پێوانەی ئاستی ڕووی دەریا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-11-15:53:00 - کۆدی بابەت: 10206
پێوانەی ئاستی ڕووی دەریا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مامناوەندی ئاستی دەریا یان ئاستی دەریا (بە ئینگلیزی: Mean sea level یان Sea level، بە عەرەبی: مستوى سطح البحر) کورتکراوەی (MSL)، پێوانەیەکی بنەڕەتییە بۆ پێوانەکردنی بەرزی و نزمی ڕووی زەوی، تێکڕای ئاستی ئاوی دەریایە، کە هەموو بەرزاییەکانی ڕووی زەوی و قوڵاییەکانی زەریا و دەریاکان دەگرێتەوە، هاوسەنگی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆربەی ڕووبەرە ئاوییەکانی ڕووی زەوی بەیەکەوە بەستراون، زیادبوون و کەمبوونی ئاو کاریگەری لەسەر سەرجەم ڕووبەرە ئاوییەکان دەبێت، لە سەرانسەری جیهاندا ڕووی ئاوەکە مەیلی یەک ئاستی هەیە، ئاستی ڕووی دەریا سفرە.

ئاستی ڕووی دەریا بە بەردەوامی دەگۆڕێت بەپێی گۆڕان لە ئاستی ئاوی دەریا، ڕژانی ڕووبارەکان، گۆڕانکاری لە هێزی کێشکردنی زەوی، پلەی گەرمی، پەستانی بەرگەهەوا و ڕەوشی با ڕێگری دەکەن لەوەی ئاستی ڕووی دەریا لە ئاستێکی ڕاستەقینە و جێگیردا بێت، گۆڕانکارییە درێژخایەنەکانی ئاستی ڕووی دەریا لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای زەویدایە.

گۆڕانکاری لە ئاستی ڕووی دەریا

ڕەنگە ئاستی ڕووی دەریا بە گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا زۆر بگۆڕێت، لە سەردەمی سەهۆڵبەندانی ڕابردوودا ئاستی ڕووی دەریا زۆر نزم بووەتەوە، چونکە کەشوهەوا ساردتر بووە و ئاوێکی زۆر بەستوویەتی و بووە بە سەهۆڵ.

لە کاتی دوایین سەهۆڵبەنداندا نزیکەی ١٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر، ڕەنگە ئاستی ئاوی دەریا ١٠٠ مەتر لە ئێستە کەمتر بووبێت.

گەرمبوونی جیهان کە قۆناغی ئێستای گۆڕانی کەشوهەوای زەوییە، دەبێتە هۆی تواندنەوەی سەهۆڵبەندان، تواندنەوەی سەهۆڵبەندانیش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا.

بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووی دەریا مەترسی لەسەر ناوچە نزمەکان لە سەرانسەری جیهان دروست دەکات، بە تایبەتی دوورگە نزمەکان و شارەکانی کەنار دەریا.

ئاستی ڕووی دەریا چی پێوانە دەکات؟

  • شوێنە جوگرافییەکان وەکوو شارۆچکە، شاخ و شوێنەکانی تر
  • بەرزی تاوەر، باڵەخانە، بینا و دروستکراوە بەرزەکانی تر
  • تەنە فڕیوەکانی وەکوو فڕۆکە و هێلیکۆپتەر

بەرزترین و نزمترین خاڵی ڕووی زەوی

دەریای مردوو کە سنووری نێوان ئیسرائیل و ئوردن دەبڕێت نزمترین شوێنی ڕووی زەوییە، کە نزمییەکەی ٤٠٠ مەترە لە خوار ئاستی ڕووی دەریاوە.

بەڵام ئەگەر قوڵایی بنی زەریاکان بپێوین ئەوا قوڵایی چاڵێنجەر لە زەریای هێمن نزمترین شوێنی سەر زەوییە، کە ١١,٠٣٤ مەتر لە خوار ئاستی ڕووی دەریاوەیە.

بە پێچەوانەشەوە لوتکەی ئێڤرێست لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا بەرزترین شوێنی ڕووی زەوییە، کە ٨٨٤٨ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

هەروەها ئەگەر بەرزی لە بنی زەریاوە بپێورێت، لوتکەی گڕکانی ماونا کیا لە ویلایەتی هاوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە لوتکەی ئێڤرێست بەرزترە، بەرزییەکەی ١٠٢٠٣ مەترە، بەڵام تەنها ٤٢٠٧ مەتری لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.


سەرچاوەکان



1320 بینین