مزگەوتی فەیسڵ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-18-22:06:00 - کۆدی بابەت: 10297
مزگەوتی فەیسڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مزگەوتی فەیسڵ یان مزگەوتی شا فەیسڵ (بە ئینگلیزی: The Faisal Mosque، بە عەرەبی: مسجد الملك فيصل)، مزگەوتێکی نیشتیمانی پاکستانە، کە دەکەوێتە ئیسلام ئابادی پایتەخت. ئەم مزگەوتە شەشەم گەورەترین مزگەوتە لە جیهاندا و گەورەترین مزگەوتە لە ناوچەی باشووری ئاسیا، دەکەوێتە دامێنی گردەکانی مارگالا لە شاری پایتەختی ئیسلام ئابادی پاکستان. مزگەوتەکە شوێنێکی سەرەکی گەشتیارییە لە وڵاتی پاکستان، هەروەها کارێکی هاوچەرخ و کاریگەرە لە تەلارسازی ئیسلامیدا.

لە ساڵی ١٩٧٦ـدا دەست بە دروستکردنی مزگەوتی شا فەیسڵ کرا، دوای ئەوەی شا فەیسڵی سعودیە بڕی ٢٨ ملیۆن دۆلاری بۆ مزگەوتەکە تەرخانکرد. دوای پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی دیزاینە ناوازە و جیاوازەکەی لەلایەن تەلارسازی تورکی ڤەدات دالۆکای (Vedat Dalokay)ـەوە هەڵبژێردرا. بەبێ گومەزێکی ئاسایی، مزگەوتەکە لە شێوەی چادرێکی عەرەبە کۆچەرەکان دیزاینکرا، کە بە چوار منارە دەورە دراوە و بەرزی هەر منارەیەکیان ٧٩ مەترە. ڕووبەری مزگەوتەکە ١٣٠،٠٠٠ مەتر دووجایە، ئەم مزگەوتە لە ساڵی ١٩٨٦ تا ساڵی ١٩٩٣ گەورەترین مزگەوتی جیهان بوو، لە ئێستادا شەشەم گەورەترین مزگەوتە لە جیهاندا لەڕووی توانای لەخۆگرتنی نویژخوێنانەوە.

مێژوو

لە ساڵی ١٩٦٦ـدا لە سەردانێکی فەرمی شا فەیسەڵی کوڕی عەبدولعەزیز بۆ وڵاتی پاکستان پشتگیری لە دەستپێشخەری حکوومەتی پاکستان کرد بۆ دروستکردنی مزگەوتێکی نیشتیمانی لە ئیسلام ئاباد. لە ساڵی ١٩٦٩ـدا پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو کە تێیدا تەلارسازەکانی ١٧ وڵات ٤٣ پێشنیاریان پێشکەش کرد. دیزاینی براوە دیزاینی تەلارسازێکی تورکی ڤەدات دالۆکای بوو. چل و شەش دۆنم زەوی بۆ پڕۆژەکە و ڕاپەڕاندنی پڕۆژەکە بۆ ئەندازیاران و کرێکارانی پاکستان دیاریکرا. پاشان لە ساڵی ١٩٧٦ لەلایەن کۆمپانیای (National Construction Limited) دەست بە دروستکردنی مزگەوتەکە لە پاکستان کرا و زیاتر لە ١٣٠ ملیۆن ریاڵی سعودیەی تێچوو (نزیکەی ١٢٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی ئەمڕۆ). دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٥ـدا شا فەیسڵ کوژرا مزگەوتەکە و ئەو شەقامەشی بەرەو مزگەوتەکە دەچێت بەناوی ئەوەوە ناونرا. جێگری شا فەیسەڵی کوڕی عەبدولعەزیز (شا خالید)، بەردی بناغەی مزگەوتەکەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٦ دانا و لە ساڵی ١٩٧٨ـدا گرێبەستی بنیادنانی واژۆ کرد. زانیاری بنەڕەتی دەربارەی مزگەوت دەتوانرێت لەسەر بەردی بناغەی مزگەوتەکە بدۆزرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی مزگەوتەکە لە ساڵی ١٩٨٦ـدا تەواوکرا بەڵام لە ١٨ـی حوزەیرانی ١٩٨٨ـدا یەکەم نوێژی تێدا کرا.

توانای مزگەوتەکە

مزگەوتی شا فەیسڵ دەتوانێت نزیکەی ٣٠٠ هەزار نوێژخوێن لەخۆ بگرێت. هەریەک لە چوار منارەی مزگەوتەکە ٧٩ مەتر بەرزە (بەرزترین منارەن لە باشووری ئاسیا) و چێوەی بازنەکەشی به ١٠×١٠ مەتر پێوانە دەکرێت. ناوچە سەرەکییەکانی مزگەوتەکە کە هۆڵی ناوەوە و حەوشەکان لەخۆ دەگرێت جێی ٧٤٠٠٠ کەسی تێدا دەبێتەوە، هەروەها باخچەکانی دەوروبەری مزگەوتەکە توانای ئەوەیان هەیە کە تا ٢٠٠ هەزار کەس لەخۆ بگرن.

تەلارسازی

ڤەدات دالۆکای لەبری ئەوەی گومەزە نەریتییەکان بەکاربهێنێت، هۆڵێکی گەورەی هەشت لای دیزاین کرد کە لە چادرێکی بیابانی عەرەبە کۆچەرەکان دەچوو. سەرەڕای ئەوەش، چوار منارەی لە هەر چوار گۆشەی هۆڵی سەرەکی زیادکرد کە بەرزییەکەیان نزیکەی ٨٠ مەترە (٢٦٠ پێیە) و بەرزترین منارەی باشووری ئاسیان. پێکهاتەی سەرەکی بیناکە هۆڵی گەورەی نوێژکردنە، کە لەلایەن چوار کۆڵەکەی کۆنکرێتییەوە ڕادەگیرێت. ئەو چوار منارە نائاساییە لە تەلارسازی تورکییەوە وەرگیراون. هەروەها ڤەدات دالۆکای پێی وابوو کە دیزاینی مزگەوتەکان بە شێوەیەکی ناکرداری نوێنەرایەتی کەعبەی پیرۆز دەکات. دەرگای چوونە ژوورەوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی مزگەوتەکەوەیە، لەو شوێنەی کە بە حەوشەیەک و چەند ڕێڕەوێک دەچێتەوە سەر هۆڵی نوێژکردن. زانکۆی ئیسلامی نێودەوڵەتی لە حەوشەی سەرەکیدا دامەزرابوو بەڵام ئێستا گواستراوەتەوە بۆ کەمپێکی نوێ. مزگەوتەکە هێشتا پەرتووکخانە، هۆڵی وانەوتنەوە، مۆزەخانە و کافێیەکی تێدایە. بەشی ناوەوەی هۆڵی سەرەکی کە لە شێوەی چادردایە بە مەڕمەڕێکی سپی داپۆشراوە و لەلایەن هونەرمەندی بەناوبانگی پاکستانی سادقین (Sadequain)ـەوە بە مۆزاییک و نووسینی جوان ڕازاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە چلچرا (سورەیا)ـی تورکی ڕۆشنکراوەتەوە. نەخشی مۆزاییک دیواری ڕۆژئاوا دەڕازێنێتەوە و نووسینی کوفی کۆنی لەسەر نووسراوە، کە لە شێوەی وێنەی ئاوێنەییدا دووبارە دەبێتەوە.

دیواری ڕووگە بە کاشی شین و سپی داپۆشراوە کە هونەری خۆشنووسیان لەسەر کراوە و لەلایەن هونەرمەندێکی تورکی (Mengu Ertel)ـەوە دیزاین کراوە. لە بەشی ناوەوەی مزگەوتەکەدا دیکۆراتی تورکی و پاکستانی بەکارهاتووە. مزگەوتەکە تێکەڵەیەکە لە تەلارسازی ئیسلامی هاوچەرخ و کلاسیک. دیزاینە ناوازەکەی زۆربەی توخمەکانی لە ڕەشماڵی عەرەبە کۆچەرەکانەوە وەرگیراوە، سەرەڕای ئەوەش توانیویەتی بە بەکارهێنانی منارەی شێوازی عوسمانی و شێوەی چوارگۆشەی کەعبەی پیرۆز ڕواڵەتی مزگەوتەکە وەکوو تەلارسازی ئیسلامیدا بپارێزێت.

تۆپۆگرافیا

مزگەوتەکە دەکەوێتە دامێنی گردەکانی مارگالا، شوێنەکەی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە مزگەوتی فەیسڵدا. مزگەوتەکە لە چەند کیلۆمەترێکەوە دیارە و کەوتۆتە لەسەر ڕوویەکی بەرزتر بە بەراورد بە شارە سەرەکییەکە. مزگەوتەکە ڕووی لە شارەکەیە، زنجیرە چیایەکی سەوزەوە لە پشتی مزگەوتەکەوەیە و دیمەنێکی جوانی پێدەبەخشێت. یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی ئیسلام ئاباد، شەقامی فەیسڵە کە ڕاستەوخۆ بەرەو مزگەوتەکە دەڕوات و گرنگیی ئەو شوێنە نیشان دەدات. ڕەنگە سپییە درەوشاوەکەی مزگەوتەکە و پشتینە سەوزە تۆخەکەی وا لە مزگەوتەکە دەکات جیاواز بێت و گرنگییەکەی بۆ شاری ئیسلام ئاباد ئاشکرا بکات.


سەرچاوەکان



255 بینین