هەستیاری بە ئاو

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-31-22:37:00 - کۆدی بابەت: 10095
هەستیاری بە ئاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەستیاری بە ئاو (بە ئینگلیزی: Aquagenic urticaria، بە عەرەبی: الشریة المائیة یان حساسیة الماء) حاڵەتێکی دەگمەنی هەستیارییە لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ ئاودا پێستەکە تووشی لیر و خوران و سووربوونەوە دەبێت، پلەی گەرمی ئاوەکە هەر چەندێک بێت هەستیاری دروست دەکات، بەڵام ئەم جۆرە وەک نەخۆشییە هەستیارییەکانی تر نییە، هەروەها بەهۆی ماددە کیمیاییەکانی ناو ئاو وەک کلۆر و فلۆر دروست نابێت بەڵکوو بەهۆی خودی ئاوەکەوە دروست دەبێت.

نیشانەکان

ئاوی سوێر و ئاسایی و ئارەق و فرمێسکیش دەشێت ببنە هۆی دروستبوونی حاڵەتی هەستیاری بە ئاو، گرنگترین نیشانەکانیش کە زیاتر لە مل و سک و پەلەکان دەردەکەون بریتین لە:

  • لیر لەسەر پێست کە قەبارەیان ١-٣ میلیمەترە
  • خورانی پێست لە کاتی بەرکەوتنی بە ئاو
  • سووربوونەوە
  • دروستبوونی زیپکە و دوومەڵ

هۆکارەکان

هۆکارەکانی هەستیاری بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام تیۆرییەکان دەڵێن بەهۆی کارلێککردنی پێکهاتەکانی ناو پێست و چەورییە ڕژێنەکان لە پێستدا کە ماددەیەک بەرهەمدەهێنن کە پێست هەڵیدەمژێت و خانە ماستەکان هان دەدەن بۆ دەردانی هەندێک ماددە لە دەنکۆڵەکانی ناو خانەکە ئەوانیش بریتین لە هیستامین و جەرگین (Heparin) و ئەو ماددانەی تر کە هەستیاری دروست دەکەن، هەروەها دەشێت نەخۆشییەکە بۆماوەیی بێت یانیش بەهۆی نەخۆشی ترەوە ڕووبدات وەک بەرگەنەگرتنی لاکتۆزی کە بەهۆی خواردنی ئەو ماددانەی کە لاکتۆزی تێدایە ڕوودەدات و لەوانەشە ئەم هەستیارییە دروست بکات.

دەستنیشانکردن

بۆ دیاریکردنی بوونی ئەم حاڵەتە مێژووی پزیشکی و پشکنینی تاقیکردنەوەی ئاو ئەنجام دەدرێت، ئەم پشکنینە بڕێک ئاو کە پلەی گەرمییەکەی ٣٥ پلەی سەدی بێت دەدرێت لە بەشی سەرەوەی جەستە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک، دواتر ئەگەر هەستیارییەکە بەهۆی ئاوەوە بێت نیشانەکان دەردەکەون و پێستەکە لیر و سووربوونەوە دروست دەکات، بەکارهێنانی ئاو لەو پلە گەرمییەدا زۆر گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی ئەم حاڵەتە چونکە ئاوی سارد دەبێتە هۆی سەرلێشێواندن لە نێوان ئەو هەستیارییەی بە ماددە ساردەکان دروست دەبێت، هەروەها دەشێت پزیشک کۆمەڵە دەفرێک دابنێت و ئاوی پلەی گەرمی جیاواز بکاتە ناو هەر دەفرێکەوە و دەستی نەخۆشەکە بکاتە ناو دەفرەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە کاریگەری پلەی گەرمی لە دروستبوونی هەستیارییەکە.

مێژوو

یەکەمین حاڵەتی تووشبوونی هەستیاری بە ئاو لەلایەن (واڵتەر شێلێی) لە ساڵی ١٩٦٤ تۆمارکرا، حاڵەتەکەش لە ئافرەتاندا باوترە لە چاو پیاواندا، تا ئێستا لە هەموو جیهاندا تەنیا پێنج حاڵەتی هەستیاری بە ئاو تۆمارکراوە.

ڕێگریکردن و چارەسەرکردن

لابردن و کەمکردنەوەی هەستیاری سوودی نییە و کاریگەری نییە لەسەر ئەم حاڵەتە، لەبەر ئەوەی لە کاتی بەرکەوتن بە ئاو دووبارە نیشانەکان دروست دەبێتەوە، بەڵام بەکارهێنانی دەرمانی دژە هیستامین پێش هەر بەرکەوتنێک لەگەڵ ئاودا دروستبوونی لیری کەمکردووەتەوە، بەکارهێنانی کرێمە چەورەکان و ڤازلین و هاوشێوەکانی پێش خۆشتن و بەکارهێنانی توالێت دەتوانن تا ڕادەیەک نیشانەکان جڵەوگیر بکات، لە ئێستادا ئەم حاڵەتە هیچ دەرمانێک نییە کە بتوانێت بۆ هەمیشە چارەسەری بکات و نەیهێڵێت، دەرمانە سروشتییەکانیش بۆ هەستیاری بە ئاو تەنیا هێورکەرەوەن و کاریگەرییەکەیان کاتییە، ڕێگریکردن لە بەرکەوتن بە ئاو باشترین چارەسەرە بۆ بەدووربوون لە خراپبوون و دەرکەوتنی نیشانەکان، ئەو دەرمانانەی بۆ ئەم حاڵەتەش بەکار دەهێنرێن بریتین لە:

  1. دژە هیستامین بە شێوەی حەپ یان کرێم.
  2. کرێمە کۆرتیکۆستیرۆیدەکان بەتایبەت ستانۆزۆلۆل (Stanozolol).
  3. چارەسەرکردن بە ڕووناکی.
  4. ئەو کرێمانەی وەک بەربەستێک لەسەر پێست کاردەکەن و ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی ئاو نادەن بۆ ناو کونیلەکانی پێستەوە.


سەرچاوەکان



320 بینین