سێگردکان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-13-20:00:00 - کۆدی بابەت: 10643
سێگردکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سێگردكان (بە عەرەبی: سیگردکان، بە ئینگلیزی: Segrdkan) یەکێکە شارەدێیەکانی پارێزگای ھەولێر، سەر بە قەزای کۆیەیە، دەکەوێتە ٧٥ کیلۆمەتر لە باشووری خۆرھەڵاتی شاری ھەولێر و بەدووری ٦٠ کیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای شارۆچکەی کۆیە، دەڕوانێت بەسەر زێی بچووکدا، لە نێوان شارەدێیەکانی تەقتەق و پردێدایە، سەرەتای دروست بوونی سێگردکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (١٧٩٠-١٨٠٠).

زانیاری گشتی

بە ئینگلیزی Segrdkan
وڵات عێراق
هەرێم
هەرێمی کوردستان
شار ھەولێر
قەزا کۆیە
ناحیە ناحیەی سێگردکان
بوون بە شارەدێ ٢٠٠٥
ڕووبەر ٠,٦٥ کیلۆمەتری چوارگۆشە
بەرزی ٣٦٢ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا
ناوی دانیشتووان سێگردکانی
زمان سۆرانی
ئایین
ئیسلامی سوننە مەزهەب

ناو

ناوی شارەدێی سێگردکان لەوەوە ھاتووە کە سێ گرد دەکەوێتە ناو سنووری شارەوانی شارەدێیەکە، ئەوانیش گردەکانی (خدریزندە، میرسێودین و ھەوارتاعون) بۆیە ناوی سێگردکان وەرگیراوە لەو سێ گردەوە.

سەردەمی شۆرش

ساڵانی هەشتاکان مەڵبەندی شۆرش و لانەی پێشمەرگە بووە و ناوەندێکی ڕۆشنبیری بووە بۆ ناوچەکە، ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی سێگردکان لەساڵی ١٩٨٦ نزیکەی (٢٥٠٠) کەس بووە و نزیکەی (٤٥٠) خێزانی تێدا نیشتەجێ بووە، لەساڵی ١٩٥٨ـدا قوتابخانەی لێ کراوەتەوە و تا پۆلی سێی ناوەندی ھەبووە. لەساڵانی ھەشتاکاندا توانیویانە بەکاری ھەرەوەزی تەواوی ئاوەڕۆی ماڵەکان کۆنکرێت بکەن. لەسەردەمی ڕژێمی بەعس لە ساڵەکانی ١٩٨٦ و ١٩٨٨ دووجار ڕوخێنراوە.

مێژوو

ساڵی ٢٠٠٥ و لەبەرواری ٢٨ـی نیسان بڕیاری دروستکردنی کردنی سێگردکان درا و لەبەرواری ١١ـی ئەیلوولی ٢٠٠٥ یەکەم بەڕێوەبەری ناحیە دەست بەکار بوو، کە ئەویش عومەر ئەحمەد محەمەد بوو، کە دەرچووی کۆلێجی یاسا و ڕامیاری بەشی یاسایە لە ساڵی ١٩٩٦. لە ٩ـی شوباتی ساڵی ٢٠١٣ دەستی لە کار ھەڵگرت. دووەم بەڕێوەبەری ناحیەکە فاتیح حسێنە، لە ڕێکەوتی ١٠ـی شوباتی ساڵی ٢٠١٣  دەست بەکاربووە تا ئێستا. 

ژمارەی گوندەکانی ئەم ناحیەیە لە ١٠ گوند پێکھاتووە کە بریتین لە گوندەکانی ئۆمەرگومبەت، سێکانی، قەمبەر، تازەدێی گەورە، ئاوماڵ، سارتک، نێڵەگین، کانی سلێمانە، بەردەسپی و جلبەسەر، کەتەواوی گوندەکان ئاوەدانن جگە لە گوندی کانی سلێمانە.

هەڵکەوتەی جوگرافی

سێگردکان ٣٦٢ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی ٣٥٬٥٢ بۆ ٣٥٬٨٧ـی باکووری گۆی زەوی، لە نێوان ھێڵی درێژی ٤٤٬٥٢ بۆ٤٤٬٤٤ پلەی ڕۆژھەڵاتی گۆی زەویدایە. ڕووبەری زەوی و زاری سنووری سێگردکان ١٢,١٠٠ دۆنمە، ڕووبەری شیاوی بۆ چاندن ٢٥٩١ دۆنمە, ٧٠٠٠ دۆنمی پاوان و لەوەڕگایە، ڕووبەری بەراوی ٢٣٤٨ دۆنمە و ڕووبەری پشتاوی ٢٨١٦ دۆنمە.

ئابووری

سنووری ناحیەی سێگردکان سنوورێکی کشتوکاڵییە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک. ڕووبەرێکی زۆری زەوی کشتوکاڵی بەپیتی هەیە، خەڵکەکەی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداریە، لە ئێستادا ھەرچەندە گرنگیدان بەئاژەڵداری لاوازبووە بەڵام خەڵکەکەی دەستیان داوەتە بەخێوکردنی ماسی.

لە گرنگترین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان

  • پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی مەڵبەندی ناحیە                                                                                
  • پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكانی (ئۆمەرگومبەت، سێكانی، قەمبەر، تازەدێ‌، ئاوماڵ)
  • گەیاندنی كارەبای نیشتمانی بۆ سەنتەری ناحیە و تەواوی گوندەكانی
  • پڕۆژەی ئاودێری لە گوندی ئاوماڵ
  • دروستكردنی ئاوەڕۆ و كۆنكرێت و شۆستە
  • دروستكردنی باخچەیەك بەڕووبەری چوار دۆنم لە مەڵبەندی ناحیە
  • دروستكردنی ڕێگای سەرەكی و قیرتاوكردنی لە تەق تەقەوە بۆ سێگردكان 
  • دروستكردنی یاریگای تارتان 

لەگەڵ چەندین خزمەتگوزاری تری جواروجۆر.

لیستی ناوی فەرمانگەكانی سێگردکان

  • بەڕێوەبەرایەتی ناحیە
  • بنكەی پۆلیس
  • بنكەی بەرگری شارستانی
  • بنكەی پۆلیسی هاتووچۆ
  • نوسینگەی زانیاری
  • فەرمانگەی دادنوس
  • فەرمانگەی دارایی
  • فەرمانگەی باری شارستانی    
  • فەرمانگەی ئاو
  • هۆبەی كشتوكاڵ
  • بنكەی ڤێتەرنەری
  • سەرۆكایەتی شارەوانی
  • بنكەی پۆلیسی دارستان
  • بنكەی ئاسایش
  • بازگەی ئاسایش
  • بنكەی چاكردنەوەی كارەبای سێگردكان


سەرچاوەکان



274 بینین