لالەعەباس

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-11-12:33:00 - کۆدی بابەت: 9792
لالەعەباس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لالەعەباس (بە عەرەبی: أعجوبة بيرو  یان شب الليل، بە ئینگلیزی: Marvel of peru، ناوی زانستی: Mirabilis jalapa)، گوڵێکی ناسکی هەمیشەییە و نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای باشوورە، بەڵام دواتر بۆ هەموو جێگە ئاووهەوا گەرمەکانی ناوچەی هێڵی خولگەیی گوازراوەتەوە، چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە و یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوەکانیان ڕەنگی گوڵەکانیانە، کە ڕەنگێکی جوان و بۆنێکی خۆشی هەیە و بەهۆیەوە لە زۆرینەی باخچەی ماڵەکانیشدا دەچێنرێت.

لە ڕابردوودا جگە لە جوانییەکەی بۆ بەکارهێنانی لە بواری پزیشکیشدا بەکارهێنراوە، کە هەتاکوو ئێستاش بەکارهێنانی جیاوازی هەیە لە هەندێک لە وڵاتەکاندا، ناوە ئینگلیزییەکەی لەلایەن ئەو زانایەوە پێدراوە کە سەرەتا و بۆ یەکەمجار دۆزیویەتییەوە، وشەکە بە واتای شتێکی سەرنجڕاکێش دێت، ئەمەش بەهۆی ئەو ڕەنگە زۆر و جوانانەوەیە کە گوڵەکە هەیەتی، بەڵام بەگوێرەی ناوچەکان ژمارەیەکی زۆر ناوی باوی جیاوازی لێنراوە.

شێوە و پێکهاتەی

ئەم گوڵە جۆرێکی چڕ و پڕە و لقی زۆری هەیە، درێژییەکەی دەگاتە ٥٠ سانتیمەتر و پانییەکەشی دەگاتە مەترێک، شێوازی گەڵاکانی دەگۆڕێت و دەکرێت هێڵێکی درێژبێت یان هێلکەیی یاخود وەک دڵ دەربکەوێت، کە ڕەنگەکەی لە نێوان سەوزی کاڵ بۆ تۆخە و هەندێکیشیان دەکرێت کوڵکداربن، بەڵام لالەعەباس هیچ پەڕێکی گوڵی ڕاستەقینەی نییە، تەنانەت ئەو جێگەیەی کە دەبوو گەڵا سەوزەکانی دەوری پەڕەکانی تێدابێت وانییە، بەڵکو لە جێگەی کۆپەرەی گوڵەکەدایە.

هەروەها ئەم گوڵە یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە تەنها بە شەودا دەکرێتەوە و بۆنێکی خۆش بڵاودەکاتەوە، بەهۆیەوە هەندێکجار پێی دەوترێت گوڵی کاتژمێر چوار، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە لە کاتژمێر چواری بەیانیدا دەکرێتەوە، هەتاکوو لە ڕۆژی دواتردا گوڵەکەی دادەخرێتەوە، ڕەنگی گوڵەکەشی دەکرێت سپی و پەمەیی و زەرد و ڕەنگی جیاوازی تری هەبێت، کە شێوەکەی وەک ڕەحەتییەک دەردەکەوێت.

لالەعەباس ساڵانە لەجێگەی خۆیدا گەورە دەبێتەوە، واتە لەسەر هەمان ڕەگی خۆی گەشە دەکاتەوە، کە ڕەگێکی ئەستووری قاوەیی هەیە و لە ناوچە گەرمەکاندا بۆ مەودایەکی زۆر درێژدەبێتەوە، کاتێک گوڵی لالەعەباس گەورەدەبێت ئەوا بەر دەگرێت، سەرەتا ڕەنگی بەرهەمەکەی سەوزە و شێوەیەکی خڕی هەیە، دواتر ڕەنگەکەی دەگۆڕێت و دەبێت بە ڕەش.

سوودەکانی

  • بەکارهێنانی لالەعەباس بۆ چارەسەرکردنی چەندین کێشەی تەندروستی وەک هەوکردن، خوران، ساڕێژبوونەوەی برین، سکچوون، ئازاری سک، ئازاری گوێ، شەکرە، پەتا، ئازاری ئێسک و کێشەکانی جگەر.
  • ڕەگەکەی بەسوودە بۆ بەرزکردنەوەی ئارەزووی سێکسی، لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە بەهۆی سێکسەوە دەگوازرێتەوە.
  • دروستکردنی شەربەتی تایبەت لە لالەعەباس و بەکارهێنانی بۆ کەمکردنەوەی تا و نەهێشتنی هەستیاری خۆراک.
  • دروستکردنی هەویر لە ڕەگەکەی بۆ نەهێشتنی مۆربوونەوەی ماسولکەکان بە تایبەتی لە وڵاتی نیپاڵ.
  • چارەسەرکردنی نیشانەکانی سوڕی مانگانە.
  • لە هیندستان وشک دەکرێتەوە و بەکاردێت بۆ دەردراوەکانی منداڵدان.
  • ڕەگەکەی بە وشککراوی لەگەڵ شیردا وەک خۆراکێکی بەهێزکەر بەکاردێت.
  • لە ناوچەکانی مالیزیا بۆ دروستکردنی دەرمانی جوانکاری بەکاردێت، باوەڕیان وایە کە بە تایبەتی بۆ لابردنی زیپکە بەسوودە.
  • بەکاردێت بۆ تەنگەنەفەسی.
  • لە هەندێک لە وڵاتەکانیشدا دەکرێتە خۆراکەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی.
  • وەک خواردن بەکاردێت و تۆوەکەشی دەهاڕدرێت دواتر لە بری بیبەر بەکاردێت.

بەڵام بەبێ ئەوەی چارەسەرکرابێت و ئامادەکرابێت، نابێت بە کاڵی بخورێت چونکە ماددەی کیمیایی ژەهراوی تێدایە، کە کاریگەری خراپی لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە، جگە لە مرۆڤ بۆ هەموو مێرووەکانیش ژەهراوییە، یاخود کاتێک خانمێک دووگیانبێت نابێت بیخوات چونکە کاریگەری لەسەر منداڵدان دەبێت.

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

بۆ چاندنی لالەعەباسە پێویستە بە تۆو بچێنرێت، کە لە بەهاردا و دوای دڵنیابوونەوە لە نەمانی مەترسی سەرما دەکرێت بچێنرێت، باشتر وایە کە تۆوەکەی شەوێک پێشووتر بخرێتە ئاوەوە و دواتر لە قوڵایی ٠.٦ سانتیمەتردا بچێنرێت، پاش ئەوەی ڕووەکەکە چەکەرە دەکات و دەردەکەوێت ئەوا دەکرێت جێگەکەشی بگوازرێتەوە، گەشەکردنی لە هەلومەرجی تایبەتدا زۆر خێرایە، کە لە ڕاستیدا خۆشی پێویستی بە گرنگی پێدانی زۆر و تایبەت نییە.

ئەم گوڵە پێویستی بە خاکێکی شێدارە لەگەڵ بڕێکی زۆر ئاو، خاکەکەشی دەکرێت جۆرێکی ئاسایی بێت، چونکە پێویستی بە خاکی زۆر دەوڵەمەند نییە، هەروەها باشتر وایە کە بە جێگیری بمێنێتەوە واتە نەگوازرێتەوە، هەتاکوو بتوانێت بەشێوەیەکی باش گەشە بکات، بەڵام ڕووناکی خۆری زۆری پێویستە و باشترە ڕۆژانە شەش کاتژمێر خۆری هەبێت، لەگەڵ ئاودانی زۆر کە نابێت خاکی گوڵەکە وشکببێتەوە، هەروەها نابێت ئاوی زۆریشی پێبدرێت چونکە دەبێتە هۆی سیسان و خراپبوونی ڕەگەکەی.

بۆ پارێزگاریکردن لە شێی خاکەکەی دەکرێت بەرد بۆ بنجی گوڵەکە زیادبکرێت، هەروەها کاتێک ئاووهەوا دەگۆڕێت و وشک دەبێت ئەوا باشترە بەشێکی گوڵەکە ببڕدرێت، هەتاکوو ببوژێتەوە و لەناونەچێت، هەرچەندە لالەعەباسەکە ڕووناکی زۆرتری هەبێت ئەوا ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی گوڵەکانی زیاد دەکات.

بەڵام گەڵاکانی گوڵەکە توشی نەخۆشی جیاواز دەبن و شێوەیان دەگۆڕێت، یاخود مێرووەکان لێی نزیکدەبنەوە و زیانی پێدەگەیەنن، هەروەها ئەگەر گوڵی نەگرت ئەوا دەکرێت هۆکارەکەی گەرمی بێت، چونکە بە سروشتی خۆی لە کاتی درەنگ و فێنکیدا گوڵ دەکات، بەڵام ئەگەر گەرمبێت دەکرێت گوڵ نەگرێت کە ئەمەش ئاساییە، ئەگەر هۆکارەکەش خاکەکەی بێت و زۆر هەژار و بێ پیتبێت، ئەوا بەزیادکردنی کەمێک فۆسفۆر خاکەکەی بە پیت دەبێت و گوڵ دەگرێت.


سەرچاوەکان



225 بینین