جەمال عەبدولناسر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-07-22:33:00 - کۆدی بابەت: 10581
جەمال عەبدولناسر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەمال عەبدولناسڕ (بە عەرەبی: جمال عبد الناصر، بە ئینگلیزی: Gamal Abdel Nasser) دووەمین سەرکۆماری کۆماری میسر بووە و بە یەکێک لە سەرکردە ناودارەکانی عەرەب لە سەدەی بیستەم دادەنرێت، هاوکات بە هۆکاری کۆتاییهێنەری سەردەمی پاشایەتی لە میسر دادەنرێت و یەکێک بووە "ئەفسەرە ئازادەکان"ـی میسر کە لە ٢٣ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٢ کۆتاییان بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە میسر هێنا و دەسەڵاتی کۆماریی میسریان ڕاگەیاند و شۆڕشی یۆنیۆیان ڕاگەیاند.

بۆچوونەکان لەسەر عەبدولناسر دژبەیەکن، بەشێک لە مێژوونوسانی عەرەب عەبدولناسر بە "هێمای نەتەوەیی" و "دژەداگیرکەر" وێنا دەکەن، هەندێکی تریش بە ستەمکار و زۆردار و سەرکوتکەر ناوزەدی دەکەن، لە ماوەی چواردە ساڵی دەسەڵاتی وەکوو سەرۆکی وڵاتی میسر بە چەند قۆناغێک تێپەڕیوە و میسر لە سەردەمی ئەودا لە زۆر ڕووەوە پێشکەوتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا چەند جارێک ڕووبەڕووی جەنگی ئیسرائیلی بووەتەوە، ناودارترینیان جەنگی شەشی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ بوو، کە بە نسکۆی عەرەبی دادەنرێت، لەسایەی چەند لاوازی هەڵوێستی عەبدولناسر بەشێکی زۆر لە خاکی فەڵەستین و چەند ناوچەیەکی ئوردن و بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا کەوتنە ژێرداگیرکاری ئیسرائیل.

زانیاریی گشتی
ناو جەمال عەبدولناسری کوڕی حسێن
شوێن و ساڵی لەدایکبوون ١٥ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٨، ئەسکەندەرییەی وڵاتی میسر
پیشە سەرکۆماری میسر، سەرباز، شۆڕشگێڕ، جەنگاوەر
ئایین ئیسلامی پەیڕەوی سوننە
نەتەوە عەرەبی میسری
خێزان تەحییە کازم
منداڵەکانی هودا، مونا، خالید، عەبدولحەمید، عەبدولحەکیم
کۆچی دوایی ٢٨ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٠، قاهیرە

ژیاننامە و خوێندنی

جەمال عەبدولناسر حسێن لە ڕۆژی ١٥ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٨ لە شاری ئەسکەندەرییەی میسر لەدایکبووە. ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی سەعیدی میسر، خاوەن خێزانێکی ئاسایی چینی مامناوەند بووە و باوکی فەرمانبەری پۆستە و گەیاندن بووە، بۆیە بەهۆی کاری باوکییەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان زوو زوو گۆڕیوە. عەبدولناسر لە ناوچەکانی ئەسکەندەرییە و قاهیرە گەورە بووە و لە قوتابخانەکانی ئەو دوو شارە خوێندنی تەواو کردووە.

هەر لە مناڵییەوە بە کەسێکی یاخی و چالاک دانراوە، لە تەمەنی لاوی بەشداری چەند خۆپیشاندانێکی ئەو سەردەمەی میسری کردووە، کە دژی داگیرکاریی بەریتانییەکان ئەنجام دراوە، بەپێی سەرچاوەکان لە یەکێک لەو خۆپیشاندانە سەری بریندارکراوە. بۆ خوێندنی کۆلێج ویستوویەتی کۆلێجی سەربازی بخوێنێت، بەڵام بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی دژی بەریتانیا لە سەرەتا لەو کۆلێجە بێبەش کرا، بە ناچاری چووەتە کۆلێجی یاسا بەڵام دوای چەند مانگێک وازی لێهێناوە و دوای هەوڵدانێکی زۆر توانیویەتی بچێتە کۆلێجی سەربازی، لە ساڵی ١٩٣٨ دوای ١٧ مانگ خوێندن کۆلێجی سەربازی تەواو کرد، چونکە لەبەر هۆکاری سەربازی میسر ئەو ساڵە کۆمەڵێک ئەفسەری بە توانای لە کۆلێجی سەربازی بە خێرایی دەرچوواند، جەمال عەبدولناسر یەکێک بوو لەو ئەفسەرانە.

ئەزموون و ژیانی سیاسی

دوای دەرچوونی لە کۆلێجی سەربازی لە چەند شار و ناوچەیەکی میسر و وڵاتی سوودان کاری سەربازیی کردووە و پلە و پۆستی سەربازی گرنگی وەرگرتووە، پاشان بووەتە مامۆستا و ئەفسەری پلە باڵای سەربازی لە کۆلێجی سەربازی میسر. لەو سەردەمەدا توانی لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی جووڵانەوە و کۆمەڵەیەکی سەربازی دابمەزرێنێت بە ناوی "ئەفسەرە ئازادەکان". لە ساڵی ١٩٤٨ عەبدولناسر بەشداری لە جەنگی فەڵەستین کردووە، سەرەتا وەکوو گەنجێکی خۆبەخش بەشداریکردووە، دواتر چووەتە نێو سوپای میسر و وەکوو ئەفسەر بە فەرمی بەشداری کردووە.

دامەزراندنی جووڵانەوەی ئەفسەرە ئازادیخوازەکان و شۆڕشی سەربازی ٢٣ـی تەممووز ئەفسەرە ئازادەکان یان ئەفسەرە ئازادیخوازەکان (بە عەرەبی: الضباط الأحرار) لە سەرەتادا جووڵانەوە و ڕێکخراوێکی نهێنی بوون، لەلایەن کۆمەڵێک سەرباز و ئەفسەرانی میسر بە سەرکردایەتی محمەد نەجیب دامەزرا، جەمال عەبدولناسر یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ئەو ڕەوتە و ڕۆڵی گرنگی هەبوو لەو جووڵانەوەیە، لە هاوینی ساڵی ١٩٤٩ بە سەرۆکایەتی جەمال عەبدولناسر لێژنەیەکی جێبەجێکاری ئەفسەرە ئازدیخوازەکان پێکهێنرا و چەند چالاکییەکی نهێنییان ئەنجامدا.

هاوکات هەر ئەو جووڵانەوەیەش بەهۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕشی ٢٣ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٢ـی میسر دادەنرێن، بوونە هۆکاری کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە میسر و شا فارووقی یەکەمی پاشای میسری ئەو سەردەمەیان دوورخستەوە بۆ وڵاتی ئیتاڵیا، بە فەرمی لە ساڵی ١٩٥٣ سیستمی دەسەڵاتی میسر لە سیستمی پاشایەتییەوە گۆڕدرا بۆ سیستمی کۆماری، محەمەد نەجیب بوو بە یەکەم سەرۆکی کۆماری میسر، جەمال عەبدولناسر بوو بە سەرۆک وەزیرانی میسر.

کشانەوەی بەریتانیا لە میسر

لە ساڵی ١٩٥٣ عەبدولناسر سەرکردایەتی شاندی میسری کرد بۆ دانووستانی کۆتایی بۆ کشانەوەی سەربازە بەریتانییەکان لە میسر و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتیان لە ناوچەکە، ساڵێک دواتر ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان جەمال عەبدولناسر وەک سەرۆک وەزیرانی میسر و ئەنتۆنی ناتیتنگی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەکی بەریتانی واژۆ کرا، لەو ڕیککەوتننامەیە بڕیاردرا لە ماوەی بیست مانگدا هەموو هێزە سەربازە بەریتانییەکان لە میسر بکشێنەوە.

وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی میسر 

لە ساڵی ١٩٥٦ بەهۆی ناکۆکی لە نێوان ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و محەمەد نەجیب، عەبدولناسر توانی کۆتایی بە دەسەڵاتی محەمەد بهێنێت، خۆی بوو بە دووەمین سەرۆک کۆماری میسر و محەمەد نەجیبی لە کایەی سیاسی میسر دوورخستەوە و خرایە ژێر مانەوەی ناچاری. جەمال عەبدولناسر لە ماوەی ١٤ ساڵی سەرۆکایەتیدا چەند کارێکی گرنگی ئەنجامداوە، بە نیشتمانیکردنی کەناڵی سوێس بۆ میسر بە گرنگترین کاری دادەنرێت، هەر ئەو کارە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی سێ لایەنە بە سەرکردایەتی ئیسرائیل بۆ سەر میسر، جەنگەکە بە سەرکەوتنی میسر و عەبدولناسر کۆتایی هات، دوای ئەو جەنگە عەبدولناسر بوو بە هێمای شکۆی نەتەوەیی بۆ زۆرێک لە عەرەبەکان.

هەروەها چەند چاکسازییەکی لە کەرتی کشتوکاڵ کرد، هاوکات بە هونەردۆست دادەنرا و ئازادی ڕەهای بە زۆرێک لە هونەرمەندەکان دابوو. پاڵپشتی شۆڕشگێڕەکانی وڵاتی جەزائیری کرد دژی داگیرکارییەکانی فەڕەنسا، هەروەها لە ساڵی ١٩٥٨ یەکگرتوویی نێوان میسر و سووریای ڕاگەیاند. شکستهێنانی جەمال عەبدولناسر لە جەنگی شەشی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ـی ئیسڕائیل ناسراو بە "نسکۆی عەرەبی" دەستی پێکرد. 

سەرەتای دەسەڵاتەکەی بە بانگەشەکردن بۆ یەکێتی نەتەوەیی و ئازادی فەڵەستین و یەکگرتوویی عەرەب دەست پێکرد و عەبدولناسر خۆی بە نەتەوەییەکی سەرسەخت وێنا دەکرد، کۆتایی دەسەڵاتەکەی و شکستهێنانیشی هەر بەهۆی هەمان هۆکارەوەبوو، بەهۆی دەرکردنی چەند بڕیارێکەوە لەلایەن جەمال عەبدولناسرەوە و لاوازی هەڵوێستی لەسەر چەند پرسێک، لە شەشی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل جەنگی دژی هەریەک لە میسر و سووریا و ئوردن ڕاگەیاند، خاکی ناوچەی سینا و کەرتی غەززە و بەرزاییەکانی جۆلان کەوتنە ژێرداگیرکاری و حوکمڕانی ئیسرائیل، هەڵوێستی عەبدولناسر نەتەوەیی لاواز وسست بوو.

تایبەتمەندیی و کەسایەتی عەبدولناسر

عەبدولناسر لەلایەن لایەنگرانی نموونەی نەتەوەپەرستەکان و سۆسیالیستەکان وەکوو هێمایەکی نەتەوەیی عەرەبی دادەنرێت، لە سەردەمی خۆیدا هەندێک بە جۆرێک وێنای دەکرد کە بە "پەیامبەری نەتەوەیی" ناوزەد دەکرا و بە یەکێک لە بانگەشەکارانی هزری نەتەوەیی عەرەبی دادەنرێت، هاوکات عەبدولناسر وەکوو کەسێکی نزیک لە هەژارانەوە خۆی ناوزەد دەکرد چۆنکە خۆی بە کەسێکی سۆسیالیست دەردەخست.

ڕەخنەگرانی و دژایەتیکەرانی عەبدولناسر نموونەی ئیسلامییەکان جەمال بە کەسێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر باس دەکەن، چونکە ڕکابەر و نەیارەکانی دووردەخستەوە و زیندانی دەکردن، ڕەخنە و تێڕوانینە جیاوازەکانی قبووڵ نەبووە، تاک حیزبی پەیڕەو کردووە و زۆرێک لە حیزبەکانی تری هەڵوەشاندووەتەوە، هەندێکی تر لە سەرچاوەکان دەریدەخەن کە عەبدولناسر هەمیشە کردار و ڕەفتارەکانی پێچەوانەی گوفتارەکانی بوونە و کەسێکی خۆپەرستی دیکتاتۆر بووە.

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی ٢٨ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧۰ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە و لە شاری قاهیرە نێژراوە، میسر ئەو ڕۆژەی وەکوو ماتەمی گشتی لە وڵات ڕاگەیاند، مەراسیمی ناشتنەکەی بە یەکێک لە قەرەباڵخترین مەراسیمی ناشتن لە مێژووی سەدەی بیستەم دادەنرێت.


سەرچاوەکان



381 بینین