شەکری قاوەیی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-22:06:00 - کۆدی بابەت: 12181
شەکری قاوەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەکری قاوەیی (بە عەرەبی: السكر البني یان السكر الٲسمر، بە ئینگلیزی: Brown sugar) بەرهەمێکە لە جۆری شەکری سوکەرۆز و دۆشاوی شەکر بەرهەم دەهێنرێت. زۆرجار ئەو کەسانەی پەیڕەوی ڕیجیمی تەندروست دەکەن شەکری قاوەیی وەکوو جێگری شەکری سپی بەکاردەهێنرێت. شەکری سپی بە پرۆسەیەکی کیمیای چارەسەر دەکرێت و دۆشاوی شەکری تێدەکرێت و شەکری قاوەیی لێ بەرهەم دەهێنرێت.

جیاوازی نێوان شەکری سپی و شەکری قاوەیی

لەڕووی پێکهاتە و دروستبوونەوە

هەردوو شەکری قاوەیی و شەکری سپی بەگشتی لە قامیشی شەکر دروست دەکرێن، بەڵام شەکری قاوەیی تێکەڵەی دروستکردنەکەی پێکهاتووە لە شەکری سپی و دۆشاوی شەکر کە بەهۆی دۆشاوی شەکرەکەوەیە ڕەنگی قاوەییەکی کاڵ وەردەگرێت.

ڕەنگ

جیاوازی سەرەکی نێوان شەکری قاوەیی و شەکری سپی ڕەنگە، شەکری قاوەیی بەهۆی بوونی دۆشاوی شەکر لە پێکهاتەکەیدا ڕەنگێکی قاوەیی وەردەگرێت و ڕەنگی سپێتییەکەی لەدەست دەدات، بۆیە تەنانەت بەکارهێنانی لە خواردنەکاندا کاریگەری دەکاتە سەر ڕەنگی خواردنەکەش.

بەهای خۆراکی

بەهای خۆراکی شەکری قاوەیی بەرزتر و دەوڵەمەندترە لە بەهای خۆراکی شەکری سپی، سەرباری ئەوەی کانزا و ڤیتامینەکان لە شەکری قاوەیی سنووردارە.

کالۆری و پێکهاتەی خۆراکی 

کالۆری شەکری قاوەیی کەمترە لە کارۆری شەکری سپی، یەک کەوچکی گەورە شەکری قاوەیی ١٥ کالۆری لەخۆگرتووە، یەک کەوچکی شەکری سپی ١٦٫٣ کالۆری تێدایە.

بەکارهێنان

سەرباری ئەوەی شەکری سپی و شەکری قاوەیی بۆ هەمان مەبەست بۆ شیرینکردنی خواردنەکان بەکاردەهێنرێن، بەڵام شەکری قاوەیی کاریگەری دەکاتە سەر ڕەنگ و تامی خواردنەکە و لە دروستکردنی کارە هەویرکارییەکاندا زۆرجار بەکارهێنانی شەکری قاوەیی پەسەندترە، چونکە شێی بەرزە و پارێزگاری چڕی پێکهاتەی هەویرەکارییەکان دەدات.

تام

تامی شەکری سپی و شەکری قاوەیی جیاوازییان هەیە چونکە دۆشاوی شەکر لە شەکری قاوەیی بوونی هەیە، بۆیە شەکری سپی تامی شیرینترە لە شەکری قاوەیی، بۆ لە بەکارهێنان و دروستکردنی خواردنێک ئەگەر شەکری قاوەیی وەکوو جێگرەوەی شەکری سپی بەکابهێنرێت پێویستە بڕەکەی کەم بکرێتەوە.

پێکهاتەی خۆراکی شەکری قاوەیی

١٠٠ گرام لە شەکری قاوەیی پێکهاتووە لە: 

ئایا شەکری سپی تەندروستە یان شەکری قاوەیی؟

زۆرێک لە خەڵکی پێیان وایە کە شەکری قاوەیی تەندروستترە لە شەکری سپی و دەکرێت ببێتە جێگرەوەی شەکری سپی، بەڵام شەکری قاوەیی هەمان زیانی شەکری سپی هەیە و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری تووشی ئالوودەبوونت دەکات، بەهای خۆراکی کەمە سەرچاوەی سەرەکی نییە بۆ کانزا و ڤیتامینەکان و ڕیشاڵیشی تێدا نییە، چونکە لە ڕابردوودا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە شەکری قاوەیی بەهۆی ڕەنگ و پێکهاتەکەیەوە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ماددە خۆراکییە تەندروستەکان، بەڵام سەرچاوە پزیشکییەکان ئەوەیان ڕەت کردەوە.

توێژینەوە پزیشکییە نوێیەکان دەریانخستووە شەکری قاوەیی هەمان زیانی شەکری سپی هەیە، بەڵام کالۆری و کێشی شەکری قاوەیی کەمترە لە شەکری سپی. ئاماژە بەوەش دەکەن هەردوو جۆرەکە وەک یەک مەترسیدارن و هۆکارن بۆ قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە، بۆیە باشترە بە ڕێژەیەکی زۆر کەم و سنووردار بەکاربهێنرێن بۆ ئەوەی لەو کێشە تەندروستییانە بەدووربن. هاوکات شەکری قاوەیی هەمان زیانی تەندروستی شەکری سپی هەیە بۆ تووشبووانی نەخۆشی شەکرە بۆ بەکارهێنانی بۆیان پەسەند نییه.


سەرچاوەکان



63 بینین