کۆنگۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-18-22:45:00 - کۆدی بابەت: 10711
کۆنگۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆنگۆ یان کۆماری کۆنگۆ (بە ئینگلیزی: Congo یان The Republic of the Congo، بە فەڕەنسی: République du Congo، بە عەرەبی: جمهورية الكونغو)، وڵاتێکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کەنارەکانی ئەفریقای ناوەند لە ڕۆژئاوای ڕووباری کۆنگۆ. لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ گابۆن، لە باکووری ڕۆژئاوای لەگەڵ کامیرون و لە باکووری ڕۆژهەڵات لەگەڵ کۆماری ئەفریقای ناوەند، لە باشووری ڕۆژهەڵات لەگەڵ کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ، لە باشووری لەگەڵ ناوچەی ئەنگۆلای کابیندا و لە باشووری ڕۆژئاوای لەگەڵ زەریای ئەتڵەسیدا هاوسنوورە.

زانیاری گشتی

ناو کۆنگۆ یان کۆماری کۆنگۆ
پایتەخت و گەورەترین شار برازاڤیل
زمانی فەرمی فەڕەنسی
سەرۆک دانیس ساسۆ نگوسۆ
دەسەڵاتی یاسادانان پەرلەمان
دامەزراندنی کۆمار ٢٨ـی تشرینی دووەمی ١٩٥٨ (لە فەڕەنسا ١٥ـی ئابی ١٩٦٠)
ڕووبەری گشتی ٣٤٢٫٠٠٠ كم٢
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٥٫٥٤٦٫٣٠٧ کەس
چڕیی دانیشتووان ١٧/كم٢
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (PPP) له ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٢٥ ملیار و ٨٩٧ ملیۆن دۆلار
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی تەلەفۆن ٢٤٢+

مێژوو

بەلایەنی کەمەوە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر هۆزەکانی بەنتو زمان ناوچەکەیان داگیرکرد و پەیوەندی بازرگانییان لە حەوزی ڕووباری کۆنگۆدا دروستکرد. کۆنگۆ پێشتر بەشێک بوو لە کۆلۆنی فەڕەنسی لە ئەفریقای کەمەرەیی. کۆماری کۆنگۆ لە ٢٨ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٨ـدا دامەزراوە و لە ساڵی ١٩٦٠ سەربەخۆیی لە فەڕەنسا بەدەستهێنا، لە ساڵی ١٩٦٩ تا ١٩٩٢ دەوڵەتێکی مارکسیست-لینینی بوو، لەژێر ناوی کۆماری گەلی کۆنگۆ. دەوڵەتی سەربەخۆ لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە چەند جارێک هەڵبژاردنی تێدا ئەنجادراوە و چەندین حیزب تێیدا بەشداربوون، بەڵام لە شەڕی ناوخۆی کۆماری کۆنگۆ لە ساڵی ١٩٩٧ حکوومەتێکی هەڵبژێردراوی دیموکراسی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و سەرۆک دانیس ساسۆ نگوسۆ کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ دەسەڵاتی گرتە دەست بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە حکوومڕانی کرد.

کۆماری کۆنگۆ ئەندامی یەکێتی ئەفریقا، نەتەوە یەکگرتووەکان، لا فرانکۆفۆنی، کۆمەڵگەی ئابووریی وڵاتانی ئەفریقای ناوەند و بزووتنەوە بێ لایەنەکانە. هەروەها بووەتە چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە کەنداوی گینیا، سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک بوار و لە دابەشکردنی نایەکسانی داهاتی نەوت لە سەرانسەری وڵاتدا ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری دروست کردووە بەڵام تا ڕادەیەک ئابووری وڵاتەکەی دەبووژێنێتەوە. ئابووریی وڵات پشت بە کەرتی نەوت دەبەستێت و گەشەی ئابووریی کۆمارەکه لە دوای دابەزینی نرخی نەوت لە دوای ساڵی ٢٠١٥ خاو بووەتەوە. ژمارەی دانیشتووانەکەی ٥٫٢ ملیۆن کەسە، ٨٨٫٥٪ـی وڵاتەکە ئایینی مەسیحی پەیڕەو دەکەن.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی كۆنگۆ لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٥٫٥٤٦٫٣٠٧ کەس بوو و چڕیی دانیشتووانەکەشی ١٧ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی ١٩٥٠ کە ژمارەی دانیشتووانی کۆمارەکە ٨٠٨٫٠٠ کەس بوو. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ژمارەی منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ بە ڕێژە ٤٠٫٦٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا و ٥٥٫٧٪ـی دانیشتووان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٥ ساڵیدا بوون، لە کاتێکدا ٣٫٧٪ـی دانیشتووان لە تەمەنی ٦٥ ساڵی یان زیاتردا بوون. لە هەر سێ خولەکێکدا کەسێک لەدایک دەبێت و لە هەر ١٤ خولەکێکدا کەسێک دەمرێت. فەڕەنسی زمانی فەرمی دانیشتوونی وڵاتەکەیە و چەند زمانێکی تری ناوخۆیی لە نێو دانیشتوواندا قسەی پێ دەکرێت. پێکهاتە نەتەوەییەکانی کۆماری کۆنگۆ بریتین لە:

  • کۆنگۆیی: ٤٠٫٥٪
  • تێکی: ١٦٫٩٪
  • مبۆچی: ١٣٫١٪
  • سانغای: ٥٫٦٪
  • ئەورووپییەکان و نەتەوەکانی تر: ٢٣٫٩٪

ئایین

چەند ئایینێکی جۆراوجۆر لەناو دانیشتووانی کۆماری کۆنگۆدا پەیڕەو دەکرێن، بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٠، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی وڵاتەکە بریتین لە:

  • ڕۆمانی کاسۆلیکی: ٣٣٫١٪
  • مەسیحی: ٢٢٫٣٪
  • پرۆتستانت: ١٩٫٩٪
  • ئیسلام: ١٫٦٪
  • کیمبانگویست: ١٫٥٪
  • ئایینـەکانی تر: ٨٫١٪
  • بێ ئایینەکان: ١١٫٣٪

کەشوهەوا

کەشوهەوای کۆماری کۆنگۆ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە، لە بەشی باکووری وڵاتەکە کەمەرەییە، بەدرێژایی ساڵ گەرم و شێدارە، هیچ وەرزێکی وشکی نییە. لە کاتێکدا لە ناوەڕاست و باشووری کۆمارەکە کەشوهەوا خولگەییە، کەش گەرم و شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا له وەرزی زستاندا وەرزێکی وشک و فێنکتری هەیە.

لە بەشی باکوور بەدرێژایی ساڵ پلەکانی گەرما بەرزن و هەوا گەرم و شێداره. لە ناوەڕاستی باشوور، پلەی گەرمی لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول نزم دەبێتەوە، بەتایبەتی بەدرێژایی کەناراوەکان، کە لە ڕۆژدا کەمێک فێنک دەبێتەوە، هەروەها لەسەر گردەکان شەوانە کەمێک فێنک دەکات. بڕی بارانبارینی ساڵانه لە بەشی باکووردا لە نێوان ١٫٥٠٠ بۆ ٢٫٠٠٠ مللیمەتردا دەگۆڕێت، لە کاتێکدا لە باشوور بۆ خوار ١٫٥٠٠ مللیمەتر دادەبەزێت و لە کەناراوەکاندا دەگاتە نزمترین ئاستی ١٫٢٠٠ مللیمەتر. لە بەشی ناوەڕاستدا وەرزی وشک لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئاب دەخایەنێت، لە بەشی باشووریش لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا ئەیلوول بەردەوام دەبێت و لە کەناراوەکاندا لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

لە مانگی تشرینی یەکەمەوە تا مانگی ئایار دەریا ئەوەندە گەرمە کە بۆ مەلەکردن دەشێت، سەرەڕای ئەوە کەمێک فێنک دەکات، بەڵام کەش بەخۆشی دەمێنێتەوە، لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا پلەی گەرمی بۆ ٢٢ پلەی سەدی دادەبەزێت.


سەرچاوەکان



269 بینین