چاندنی داری دەستی بوودا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-11-24-15:00:00 - کۆدی بابەت: 10431
چاندنی داری دەستی بوودا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری دەستی بوودا (بە ئینگلیزی: Planting Buddha’s hand tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة ید بوذا)، نشینگە بنەڕەتییەکەی ڕۆژهەڵاتی چین و هیندستانە کە سەرەتا لەم ناوچانەدا بوونی هەبووە و بەکارهێنراوە، ئەم جۆرە دارە لیمۆیە بەڵام بەرەکەی شێوەیەکی زۆر تایبەتی هەیە و وەک دەستێکە، دەستەکەش وەک ئەوەیە کە نزا بکات.

واتە یەکێکە لە مزرەمەنییەکان و ڕەنگی بەرەکەشی هەر وەک لیمۆ زەردە، کە پێشی دەوترێت درەختی لیمۆی دەستی بوودا، درەختێکی دێرینە و بەهۆی شێوەکەیەوە بە دەست ناودەبرێت، کە شێوازێکی گەشەکردنی نائاسایی هەیە و چەندین شێوە و قەبارە وەردەگرێت، هەندێکات درێژبووەکان کە وەک پەنجەکانن بەرەو دەرەوە درێژدەبنەوە بەڵام هەندێکجاری تر بۆ ناوەوە دەچن و وەک مشتی دەست دەردەکەون.   

چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە و بەگشتی سەر بەناوچە جیاوازەکانی کیشوەری ئاسیان، دواتر هەناردە دەکرێت و لە زۆرینەی وڵاتەکاندا دەفرۆشرێت، کە دەکرێت بە دیاری چونکە هێمایە بۆ دڵخۆشی و بەخت و تەندروستی، جگە لە ئەمانەش هەردوو میوە و گوڵەکەشی بۆنێکی خۆش دەبەخشن و بۆ ڕازاندنەوە و دروستکردنی بۆن بەکاردێن، یاخود زۆرینەی چێشتلێنەرەکان بۆ دروستکردنی خواردن بەکاریدەهێنن کە جیاواز لە جۆرەکانی تری لیمۆ تامێکی تاڵ نادات بە خۆراک.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • هەڵبژاردنی خاکێکی ترش لە جێگەیەکی خۆرەتاودا کە پارێزراوبێت لە مەترسی با و ڕەشەبا.
  • پاشان تۆوەکەی بچێنرێت لە خاکەکەدا.
  • دواتر دەبێت لە دوو ساڵی یەکەمیدا بە ڕێکی ئاوی پێبدرێت.
  • بەڵام کاتێک کە دەگاتە پێگەشتن ئاودانی کەمدەکرێتەوە و تەنها کاتێک کە خاکەکەی وشکبێت ئاودەدرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

ئەم دارە هەستیارە بۆ ئاووهەوای سارد بەڵام دەکرێت لە چەندین ناوچەدا گەورەببێت و تەنانەت لە گۆزەکانیشدا دەچێنرێت، زیاتر ئارەزووی ناوچەی گەرم دەکات کە خۆری زۆری بەربکەوێت، چونکە خۆی تایبەتە بە ناوچەی هێڵی کەمەرەیی و ئاووهەوای مامناوەند، بەڵام لە هاویندا کاتێک ئاووهەوا زۆر گەرمبێت دەبێت سێبەری بۆ دروستبکرێت بۆ ئەوەی ڕەگی درەختەکە تووشی زیان نەبێت، یاخود ئەگەر لە گۆزە و ئینجانەدا بچێنرێت دەبێت پێکهاتەی گۆزەکە ماددەیەکبێت کە زۆر بە خێرایی گەرم نەبێت.  

هەروەها پێویستی بە خاکێکە کە تەندروسبێت و بەئاسانی وشکبێتەوە، جۆرەکەشی باشترە کە کەمێک ترشبێت چونکە ئەم مزرەمەنییەش هاوشێوەی دارەکانی تر ئارەزووی خاکی پلەی ترشێتی کەمێک نزم دەکات، دەبێت ماددەی خۆراکی و بەردی بۆ زیادبکرێت هەتاکوو بەئاسانی وشبێتەوە و ئاو کەڵەکە نەکات، بەڵام بە سروشتی خۆی گەشەکردنێکی هێواشی هەیە و ئاساییە کە زۆر خێرا بەرز نەبێت.  

بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەوەی کە ئەم دارە بە تەندروستی دەمێنێتەوە دەبێت ئاوی بە گونجاوی پێبدرێت، بۆ نموونە لە هاویندا دەبێت هەموو ڕۆژێک ئاوبدرێت و هەرگیز خاکەکەی بەتەواوەتی وشکنەبێتەوە، چونکە لە نەبوونی ئاو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ئەوا گەڵا و گوڵەکانی دەوەرن، کە شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە هەبوونی کالسیۆم لە ئاودا دەبێتە هۆی دروستکردنی کاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشەکردنی دارەکە و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ ترشێتی خاکەکەی.  

هاوشێوەی هەموو جۆرەکانی تری داری مزرەمەنییەکانی تر ئەمیش پێویستی بە بەپیتکردنی زۆری خاکەکەی هەیە، باشترە ساڵانە لە وەرزی گەشەکردنیندا کە وەرزەکانی بەهار هەتاکوو پاییز دەگرێتەوە ماددەی خۆراکی زۆر بۆ خاکەکەی زیادبکرێت، لەگەڵ هەڵپاچینی ڕێک و دروست بە بەکارهێنانی ئامێری تیژ و خاوێن بۆ لێکردنەوەی هەموو لقە نەخۆش و وشک و مردووەکان، پاشان کاتێک دەگاتە تەمەنی میوە گرتن هەموو ساڵێک بەرهەمی دەبێت، بۆ دڵنیابوونەوەش لەئەوەی کە پێگەشتووە دەبێت تێبینی و چاودێری بکرێت، کاتێک کە هەستکرا قەبارەکەی زیاتر گەورە نابێت و ڕەنگی تۆخ دەبێت و دەگۆڕێت بۆ قاوەیی ئەوا واتە کاتی پێگەشتنێتی.   


سەرچاوەکان



279 بینین