چاندنی لۆبیا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-20-18:55:00 - کۆدی بابەت: 10728
چاندنی لۆبیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی لۆبیا (بە ئینگلیزی: Planting green bean or string bean، بە عەرەبی: زراعة الفاصولیاء الخضراء)، یەکێکە لە سەوزەکان کە لە وەرزی هاویندا گوڵ و بەردەگرێت، ڕەنگی گوڵەکەشی سپی و زەردە، ڕەنگی زۆربەی جۆرەکانی سەوزە بەڵام دەکرێت هەریەک لە زەرد، سوور، مۆر یاخود جۆری هێڵداربن، گەشەپێدان و چاندنی ئاسانە کە لە مەودایەکی کەمدا سەوز دەبێت و دەگاتە بەرهەم.  

جۆرەکانی لۆبیا بە دوو شێوەی سەرەکی گەشە دەکەن، هەندێکیان بۆ مەودایەکی زۆر درێژ دەبن و هەندێکی تریشیان وەک دەوەن دەردەکەون، دەوەنەکان پێویستییان بە گرنگیپێدانی کەمترە بەڵام جۆرە درێژەکە باشترە چونکە بۆ ماوەیەکی زۆرتر بەر دەگرێت و بەرگری زیاترە لە دژی نەخۆشییەکان، دەوەنەکان لە ماوەی ٥٠-٥٥ ڕۆژدا پێدەگەن و توانای بەرگرتنیان دەبێت، لە کاتێکدا جۆرە درێژەکان ٥٥-٦٥ ڕۆژیان پێویستە.

ئەم جۆرە سەوزەیە ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی جیاوازی ڤایرۆسی، مێروویی، کەڕوویی یاخود کرم و نەرمۆکە و هۆکاری جیاوازتر دەبێتەوە، کە بەگوێرەی هەر جۆرێکیان چارەسەری دیاریکراو هەیە، باشترینیشیان دابینکردنی هەلومەرجی تایبەت بە لۆبیایە بۆ ئەوەی کەمترین زیانی پێبگات.

هەنگاوەکانی چاندن

  • ئەگەر خاکەکەی زیاد لە ئاسایی وشک و لاواز بێت ئەوا باشترە ماددەی خۆراکی بۆ زیاد بکرێت، کاتی زیادکردنیش هەفتەیەک پێش چاندنییەتی.
  • کاتێک سەرما کۆتایی دێت و پلەی گەرمی خاک دەگاتە ٩ پلەی سەدی دەکرێت تۆوەکان بچێنرێن، بەڵام نابێت لە کەشی سارددا بچێنرێت چونکە دەبێتە هۆی دواخستنی چەکەرە کردن.
  • تۆوەکان لە قووڵایی چەند سانتیمەترێکی کەمدا دەچێنرێن بەڵام مەودای نێوان ڕیزێک بۆ دانەیەکی تر باشترە نزیکەی ٤٦ سانتیمەتر ببێت.
  • دواتر چینێک سەماد بۆ جێگەکە زیادبکرێت بۆ دابینکردنی ڕێژەی شێی پێویست.
  • پاشان بەشێوەیەکی ڕێکخراو هەفتانە ئاوبدرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

لۆبیا پێویستی بە خاکێکی کەمێک ترش بۆ هاوکێشە و بەنزیکەیی لە نێوان ٦-٧ پلە گونجاوە، لە جێگەیەکدا گەشە دەکات کە زۆرترین ڕووناکی خۆری هەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێویستییان بە زیادکردنی پەیین و ماددەی خۆراکی نییە، چونکە بنجەکانی لۆبیا نایترۆجینی خۆیان لە خاکدا دەچەسپێنن، ئەو جۆرانەی کە زۆر درێژ دەبنەوە باشترە پاڵپشتێکیان هەبێت کە خۆیانی پیاهەڵبواسن بۆ ئەوەی جێگیرببن.

هەروەها بۆ ئەوەی بەدرێژایی وەرزی هاوین لۆبیاکان بەرهەمیان هەبێت، باشترە لە کاتی چاندندا مەودای دوو هەفتەیی لە نێوانیاندا هەبێت، واتە هەندێک لە تۆوەکان بچێنرێن و پاش دوو هەفتە هەندێکیتریان بچێنرێن، چونکە لۆبیاکان لەهەمان کاتدا بەر دەگرن بۆیە پێویستە کاتی چاندنی جیاوازیان هەبێت هەتاکوو لە کاتی جیاوازدا بەرهەم هەبێت.

لە کەشی گەرمدا پێویستی بە ئاودانی زیاترە و بە نەبوونی ئاوی پێویست لۆبیاکان دەوەستن لە گوڵگرتن، کاتێک بەرەکان پێدەگەن باشترە لە بەیانیاندا لێبکرێنەوە، کە لەو کاتەدا ڕێژەی شەکری لە لوتکەیدایە، هەروەها چەند ڕۆژ جارێک چاودێری بکرێت و ئەوانەی پێدەگەن لێبکرێنەوە، کە هەرچەندە زیاتر بەرهەمەکەی لێبکرێتەوە بەرهەمی زیاتر دەگرێت، جگە لە ئەمانەش پێویستە بە ناسکی و پێش ئەوەی تۆوەکەی یاخود ناوکەکەی تەواو ڕەقببێت لێبکرێتەوە.


سەرچاوەکان



357 بینین