پێداویستییەکانی وێنەکێشێکی سەرەتایی

له‌لایه‌ن: - سۆزیار محەمەد سۆزیار محەمەد - به‌روار: 2022-09-14-21:15:00 - کۆدی بابەت: 10251
پێداویستییەکانی وێنەکێشێکی سەرەتایی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێداویستییەکانی وێنەکێشێکی سەرەتایی (بە ئینگلیزی: Art supplies for beginners، بە عەرەبی: اللوازم الفنية للمبتدئين)، سیفەتە خۆڕسکییەکانی وەک بەردەوامبوون، ویستن، بێگومان داهێنان کە گرنگترین هۆکاری هەموویانە، هۆکار گەلێکن کە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕادەی باشییەتی کاری هونەری و گەشەی هونەرمەندێک، هەموو وێنەکێشێک دەبێت پەرە بە هەرسێ لەوانە بدات. هۆکارێکی تر هەیە کە دەتوانێت کارێکی هونەری زیاتر کاریگەر بکات، ئەو هۆکارەش هەبوونی پێداویستییە هونەرییە درووستەکان و زانینی چۆنیەتی بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی گونجاوە. لە ڕاستیدا، زۆر کەلوپەلی هونەری هەیە، چۆن دەزانیت کامیان پێویستە، بەتایبەتی ئەگەر وێنەکێشێکی تازە دەستپێکەر بیت؟  ئەمە نۆ پێداویستی هونەریی سەرەکییە کە تۆ وەک وێنەکێشێک پێویستت پێیە.

پێداویستییەکان 

  • پێنووسەکان: زۆر کەس پێنووسەکان بە سەرەتاییترین ئامرازی هونەری دەبینن لە جیهاندا، لەبەرئەوە چاوپۆشی لە هەبوونی دەکەن. لە کاتێکدا ئەمە لە بواری هونەرییەوە ڕاستە، بەڵام واتای ئەوە نییە کە پێنووسەکان بە تەواوی بێ سوودن. لە ڕاستیدا پێچەوانەکەیەتی. پێنووسەکان لە هەموو کەلوپەلە هونەرییەکانی تر زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە. هەروەها، پێنووسەکان زۆر جۆریان هەیە، لە پێنووسی دار بۆ پێنووسی میکانیکی، بۆ پێنووسە ڕەنگاوڕەنگەکان، پێنووسی خەڵوز و زۆر زیاتر. پێنووسەکان بەکارهێنراوترین پێویستیی هونەریین، بۆیە ئەوان یارمەتیدەرترین ئامڕازن کە هەبێت.
  • خەت کوژێنەوە: ئەگەر تۆ پێنووسەکان لە شوێنی کارەکەتدا بهێڵیتەوە، ئەوا واتای ئەوەیە کە پێویستت بە خەت کوژێنەوەش دەبێت. خەت کوژێنەوەکان ئەوانەن لەو هەڵانە ڕزگارت دەکەن کە لە کاتی بەکارهێنانی پێنووسێک کردووتە. کەواتە، ئەگەر بە شێوەیەکی سەرەکی پێنووس بەکاردەهێنیت یان ئەگەر واش نەبێت، بیرۆکەیەکی باشە کە خەتکوژێنەوەت هەبێت.
  • پەرتووکی نەخشەکێشان: یەکێکی تر لە پێداویستییە هونەرییە زۆر گرنگەکان کە هەموو وێنەکێشێک دەبێت هەیبێت پەرتووکی نەخشەکێشانە. پێویستت بە شتێکە بۆ نەخشەکێشان یان وێنەکێشانی هونەرەکەت لەسەری، هەرچەندە کاغەزە ئاساییەکان بەکاردێن، بەڵام بەڕاستی نموونەیی نین بۆ مەبەستی هونەری. هەندێک جار کوالێتی ئەوان بۆ هونەر گونجاو نییە و ئاسان لەدەستی دەدەیت. لەبەر ئەوە، وەک وێنەکێشێک، پێویستت بە پەرتووکی نەخشەکێشانە، هەموو پەڕەکانت لە یەک شوێن بۆ کۆدەکاتەوە، بۆیە کارە هونەرییە خەڵاتکراوەکانت لە دەست نادەیت. 
  • کاغەزی ڕەنگی ئاویی: ئەمە شتێکە کە پێویست ناکات بۆ هەموو وێنەکێشێک، بەڵام ئەگەر تۆ کەسێک بیت کە چێژ لە کێشانی تابلۆ ئاوییەکان وەربگریت، کۆمەڵێک کاغەزی تایبەت بە ڕەنگی ئاوییت دەبێت هەبێت. خەڵک ئەم بیرۆکەیە هەڵەیەیان هەیە کە پێیان وایە دەتوانیت لە سەر هەر جۆرە کاغەزێک ڕەنگی ئاویی بەکاربهێنیت، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. ڕەنگی ئاویی ناوەندێکە کە تایبەتمەندی جیاوازی هەیە لە جۆرەکانی تری بۆیاخەکان، لەبەر ئەمە پێویستت بە جۆرێکی تایبەتی کاغەزە بۆی.
  • کاغەزی کانڤاس (کاغەزی تابلۆی زەیتی): کاتێک هەرکەسێک بیر لە وێنەکێشان دەکاتەوە،  لەوانەیە یەکەم شت بە مێشکیدا بێت تابلۆی زەیتییە. ئەوە پەڕەیەکە کە نیگارکێشەکان فڵچەکانیان لەسەری بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی شاکارێک. کەواتە، ئەگەر تۆ تایبەت بیت بە وێنەکێشان،  ئەوا بە دڵنیاییەوە پێویستە بەلایەنی کەمەوە یەک تابلۆی زەیتی هەبێت لە ناوەندی هونەرەکەتدا.
  • ڕەنگەکان: کاغەزی تابلۆی زەیتی لەوانەیە ئامرازێکی هونەری ناوازە بێت بۆ وێنەکێشان، بەڵام وێنەکێشان بە شێوەیەکی زارەکی بەبێ خودی ڕەنگەکان واتایەک نابەخشێت. کەواتە، ئەگەر تۆ نیگارکێشێکی بەپەرۆش بیت، ئەوا دەبێت هەمیشە پێداویستی ڕەنگەکان ئامادە بێت لە شوێنی کارەکەت. بۆیەی ئەکریلیک، بۆیەی زەیتی، بۆیەی ئاوی و مەرەکەب و چەندینی تر هەیە، هەموو ئەم جۆرە ڕەنگانە گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە کە وایان لێ دەکەن لەیەکتری جیاواز بن.
  • فڵچەی ڕەنگەکان: وێنەکێشانەکەت هەرگیز بە لێهاتوویی و جوان دەرناکەوێت ئەگەر فڵچەی پێویستت نەبێت. بەڵام خۆشبەختانە، فڵچەی ڕەنگەکان ئاسان دەست دەکەوێت، هەروەها لە قەبارە و شێوە جۆراوجۆرەکاندا هەن کە شێواز و تەکنیکە جیاوازەکانی وێنەکێشان جێبەجێ دەکەن. لە ئەنجامدا، بە دڵنیاییەوە پێویستت بە زیاتر لە فڵچەیەکی ڕەنگەکان هەیە بۆ شوێنی کارە هونەرییەکەت. کەواتە، گەڕانەکانت لەسەر جۆرەها فڵچەی ڕەنگاوڕەنگ ئەنجام بدە و ئەو شتانەی کە پێت وایە گونجاون لەگەڵ شێوازی تۆدا کۆیبکەرەوە.
  • پالێتس (ماڵەی ڕەنگ): کاتێک کە وێنە دەکێشیت، بۆت دەردەکەوێت کە پێویستت بە بوونی شتێک هەیە تا بتوانیت لە یەک شوێندا ڕەنگەکانت بگۆڕیت. لەگەڵ ماڵەی ڕەنگ کاتێکی ئاسانترت دەبێت بۆ گەیشتن بەم ڕەنگانە یان تێکەڵکردنیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو ڕەنگە تاریکە دڵخوازەی دەتەوێت. ماڵەی ڕەنگ ڕوویەکی تەخت ڕەقی هەیە كه نیگارکێشەكان لەسەری دەتوانن ڕەنگەکانیان ڕێکبخەن.
  • وێنە ڕاگر: هەروەک کاغەزی تابلۆی زەیتی و ڕەنگەکان، وێنەڕاگر پێویستییەکی ترە لە هونەری وێنەکێشاندا. ئەم ئامرازە هونەرییە ڕاگرێکە یان چوارچێوەیەکە پشتیوانی لە کاغەزی تابلۆی زەیتی وێنەکێشێک دەکات، هەرچەندە بە دیاریکراوی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، هەندێک لە هونەرمەندان نایانەوێت کە هەیان بێت. ئەمە لەبەر ئەوەیە،  بۆ ئەوان،  وا بیر دەکەنەوە کە وێنەڕاگر ناپێویستە و تەنها شوێنێک داگیر دەکات، بەڵام ئەگەر تۆ شوێنێک یان ژوورێکی تەواوت هەبێت بۆ کارە هونەرییەکانت دەتوانت وێنە ڕاگرێکت هەبێت.

بەبیرهێنانەوەی کۆتایی

بەردەوامبوون، ویستن و داهێنان بێگومان کۆڵەکەن لە گەشەکردن و سەرکەوتنی هونەرمەندێکدا. بەڵام هەندێک جار، نهێنی دروستکردنی کارێکی هونەری گەورە دەتوانێت بکەوێتەوە سەر ئەو کەلوپەلە هونەرییانەی کە هونەرمەند هەیەتی. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە ئامرازە بنچینەییە گونجاوەکان لە شوێنی هونەرەکەتدا هەبێ و بزانیت چۆن ژیرانە بەکاریان بهێنیت. کەواتە، بەدوای ئەو کەلوپەلە هونەریانە بگەڕێ کە پێویستت پێیەتی. کاتێک پێداویستییەکانت دابین کرد بە باشترین شێوە بەکاریان بهێنە و سوودیان لێ ببینە.


سەرچاوەکان



785 بینین