کۆبوونەوەی ئاو لە سک

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-19-23:34:00 - کۆدی بابەت: 9915
کۆبوونەوەی ئاو لە سک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆبوونەوەی ئاو لە سک یان ئاوبەنگی سک (بە ئینگلیزی: Ascites یان Hydroperitoneum، بە عەرەبی: استسقاء بطني)، حاڵەتی نائاسایی کۆبوونەوەی شلەیە لە ناو سکدا، سکی کەسەکە گەورە دەبێت و ئازار و نائاسوودەیی دروستدەکات، شێرپەنجە باوترین هۆکاری دروستبوونیەتی، کۆبوونەوەی ٢٥ میلیلیتر ئاو (شلە) یان زیاتر لە سکدا نیشانەیە بۆ ئەم حاڵەتە.

نیشانەکان

کۆبوونەوەی بڕێکی کەم لە شلەمەنی لە سکدا دیاریکردنی قورسە و نیشانە دروست ناکات، بەڵام کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر ئاو لە سکدا ئەم نیشانانە دروست دەکات:

  • هەڵئاوسانی سک
  • زیادبوونی کێش
  • هەستکردن بە تێری
  • باکردن
  • هەستکردن بە قورسی و نائاسوودەیی
  • دڵ‌تێکهەڵاتن و ڕشانەوە
  • هەرسنەکردنی خواردن
  • هەڵئاوسان لە بەشی خوارەوەی قاچەکاندا
  • کورتی لە هەناسەدان
  • مایەسیری

هۆکارەکان

  • باوترین هۆکاری دروستبوونی ئەم حاڵەتە تووشبوون بە نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی جگەرە کە ئەمەش بەهۆی خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ماددە کحوولییەکان دروست دەبێت و دەبێتە هۆی شێرپەنجەی جگەر و کۆبوونەوەی ئاو لە سکدا
  • گیرانی خوێنهێنەرەکانی جگەر
  • شکستی دڵ
  • هەڵئاوسان و هەوکردنی پەردەی دڵ
  • کواشیئۆرکۆر (نەخۆشی کەمی پڕۆتین بەهۆی بەدخۆراکییەوە)
  • شێرپەنجە
  • سیل
  • هەڵئاوسان و هەوکردنی پەردەی سک
  • هەوکردنی پەنکریاس
  • شکستی گورچیلە و ئەو کەسانەی چارەسەری پاڵاوتنی گورچیلە ئەنجام دەدەن
  • سستی ڕژێنی پەریزاد

هۆکارە مەترسیدارەکان

ئەو کەسانەی نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی جگەر و شێرپەنجە و چەوری جگەر و هەوکردنی جگەر جۆری B و جۆری C هەروەها ئەو کەسانەی ڕێژەیەکی زۆر ماددە کحوولییەکان دەخۆنەوە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی تر و حاڵەتی کۆبوونەوەی ئاو لە سک زیاترە.

لێکەوتەکان

کۆبوونەوەی ئاو لە سکدا دەبێتە هۆی:

  1. کێشەکانی سک: دروستبوونی ئازار و نائاسوودەیی کە ئەمانەش کار دەکەنە سەر توانای نانخواردن و ڕۆیشتن و چالاکی ڕۆژانە.
  2. هەوکردن: دەشێت کۆبوونەوەی ئاو لە سکدا ببێتە هۆی هەوکردنی بەکتریایی پەردەی سک کە دەبێتە هۆی لەرزوتا و ئازاری گەدە.
  3. کۆبوونەوەی ئاو لە سییەکان: کە دەبێتە هۆی هەناسەتەنگی و کۆکە و کەمبوونەوەی ئۆکسجینی خوێن.
  4. فتق: بەرزبوونەوەی پەستانی سک دەشێت ببێتە هۆی دروستبوونی فتق.
  5. شکستی گورچیلە: ئەگەر بەڕیشاڵبوونی جگەر خراپتر ببێت دەشێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان و دروستکردنی کۆنیشانەی جگەر و گورچیلە.

دەستنیشانکردن

پزیشک بۆ دیاریکردن و دڵنیابوونەوە لە بوونی ئەم حاڵەتە و دۆزینەوەی هۆکارەکەی کۆمەڵە پشکنینێک داوا دەکات ئەوانەش:

  • پشکنینی گشتی خانەکانی خوێن
  • پشکنینەکانی فرمانی جگەر
  • پشکنینی پڕۆسرۆمبین و فاکتەرەکانی ناو پلازما
  • وەرگرتنی ئەو شلەیەی لە سکدا کۆبووەتەوە و ئەنجامدانی پشکنینەکانی شێوە و ڕێژەی پڕۆتینەکان و ئەلبۆمین خانەکان لە ناویدا و هەندێک جاریش چاندن و ئامادەکردنی شلەکە و سەیرکردنی لەژێر مایکرۆسکۆپدا
  • پشکنینەکانی سۆنار (Ultrasound)، شەپۆلی لەرەلەری موگناتیزی (MRIتیشکی X یان (CT scan)

چارەسەرکردن و ڕێگریکردن

چارەسەرکردن بەپێی هۆکار و ئەو نەخۆشییانەی دەبنە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لە سک ئەنجام دەدرێت، دەشێت پزیشک دەرمانە میزپێکەرەکان بۆ نەخۆش پێشنیار بکات کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاوی ناو لەش، لەو حاڵەتانەی دەرمان کاریگەری و سوودی نییە پزیشک لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرزییەوە ئاوی زیادە لە سک دەردەهێنێت، یانیش ئەنجامدانی نەشتەرکاری بەیەکبەستنەوە و دروستکردنی جۆگە لە نێوان دوو لوولەی خوێن لە جگەر لە حاڵەتە زۆر توندەکاندا، لە کاتی بوونی هەر هەوکردنێک پزیشک پێشنیاری بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیندەیی دەکات بۆ نەخۆشەکە، ئەگەر بەکارهێنانی دەرمان و نەشتەرکاری سوودی نەبوو پێویست بە نەشتەرکاری چاندنی جگەر دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەم حاڵەتە، دەشێت گۆڕینی شێوازی ژیان کاریگەر و یارمەتیدەر بێت بۆ ئەم حاڵەتە بە تایبەت وەرزشکردن و جێگیرکردنی کێش و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێی ناو خواردن هەروەها کەمتر خواردنەوەی شلەمەنی و وازهێنان لە خواردنەوەی ماددە کحوولییەکان و جگەرەکێشان یارمەتی لابردن و چارەسەرکردنی ئاوی زیادەی ناو سک دەدات.


سەرچاوەکان



866 بینین