ڕەشید نەجیب

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-07-27-21:00:00 - کۆدی بابەت: 9577
ڕەشید نەجیب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیانی

ڕەشید نەجیب (بە ئینگلیزی: Rashid Najib)، نووسەر و شاعیرێکی کوردی ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم بووە، ناوی تەواوی ڕەشید کوڕی نەجیب ئەفەندی کوڕی مەحموود ئاغای کوڕی هەمزە ئاغای کوڕی محەمەد ئاغایە و بە (فەرامەرز) ناسراوە، لە بنەماڵەی فەرخەی سلێمانییە، دایکی ناوی عائیشەی کچی ئەحمەد ئاغای حاجی قادر ئاغا بووە، لە بنەماڵەی (پەردەسۆر)ی سلێمانییە، لە ساڵی ١٩٠٦ لە سلێمانی لەدایکبووە، سەرەتای خوێندنی لە حوجرەی مزگەوت بووە و ئەم خوێندنەی زۆری نەخایاندووە و زوو ڕووی کردووەتە قوتابخانەی سەرەتایی ڕۆژگارانی فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی عوسمانی، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٠ بۆ یەکەم جار بە فەرمانبەر لە نەخۆشخانەی مەلیکی لە سلێمانی و هەڵەبجە دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٢٨ بووە بە وەرگێڕی لیوای سلێمانی، دوای ئەمە چەند جار لە هەولێر و سلێمانی قایمقام بووە، لە ساڵی ١٩٣٠ ئەندامی کۆمەڵەی زانستی ‌و وەرگێڕی زمانی ئینگلیزی ئەو کۆمەڵەیە بووە‌ و وەک مامۆستای خۆبەخشیش لە قوتابخانەی زانستی وانەی وتووەتەوە، لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانیی سەدەی بیستەم لە سلێمانی یەکێک بوو لە سێکوچکەی دامەزرێنەرانی ڕێبازی شیعری نوێی کوردی لەگەڵ شێخ نووری شێخ ساڵح و گۆران.

ساڵی ١٩٣٢ چووەتە شاری بەغداد و هەر لەوێ ماوەتەوە، لە ٢٠ی ئازاری ساڵی ١٩٣٦ لە بەغداد ژنی هێناوە و بووەتە خاوەنی چەند منداڵێک بە ناوەکانی: ئومێد، نەوید، سروود، ژاڵە و غادە. ساڵی ١٩٤٩ بەرێوەبەری هەردوو بەشی عەرەبی ‌و کوردی ڕادیۆی بەغداد بووە‌ و وتاری بۆ ڕادیۆکە نووسیوە. لە ساڵی ١٩٥٣ بووە بە موتەسەریفی شاری هەولێر. لە ساڵی ١٩٥٤ موتەسەریفی شاری کەرکووک بووە. لە ساڵی ١٩٥٥ بۆ ١٩٥٦ موتەسەریفی شاری مووسڵ بووە. لە ساڵی ١٩٥٧ بۆ ١٩٥٨ موتەسەریفی پارێزگای بەسڕە بووە. دواتر وازی لە کاروباری میری هێناوە، دوای کودەتاکەی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ خانەنشین بووە و هەر لە بەغداد ماوەتەوە.

ڕەشید نەجیب لە ساڵانی ١٩٢٧ و ١٩٢٨دا بەرپرس و سەرنووسەری ڕۆژنامەی ژیان بووە و لە ساڵی ١٩٣٠شدا هاوڕێ لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی تر لە قوتابخانەی زانستی بە خۆڕایی مامۆستاییان کردووە.

رەشید نەجیب لەبوارەکانی شیعر، چیرۆک، ڕەخنەی ئەدەبی، وتاری کۆمەڵایەتی و وەرگێڕاندا دەیان بەرهەم و بابەتی بەپێزی لە ڕۆژنامەکەنی ژیان، دیاری لاوان، یادگاری لاوان و گۆڤاری گەلاوێژدا بڵاو کردۆتەوە.

هەڵوێستێکی تایبەتی ئەم نووسەرە ئەوە بوو کە کتێبخانە تایبەتەکەی خۆی پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی سلێمانی کرد.

کۆچی دوایی

مامۆستا ڕەشید نەجیب لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری بەغداد کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی ئەعزەمییە نێژراوە.


سەرچاوەکان



628 بینین