ئاسیای ناوەڕاست

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-30-16:57:00 - کۆدی بابەت: 10499
ئاسیای ناوەڕاست

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

ئاسیای ناوەڕاست، ئاسیای ناوەندی، ئاسیای ناوەند یان ناوەڕاستی ئاسیا (بە عەرەبی: اسیا الوسطی، بە ئینگلیزی: Central Asia) ناوچەیەکی جوگرافی فراوانی کیشوەری ئاسیایە و پانتاییەکی فراوانی ئەو کیشوەرە داگیر دەکات و دەکەوێتە ناوەندی زەوییەوە. ناوچەکە لە ڕۆژاوای دەریای قەزوینەوە دەست پێدەکات تاکوو دەگاتە ڕۆژهەڵاتی چین و مەنگۆلیا، پاشان ئەفغانستان و ئێران لە باشوورەوە و ڕووسیاش لە باکوورەوە سنووری ئاسیای ناوەڕاست پێکدەهێنن. لەڕابردوودا وڵاتە کۆمارییەکانی ژێر داگیرکاری یەکێتی سۆڤییەت ئاسیای ناوەندی پێکدەهێنا. لە ئێستادا ناوچەیەکی جوگرافی داخراوە پێکدێت لە ئۆزپاکستان، تورکمانستان، کازاخستان، تاجیکستان و قرقیزستان. بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ئەم ناوچەیە بە "ستان" کۆتایی دێت زۆرجار بە ئاسیای ناوەڕاست دەوترێت "ناوچەی ستانەکان".

زانیاری گشتی
ناوچە ئاسیای ناوەڕاست، ئاسیای ناوەندی، ناوەڕاستی ئاسیا
وڵاتانی ناوچەکە ئۆزپاکستان، تورکمانستان، کازاخستان، تاجیکستان و قرقیزستان
ڕووبەر ٤٫٠٠٣٫٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتووان ٩٠ ملیۆن
زمانی دانیشتووان تورکی، فارسی، ئۆزباکی، ڕووسی، کازاخی

مێژووی ئاسیای ناوەڕاست

یەکەم کەس کە زاراوەی ئاسیای ناوەڕاستی بەکارهێنا جوگرافیناسی ناودار ئەلیکسەندەر فۆن بوو. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانی شوێنەوارناسی، ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە سەردەمەکانی پێش زایینەوە دانیشتووانی لێبووە و شوێنەواری مێژوویی لەزۆرێک لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست دۆزرانەتەوە. بەهۆی گرنگی جوگرافی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لە ڕابردوودا لەسەر ڕێگەی سەرەکی ڕێگای ئاوریشم بووە.

لە ماوەی سەدەکانی پێش ئیسلام لە ناوچەکانی باشووری ئاسیای ناوەڕاست هۆز و نەتەوەی ئێرانی و فارسی نیشتەجێ بوون، لە نێوان سەدەی پێنجەم بۆ سەدەی دەیەم کۆچکردنی بە کۆمەڵی نەتەوە تورکەکان بۆ ئاسیای ناوەڕاست بەردەوام بوو. لە نێوان سەدەی سیازدەیەم بۆ سەدەی چواردەیەم مەغۆلییەکان ناوچەکەیان داگیرکرد و بوونە فەرمانڕەوای ناوچەکە. له دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام و سەرەتای قۆناغی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی ئیسلامی و دەسەڵاتی عوسمانی بە تایبەتی، ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست بووە شوێن و مۆڵگەی نەتەوه و هۆزی تورکی، کازاخی، ئۆزبەکی، گەلی ئیگۆر و گەلی تەتار. بۆیە زمانی تورکی لە ناوچەکه بەشێوەیەکی سەرەکی بووە جێگرەوەی زمانی ئێرانی.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم تاکوو سەرەتای سەدەی بیستەم، زۆر ناوچەی ئاسیای ناوەندی بەشێک بوون لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا. پاشان دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕووسیا وڵاتانی ناوچەکە بوونە بەشێکی ژێردەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەت، ناوچەکانی ڕۆژاوای ئاسیای ناوەڕاست بوونە بەشێک لە یەکێتی سۆڤییەت، بەڵام چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای ناوەڕاست نموونەی تورکمانستانی ڕۆژهەڵات بۆ ماوەیەک کرانە سەر وڵاتی چین.

دوای فراوانبوونی داگیرکارییەکانی سۆڤییەت ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیان ژێرخانی ئابوورییان بەهێز بوو، بەڵام هەمیشە گەل و کەمینەکانی ژێردەسەڵاتیان سەرکوت دەکران و هەمیشە کێشە و ئاڵۆزی ڕەگەزی و نەتەوەیی لە ناوچەکانی سۆڤییەت بوونی هەبوو، زۆرێک لە دانیشتووان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەزۆر لە ناوچەکانیان دوور دەخرانەوە و دەردەکران. دوای ڕووخان و هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤییەت، هەموو وڵاتەکانی ناوچەکە لە کۆتایی هەشتاکان تاکوو سەرەتای نەوەدەکان سەربەخۆییان بەدەست هێنا.

جوگرافیای ئاسیای ناوڕاست

ئاسیای ناوەڕاست بەهۆی فراوانی ڕووبەرەکەیەوە خاوەن جوگرافیایەکی دەوڵەمەند و هەمەجۆرە. ژمارەیەک بیابانی فراوان لەخۆدەگرێت نموونەی بیابانی قیزل قوم کە لە نێوان کازاخستان و تورکمانستانە و لە ڕووی ڕووبەر و فراوانییەکەیەوە بە یازدەیەمین بیابانی سەر زەوی دادەنرێت. زۆرێک لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست دەشت و ناوچەی زورگن و خاڵین لە دار و درەخت. هاوکات ئاسیای ناوڕاست خاوەن چەند ڕووبارێکی سەرەکییە نموونەی ڕووباری ئاموداریا لە نزیک تورکمانستان و ڕووباری هریروود نزیک سنووری ئەڤغانستان.

دیمۆگرافیای ئاسیای ناوەڕاست

ژمارەی دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ئاسیای ناوەڕاست نزیکەی ٩٠ ملیۆن کەسن. واتا نزیکەی ٢٪ دانیشتووانی زەوی نیشتەجێی ئاسیای ناوەڕاستن. چڕی دانیشتووان لە هەر کیلۆمەتر دووجایەک نۆ کەسن.

زمانی دانیشتووان

بەهۆی داگیرکارییەکانی سۆڤییەت لەسەدەی ڕابردوودا زمانی ڕووسی ببووە زمانێکی فەرمی هاوبەشی ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست. دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت ناوچەکان بوونە خاوەن زمانی خۆیان. زمانی تورکی و زمانی تورکمانی لە هەرە باوترین زمانەکانی ناوچەکەیە و لە تورکمانستان زمانی فەرمییە. زمانی ئۆزباکی، ئیگۆری، فارسی، قرقیزی و کازاخیش لە ناوچەکانی ئاسیا قسەی پێدەکرێت.

ئایینی دانیشتووان

لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست ئایینی ئیسلامی سوننە زۆرترین شوێنکەوتووی هەیە، کەمینەیەک لە پەیڕەوی ئیسلامی شیعە و ئایینی مەسیحیش بوونیان هەیە. پێش هاتنی ئیسلام ئایینی زەردەشتی و بووزی لە ناوچەکان زۆر بەربڵاوبوو و پەیڕەو دەکران. هاوکات لە هەر پێنج وڵاتەکەی ئاسیای ناوەڕاست ساڵانە یاد و بۆنەی نەورۆز بەشێوازی جیاواز دەکرێتەوە.

ئابووری ئاسیای ناوەڕاست

ئابووری ئاسیای ناوەڕاست بۆ هەموو کیشوەری ئاسیا و ناوچەکانی تری جیهان گرنگە، چونکە ئاسیای ناوەڕاست شوێنێکی جوگرافی ستراتیجی هەیە و خاوەن زۆر سەرچاوەی سروشتییە. هاوکات ڕێگای وشکانی دابین دەکات بۆ تێپەڕبوونی بۆڕی گاز و نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ چین پاشان لەوێوە بۆ تورکیا و دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاست. ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست دەوڵەمەندن بە نەوت و ئاو و کانزای هەمەجۆر. لەڕووی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە، دانیشتووانی ئاسیای ناوەڕاست زۆر گرنگی بە ئاژەڵداری دەدەن، بەهۆی تایبەتمەندی جوگرافی و لەباری کەشوهەوای چەند ناوچەیەکەوە پێشەنگن لە ئاژەڵداری و بەخێوکردنی ئاژەڵ نموونەی ئەسپ، بزن، مەڕ و مانگا.


سەرچاوەکان



545 بینین