دەماربڕینی ددان

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-12-04-19:29:00 - کۆدی بابەت: 10540
دەماربڕینی ددان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەماربڕینی ددان (بە ئینگلیزی: Root canal therapy، بە عەرەبی: معالجة لب الأسنان) چارەسەرێکە تێیدا دەمار و شانەی تووشبوو بە هەوکردنی میکرۆبی لادەبرێت و پاک دەکرێتەوە و بۆ نەهێشتنی ئازاری ددان بەکاردەهێنرێت، ڕەگی ددان دەوڵەمەندە بە دەمارەشانە و لوولەی خوێن و لە چەند جۆرە خانەیەکی تر پێکدێت و بەیەکەوە کرۆکی ددان پێکدەهێنن، لە کاتی بوونی میکرۆبێک لە دداندا دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددانەکە و دروستکردنی هەوکردن و ئازار تێیدا.

شێوازی دەماربڕین

لە سەرەتادا ددانەکە ئازاری تێدا دروست دەبێت و بەپێی کات خراپتر دەبێت، لەدوای بینینی ددانەکە لەلایەن ددانسازەوە و گرتنی تیشک بۆی بەپێی دۆخی ددانەکە ماوەی سەردانیکردنەوە دیاری دەکرێت، دواتر پزیشک ناوچەی ددانی تووشبوو سڕ دەکات، پاشان کرۆکی ددانەکە لادەبات و پاکی دەکاتەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵە گیراوەیەکەوە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی هەوکردنە میکرۆبییەکە، ددانەکە بەپێی ئاسوودەیی نەخۆشەکە ڕێک دەکرێتەوە بەشە زیادەکانی ئەو ماددە سەختەی ددانی پێ پڕ کراوەتەوە لادەبرێت.

سوودەکانی دەماربڕینی ددان

بڕینی دەمار و پڕکردنەوەی ددان یارمەتی پاراستنی ددانەکە دەدات لە لەناوچوون و هەڵکێشانی لەلایەن پزیشکەوە، هەروەها وای لێدەکات فرمانی خۆی جێبەجێ بکات و تەمەنی ددانەکە درێژتر بێت، ئەم چارەسەرییە زۆر سوودبەخشە بۆ پاراستن لە بڵاوبوونەوەی هەوکردنە میکرۆبییەکە بۆ ددانەکانی تر و ڕێگری دەکات لە ڕزینی شەویلگە دروستبوونی کیسی ددان، شێوەیەکی جوان بە ددانەکە دەبەخشێت و ناهێڵێت ددانەکە ڕەش ببێتەوە.

زیانەکانی دەماربڕینی ددان

لەدوای چارەسەری بڕینی دەمار لای ددانساز دەبێتە هۆی لاوازبوونی ددانەکە، پزیشک ناچارە بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئازار ددانەکە نە درێل کون بکات ئەمەش کرۆکە سەختەکەی ددان لادەبرێت و ددانەکە بە سەختی نامێنێتەوە، پزیشک بۆ نەهێشتنی هەوکردنە میکرۆبییەکە لە دداندا پێشنیاری دژە زیندەییەکان دەکات و خواردنی ئەم دەرمانانەش دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەکتریا سوودبەخشەکانی جەستە یاخود بازدانی بۆ ماوەی لە بەکتریاکانی تردا کە وا دەکەن چارەسەرکردن و لابردنیان قورستر بێت.

لێکەوتەکان

دەشێت ئامێرەکان لە کاتی بڕینی دەمار و پڕکردنەوەی دداندا بشکێت و ئەمەش واتا ئەو کانزایەی بۆ کونکردنی ددانەکە بەکاردێت لەناو ددانەکەدا دەمێنێتەوە و ئەمەش زیان بە ددانەکە دەگەیەنێت و ئازار دروست دەکات، هەروەها ئەمەش وا دەکات دووبارە پێویست بە پڕکردنەوەی ددانەکە بکات، بەکارهێنانی فاست (سۆدیۆم هایپۆکلۆرایت) بۆ پاککردنەوەی ددانەکە دەبێتە هۆی ئازار و هەڵئاوسان و زەردبوون لە ددانەکەدا، لە کاتی پاکنەکردنەوەی ددانەکە بەباشی بەهۆی قووڵی ڕەگی ددانەکە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی هەوکردنەکە و دواتریش لەدەستدانی ددانەکە و چاندنی ددان.


سەرچاوەکان



1437 بینین