دەمارگیریی تێرنەخۆری

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-08-16-16:51:00 - کۆدی بابەت: 9866
دەمارگیریی تێرنەخۆری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بلیمیا یان دەمارگیریی تێرنەخۆری یان هارەبرسییەتی (بە ئینگلیزی: Bulimia nervosa یان Bulimia و بە عەرەبی: بولیمیا نرفوزا یان الشره المرضي العصبي)، جۆرێکە لە تێکچوونی خواردن (Eating disorders) و پڕ مەترسییە، تێیدا ئەو کەسانەی تووشی دەبن بە نهێنی زۆر خۆرییەکی لەڕادەبەدەر دەکەن بە جۆرێک کە ناتوانن جڵەوگیری خواردنیان بکەن، بەڵام دواتر لە ترسی زیادبوونی کێشی لەشیان بە شێوەیەکی ناتەندروست خۆیان لەو زۆرخۆرییە ڕزگاریان دەکەن، ئەویش بە بەکارهێنانی دەرمان و شافی سکچوون، هەوڵدان بۆ خۆ ڕشاندنەوە، بەکارهێنانی دەرمانی کێش دابەزاندن، بەکارهێنانی بەرنامەیەکی پارێزی زەرەرمەند و خێرا، زیاد لە پێویست وەرزشکردن و چەندان ڕێگەی تر.

نیشانەکانی بلیمیا

نەخۆشیی بلیمیا چەندین نیشانەی هەیە کە بریتین لە:

  • زۆر سەرقاڵ بوون بە شێوە و کێشی جەستە و خواردنەوە.
  • ترسان لە زیادبوونی کێشی لەش.
  • دووبارە کردنەوە و بەردەوام بوون لە زۆرخۆری.
  • هەستکردن بە لەدەستدانی جڵەوگیرکردنی زۆرخۆری بەواتای ئەوەی نەتوانیت زۆرخۆرییت جڵەوگیر بکەیت یان نەتوانیت زاڵ ببیت بەسەر ئەو شتەی کە دەیخۆیت.
  • خۆ ناچارکردن بۆ ڕشاندنەوە.
  • زۆر وەرزشکردن تاوەکوو دوای زۆرخۆری کێشت زیاد نەکات.
  • بەکارهێنانی دەرمانی ڕەوانی و سکچوون و دەرمانی میزپێکردن لە کاتێکدا کە پێویست نییە.
  • بە ڕۆژووبوونێک کە تەنیا ئاو دەخواتەوە و سنووردارکردنی ڕێژەی کالۆری یان دوورکەوتنەوە لە هەندێک جۆری خۆراک و زۆرخۆری کردن لە چەند جۆرێکی تایبەتی خواردندا.
  • زۆر بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکیی یان دەرمانیی گیایی بۆ کێش دابەزاندن.
  • خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
  • ترس لە قەڵەوبوون.

ڕادەی تووندیی نەخۆشی بلیمیا بە پێی ژمارەی جارەکانی ڕوودانی زۆرخۆری دیاری دەکرێت ئەویش بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی جارێکە لە هەفتەیەکدا لە ماوەی سێ مانگدا.

کێ مەترسی تووشبوون بە بلیمیای لەسەرە؟

نەخۆشی بلیمیا زۆرجار دووچاری مێینەکان دەبێتەوە و لە تەمەنی هەرزەکارییاندا دەست پێدەکات، هاوکات کاریگەریش دەخاتە سەر نێرینەکان و لەوانیشدا ڕوودەدات.
ئەو کەسانەی نەخۆشیی بلیمیایان هەیە زیاتر ئەو کەسانەن کە لە خێزانێکن پێشینەی تووشبوون بە تێکچوونی خواردن یان تێکچوونەکانی خۆراک (Eating disorders) و نەخۆشییە جەستەییەکان و کێشەکانی تری دەروونیان هەیە. نەخۆشییەکانی وەک دڵەڕاوکێ و زوو گۆڕانی هەستەکان (میزاجیبوون) و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ئەمانە لە کەسانی تووشبوو بە بلیمیادا باون.

هۆکارەکانی تووشبوون بە بلیمیا

هۆکاری سەرەکی تووشبوون بە بلیمیا نەزانراوە، چونکە زۆر هۆکار هەیە دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە پەرەسەندنی تێکچوون و تێکچوونی خواردندا، لەوانە:

  • بۆماوە
  • لایەنی زیندەیی
  • لایەنی سۆزداریی
  • پێوەرەکانی کۆمەڵگە
  • چەندان هۆکاری تر

ئەو هۆکارانەی مەترسی تووشبوون بە بلیمیا زیاد دەکەن 

  1. لایەنی زیندەییی (Biology): ئەو کەسانەی خزمێکی پلە یەکیان هەیە (خوشک و برا یان دایک و باوک یان منداڵ) کە دووچاری تێکچوونی خواردن (Eating disorders) بوونەتەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە تێکچوونی خۆراک زیاترە کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی بۆماوەیی، هاوکات کێشی زیادەش لە منداڵییدا یان هەرزەکارییدا ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بە بلیمیا زیاد بکات.
  2. کێشە سۆزداریی و دەروونییەکان: کێشە دەروونی و سۆزدارییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، پەیوەندییەکی نزیکیان بە نەخۆشیی تێکچوونی خواردنەوە هەیە. کەسانی تووشبوو بە بلیمیا تێڕوانینێکی نەرێنییان بەرانبەر بە خۆیان هەیە و لە هەندێک بارودۆخدا ڕووداوە زیانبەخشەکان و فشاری ژینگەیییش هۆکارن بۆ بلیمیا.
  3. پارێزکردن: ئەو کەسانەی کە پارێز دەکەن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی تێکچوونی خواردن (Eating disorders) زیاترە. زۆرینەی ئەو کەسانەی دووچاری بلیمیا دەبنەوە، ڕێژەی کالۆرییان لە نێوان کاتی زۆرخۆرییەکەیان سنووردار دەکەن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە پاڵنەرێک بۆ دووبارەکردنەوەی کرداری زۆرخۆری و پەشیمانبوونەوە و هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەیەکی نا تەندروستانە.
  4. هۆکارەکانی تر بریتین لە هەبوونی فشار و هەبوونی کێشە لەگەڵ جەستە و ڕازینەبوون پێی و بێزاربوون.

ئەو ئاڵۆزییانەی بەهۆی بلیمیاوە دروست دەبن

بلیمیا ڕەنگە ببێتە هۆی چەندین ئاڵۆزیی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی کەسی تووشبوو کە ئەوانیش بریتین لە:

  1. خۆ نرخاندنێکی نەرێنی و کێشە لە پەیوەندییەکان و لایەنە کۆمەڵایەتییەکاندا.
  2. وشکبوونەوەی جەستە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی گەورەی جەستەیی وەک لە کارکەوتنی گورچیلەکان.
  3. کێشەکانی دڵ، وەک لێدانی ناڕێک و سستبوونی دڵ.
  4. پووکانەوەی تووندی ددان و نەخۆشیی پووک.
  5. نەبوون یان ناڕێکی لە سووڕی مانگانەدا.
  6. هەبوونی کێشەی هەرس.
  7. هەوکردنی سورێنچک.
  8. کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی.
  9. دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، نەخۆشیی ڕاڕایی بیرەسەپێنراو، تووشبوون بە نەخۆشیی تێکچوونە کەسایەتییەکان و نەخۆشیی دووجەمسەری.
  10. ئالوودەبوون و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئەلکحول.
  11. خۆ برینداکردن و هەبوونی بیری خۆکوژی.

چۆنیەتی دیاریکردنی نەخۆشی بلیمیا

کەسی تووشبوو بە بلیمیا هەوڵدەدات بە نهێنی ئەم نەخۆشییەی بهێڵێتەوە تاوەکوو کەسانی چواردەووری و چارەسەرکاران پێی نەزانن، بەڵام ئەگەر کەسی تووشبوو سەردانی چارەسەرکار بکات ئەوا کەسی چارەسەرکار دەیەوێت زانیاری لەسەر پێشینەی خێزان و دەورووبەری کەسی تووشبوو کۆبکاتەوە و لەو ڕووەوە هەوڵی پێدانی چارەسەر دەدات، هەروەها هەندێک جار پشکنینی دەروونیش وەک ڕێگەیەک بۆ دیاریکردنی بلیمیا ئەنجام دەدرێت.
لەگەڵ ئەمانەشدا لەوانەیە پشکنینی خوێن لە پێناو پشکنینی تەندروستی گشتی و دۆخی خۆراکی کەسەکە ئەنجام بدرێت.

زۆرجار چارەسەری پێشوەختە دەتوانێت ڕێگربێت لە بەرانبەر کێشە مەترسیدارەکان کە لە داهاتوودا دووچاری کەسی تووشبوو بە بلیمیا دەبێتەوە. بلیمیا و ئەو بەدخۆراکییەی کە لە ئەنجامیدا دروست دەبێت، بەنزیکەیی دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیستمی هەموو ئەندامەکانی لەش بکات هەر بۆیە بلیمیا دەکرێت کوشندە بێت و ئەگەر گومانت لە تووشبوون هەیە، پەیوەندی بە چارەسەرکارانەوە بکە.

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر هەر نیشانەیەکی بلیمیات تێدایە، ئەوا هەوڵبدە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت چونکە گوێ پێنەدانی نەخۆشیی بلیمیا دەکرێت چەندان کاریگەریی مەترسیدار لەسەر لایەنی تەندروستیت دروست بکات.

خۆپاراستن

هەرچەندە هیچ ڕێگەیەکی دڵنیایی بۆ خۆپاراستن لە بلیمیا بوونی نییە، بەڵام دەتوانیت کەسانی تووشبوو بە بلیمیا بەرەو سەردانی پزیشک و چارەسەرکار ئاڕاستە بکەیت پێش ئەوەی دۆخەکەیان خراپتر ببێت، ئەویش بەم ڕێگایانە:

  • وێنەیەکی تەندروست لە مێشکی منداڵەکەتدا دروست بکە و بەلاتەوە گرنگ نەبێت شێوە و قەبارەیان چۆنە و هاوکاریان بە کە بەشێوازێکی تری جیا لە لایەنی ڕووخسار و لاشەیان بڕوایان بە خۆیان هەبێت.
  • ژەمەکانی خواردن بەشێوەیەکی چێژبەخش و ڕێکوپێک ئامادە بکە.
  • دووربکەوەرەوە لەو قسانەی سەبارەت بە کێشی لەش و شێوەی لاشەیە و لەجیاتی ئەوە زیاتر گرنگی بە هەبوونی ژیانێکی تەندروست بدە.
  • واز لە بەرنامەی پارێزکردنێکی ناتەندروست بهێنە، وەک زیاد لە پێویست و بۆ ماوەی چەندان کاتژمێر بەڕۆژووبوون، بەکارهێنانی دەرمانەکانی کێش دابەزاندن، بەکارهێنانی دەرمانی سکچوون یان خۆ ڕشاندنەوە.
  • ئەگەر سەرنجت دا خزمێکت یان کەسێکی نزیکت پێدەچێت دووچاری کێشەی خواردن بووبێتەوە بە جۆرێک کە ببێتە هۆی نەخۆشیی تێکچوونی خواردن، ئەوا بیر لەوە بکەرەوە بەشێوەکی پشتگیرییانە و باوەڕهێنەرانە دەربارەی کێشەکەی قسەی لەگەڵدا بکەیت و لێی بپرسیت کە چۆن دەتوانیت یارمەتی بدەیت.

چارەسەرکردنی نەخۆشی بلیمیا

بەزۆری نەخۆشیی بلیمیا بە هەردوو ڕێگەی تاکەکەسی و چارەسەری خێزانیش چارەسەر دەکرێت، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر گۆڕانی ڕەفتارەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی بەدخۆراکی.
چارەسەرکار سەیری پەیوەندی نێوان بیرکردنەوە و هەستەکان و ڕەفتارەکان دەکات و بەدوای ئەو بیرکردنەوانەدا دەگەڕێت کە هۆکارن بۆ تێکدانی کردارەکانی خود و یارمەتی کەسی نەخۆش دەدات تاوەکوو ئەو بیرکردنەوانەی بگۆڕێت.

چارەسەر بە دەرمان (زۆرکات دەرمانی دژە خەمۆکی یان دژە دڵەڕاوکێ) ڕەنگە یارمەتیدەربن ئەگەر کەسەکە دووچاری دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بووبێتەوە و هاوکات خێزان دەتوانێت ڕۆڵێکی پشتیوانی گرنگ بگێڕێت لە هەر قۆناغێکی چارەسەرکردندا و لە هەندێک بارودۆخیشدا ڕەنگە پێویست بکات کەسی نەخۆش لە نەخۆشخانە بهێڵدرێتەوە بۆ چارەسەرکردن.


سەرچاوەکان



683 بینین