گلوکۆز

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-08-18-20:45:00 - کۆدی بابەت: 9899
گلوکۆز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گلوکۆز (بە ئینگلیزی: Glucose، بە عەرەبی: الجلوکوز) کە پێشی دەوترێت شەکری خوێن (بە ئینگلیزی: blood sugar) شەکرێکی سادەیە کە شێوگە کیمیاییەکەی بریتییە لە (C6H12O6)، باوترین شەکری تاکە و یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی کاربۆهیدراتەکان. بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕووەک و زۆربەی کەڕووەکانەوە لە کاتی کرداری ڕۆشنەپێکهاتندا دروست دەکرێت، کە کرداری ڕۆشنەپێکهاتنیش بە بەکارهێنانی ئاو و دووانە ئۆکسیدی کاربۆن و وزەی خۆر ئەنجام دەدرێت. لە کرداری بەرهەمهێنانی وزەدا گلوکۆز گرنگترین سەرچاوەی وزەیە لە هەموو زیندەرەوەراندا.
گلوکۆز کلیلی هێشتنەوەی میکانیزمەکانی لەشە بەڕێکوپێکی. کاتێک میکانیزمەکانی لەش بەڕێکوپێکی کارنەکەن ئەوا کاردەکاتە سەر تەندروستی لەشی مرۆڤ.
لەشی مرۆڤ لەڕێگەی خواردنی نان و میوە و سەوزە و شیرەمەنییەکانەوە گلوکۆزی دەست دەکەوێت. لە کاتێکدا کە گلوکۆز بۆ تەندروستی لەش مرۆڤ زۆر گرنگە، بەڵام وەکوو هەموو پێکهاتەکانی تر پێویستە لە ئاستی ئاسایی خۆیدا بهێڵرێتەوە، ئەو کەسانەی کە ڕێژەی نائاسایی و ناتەندروستیان لە گلوکۆز هەیە، دەکرێت تووشی کێشەی تەندروستی درێژخایەن و جددی ببنەوە.

لەشی مرۆڤ چۆن گلوکۆز بەرهەم دەهێنێت؟

بەشێوەیەکی سەرەکی گلوکۆز لە ئەو خواردنانەوە وەردەگیرێت کە دەوڵەمەندن بە کاربۆهیدراتەکان، وەکوو نان و پەتاتە و میوە. ڕۆژانە لەشی مرۆڤ چەند جارێک وەریدەگرێت، هەرکە مرۆڤ خواردنێک دەخوات، خواردن بەناو سورێنچکدا دەچێتە گەدە. ترشەکان و ئەنزیمەکان تێکی دەشکێنن بۆ پارچەی زۆر بچووک، لەماوەی ئەم پڕۆسەیەدا گلوکۆز دەردەدرێت، پاشان دەچێتە ڕیخۆڵە و تیایدا هەڵدەمژرێت، لەوێوە دەچێتە ڕێرەوی خوێنەوە، هەرکە گەشتە خوێن ئەنسۆلین یارمەتی گلوکۆز دەدات تاکوو بگات بە خانەکانی لەشت.
پەنکریاس هۆڕمۆنی ئەنسۆلین دەردەدات، کاتێک مرۆڤ نان دەخوات لەشی مرۆڤ پەنکریاس ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە پێویستە ئەنسۆلین دەربدات تاکوو شەکری خوێن هاوسەنگ بکات. هەندێک کەس لەشیان ناتوانێت بەپێی پێویست پشت بە پەنکریاس ببەستێت تاکوو بەشێوەیەکی ڕێکوپێک گلوکۆز لە لە خوێنیدا لە ئاستی ئاسایی بمێنێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە ئەوەیە کە پەنکریاس بەپێی پێویست ئەنسۆلین دەرنادات، لە ئەم حاڵەتەشدا ئەو کەسە پێویستی بە یارمەتیدەری دەرەکی هەیە (وەک دەرزی ئەنسۆلین) بۆ ئەوەی کلوگۆزی خوێن ڕێک بخات.
هۆکارێکی تری تووشبوون بە شەکرە بریتییە لە بەرگریی ئەنسۆلین، کاتێکە کە جگەر ئەنسۆلینی لەش ناناسێتەوە و بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی گلوکۆزی ناپێویست. جگەر ئەندامێکی گرنگە بۆ کۆنترۆڵی شەکری خوێن، چونکە یارمەتی هەڵگرتنی گلوکۆز و بەرهەمهێنانی دەدات لە کاتی پێویستدا.

وزە و هەڵگرتن

کارکردنی سیستمی گشتی لەش بە جۆرێکە کە ئاستی گلوکۆز هەمیشە بە جێگیری لە خوێندا بهێڵێتەوە. خانەکانی بێتا لەناو پەنکریاسدا هەموو چەند چرکە جارێک چاودێری ئاستی شەکری خوێن دەکەن، کاتێک دوای خواردن شەکری خوێنت بەرز دەبێتەوە، خانەکانی بێتا ئەنسۆلین دەردەدەن بۆ ناو ڕێڕەوی خوێن، ئەنسۆلین وەکوو کلیلێک کاردەکات کە ماسولکە و چەوری و خانەکانی جگەر دەکاتەوە بۆ ئەوەی گلوکۆز بتوانێت بچێتە ناویانەوە.
زۆربەی خانەکانی لەش لەگەڵ ترشە ئەمینییەکان و چەورییەکاندا گلوکۆز بەکاردەهێنن بۆ دەستکەوتنی وزە، بەڵام گلوکۆز سەرچاوەی سەرەکییە بۆ وزەی مێشک، دەمارە خانەکان و نێردەرە کیمیاییەکان پێویستیان پێیەتی بۆ شیکردنەوەی زانیاری، بەبێ گلوکۆز مێشک ناتوانێت بەباشی کاربکات.
دوای ئەوەی لەشی مرۆڤ ئەو گلوکۆزەی پێویستی بووە بەکاری دەهێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لەناو جگەر و ماسولکەکاندا هەڵدەگیرێت.

چۆن پشکنینی گلوکۆز دەکرێت؟

پشکنینی ئاستی گلوکۆز بەتایبەت بۆ ئەو کەسانە گرنگە کە تووشبووی شەکرەن، زۆربەی ئەو کەسانەی کە تووشبووی شەکرەن وا ڕاهاتوون وەکوو ڕۆتینێکی ڕۆژانە پشکنین بۆ ئاستی شەکری خوێنیان بکەن.
یەکێک لە باوترین ڕێگەکان ئەوەیە کە لە ماڵەوە بە پشکنێنێکی خوێنی زۆر سادە ئەنجام بدرێت. تیایدا بە دەرزییەکی بچووک کە پێی دەوترێت لانسێت کونێک دەکرێتە سەری پەنجە گەورەی دەست، پاشان دڵۆپێک خوێن دەخرێتە سەر ستریپی پشکنینەکە. ستریپەکە لەناو ئامێرێکی بچووکدا دادەنرێت کە ئاستی شەکری خوێن بەخێرایی دەپێوێت، ئەم ئامێرە دەتوانێت لەماوەی کەمتر لە ٢٠ چرکەدا ئەنجامی پشکنینەکەت پێ بڵێت.

ڕێژەی ئاسایی گلوکۆز چەندە؟

هێشتنەوەی ئاستی گلوکۆز لە مەودا ئاساییەکەیدا بەشێکی گرنگی کاری لەشە بۆ کارکردنی بەشێوەیەکی کاریگەر و تەندروست.
ئەو کەسانەی تووشبووی شەکرەن دەبێت گرنگی تایبەت بدەن بە ئاستی گلوکۆزی لەشیان. پێش نانخواردن مەودای تەندروست بریتییە لە (٩٠-١٣٠ میلیگرام بۆ دەسیلیتر (mg/dL))، دوای کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر لە نانخواردن دەبێت لە (١٨٠ mg/dL) کەمتر بێت.
چەندین هۆکاری جیاواز هەن کە وادەکەن شەکری خوێن نائاسایی دەربکەوێت، وەکوو:

  • ژەمی قورس
  • فشاری دەروونی
  • نەخۆشی تر
  • نەبوونی چالاکی جەستەیی
  • نەخواردنی دەرمانەکانی شەکرە لە کەسی تووشبوودا

دەبێت چی بکرێت ئەگەر ڕێژەکەی نائاسایی بوو؟

کاتێک کە شەکری خوێن زۆر بەرز بێت، ئەنسۆلین دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە ڕێکخستنەوە و نزمکردنەوەیدا. ئەو کەسانەی تووشبووی شەکرەن، ڕێژەی زۆر بەرزی ئەنسۆلین تیایاندا دەرخەری ئەوەیە کە پێویستیان بە وەرگرتنی دەرزی ئەنسۆلینە، لە ئەو حاڵەتانەشی کە مەترسیدار نین و ڕێژەکەی زۆر بەرز نییە دەکرێت چالاکی جەستەیی یارمەتی نزمکردنەوەی ئاستی ئەنسۆلین بدات.
ئاستی گلوکۆز ئەگەر لە خوار ٧٠ mg/dL بێت ئەوا بە ڕێژەیەکی زۆر نزم دادەنرێت، ئەم حاڵەتە پێی دەوترێت دابەزینی شەکری خوێن (بە ئینگلیزی: hypoglycemia)، کە دەکرێت زۆر مەترسیدار بێت. دابەزینی شەکری خوێن کاتێک ڕوودەدات کە کەسەکە چارەسەری نەخۆشی شەکرە پشتگوێ دەخات. هەروەها دەکرێت کاتێکیش ڕووبدات کە کەسەکە لە کاتی ئاسایی کەمتر دەخوات و لەڕادەبەدەر وەرزش دەکات، خواردنی ژەمێکی تەندروست یان شەربەتێک دەتوانێت یارمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی شەکری خوێن بدات. ئەو کەسانەی تووشبووی شەکرەن هەندێک کات بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە حەپی گلوکۆز دەخۆن کە لە دەرمانخانەکاندا بوونی هەیە.
دەکرێت ئەو کەسانەی تووشی دابەزینی شەکری خوێن دەبنەوە لە هۆش خۆیان بچن، کە ئەگەر ئەمە ڕوویدا، باشترە کە چارەسەری پزیشکی وەربگرن.

چی ڕوودەدات ئەگەر ناڕێکی ئاستی گلوکۆز چارەسەر نەکرێت؟

چەندین حاڵەتی درێژخایەن بوونیان هەیە کە پەیوەندیان بە ناڕێکی ئاستی شەکری خوێنەوە هەیە، چارەسەر نەکردنی ئاستی نائاسایی گلوکۆز دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە چەندین حاڵەتی جیاوازی تەندروستی، وەک:

  • نەخۆشییە دەمارییەکان
  • نەخۆشییەکانی دڵ
  • نابینایی
  • تووشبوونە میکرۆبییەکانی پێست
  • کێشە لە جومگەکان بەتایبەت جومگەی پێ
  • وشکبوونەوەی توند
  • لەهۆش خۆچوون
  • هەندێک حاڵەتی تری پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە


سەرچاوەکان



1672 بینین