گەشبینی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-18-23:00:00 - کۆدی بابەت: 10712
گەشبینی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گەشبینی (بە ئینگلیزی: Optimism، بە عەرەبی: التفاؤل) واتا نیگا و تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ جیهان و ژیان. کەسانی گەشبین جیهان بە شێوەیەکی جوانتر و باشتر دەبینن، بێگومان لەم جیهانەدا هیچ کەسێک ناتوانێت بڵێت تەواو و بێ کەموکووڕییە و لە ژیانیدا هیچ کێشەیەکی نییە و هەموو شتێک باشە، بەڵام کاتێک کەسێکی گەشبین بین جیهانیش ڕوویەکی خۆشتری خۆیمان پێ نیشان دەدات. گەشبینی یەکێکە لەو تایبەتمەندییە کەسییانەی کە ڕۆڵێک گرنگ دەگێڕێت لە شێوازی ژیان و سەلامەتی دەروونی کەسەکان. کەسانی گەشبین لە قورسترین بارودۆخەکاندا دەتوانن هیوایەکی کەم بدۆزنەوە و بۆ سبەینێیەکی باشتر هەوڵ بدەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ژیاندا کەمتر فشاریان بکەوێتە سەر و لە زۆربەی کێشەکانیان بتوانن بڕیاری دروست بدەن. 

گەشبینی و کاریگەرییەکانی

١. بەهرەمەندبوون لە تەندروستییەکی گشتی بەرزتر

لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کەسانی گەشبین کەمتر دووچاری زیانە جەستەییەکان دەبن و تەندروستییەکی باشتریان هەیە، بۆ نموونە کەسانی ڕەشبین زیاتر لە کەسانی گەشبین تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن و لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ شێرپەنجەدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە شکست دەهێنن، هەروەها ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان و مردنی پێش وەختە لە کەسانی ڕەشبین دا زیاتر دەبینرێت، کەسانی گەشبین دەتوانن خێراتر پەرە بە تواناکانیان بدەن و خۆیان بەرەو پێش ببەن. 

٢. زیادبوونی خۆڕاگری و هەوڵدا

بەبەراورد بە کەسانی ڕەشبین، کەسانی گەشبین لە بارودۆخە قورسەکاندا بەئاسانی خۆیان بە دەستەوە نادەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵێکی زیاتر بدەن و ئەگەری سەرکەوتنیان زیاتر دەبێت.

٣. جۆش و خرۆشی تەندروست

گەشبینی دەتوانێت تاکوو ڕادەیەکی زۆر کاریگەری بکاتە سەر سەلامەتی دەروونی و زیادکردنی جۆش و خرۆشی ئەرێنی کەسەکان.

٤. تەمەن درێژی

بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کەسانی گەشبین بەزۆری تەمەنێکی درێژتریان هەیە بەراورد بە مرۆڤە ڕەشبینەکان، بۆ نموونە ئەو لێکۆڵینەوانەی لە سەر تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە ئەنجامدراون نیشانی دەدەن، ئەو نەخۆشانەی کە تێڕوانینێکی گەشبینانەیان بۆ ژیان هەبووە، ئەنجامی چارەسەرەکانیان باشتربووە و ڕێژەی مردنیان کەمتر بووە.

٥. کەمکردنەوەی فشار

کەسانی گەشبین لە ژیاندا کەمتر تووشی فشار دەبن، چونکە بەگشتی ئەو کەسانە متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەیە، لەبەرئەوە دڵنیان لەوەی کە لە داهاتوودا ڕووداوی باشیان بۆ دێتە پێش، بەشێوەیەکی سادە سەیری کێشەکان دەکەن، بەڵام ڕووداوە ئەرێنییەکان وەکوو نیشانەیەک دەبینن بۆ هاتنەپێشی زۆر ڕووداوی باش تر. ئەم بیرکردنەوە ئەرێنیانە دەبێتە هۆی ئەوەی کەمتر بکەونە ژێر کاریگەری فشارەکان و بتوانن بەشێوەیەکی ئاسانتر خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکان بگونجێنن.

ڕێگاکانی زیادکردنی گەشبینی

- زیاتر سەرنج بخەنە سەر خاڵە ئەرێنیەکانتان

هیچ مرۆڤێک بێ کەموکووڕی نییە، بەڵکوو هەموو کەسێک لە ژیانیدا زۆر خاڵی بەهێز و خاڵی لاوازی هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن لە ژیاندا بەرەو پێشەوە بڕۆن و بەردەوام بن لەهەمان کاتدا تێڕوانینێکی ئەرێنیتان بۆ ژیان هەبێت، پێویستە زانیاری زیاتر دەربارەی خاڵە بەهێزەکانتان بەدەست بهێنن و لەجیاتی ئەوەی سەرنجتان بخەنە سەر خاڵە لاوازەکانتان، زیاتر سەرنج بخەنە سەر تواناکانتان و هەوڵبدەن بەردەوام پەرە بە تواناکانتان بدەن، خۆتان بەرەو پێش ببەن. 

- دەربارەی ڕووداوە ئەرێنیەکانی داهاتوو وێنایەک لە مێشکتاندا دروست بکەن

کاتێک ئێوە بیر لە ئەنجامدانی کارێک دەکەنەوە، هەموو ئەو بەشانەی مێشک چالاک دەبن کە لەکاتی بەڕاستی ئەنجامدانی ئەو کارە کار دەکەن، لەئەنجامدا بیرکردنەوە و وێناکردنی ڕووداوە ئەرێنیەکان دەتوانێت یارمەتیتان بدات جۆش و خرۆشێکی ئەرێنیتان هەبێت و مێشکتان ئامادە بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی داهاتووتان. 

- هەمیشە ئەوەتان لە بیر بێت سبەینێ ڕۆژێکی نوێیە

هەمیشە ئەو بابەتەتان لەبەرچاو بێت کە هیچ کاتێک دەرفەتەکانی ئێوە کۆتاییان پێ نایەت ، هەتا کاتێک کە ئێوە گەشبین بن و هیواتان هەبێت دەتوانن سبەینێیەکی جوانتر بۆ خۆتان دروستبکەن. لە ئەنجامدا ئەگەر ئەمڕۆ تووشی شکست بوون، بیر لەوە بکەنەوە ئەو بوارانەی تر چین کە دەتوانن تیایاندا سەرکەوتووبن.

- گفتووگۆتان لەگەڵ دەروونی خۆتان باشتر بکەن

ئێمە هەموو ساتێک لە مێشکماندا خەریکی گفتووگۆین لەگەڵ خۆمان، ئەگەر ئەم گفتووگۆ دەروونییانە هەمووی بابەتی نەرێنی و بێ ئومێدکەر بن، کار دەکەنە سەر ژیانی ڕۆژانەمان و دەمانکەن بە کەسێکی ڕەشبین، کەواتە پێویستە بۆ پەرەپێدانی گەشبینی لە خۆماندا، زیاتر گرنگی بەو بیرکردنەوانەمان بدەین و هەوڵ بۆ باشترکردنی بدەین.


سەرچاوەکان



2609 بینین