چاندنی کاڵەک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-07-21:29:00 - کۆدی بابەت: 10578
چاندنی کاڵەک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی کاڵەک (بە ئینگلیزی: Planting cantaloupe، بە عەرەبی: زراعة الشمامکاڵەک یەکێکە لە باوترین میوەکان کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە زۆرینەی باخچەکاندا دەچێنرێت، دەکرێت باخچەیەکی بچووکی ماڵەکان بێت یاخود بە مەبەستی بازرگانی لە جێگەی گەورەدا بچێنرێت، هەروەها زۆر بە ئاسانی دەناسرێتەوە چونکە لە ڕووی دەرەوەیدا شێوەی وەک تۆڕێکی ئاڵۆزە، لە ناوەوەش ڕەنگی پرتەقاڵییە و تامێکی شیرینی هەیە.  

هەنگاوەکانی چاندن بە تۆو

  • تۆوی کاڵەک لە وەرزی بەهاردا و کاتێک مەترسی سەرما نامێنێت دەچێنرێت، دەکرێت ڕاستەوخۆ لە زەویدا بچێنرێت یاخود سەرەتا بخرێتە گۆزە و ئینجانەی بچووکەوە و کاتێک چەکەرەی کرد دواتر بخرێتە خاکەوە.
  • قووڵایی چاڵەکە پێویست ناکات زۆربێت و تەنها ١-٢.٥ سانتیمەتر قوڵبێت گونجاوە، بەڵام لە هەر چاڵێکدا باشترە کە زیاد لە تۆوێک دابنرێت، واتە بەشێوەی کۆمەڵ دەچێنرێت، مەودای نێوان چاڵێک بۆ دانەیەکی تر دەبێت زیاتربێت لە نیو مەتر، ئەگەر زیاد لە ڕیزێکیش بێت باشترە مەودای نێوان ڕیزەکان زیاد لە مەترێک بێت.
  • پاش چاندنی تۆوەکەی پێویستی بە ئاودانێکی زۆر هەیە، تەنانەت کاتێک چەکەرەش دەکات و دەگاتە درێژی چەند سانتیمەترێک باشترە هەفتەی یەک جار ئاوبدرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

کاڵەک پەیوەستی و پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ خەیار و کولەکە، کە بەهۆیەوە لە هەلومەرجێکی هاوشێوەی ئەواندا گەورە دەبێت و گەشەدەکات، بۆ نموونە پێویستی بە تیشکی خۆری زۆر و گەرمییەکەشی هەیە، یاخود دەبێت جێگەکەی بە ئاسانی وشک ببێتەوە و ئاو تێیدا کەڵەکە نەکات، پلەی ترشێتی خاکەکەشی باشترە لە نێوان ٦-٦.٥ پلە ببێت.

دەکرێت لە نزیک پەرژینەکان بچێنرێت و کاڵەکەکە خۆی هەڵبواسێت، بەڵام دواتر کاتی بەرگرتنی دەبێت ڕاگرێک بۆ بەرەکەی دابینبکرێت، یەکێک لە هۆکارەکانی تر کە بۆ گرنگیدان پێویستە بریتییە لە زیادکردنی سەماد، کە سەماد جگە لە ئەوەی گەرمی بۆ ڕووەکەکان دابیندەکات، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی جێگەکەش بە شێداری بمێنێتەوە، هەروەها ڕێگری دەکات لە ئەوەی گژوگیای زیانبەخش سەوز ببێت، کاڵەکەکانیش لەسەر خاک نابن کاتێک گەورە دەبن بەڵکو دەکەونە سەر چینێک سەماد.  

دوای مانگێک لە دەرکەوتنیان کاڵەکەکان دەگەنە کاتی پێگەیشتن و ئامادەن بۆ لێکردنەوە، بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتریش لە ئەوەی کە کاڵەکەکە پێگەیشتووە، ئەوا پێویستە لە کاتی لێکردنەوەدا زۆر بەئاسانی لە قەدەکەی لێببێتەوە، کە ئەگەر بە ئاسانی لێنەبێتەوە ئەوا واتە باش پێنەگەشتووە، دەبێت وازی لێبهێنرێت هەتاکوو بە تەواوەتی پێدەگات، بەڵام چەند ڕۆژی دواتر چاودێری بکرێت و لە کاتی پێگەشتنیدا لێبکرێتەوە.


سەرچاوەکان



405 بینین