حەپ

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-07-31-23:20:00 - کۆدی بابەت: 9635
حەپ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەپ (بە ئینگلیزی: Tablet، بە عەرەبی: قرص) شێوەیەکی دەرمانسازی دەرمانە، کە پێکهاتەیەکی شێوە ڕەقی هەیە، لە یەکێک یان زیاتر لە ماددەی دەرمانی کاریگەر پێکدێت.

ڕێگاکانی دروستکردنی

حەپەکان بە دوو ڕێگە دروست دەکرێن:

  1. پەستاندن
  2. قەبڵاندن  

حەپەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێن، لەگەڵ ئاو یان شیر یاخود هەر شلەیەکی جێگیری تر قوتدەدرێن یان لە دەمدا دەکرۆژرێن یان بەشێوەی گیراوە وەردەگیرێن، بەڵام هەندێک جۆری تر لە حەپەکان لە ڕێگەی ترەوە وەردەگیرێن وەکوو: زێی ئافرەت.

جۆرەکانی حەپ لە ڕووی دەرمانسازییەوە

ئەو حەپانەی لە ڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێن

  1. حەپی دانەپۆشراو یان حەپی پەستێنراو (Uncoated or Compresssed tablet): جۆرە حەپێکی پەستێنراوە، کە لە چینێک یان دوو چین پێکدێت، بە شێوەیەک دروست دەکرێت کە بە خێرایی لە ترشەڵۆکی گەدەدا بتوێتەوە. نموونە: حەپی پاراسیتامۆڵ.
  2. حەپی ڕووپۆشکراوی ڕیخۆڵە (Enteric-coated tablets): ئەم جۆرە لە حەپ بە یەکێک یان زیاتر لە چینێک (توێژاڵ) داپۆشراوە، ئەم حەپە بەشێوەیەک دروست دەکرێت کە لە phـی نزمدا نەتوێتەوە و لە ph بەرزدا بتوێتەوە، لەبەرئەوە ئەم حەپە لە گەدەدا ناتوێتەوە و لە ڕێخۆڵەدا دەتوێتەوە. نموونە: دیکلۆفیناک سۆدیۆم (EC).
  3. حەپی کرۆشتن (Chewable tablet): ئەم حەپە دەبێت لە دەمدا بکرۆشرێت وەکوو حەپی کاربامازیپین و حەپی ئەنتائەسید (دژە ترشێتی).
  4. حەپی خێرا بەرەڵابوو (Immediate-release): ئەم جۆرە لە حەپ بە خێرایی کاردەکات و بۆ ماوەیەکی کەم لە لەشدا دەمێنێتەوە، بەم شێوەیەش لە ڕۆژێکدا 3 بۆ 4 جار وەردەگیرێت.
  5. حەپی هێواش بەرەڵابوو: ئەم حەپە بەهێواشی کار دەکات و بۆ ماوەیەکی زۆر لە لەشدا دەمێنێتەوە، لە ڕۆژێکدا 1بۆ 2 جار یان چەند ڕۆژ جارێک وەردەگیرێت. نموونە: حەپی دیڤالپرۆکس سۆدیۆم.
  6. حەپی داپۆشراو (Coated tablets): ئەم حەپەش دوو جۆری هەیە:
  • حەپی بە چین داپۆشراو (Film-coated tablets): ئەم جۆرە لە حەپ بە چینێکی تەنک لە پۆلیمەرەکانی (هایدرۆکسی پڕۆپایل میسایل سلیلۆز یان هایدرۆکسی پڕۆپایل سلیلۆز) یان تێکەڵەیەک لە پۆلیمەرەکان داپۆشراوە، ئەم چینە بەزۆری ئەستووریەکەی لە نێوان (20 بۆ 100) مایکرۆ مەتردایە. ئەم جۆرە لە حەپ بەشێوەیەک دروستکراوە کە لە ڕێڕەوی گەدە و ڕێخۆڵەدا بتوێتەوە. نموونە: ئەزیسرۆمایسین، دیکلۆفیناک پۆتاسیۆم.
  • حەپی بە شەکر ڕووپۆشکراو (Sugar-coated table): ئەم جۆرە لە حەپ گیراوەی شەکر لەگەڵ هەندێک ماددەی زیادکراو بۆ ڕووپۆشکردن بەکاردێت، کە ئەمەش تام و بۆنی ناخۆشی دەرمانەکە دادەپۆشێت و جێگیری دەرمانەکە زیاتر دەکات، بەڵام پێویستی بە کاتێکی زیاتر هەیە بۆ ئامادەکردنی دەرمانەکە. نموونە: ئایبۆپڕۆفین، میبیڤرین هایدرۆکلۆرید.

ئەو حەپانەی کە لە ئاودا دەتوێنرێنەوە و بەشێوەی گیراوە وەردەگیرێن

  • حەپی هەڵچوو یان فەوار (Effervescent tablets): ئەم جۆرە حەپە بە پەستاندنی ماددە کاریگەرەکان لەگەڵ تێکەڵەیەک لە سۆریۆم بیکاربۆنەیت و ترشێکی ئەندامی وەکوو ترشی سیتریک یان ترشی تارتاریک دروست دەکرێت، قەبارەی گەورەیە و کاتێک لەگەڵ ئاودا تێکەڵ دەکرێت کارلێکی کیمیایی لە نێوان ترش و تفتەکەدا ڕوودەدات و هەڵدەچێت. نموونە: ڤیتامین سی، حەپی کالیسیۆم.
  • حەپی تواوە (Dispersible tablet): ئەم جۆرە لە حەپ پێش بەکارهێنانی دەبێت لە ناو ئاودا یان لەناو دەمدا بتوێنرێتەوە، بەڵام ئەم حەپە کارلێک ناکات و هەڵناچێت. نموونە: سیفێکسیم (DT).
  • حەپی گیراوەی ژێر پێست (hypodermic tablete): ئەم جۆرە لە حەپ پێش بەکارهێنانی بە ئاو دەگیرێتەوە و پاشان دەکرێتە ناو دەرزییەوە و دەدرێت لە ژێر پێستی کەسی نەخۆش.

ئەو حەپانەی لە ڕێگەی بۆشایی دەمەوە وەردەگیرێن

  • حەپی لوزینە (Lozenge tablets): ئەم جۆرە لە حەپ دەبێت لەناو دەمدا بمژرێت تاکوو بەتەواوی دەتوێتەوە، بەم شێوەیە بەهێواشی کار دەکات، بەزۆری پێکدێت لە دژە بەکتریاکان و هەندێک کاتیش سڕکردنی ناوچەیی.
  • حەپی ژێر زمان (Sublingual tablets): ئەم جۆرە لە حەپ لە ژێر زماندا دادەنرێت و بەخێرایی کارا دەبێت.
  • حەپی پووک (buccal tablete): ئەم حەپە لە ناو پووکدا دەدەنرێت، بەخێرایی کارا دەبێت.
  • حەپی قووچەکیی ددان (dental cone): ئەم جۆرە لە حەپ دوای هەڵکێشانی ددان بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی بەکتریا لە شوێنی ددانە هەڵکێشراوەکە دادەنرێت.

ئەو حەپانەی کە لە ڕێگەی ترەوە وەردەگیرێن

  • حەپی چاندن (implantable tablet): ئەم جۆرە لە حەپ لە ژێر پێستی بازوودا دادەنرێت، بەهێواشی کاردەکات و بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە.
  • حەپی زێ (vaginal tablet): ئەم جۆرە لە حەپ لەڕێگەی زێی ئافرەتانەوە لەناو لەش هەڵدەگیرێت. نموونە: حەپی کلۆتریمازۆڵ (VT).


سەرچاوەکان



1192 بینین