چاندنی داری قۆخ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-29-22:37:00 - کۆدی بابەت: 10063
چاندنی داری قۆخ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری قۆخ (بە ئینگلیزی: Planting peach tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة الخوخ)، نشینگەی بنەڕەتی داری قۆخ چین بووە کە دواتر لە ڕێگەی وڵاتی ئێرانەوە بۆ وڵاتەکانی ڕۆژاواش گوازراوەتەوە، هەڵبژاردنی داری قۆخی گونجاو بۆ چاندن بەگوێرەی ئاووهەوای جێگەکە دەگۆڕێت، هەندێک لە جۆرەکان گەشەکردنیان لە ناوچە ساردەکاندایە، کەواتە بۆ هەڵبژاردنی جۆری قۆخ و تامی بەرهەمەکەی و کاتی بەرگرتنی یان کاتی پێگەیشتنی بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێت، گونجاوترین کاتیش بۆ چاندنی کۆتایی زستان یاخود سەرەتای بەهارە.  

کاتی خونچەکردن و گوڵگرتنی داری قۆخ لە بەهاردایە و ڕەنگی گوڵەکەشی لە نێوان سپی و کرێمی بۆ پەمەیی و مۆری کاڵە، بەرهەمەکەی جگە لەوەی کە بە تازەیی وەک میوە دەخورێت و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دەتوانرێت هەڵبگیردرێت، ئەوا دەکرێتە مرەبا و شەربەت و خۆراکی جیاوازتریش، بەڵام دار و بەرەکەشی ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی جیاواز دەبێتەوە و باشترە باخەوانەکان بە وردی ئاگاداری بن.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • سەرەتا دیاریکردنی جێگەیەکی گونجاو، کە پێویستە بەدرێژایی ڕۆژ تیشکی خۆری بەربکەوێت.
  • هەڵبژاردنی نەمامێک کە تەمەنی ساڵێک بێت و ڕەگی بەباشی داکوتابێت.
  • هەڵکۆڵینی چاڵێک کە چەند سانتیمەترێک لە درێژی و پانی ڕەگی نەمامەکە گەورەتربێت.
  • پاشان چاندنی درەختەکە لە ناوەڕاستی چاڵەکەدا و دوورخستنەوەی ڕەگەکان لەیەکتری بۆ ئەوەی نەچەمێنەوە بەسەر یەکتریدا.
  • دوای چاندنی پێویست ناکات ڕاستەوخۆ پەین و ماددەی خۆراکی بۆ خاکەکە زیادبکرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

باشترە خاکەکەی کەمێک ترشبێت و بەباشی ئاو تێپەڕبێت و کەڵەکە نەکات، لە دوای ٤-٦ هەفتە لە خونچەکردن پێویستە ژمارەی بەرەکانی کەمبکرێتەوە، چونکە هەبوونی قۆخێکی زۆر بە چڵەکانەوە وا دەکات قەبارەیەکی بچووکیان هەبێت، کەواتە تەنککردنی بەرهەمەکەی بۆ ئەوەیە دواتر دارەکە بەتەواوەتی سەرنج بداتە سەر گەشەپێدانی ئەو قۆخانەی کە دەمێننەوە، پاشان کاتی لێکردنەوەیان دەبێت باخەوانەکان بەتەواوەتی دڵنیاببنەوە لەوەی کە پێگەیشتووە، بۆ دڵنیابوونەوەش نابێت هیچ بەشێکی خوارەوەی قۆخەکە بە سەوزی بمێنێتەوە، کە بەگشتی قۆخ لە نێوان مانگەکانی ٦-٨ پێدەگات.  

ئەگەر زیاد لە دارێکی قۆخ بچێنرێت لە ناوچەیەکدا باشترە کە ٤.٥-٦ مەتر مەودا لە نێوانیاندا بهێڵرێتەوە، ئەگەر جۆری داری قۆخەکانیش کورتەباڵابوون پێویستیان بە مەودای کەمترە، هەرچەندە داری قۆخ خۆی دەپەڕێنێت و پێویستی بە دانەیەکی تر نییە، هەروەها لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا دەبێت خاکەکەی بەپیت بکرێتەوە و لقە لاوازەکانی هەڵبپاچرێت بۆ گەشەسەندنی نوێی دارەکە. کە هەڵپاچین بۆ داری قۆخ زۆر گرنگ و پێویستە، دەبێت لقە لاواز و نەخۆشەکان ببڕدرێن و هەموو وەرزێک دارەکە بەهێزترببێت، چونکە قۆخ دوای دوو ساڵ گوڵدەگرێت و بەردەگرێت، بۆیە دەبێت لەماوەی وەرزەکانی بەهار و هاویندا زۆرترین گەشەبکات و بەڕادەی پێویست بەهێزببێت.


سەرچاوەکان



422 بینین