زەڕایەن

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-07-28-20:56:00 - کۆدی بابەت: 9592
زەڕایەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زەرایەن (بە عەرەبی: زراین، بە ئینگلیزی: Zarayn)، کۆمەڵگایەکی زۆرەملێ بوو لە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن سەدام حسێنەوە دروست کرا بۆ ئەو گوندانەی ئەوبەری ئاوی سیروان لە نزیک شاری سلێمانی لە دەشتی شارەزوور دواتر کرایە ناوەندی ناحیەی زەڕایەن.

مێژوو

پاش دروستکردنی حکوومەتی عێراقی لە ساڵی ١٩٢٥ و لکاندنی باشووری کوردستان بە دەوڵەتی پاشایەتی ئەوکاتی عێراقەوە، دەستکرا بە دامەزراندنی ناوەندە ئیدارییەکان لە عێراقدا، لەکوردستانیشدا چەندین پارێزگا و قەزا و ناحیە دامەزرا. یەکێک لە ناحیەکان، ناحیەی وارماوا بوو لە گوندی چەمەرگە ئیدارەکەی دامەزرێنرا، سنوورەکەشی ئەو کاتە پێکهاتبوو لەناحیەی زەڕایەن و ھەڵەبجەی تازە و دەربەندیخان بە ھەموو گوندەکانییەوە. لە ساڵی ١٩٥٢ بەڕێوبەرایەتی ناحیەی وارماوا لە گوندی چەمەرگە گوێزرایەوە بۆ گوندی قلیجە تا ساڵی ١٩٥٨، لە ساڵی ١٩٥٢ تا ساڵی ١٩٥٥ شێخ نوری شێخ ساڵح بەڕێوەبەری ناحیەکە بووە. پێش کودەتای ١٤ـی تەممووز لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ ماوەیەکی کەم، بەڕێوبەرایەتی ناحیەکە گوێزرایەوە بۆ گوندی چنارە و ھەر بەناوی بەڕیوەبەرێتی ناحیەی وارماواوە بووە، لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٥٥ تا ١٩٥٨ عەبدولجەبار زەنگەنە بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوا بووە. لە پاش کودەتای ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بەڕێوبەرایەتی ناحیەی وارماوا لە گوندی چنارەوە گوازراوەتەوە بۆ دەربەندیخان و ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ بەڕێوبەرایەتی ناحیەی دەربەندیخان. لە ساڵی ١٩٧٩ ناحیەکە گوازراوەتەوە بۆ ئۆردووگای زۆرەملێی زەڕایەن، کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە ساڵی ١٩٧٨ لەشێوەی ئۆردووگای زۆرەملێ لەدانیشتوانی گوندەکانی سەر سنووری عێراق-ئێران کەژمارەیان ٢٠ گوند بووە کە بەزەبری ھێز و سوپا و تانک ڕاگوێزران بۆ ئەم شارۆچکەیە کە ژمارەی ماڵەکانیان ١٢٥٠ ماڵ بوون. کە بریتیین لەم گوندانە (گمە، پشتە، گڵیجاڵ، سەعداوا، قەڵپ، بەلەسۆ، چواردارانی سەروو، چواردارانی سەروو، کانی پاشا، کانی وەیسکی، تۆوشکێ، مۆرتکە، سەرشاتەی خواروو، سەرشاتەی سەروو، زارێن، بەڕوێن، بانی بۆڵان، لاوران). بەڵام بەھۆی ئەوەی لەوکاتەدا بەشێک لەماڵەکانی گوندی ھۆرێن و کانی ژاڵە و سەرتەک ئاوارەبوون لەگوندەکانی چوارداران و بەلەسۆ و گڵێجاڵ و کانی ویسکێ و کانی پاشا دانیشتبوون ئەوانیش ھاتوونەتە ئۆردووگای زەڕایەن.

ناحیەی زەڕایەن لە ساڵی ١٩٧٩ سەر بەقەزای دەربەندیخان بوو لە پارێزگای سلێمانی. بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی حوکمی ناوەندی لەڕۆژی ١٦ـی تشرینی یەکەمی ١٩٧٩ ناحیەی زەڕایەن پێکھێنراو بەپێی نووسراوی کۆماری ژمارە (٣١١) لەڕۆژی ٢٨ـی حوزەیرانی ١٩٨٩ ناوی ناحیەکە گۆڕا بۆ ناحیەی شارەزوور.

لەسەردەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی تر ناوەکەی گۆڕا بۆ ناحیەی زەڕایەن. لە ساڵی ٢٠٠٠ بە بڕیارێک ناوی ناحیەی زەڕایەن گۆڕدرا بۆ ناحیەی وارماوا. لە ساڵی ٢٠٢١ بەپێی بەیاننامەی ژمارە ٣٣ـی وەزارەتی ناوخۆ لەڕۆژی ٢٠٢١/١٠/٢٨ بڕیاردرا بەگۆڕینی ناوی ناحیەی وارماوا بۆ ناحیەی زەڕایەن. یەکەم بەڕێوەبەری ناحیەکەش ناوی محەمەد یاسین بوو.

لەدوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٥ لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە بەسترابووەوە بە پارێزگای کەرکووکەوە لە قەزای دەربەندیخان. لە ساڵی ١٩٩٥ بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ناحیەی زەڕایەن لەڕووی بەڕێوەبردنەوە خرایە سەر قەزای شارەزوور لەپارێزگای سلێمانی.

قوتابخانە

دوای دروستکردنی شارۆچکەی زەڕایەن لە ساڵی ١٩٧٨، یەکەم قوتابخانە کە دروستکرا قوتابخانەی ھەواران بوو. ئەم قوتابخانەیە بەفەرمی لە ٤ـی تشرینی یەکەمی ١٩٧٨ دەوامی تێدا کرا.

مێژووی دامەزراندنی یەکەم خوێندنگای ناوەندی و ئامادەیی لە زەڕایەن دوای درووستبوونی زەڕایەن لە ساڵی ١٩٧٨ ھەر لەسەرەتاوە قوتابخانەی سەرەتایی تێدا کرایەوە، بەڵام ھیچ خوێندنگایەکی ناوەندی و ئامادەیی تێدا نەبوو تا لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ یەکەمجار خوێندنگایەکی ناوەندی بەناوی (متوسط زراین للبنین) کرایەوە.

ناوی زەڕایەن

لەو ناوچەیەدا کانییەک ھەبووە ناوی (کانی زێڕین) بووە، دواتر ئەم ناوە گۆڕاوە بۆ زەڕایەن. لەبۆچوونێکی تردا ھاتووە لە ساڵی ١٩٧٨دا حکوومەتی ڕژێمی بەعس ھاوڵاتیانی گوندەکانی ئەوبەری سیروانی گواستەوە، ئەو گوندانەی کە نزیکی زەڕایەن بوون ئەوانیشی گواستەوە بۆ (مجموعەی زەرایەن) واتا ئۆردووگای زەڕایەن ئەم ناوی زەڕایەنەش لە ناوی گوندی (زەڕایەنی کۆن) وە ھاتووە کە نزیکی زەڕایەنە.

ڕووبەر و دانیشتووان

بەپێی زانیاریەکانی ساڵی ٢٠١٢ دەرکەوتووە کۆی گشتی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەوەڕگا و دارستان (١١٤٠٩٤,٥) دۆنم بووە، لە نێوانیاندا بڕی ٥٢٢٧٧ دۆنم زەوی ڕەز، بڕی ١٤٩٧٨ دۆنم بەراوە، بڕی ٦٥٢٨ دۆنم بەردەڵانە، ٢٨٩١٥ دۆنم لەوەڕگایە و بڕی ١٠٨٦٠ دۆنم دارستانی سروشتییە و بڕی ٥٠٠ دۆنم دارستانی دەستکردە کە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە دروست کراوە، ھەروەھا بڕی ٧٨،٥ دۆنم باخی بەراوە وەبڕی ٣٦ دۆنم ڕەزە.

ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی زەڕایەن بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧ (٤٩٩٧) خێزان و (٢٦٩٤٠) کەسە. بەم جۆرە دابەشبووە بەسەر شار و گوندەکاندا:

  1. ناوەندی ناحیەی زەڕایەن: ژمارەی خێزان ٣٤٣٦، ژمارەی کەس ١٧٦٠٤
  2. گوندەکان: ژمارەی خێزان ١٥٦١، ژمارەی کەس ٩٣٣٦

سنووری جوگرافی

زەڕایەن دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی بەدووری ٣٦ کیلۆمەتر. لە ڕۆژھەڵاتەوە قەزای سەیدسادقەوە چەمی تانجەرۆ لەیەکتریان جیادەکاتەوە. لە بەنداوی دەربەندیخان تاکوو دەگاتە گوندی قەرەگۆل لەوێدا ناحیەی تانجەرۆ ھاوسنوورە لەگەڵیدا، لە ڕۆژاواوە سنوورەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ گوندەکانی بناری قەرەداخ لە گوندی ئاوەکەڵەوە بەبنارەکەدا تێدەپەڕی تاگوندی چەم و ژاڵە لەوێوە دەپەڕێتەوە گوندی میرەدێ تا دەگاتە گوندەکانی کانی بەردینە و دەق.

گەڕەکەکان

  1. بەھار 302
  2. ڕاپەڕین 401
  3. ڕۆشنبیران 402
  4. زەڕایەنی کۆن 301
  5. مەولەوی

گوندەکانی

  • زەڕایەن (ناوەند)
  • ئالان
  • ئاوایی شێخ حسێن
  • ئاوەکەڵە
  • ئەحمەدئاوا، وارماوا
  • بەردەکەڕ، وارماوا
  • بیدەن
  • بێسەلمێن
  • تەپەکەڵ
  • تووەقوت
  • جەرداسنە
  • جۆلانە، وارماوا
  • چەم وژاڵە
  • حاسڵ
  • خەرجانە
  • داری قەلان
  • دسکەرە
  • دەق، وارماوا
  • زەلەڕەش
  • سارتکە، وارماوا
  • سێتەلانی خواروو
  • سێتەلانی سەروو
  • قلیجە
  • قەرەگۆلی خواروو
  • قەرەگۆلی سەروو
  • قەڵبەزە، وارماوا
  • کانی بەردینە، وارماوا
  • کانی توو، وارماوا
  • کانی کەوەی جوخ
  • کانی کەوەی کۆن
  • کانی کوێرە
  • کانی مرواری
  • کانی ھەمزە
  • کانی ھەنجیر، وارماوا
  • کانێسکان
  • کەڵەکاوی
  • کۆرەی خواروو
  • کۆرەی سەروو
  • کۆڵەبی، وارماوا
  • کۆمەڵگای نەسر
  • گەورەقەڵا، وارماوا
  • مالوانی ئیبراھیم کەریم
  • مالوانی حەمەی عەزیز
  • مالوانی ڕەشید ڕەمەزان
  • مەحمودخانی خواروو
  • مەحمودخانی سەروو
  • میرەدێ
  • یەخشی خواروو
  • یەخشی سەروو


سەرچاوەکان



409 بینین