتریا بوونی هەیە. 

شێوە سەرەکییەکانی بەکتریا بریتین لە:

  • بەکتریای شێوە گۆیی کە بە کۆکای ناسراون.
  • بەکتریای شێوە چیلکەیی کە بە باسیلای ناسراون، هەندێکیشیان شێوەیەکی چیلکەیی تۆزێک چەماوەیان هەیە پێیان دەوترێت ڤیبریۆ.
  • بەکتریای شێوە لوولپێچ کە بە سپایریلا ناسراون، ئەگەریش زۆر بە تووندی پێچیان خواردبێت پێیان دەوترێت سپایرۆچێت.

بە پێچەوانەی ڤایرۆسەکان کە تەنیا لەسەر خانەی زیندوو دەتوانن بژین، بەکتریاکان پێویستییان بە خانەخوێ نییە و زیندەوەری سەرسەختن کە بە گشتی لە هەموو شوێنێک و ژینگەیەکی زۆر سارد یان زۆر گەرم دەتوانن بژین، تەنانەت هەندێکیان دەتوانن لەنێو پاشماوەی تیشکدەری ئەتۆمییش زیندوو بمێننەوە.

ترلیۆنان جۆری بەکتریا بوونیان هەیە و چەند جۆرێکی کەمیان مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەکەن، هەندێک بەکتریا هەن ئاسایییانە لەنێو لەشی مرۆڤدا دەژین بەبێ ئەوەی زیانی پێ بگەیەنن، ئەمانە بە فلۆرا ئاسایییەکان ناسراون. 

هەندێک لە بەکتریا باشەکان هێرش دەکەنە سەر بەکتریا خراپەکان لە لەشدا و ڕێگرییان لێ دەکەن کە جەستە تووشی نەخۆشی بکەن، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک لە نەخۆشییە بەکتریایییەکان زۆر مەترسیدارن و تەنانەت دەبنە هۆی مردنیش، هەندێک لەو نەخۆشییە بەکتریایییە مەترسیدارانەی کە بوونەتە هۆی مردنی ملیۆنان خەڵک بریتین لە:

هەندێک نموونەی تووشبوونی بەکتریایی بریتین لە:

  • هەوکردنی پەردەی مێشک بەهۆی بەکتریاوە
  • هەوکردنی گوێی نێوەڕاست بەهۆی بەکتریاوە
  • تووشبوونی میکرۆبیی سییەکان
  • سیل
  • تووشبوونی میکرۆبیی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە (URTIs) ( بە گشتی هۆکاری ئەمە ڤایرۆسییە بەڵام بە بەکتریاش ڕوودەدات)
  • هەوکردنی گەدە بەهۆی بەکتریاوە
  • ژەهراویبوون بە خۆراک
  • تووشبوونە بەکتریایییەکانی چاو 
  • هەوکردنی ئاڵووەکان (ئەمەشیان زیاتر بەهۆی ڤایرۆسەوە دەبێت)
  • تووشبوونی میکرۆبیی کۆئەندامی میز (UTIs)
  • تووشبوونە میکرۆبییەکانی پێست
  • نەخۆشی یان تووشبوونە میکرۆبییە گوازراوە سێکسییەکان (STIs)

چارەسەری تووشبوونی بەکتریایی لەڕێی دژەبەکتریاکانەوە دەکرێت، هەرچەندە زۆر جۆری بەکتریا بەرگرییان لە دژی دژەبەکتریاکان هەیە.

تووشبوونی کەڕوویی

تووشبوونی کەڕوویی یان فتڕیات (Fungal infection) بەهۆی تووشبوون بە کەڕووەوە ڕوودەدات، کەڕووەکان زۆرجار مشەخۆری فرەخانەن کە توانای شیکردنەوە و هەڵمژینی ماددەی ئەندامییان هەیە، بەڵام هەندێک جۆری وەکوو هەوێنەکان (Yeast) زیندەوەری تاک خانەن.

کەڕووەکان بەزۆری لەڕێی بڵاوکردنەوەی سپۆڕە تاک خانەکانیانەوە زیاد دەبن، شێوەی کەڕووەکان بەگشتی درێژ و لوولەیییە لەگەڵ هەبوونی چەند دەزوولەیەکی بچووک کە لە لەشە سەرەکییەکەوە دەردەچن، ژمارەی جۆری کەڕووەکان بە نزیکەیی ٥.١ ملیۆن دەبێت. 

زۆرێک لە تووشبوونە کەڕوویییەکان لە چینی سەرەوەی پێستدا دروست دەبن و هەندێکیشیان بەرەوە چینە قووڵترەکانی پێست گەشە دەکەن. هەڵمژینی سپۆڕی کەڕوو یان هەوێنەکان زۆرجار دەبێتە هۆی تووشبوونی کەڕوویی، وەکوو تووشبوونی میکرۆبیی سییەکان یان تووشبوونی میکرۆبیی جەستە کە بە تووشبوونی میکرۆبیی هەموو جەستە ناسراون، واتا دەچنە نێو خوێنەوە. هەروەها تووشبوونە کەڕوویییەکان لەڕێی دژەکەڕووەکانەوە چارەسەر دەکرێن.

جەستە بە شێوەیەکی سروشتی کۆمەڵێک بەکتریای باشی هەیە کە یارمەتی ڕاگرتنی هاوسەنگیی میکرۆبەکان دەدەن، ئەمانەش لە دەم، زێ و بەشەکانی تری جەستە بوونیان هەیە. 

ئەو کەسانەی مەترسیی تووشبوونیان بە کەڕوو زیاترە، بریتین لەوانەی کە:

  • ئەوانەی بۆ ماوەیەکی درێژ دەرمانی دژەبەکتریا بەکاردەهێنن.
  • ئەوانەی کۆئەندامی بەرگرییان لاوازە بۆ نموونە بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی نەمانی بەرگری (HIV) یان نەخۆشیی شەکرە یانیش بەهۆی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی.
  • ئەوانەی ئەندام چاندیان بۆ کراوە، لەبەر ئەوەی ئەو کەسانە دەرمان وەردەگرن بۆ ئەوەی جەستەیان ئەندامە نوێیەکە ڕەتنەکاتەوە.

نموونەی تووشبوونە کەڕوویییەکان بریتین لە:

  • تای دۆڵ یان تووشبوون بە کەڕووی کۆکسیدی
  • تووشبوونی کەڕووییی هیستۆپلازما 
  • کەڕووی دەم (Oral thrush) یان کەڕووی زێ بەهۆی تووشبوون بە کاندیدیا
  • کەڕووی پێی وەرزشکاران
  • تووشبوون بە کرمی ئەڵقەیی
  • هەندێک لە تووشبوونە میکرۆبییەکانی چاو

نەخۆشیی پریۆن

پریۆن پڕۆتینێکە کە هیچ ماددەیەکی بۆهێڵی تێدا نییە و بە شێوەیەکی گشتی بێزیانە. زاناکان پریۆن بە وردەزیندەوەر یان میکرۆبی زیندوو داناننێن، لەکاتێکدا کە ئەگەر بێت و پریۆنەکان بکەونە سەر شێوەیەکی نائاسایی واتا شێوەیەکی نائاسایی وەربرگن دەتوانن زیانبەخش بن و ببنە هۆی تووشکردنی مرۆڤ.

تووشبوون بە پریۆن کاتێک ڕوودەدات کە پریۆنی ئاسایی دەکەوێتە سەر شێوەیەکی نائاسایی و لە مێشکدا تۆپەڵ دەبێت، پریۆنەکان تووشی پێکهاتەی مێشک و بەشەکانی تری دەمارە کوئەندام دەبن، ئەمانە لەسەر خانەخوێیەکە خۆراک وەرناگرن و زیاد نابن لەجێی ئەمە هانی فەرمانی نائاساییی خانەکانی جەستە و پڕۆتینەکانی تر دەدەن. 

پریۆن دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی لەناوبەری مێشک، کە نەخۆشیی دەگمەنن بەڵام بەخێرایی پەرەدەسێنن و دەبنە هۆی مردن، ئەم نەخۆشییانەش بریتین لە نەخۆشیی مێشکی شێوەئیسفەنجیی گوازراوە (TSEs) و نەخۆشیی کروتزفێڵد یاکۆب (CJD). توێژینەوەکان هەندێک لە حاڵەتەکانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەریشیان بە تووشبوونی پریۆنی (Prion infection) پەیوەست کردووە.

هەرچەندە پریۆنەکان وەکوو میکرۆبەکان تۆکسین دەرنادەن بەڵام بە تووشبوونی میکرۆبی دادەنرێن چونکە هانی پڕۆتینە ئاسایییەکانی مێشک دەدەن کە بەشێوەیەکی نائاسایی پێچ ببن و گەشە بکەن.

تووشبوونە میکرۆبییەکانی تر

پرۆتۆزۆوا یان بەرایییەکان: زیندەوەری ناوک سەرەتاییی زۆر بچووکن دەتوانن ببنە هۆی تووشبوونی بەرایی یان تووشبوونی پرۆتۆزۆیی (Protozoal infection)، بەرایییەکان بەزۆری لەڕێی پیسایییەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، سکچوونی ئەمیبی کە بەهۆی ئەمیباوە ڕوودەدات نموونەیە بۆ تووشبوونی پرۆتۆزۆیی.

کرمی مشەخۆر (Helminths): زیندەوەری فرەخانەی گەورەترن کە ئەگەر بەتەواوی گەشە بکەن ئەوا بە چاو دەبینێرن، ئەم جۆرەی مشەخۆرەکان پێکهاتوون لە کرمی تەخت و کرمی خڕ، ئەمانەش دەتوانن ببنە هۆی تووشبوونی میکرۆبی. تووشبوونێکی میرکۆبیی باو بەهۆی ئەم کرمانەوە کە بەزۆری لە منداڵاندا ڕوودەدات بریتییە لە کرمی مشەخۆری دەرزیلەیی (Pinworm) کە لە کۆمدا هەستی پێ دەکرێت.

مشەخۆرە دەرەکییەکان (Ectoparasites): وەکوو مۆرانە، گەنە، ئەسپێ و کێچ دەتوانن ببنە هۆی تووشبوونی میکرۆبی بەهۆی پێوەنووسان یان کونکردنی پێستەوە. مشەخۆرە دەرەکییەکان پێ جومگەدارە خوێنمژەکانیش دەگرنەوە، وەکوو مێشوولەکان کە بەهۆی مژینی خوێنی مرۆڤەوە دەتوانن تووشبوونە میکرۆبییەکان لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی تر بگوازنەوە.

هۆکار

هۆکاری تووشبوونی میکرۆبی بریتیە لەو جۆرە میکرۆبەی کە هاتووەتە نێو جەستەی مرۆڤ و تووشی نەخۆشیی کردووە، بۆ نموونە ڤایرۆسێک هۆکاری تووشبوونی ڤایرۆسییە.

کاریگەریی تووشبوونی میکرۆبی لە جەستەدا وەکوو پەسیو (لووت ئاوکردن) و هەڵاوسان بەهۆی کاردانەوەکانی سیستمی بەرگرییەوە ڕوودەدەن کە هەوڵدەدات میکرۆبە داگیرکەرەکە لەنێو ببات. هەروەها برینێکی پڕ لە کێم لە ئەنجامی هاتنی خڕۆکە سپییەکان بۆ شوێنی برینەکە دروست دەبێت کە شەڕ لەگەڵ بەکتریا بێگانەکان دەکەن، بەهۆی تووشبوونی بەکتریایی دروست دەبێت.

نیشانەکان

ناتوانرێت بەشێوەیەکی گشتی باسی نیشانەکانی تووشبوون بە میکرۆب بکرێت، چونکە نیشانەکانی تووشبوونی میکرۆبی لەسەر میکرۆبی تووشکەر و شوێنی تووشبوونەکە بەندن، کە چەندان جۆری جیاوازی میکرۆبی تووشکەر یان هۆکاری نەخۆشی بوونیان هەیە و هەر یەکێکیان بە شێوەیەک کار لە جەستە دەکەن.

ڤایرۆسەکان هەندێک خانەی تایبەت دەکەنە ئامانج وەکوو خانەکانی کۆئەندامی زاوزێ و بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە. بۆ نموونە ڤایرۆسی هاری (Rabies) دەمارە کۆئەندام بە ئامانج دەگرێت، هەندێک لە ڤایرۆسەکان خانەکانی پێست بە ئامانج دەگرن و دەبنە هۆی بالووکە یان تامێسکە. ڤایرۆسەکانی تر خانەی هەمەجۆر و زۆر بە ئامانج دەگرن و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نیشانەی جۆراوجۆر، ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا دەبێتە هۆی پەسیو (لووت ئاوکردن)، ئازاری ماسولکە و هەراسانیی گەدە

تووشبوونی بەکتریایی دەبێتە هۆی سووربوونەوە، تا، هەڵاوسان و ئازار لە شوێنی تووشبوونەکە لەگەڵ هەڵاوسانی لیمفە ڕژێنەکان، هەروەها بوونی کێم نیشانەیە بۆ تووشبوون بە بەکتریا.

تووشبوونی کەڕوویی لە پێست دەبێتە هۆی سووتانەوە و هەوکردنی پێست.

نیشانە باوەکانی نەخۆشیی پریۆن بریتین لە زیانگەیشتنی لەناکاو بە مێشک، لەبیرچوونەوە و زەحمەتی لە فەرمانە هزرییەکان، هەروەها دەشتوانن ببنە هۆی درووستبوونی تۆپەڵ لە مێشکدا کە ئەمەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی مێشک.

دەستنیشانکردن

دەستنیشانکردنی تووشبوونە میکرۆبییەکان لەڕێی دیاریکردنی میکرۆبی هۆکاری نەخۆشییەوە دەبێت، لەسەرەتادا پشکنینی جەستەیی و مێژووی نیشانەکان وەردەگیرێت، هەروەها چەند پشکنینێکی تایبەت هەن کە بۆ دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشی و تووشبوونی میکرۆبی ئەنجام دەرێن ئەوانەش بریتین لە:

چارەسەر 

چارەسەری تووشبوونی میکرۆبی لەسەر جۆرەکەی بەندە، هەر میکرۆبێک دەرمانی تایبەت بەخۆی بۆ بەکاردێت، دەرمانە دژەمیکرۆبەکان (Antimicrobials) چوار کۆمەڵەی دژەبەکتریا، دژەڤایرۆس، دژەکەڕوو و دژەمشەخۆرەکان دەگرنەوە.

ئەوەی گرنگە لە چارەسەرکردنی تووشبوونە میکرۆبییەکاندا کە دەرمانی دژەبەکتریا تەنیا بۆ تووشبوونی بەکتریایی بەکاربێت، واتا بۆ تووشبوونێکی ڤایرۆسیی وەکوو هەڵامەت و ئەنفلۆنزا یان پەتا وەرزییەکان بەهیچ شێوەیەک نابێت دژەبەکتریاکانی وەکوو ئەمۆکسیلین یان ئەزیسرۆمایسین بەکار بێن، چونکە ئەمانە جگە لەوەی چارەسەری ڤایرۆسەکە ناکەن مەترسیی تووشبوون بە بەرگریی دژەبەکتریاکانیش دروست دەکەن لە داهاتوودا.

  • دژەبەکتریاکان (Antibiotics): بۆ تووشبوونی بەکتریایی بەکاردێن، نموونەی هەندێک لە دژەبەکتریاکان بریتین لە پەنسلینەکان وەکوو ئەمۆکسیلین، سیفالۆسپۆڕینەکان وەکوو سیفتریاکزۆن، ماکڕۆلایدەکان وەکوو ئەزیسرۆمایسین و تێتراسایکلینەکان وەکوو دۆکسیسایکلین.
  • دژەڤایرۆسەکان (Antivirals): بۆ تووشبوونی ڤایرۆسی بەکاردێن، وەکوو زاناماڤیر، ئۆسێلتامیڤیر.
  • دژەکەڕووەکان (Antifungals): بۆ تووشبوونی کەڕوویی بەکاردێن، وەکوو ئازۆڵەکانی میترۆنیدازۆڵ و فلوکۆنازۆڵ، لەگەڵ تێربینافین و گریسۆفۆڵڤین.
  • دژەمشەخۆرەکان (Antiparasitics): بۆ تووشبوونی مشەخۆری بەکاردێن، ئەوانیش دوو جۆری دژەبەرایییەکان یان دژەپڕۆتۆزۆیییەکان (Antiprotozoals) وەکوو ئۆرنیدازۆڵ و تینیدازۆڵ لەگەڵ دژەکرمەمشەخۆرەکان (Antihelminthics) وەکوو ئەلبێندازۆڵ دەگرنەوە.

ڕێگریکردن

هیچ ڕێگایەک نییە کە بەتەنیا بتوانێت ڕێگری لە هەموو تووشبوونەکان بکات، بەڵام پێویستە خەڵک ئەم ڕێگایانە بگرنە بەر بۆ ئەوەی مەترسیی گواستنەوەی میکرۆبەکان کەمبکەنەوە:

  • زووزوو دەستیان بشۆن، بەتایبەتی لەپێش و پاش ئامادەکردنی خواردن و دوای چوونە ئاودەست.
  • ڕووپۆش و ڕووکارەکان خاوێن ڕابگیرێن و دووربن لە هەڵگرتنی خواردنی تێکچوو لە ماڵەوە بەتایبەت لە پلەی گەرمیی بەرزدا و کاتێک خواردنێکی تر ئامادە دەکرێت، چونکە میکرۆبەکان بڵاودەبنەوە.
  • هەموو جۆرە پێکوتە پێشنیازکراوەکان وەربگیرێن. زۆرێک لە میکرۆبەکان کە تووشی مرۆڤ دەبن پێکوتەی کاریگەریان بۆ دۆزراوەتەوە کە دەبێت لە منداڵییەوە وەربگیرێن بۆ ئەوەی پارێزراو بن لەو میکرۆبە دیاریکراوانە.
  • دەرمانەکانی دژەبەکتریا تەنیا بە ڕەچەتەی پزیشک بەکاربهێنن و دڵنیابن لەوەی کە ماوەی بەکارهێنانی دەرمانەکە تەواو بکەن واتا لە نیوەدا وازی لێ نەهێنن تەنانەت ئەگەر نیشانەکان زووتر بوونیان نەما، چونکە وازهێنان لە دەرمانی دژەبەکتریا لە نیوەی خولەکەدا دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی بەکتریاکان. هەروەها ئەگەر بێت و دژەبەکتریا بەبێ ڕەچەتەی پزیشک یان ڕێنوێنیی دەرمانساز بۆ حاڵەتێک بەکاربهێنرێت کە پێویست نەکات، ئەوا بەرگریی دژەبەکتریاکان دروست دەبێت کە حاڵەتێکی مەترسیدارە و وا دەکات ئەگەر لە داهاتوودا تووشی بەکتریایەکی سەخت و کوشندەش ببیت هیچ دژەبەکتریایەک کاری لێ نەکات چونکە بەکتریاکان بەرگرییان دژی دژەبەکتریاکان پەیداکردووە.
  • ئەو ژوورانەی کە دەکرێت ڕێژەیەکی زۆر لە بەکتریایان تێدا بێت وەکوو ناندین (مەتبەخ) و ئاودەست پێویستە بە دەرمانی میکرۆبکوژ یان پاکژکەرەوەی وەکوو کحوول پاکبکرێنەوە.
  • مەترسیی نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان کەمبکرێتەوە، بە بەکارهێنانی کۆندۆم و ڕێگاکانی تری خۆپاراستن.
  • دوورکەوتنەوە لە هاوبەشی پێکردنی کەلوپەلە کەسییەکان، وەکوو شانە، فڵچەی ددان، گوێزان (موس)، پەرداخ و ئامرازەکانی نانخواردن. هەروەها لە سەرتاشخانە و ئارایشتگاکان پێویستە دوای ئەوەی کەلوپەلێکیان بۆ کەسێک بەکارهێنا پاکی بکەنەوە (تەعقیم) بەرلەوەی بۆ یەکێکی تری بەکار بهێنن، وەکوو مەقەست.
  • لەکاتی تووشبوون بە نەخۆشییەکی میکرۆبی پێویستە ڕێنوێنییەکانی پزیشک پەیڕەو بکرێت بەتایبەتی لەکاتی چوونەدەرەوە، کارکردن و گەشتدا بۆ ئەوەی میکرۆبەکە بۆ کەسانی تر نەگوازرێتەوە.
  • پەیڕەوی شێوازێکی ژیانی چالاک و خواردنی تەندروست و دەوڵەمەند بە ماددە خۆراکییەکان یارمەتیدەر دەبن لە بەبەهێز هێشتنەوەی سیستمی بەرگریی جەستە بۆ ئەوەی دژی تووشبوونە میکرۆبییە جیاوازەکان بەرگری بکات.

پۆلێنکردن

جیا لە میکرۆبی هۆکاری نەخۆشی کە بەکتریا و ڤایرۆس و میکرۆبەکانی تر دەگرنەوە، تووشبوونە میکرۆبییەکان بەپێی چۆنییەتی دەرکەوتن و تووشبوونیان لەگەڵ گواستنەوە و تەشەنەکردنیان بۆ چەند جۆرێک تر پۆلێن دەکرێن.

تووشبوونی میکرۆبیی دیار و شاراوە

تووشبوونی میکرۆبیی دیار بریتین لەو تووشبوونانەی کە نیشانەیان هەیە و تووشبوونەکە دیار دەبێت، هەروەها پێشی دەوترێت تووشبوونی کلینیکی. 

تووشبوونی میکرۆبیی شاراوە بریتین لەو تووشبوونانەی کە میکرۆبەکەیان چالاکە بەڵام نیشانەی تێدا بەدەرناکەوێت، هەروەها پێشی دەوترێت تووشبوونی مت یان ژێرکلینیکی، بۆ نموونە تووشبوون بە ڤایرۆسی (HIV) کە کەسەکە دەکرێت بۆ ماوەی دە ساڵ تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات. یاخوود تووشبوونی بەکتریایی سیل کە تاوەکوو ماوەیەکی درێژ نیشانەکانی شاراوە دەبن.

ماوەی تووشبوون 

دەستەواژەی جیاواز بەکاردەهێنرێن بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە تووشبوونەکە چۆن و تا چەند دەمێنێتەوە، بەم پێیەش بۆ دوو جۆری کورتخایەن و درێژخایەن دابەش دەبن.

تووشبوونی سەرەتایی و تووشبوونی هەلپەرست

کۆئەندامی بەرگریی جەستە دژی هەموو جۆرە میکرۆبێک و تەنێکی بێگانە شەڕ دەکات، کاتێک کەسێک کۆئەندامی بەرگرییەکەی بەهێزە و تووشی نەخۆشییەکی میکرۆبی دەبێت ئەوا تووشبوونەکە بە سەرەتایی دادەنرێت، تووشبوونە سەرەتایییەکان ئەوانەن کە میکرۆبەکانیان توانای تووشکردنی کەسێکی تەندروست باشیان هەیە ئەمەش بەهۆی توانا زۆرە ژەهرینییەکەی میکرۆبەکەوە دەبێت.

تووشبوونی هەلپەرست یان میکرۆبی هەلپەرست (Apportunistic infections) ئەوانەن کە هەلی تووشبوون بەدەست دەهێنن بۆ ئەوەی کەسێک تووش بکەن، ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی لاوازی بەرگرییان (Immunodificiency) هەیە، یان بەهۆی نەخۆشییەک یان تووشبوونێکی میکرۆبیی ترەوە بەرگرییان لاواز بووە بۆ نموونە بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی (HIV) یان مەلاریا، یاخوود ئەوانەی تووشی زەبر و برین دەبن، لەم حاڵەتانەدا میکرۆبەکان ئەم هەلە دەقۆزنەوە بۆئەوەی لەڕێی برینەکان بچنە نێو جەستەی مرۆڤەوە، هەروەها لەڕێی لاوازیی بەرگریی جەستەوە کەسەکە تووش بکەن، چونکە دەتوانن بەئاسانی بەسەر سیستمی بەرگریدا زاڵ ببن.

درمی بوون

نەخۆشییە میکرۆبییەکان زۆرجار پێیان دەوترێت درم یان نەخۆشیی درمی کاتێک بەئاسانی لەڕێی بەرکەوتن بە کەسی تووشبووەوە دەگوازرێنەوە، وەکوو ئەنفلۆنزا کە بەئاسانی دەگوازرێتەوە لەڕێی بەرکەوتنی پژمینی کەسی تووشبوو، نەخۆشییە میکرۆبییە گوازراوەکانی تر کە بەئاسانی ناگوازرێنەوە بە درم هەژمار ناکرێن بۆ نموونە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکانی وەکوو ڤایرۆسی (HIV) کە بەئاسانی لەڕێی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ ناگوازرێتەوە. بۆیە نەخۆشییە درمییەکان پێویستیان بە خۆجیاکردنەوەی کەسی تووشبوو (Quarantine) هەیە تاوەکوو میکرۆبەکە بۆ کەسانی تر نەگوازرێتەوە.

پەتازانی

پەتازانی (Epidemiology) واتا لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی ئەوەی کە کێ، بۆچی و لەکوێ تووشی نەخۆشییەک دەبێت، واتا کاتێک کۆمەڵە خەڵکێک بەیەکەوە تووشی نەخۆشییەکی میکرۆبی دەبن پێی دەوترێت پەتا، مەرج نییە پەتا تەنیا تووشبوونی میکرۆبی بگرێتەوە بەڵکوو دەکرێت هەر نەخۆشییەکی تریش بێت، لەسەر ئەم بنەمایەش تووشبوونی میکرۆبی بۆ سێ جۆر دابەش دەبن، ئەوانیش بریتین لە:

پەتای نێوخۆیی (Endemic): بریتییە لە پەتایەک کە لە ناوچەیەکدا بڵاو دەبێتەوە بەڵام بەڕێژەیەکی دیاریکراو، بۆ نموونە مەلاریا کە پەتایەکی نێوخۆییی ئەفریقایە.

پەتای نێوخۆییی خێرا (Epidemic): بریتییە لە پەتایەک کە لە ناوچەیەکدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی لەناکاو و خێرا ڕێژەکەی زیاد دەکات و لە ماوەیەکی کەمدا کەسانێکی زۆر تووش دەبن.

پەتای جیهانی (Pandemic): بریتییە لە (Epidemic)ـێکی جیهانی واتا بەهەمانشێوە پەتایەکە کە زۆر بەخێرایی ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک تووش دەکات، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، بۆ نموونە دوای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنا لە چین بە پەتای نێوخۆییی خێرا (Epidemic) ناسێنرا، بەڵام دوای ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەهەمانشێوە بەخێرایی خەڵکێکی زۆری تووش کرد بە پەتای جیهانی (Pandemic) ناسێنرا. نموونەی پەتا جیهانییەکانی تر بریتین لە پەتای تاعوون یان مردنی ڕەش.


سەرچاوەکان



898 بینین