لۆکسمبۆرگ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-04-17:59:00 - کۆدی بابەت: 10403
لۆکسمبۆرگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لوکسمبۆرگ بە فەرمی شانشینی گەورەی لۆکسمبۆرگ (بە ئینگلیزی: Luxembourg، بە عەرەبی: لوكسمبورغ) وڵاتێکی ڕۆژاوای ئەورووپایە، یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و ناوچەی یۆرۆ، هەروەها یەکێکە لە بچووکترین وڵاتانی ئەورووپا، لە ڕۆژاوا و باشوورەوە لەگەڵ بەلجیکا هاوسنوورە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئەڵمانیا هاوسنوورە، لە باشوورەوە لەگەڵ فەڕەنسا هاوسنوورە، پایتەخت و ئاوەدانترین شاری لۆکسمبۆرگە، شوێنی چەندین دەزگای گرنگی ئەورووپایە، بەتایبەتی دادگای دادوەریی یەکێتی ئەورووپا کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە.

کولتوور و خەڵک و زمانی لۆکسمبۆرگ لەگەڵ فەڕەنسا و ئەڵمانیا تێکەڵاوە، لە کاتێکدا لە ڕووی یاساییەوە زمانی لۆکسمبۆرگی زمانی فەرمی لۆکسمبۆرگە، بەڵام زمانی فەڕەنسی و ئەڵمانی لە بابەتە کارگێڕی و دادوەرییەکاندا بەکاردەهێنرێت، هەر سێکیان بە زمانی کارگێڕی وڵاتەکە دادەنرێن.

زانیاری گشتی 

پایتەخت و گەورەترین شار لۆکسمبۆرگ
زمانی فەرمی
لۆکسمبۆرگی, زمانی کارگێڕی لۆکسمبۆرگی، ئەڵمانی و فەڕەنسی
ئایینی زۆرینە ڕۆمانی کاسۆلیک
حکوومەت دیمۆکراسی، پاشایەتی دەستووری پەرلەمانی یەکگرتوو
سەرۆک، دوکی گەورە
هێنری
سەروەزیران
زاڤیر بێتێل
دەسەڵاتی یاسادانان ئەنجوومەنی نوێنەران
سەربەخۆیی
١٥ـی ئازاری ١٨١٥
لە ئیمپڕاتۆریەتی فەڕەنسا
١٩ـی نیسانی ١٨٣٩
لە هۆڵەندا لە پەیماننامەی لەندەن
١١ـی ئایاری ١٨٦٧
دووپاتکردنەوەی پەیماننامەی لەندەن
٢٣ـی تشرینی دووەمی ١٨٩٠ 
کۆتایی هێنان بە یەکیەتیی تایبەتی یان پاشاهاوبەشی لەگەڵ شانشینی هۆڵەندا
١ـی ئابی ١٩١٤
لە داگیرکاری کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم لەلایەن ئیمپڕاتۆری ئەڵمانیا
١٩٤٤ - ١٩٤٥  
ڕزگاربوون لە ئەڵمانیای نازی
ڕۆژی نیشتیمانی
ڕووبەر
ڕووبەر
٢٥٨٦ کیلۆمەتری دووجا
ڕووبەری ئاوی
٠,٢٣٪
دەربارەی وڵات
دانیشتووان
٦٤٥,٣٩٧ 
چڕی 
٢٤٢ بۆ هەر کیلۆمەترێک دووجا
تەمەنی چاوەڕوانکراو (٢٠٢١)  نێر ٨٠,٣ ساڵ، مێ ٨٤,٨ ساڵ
دراو یۆرۆ
ڕێڕەوی لێخوڕین  ڕاست
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی  ٣٥٢+
بەرزترین خاڵ لە ئاستی ڕووی دەریاوە نێیف لە ترۆیسڤیێرگێس ٥٦٠ مەتر
نزمترین خاڵ لە ئاستی ڕووی دەریاوە یەکگرتنی ڕووبارەکانی ساوەر و مۆسێل لە واسەربیلیگ ١٢٥ مەتر

جوگرافیا

لۆکسمبۆرگ یەکێکە لە بچووکترین وڵاتانی ئەورووپا، لە پلەی ١٧٥ـەمین وڵاتە لە کۆی ١٩٤ وڵاتی سەربەخۆی جیهان، ڕووبەرەکەی ٢٥٨٦ کیلۆمەتری دووجایە، درێژییەکەی ٨٢ کیلۆمەتر و پانییەکەی ٥٧ کیلۆمەترە. 

گرد و چیا نزمەکان زاڵن بەسەر وڵاتەکەدا، لە نێویاندا چیای نێیف یان کنیف، کە بەرزترین شوێنی وڵاتەکەیە بە بەرزی ٥٦٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

سنووری نێوان لۆکسمبۆرگ و ئەڵمانیا لە سێ ڕووبار پێکهاتووە، کە بریتین لە مۆسێل و ساوەر و ئۆر، ڕووبارە سەرەکییەکانی تر بریتین لە ڕووبارەکانی ئەلزێت، ئاتێرت، کلێرڤ و وێلتز.

کەشوهەوا

لۆکسمبۆرگ کەشەهەوایەکی مامناوەندی هەیە، بارانی زۆری لێدەبارێت، باکوور کەمێک لە باشوور ساردتر و شێدارترە، پلەکانی گەرمی بەگشتی لە مانگی کانوونی دووەمدا ٠,٧ پلەی سیلیزییە، لە مانگی تەممووزدا نزیکەی ١٧ پلەی سیلیزییە.

مێژووی لۆکسمبۆرگ 

لە ڕووی مێژووییەوە لۆکسمبۆرگ خاوەنی مێژوویەکی دێرینە و مێژووەکەی بۆ ساڵی ٩٦٣ دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕۆمانەکاندا لۆکسمبۆرگ بەشێک بوو لە هەرێمی بەلجیکا پرێما، دواتر خرایە ناو شانشینی ئۆستراسیا، کۆنت کۆنرات دامەزرێنەری بنەماڵەی لۆکسمبۆرگ بوو لە ساڵی ١٠٦٠ هاتە سەر دەسەڵات، لە سەدەکانی دوای سەدەی ١٥ـیەم لۆکسمبۆرگ لە ژێر دەسەڵاتی ئیسپانیا و نەمسادا بوو. لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگەکانی ناپلیۆن لە ساڵی ١٨١٥، کۆنگرەی ڤیەننا لۆکسمبۆرگی وەک دوک نشینی گەورە ڕاگەیاند، ویلیامی یەکەمی هۆڵەندای وەک فەرمانڕەوای دەستنیشانکرا.

لە ساڵی ١٨٣٠ ڕاپەڕینێک لە بەلجیکاوە سەری هەڵدا، دوای ساڵێک بەلجیکا بووە شانشینێکی خۆبەڕێوەبەری و لۆکسمبۆرگیش بە بەشێک لە خاکەکەی مایەوە.

لە ساڵی ١٨٣٩ خاکی ڕۆژاوای لۆکسمبۆرگ بە بەلجیکا درا، ئەوەی تریش وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزرا.

لە ١٥ـی ئابی ساڵی ١٩١٤ هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا دەستیان بەسەر دوک نشینی گەورەدا گرت، لە سەرەتاوە تا کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم وڵاتەکەیان داگیرکرد، لە ساڵی ١٩٢٠ لۆکسمبۆرگ بوو بە بەشێک لە کۆمەڵەی گەلان.

لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا ئەڵمانییەکان جارێکی تر هێرشیان کردە سەر لۆکسمبۆرگ، لە ساڵی ١٩٤٢ ئەڵمانیا لۆکسمبۆرگی وەک ئەندامی ڕایخی سێیەم ڕاگەیاند.

دوای دوو ساڵ هيزە سەربازییە هاوپەیمانەکانی لۆکسمبۆرگیان ئازادکرد، جارێکی تر دەسەڵاتی مەدەنی دامەزرا.

لە ساڵی ١٩٤٥ لۆکسمبۆرگ بە فەرمی بوو بە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لۆکسمبۆرگ ئەندامێکی دامەزرێنەری یەکێتیی ئەورووپا، ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، ناتۆ و بێنێلوکسە.

ئابووریی لۆکسمبۆرگ

ئابووریی بازاڕی جێگیر و داهات بەرزی لۆکسمبۆرگ، گەشەیەکی مامناوەند و هەڵاوسانی نزم و ئاستێکی بەرزی داهێنان لە خۆ دەگرێت. بە شێوەیەکی نەریتی ڕێژەی بێکاری نزمە. 

بەپێی ئامارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠١١، لۆکسمبۆرگ دووەم دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان بووە.

نمرەی ئازادی ئابووریی لۆکسمبۆرگ بەرزە، بەمەش لە ساڵی ٢٠٢٢ ٥ـەم ئازادترین ئابووری بووە، تەندروستیی دارایی و ئازادی وەبەرهێنان زۆر بەهێزە، بەڵام خەرجییەکانی حکوومەت هێشتا قورسایی لەسەر ئابوورییەکەی هەیە.

ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی ١٩٥٧ و ناوچەی یۆرۆ لە ساڵی ١٩٩٩ـیە.

لە ماوەی سەدەی ٢٠ـەمدا، لۆکسمبۆرگ پەرەی سەند و بووە ئابوورییەکی تێکەڵاوی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، کە کەرتی خزمەتگوزاری دارایی بەهێزی هەبوو.

لە کۆتایی سەدەی ٢٠ـەمدا هێزی ئابووری وڵاتەکە بەشێوەیەکی سەرەکی بەشداری لە خزمەتگوزارییە بانکی و داراییە نێودەوڵەتییەکان، لە چالاکییە نابازرگانییەکانی وەکوو میوانداری چالاکییە سیاسییەکانی ناو ئەورووپا کرد.

هەروەها لە سەدەی ٢١ـەمدا تەکنەلۆجیای زانیاری و بازرگانی ئەلیکترۆنی ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ئابووریی لۆکسمبۆرگ بینی.

لۆکسمبۆرگ خاوەنی ئاستی بەرزی ژیانکردنە، هەروەها لۆکسمبۆرگییەکان یەکێکن لە پێشەنگەکانی جیهان لە ڕووی ئاستی ژیان و داهاتی سەرتاسەریدا.

ئایین و زمان

زمانی سەرەکی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی لۆکسمبۆرگ لۆکسمبۆرگییە، زاراوەیەکی مۆسێل فرانکۆنی ئەڵمانییە کە بە چەندین وشە و دەستەواژەی فەڕەنسی دەوڵەمەند کراوە، زمانی لۆکسمبۆرگی زمانی نەتەوەییە، ئەڵمانی و فەڕەنسی زمانی کارگێڕییە. زۆرینەی هاوڵاتییانی ڕەسەنی لۆکسمبۆرگ لە ئایینی ڕۆمانی کاسۆلیکن، ژمارەیەکی کەم لە پڕۆتستانتەکان، جولەکەکان و موسوڵمانەکانی لێیە.

سەرچاوە و وزە

سەرچاوە سروشتییەکانی لۆکسمبۆرگ زۆر نییە، پتر لەوەی کشتوکاڵەکەی زۆر پێشکەوتوو نەبووە، کانگا ئاسنەکانی تا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو زۆر بوون و تەواو بوون، جگە لە ئاو و دار هیچ سەرچاوەیەکی سروشتی بەرچاوی نییە.

ڕەگ و ڕیشەی گەشەی ئابووریی لۆکسمبۆرگ لە بەکارهێنانی سەرمایە و توانای گونجاندن و بەتوانایی لە هێزی کارەکەیدایە نەک لە سەرچاوە سروشتییەکانی.

زۆربەی پێویستییەکانی وزە لە دەرەوە هاوردە دەکات، تاکە سەرچاوەی ناوخۆیی کارەبا کارۆئاوییە کە لە چەند بەنداوێکی ڕووبارەکانی بەدەستی دەهێنن، کە نزیکەی یەک بەش لە پێنج بەشی کارەبای وڵاتەکە دابین دەکەن، هەروەها وزەی ئەتۆمی بەشێکی کەم لە وزەی وڵاتەکە دابین دەکات.

گواستنەوە

سیستمی ڕێگاوبانی ناوخۆیی لۆکسمبۆگ فراوان نییە، بەڵام بە باشی پارێزگاری لێدەکرێت، چەندین ڕێگای خێرا وڵاتەکە بە دراوسێکانەوە دەبەستێتەوە.

حکوومەت لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمەوە هێڵی ئاسنی وڵاتەکەی بەڕێوەبردووە. بەشێکی سەرەکی گواستنەوەی نێودەوڵەتی بۆ لۆکسمبۆرگ و گەڕانەوە بە شەمەندەفەرە، وڵاتەکە بە ژمارەیەکی زۆر هێڵ بە دراوسێکانیەوە بەستراوەتەوە.

فڕۆکەخانەی لۆکسمبۆرگ فڕۆکەخانەی سەرەکی لۆکسمبۆرگە، کە بە فڕۆکەخانەی لۆکسمبۆرگ فیندێلیش ناسراوە، بەهۆی ئەوەی لە فێندیلە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری لۆکسمبۆرگ، بووەتە تێرمیناڵێکی گەورەی ئاسمانی ئەورووپا، هێڵی چەندین وڵاتی لێیە، کۆمپانیای لوکسئێر هێڵی ئاسمانی نیشتیمانییە.

پەروەردە

خوێندن لە تەمەنی ٦ بۆ ١٥ ساڵییەوە ناچارییە، سیستمی پەروەردە سەرجەم ئاستەکان لە خۆ دەگرێت، سەرنجێکی زۆر دەخرێتە سەر خوێندنی زمان، زمانی سەرەکی فێرکردن لۆکسمبۆرگییە، ئەڵمانی و فەڕەنسیش دەخوێنرێن و گرنگییان پێدەدرێت.

لە سەرەتای سەدەی ٢١ـەم زانکۆی چوار ساڵە لە دوک نشینی گەورە نەبوو، بۆیە زۆرێک لە گەنجانی لۆکسمبۆرگ لە دەرەوە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ زانکۆی لۆکسمبۆرگ لە شاری لۆکسمبۆرگ دامەزرا، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و پاش بەکالۆریۆس پێشکەش دەکات.

گەشتیاری

گەشتیاری لە لۆکسمبۆرگ پێکهاتەیەکی گرنگی ئابووریی نیشتیمانییە، شوێنە سەرەکییەکان بریتین لە شاری مێژوویی لۆکسمبۆرگ، قەڵای سەدەی ناوەڕاستی ڤیاندن، ئێچتەرناک و کڵێساکەی هەروەها ناوچەی خواردنەوە کحولییەکانی دۆڵی مۆسێل.

لۆکسمبۆرگ پەیوەندییەکی باشی ڕێگاوبان و شەمەندەفەر و ئاسمانی لەگەڵ تەواوی ئەورووپادا هەیە، ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی کۆبونەوە نێودەوڵەتییەکان و بەسەربردنی کۆتایی هەفتە.

زیاتر لە نیوەی سەردانکەرانی لۆکسمبۆرگ لە هۆڵەندا و بەلجیکا و ئەڵمانیاوە دێن، ژمارەیەکی بەرچاویش لە فەڕەنسا و بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دێن.

دیارترین شوێنە گەشتیارییەکانی لۆکسمبۆرگ

  • مودام (مۆزەخانەی هونەریی مۆدێرن)
  • مۆزەخانەی نیشتیمانی هونەر و مێژوو
  • یادی گۆڕستانی ئەمریکی لۆکسمبۆرگ
  • کاسمێتس دو بۆک
  • سەرکڵێسەی نۆتردام
  • کۆشکی دوکاڵی گەورە
  • بێردۆرف
  • قەڵای بیۆفۆرت
  • قەڵای ڤیاندن


سەرچاوەکان



980 بینین