چاندنی داری شفتالو

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-07-21:41:00 - کۆدی بابەت: 10579
چاندنی داری شفتالو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری شفتالو (بە ئینگلیزی: Planting nectarine tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة النکتارین)، میوەی شفتالو هاوشێوەی قۆخە بەڵام قەبارەی بچووکترە و بەرگەکەی سافە، هەروەها شێوازی بەکارهێنانیشی هەمان ئەوانەیە کە بۆ قۆخ بەکاردێت، بۆ نموونە دەکرێت بە تازەیی و وەک میوە بخورێت یاخود بۆ دروستکردنی میوە و نانی تایبەت بەکاربێت.  

چاندنی ئەم جۆرە میوە بە هەردوو تۆو و نەمام سەرکەوتوو دەبێت و بەرهەمێکی باشیش دەگرێت، لەبەر ئەوەی بەری شفتالو تۆوەکەی تێدایە ئەوا ئەگەر لە هاویندا میوەکە بوەرێت، لە جێگەیەکی گونجاودا جێبهێڵرێت ئەوا ڕەگ دادەکوتێت و بۆ وەرزی پاییز چەکەرە دەکات و سەوز دەبێت، پاشان لە بەهاردا دەگەشێتەوە و دەبێت بە نەمامێکی تەواو سەوز و گونجاو، واتە چەکەرەکردنی شفتالو لە سروشتدا زۆر ڕوودەدات و چاندنیشی گرنگیپێدانێکی زۆر کەمی دەوێت.

دوای گەشەسەندن و بوون بە دارێکی تەواو گەورە، گەشەیەکی زۆر نائاسایی ناکات و بەرزییەکەی ئەوپەڕی دەگاتە نزیکەی چوار مەتر، کاتێکیش بەرەکەی پێدەگات بەرگەکەی ڕەنگێکی ئاڵە و بەشەکەی ناوەوەشی کە دەخورێت ڕەنگی سپی یاخود کرێمییە، قەبارەی بەرەکەی زۆر گەورە نییە و تیرەکەی دەگاتە نزیکەی ٥ سانتیمەتر.  

هەنگاوەکانی چاندن بە تۆو

  • سەرەتا پێویستە تۆوەکە لە پلەی گەرمی ژووردا وشکبکرێتەوە و وازی لێبهێنرێت بۆ ماوەی یەک مانگ پێش چاندنی.
  • دواتر ئەو ناوکە نەرمەی کە لە بەرگە ڕەقەکەدایە دەربهێنرێت، بە بەکارهێنانی ئامێرێک بەرگەکە بشکێنرێت، بەڵام نابێت زیان بە ناوکە نەرمەکە بگەیەنرێت.
  • پاشان ناوکەکە لە قوڵاییەکی کەمدا بچێنرێت و ئاوبدرێت، هەندێک لە جۆرەکانیشی پێویستیان بە جێگەیەکی فێنکە و بە هەبوونی هەوا چەکەرە دەکەن.
  • لە ماوەی ١-٤ مانگدا تۆوەکە ڕەگ دادەکوتێت و چەکەرە دەکات.
  • باشترە کە پاش ماوەیەک ماددەی خۆراکی بۆ خاکەکەی زیادبکرێت بە ئەستووری نزیکەی چوار سانتیمەتر.
  • لەبەر ئەوەی چاندنی ئەم درەختە بە تۆو کاتێکی زۆری دەوێت بۆ چەرەکرەکردن، ئەوا باشترە کە خەڵکی بە نەمام بیچێنن چونکە گەشەیەکی خێراتری هەیە.

شێوازی گرنگیپێدان

درەختی شفتالو لە وەرزی پاییزدا گوڵ و خونچە دەگرێت و دواتر لە وەرزی هاویندا بەرەکەی پێدەگات، بەگشتی بۆ گەشەسەندن و بەرگرتن پێویستی بە گرنگیپێدانی زۆر نییە، بەڵام باشترە کە لە ناوچە گەرمەکاندا ئاوبدرێت و لە خاکی زۆر بێ پیتیش ماددەی خۆراکی بۆ زیادبکرێت، هەروەها هاوشێوەی قۆخ درەختی شفتالوش خۆی دەپیتێنێت و پێویستی بە هۆکاری دەرەکی یاخود چاندنی زیاد لە درەختێک نییە، واتە دەتوانێت بە تەنها ناشتنی یەک درەخت میوە بەدەستبهێنیت، چونکە هەمان درەخت گوڵی لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ تێدایە.

هەموو درەختێکی میوە بۆ ئەوەی باشترین بەرهەمی هەبێت پێویستە بەگوێرەی وەرزەکان چاودێری بکرێت، بۆ شفتالوش بە هەمان شێوەیە و پێویستییەکانی بە گوێرەی وەرزەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە بەهاردا باشترە کە پرژێنەری دژی کەڕووی لێبدرێت بۆ ئەوەی ڕێگریبکرێت لە زیان گەشتن بە ڕەگەکەی، دواتر لە کۆتایی بەهار و بە درێژایی وەرزی هاوین درەختەکە پێویستی بە ماددەی خۆراکی دەبێت، ئەو درەختانەی کە تەمەنیان کەمە و گەنجترن پێویستیان بەخۆراکی کەمترە بە بەراورد بە درەختە بەتەمەنەکان، جگە لە ئەمانەش ئەو جێگانەی کە کەشێکی گەرم و وشکیان هەیە پێویستە ئاودانێکی گونجاوی هەبێت.

یەکێکی تر لە گرنگیپێدانەکانی هاوین ئەوەیە کە دەبێت ژمارەی بەرەکان لە هەمان لقدا تەنکبکرێت، چونکە ئەگەر لقێک ژمارەیەکی زۆر شفتالو بگرێت ئەوا ڕێگری دەکات لە ئەوەی کە بگەنە قەبارەیەکی گونجاو و بە تەواوەتی پێبگەن، جگە لە ئەمەش دەبنە هۆی دروستبوونی پەستان لەسەر لقەکان و ئەگەر لقەکە ناسکبێت دەشکێتەوە و زیان بە دارەکە دەگات.  

لە پاییزیشدا دەبێت هەموو ئەو لقانەی کە نەخۆش و زیان پێگەیشتوون لێبکرێنەوە و درەختەکە هەڵبپاچرێت، هەروەها هەموو گژوگیا زیانبەخشەکانی بن درەختەکە لاببرێت، کە دەکرێت ببنە هۆی نەخۆشی بۆ دارەکە، یاخود کاتێک بڕێکی زۆر گەڵا دەوەرێت باشترە کە خاوێنبکرێتەوە و لاببرێت.  


سەرچاوەکان



201 بینین