جۆرجیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-21-00:05:00 - کۆدی بابەت: 10732
جۆرجیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جۆرجیا (بە ئینگلیزی: Georgia، بە جۆرجی: საქართველო، بە عەرەبی: جورجیا)، وڵاتێکی کیشوەربڕە دەکەوێتە نێوان ئەورووپا و ئاسیا و دەڕوانێتە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ڕەش. بەشێکە لە ناوچەی قەفقاز، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ دەریای ڕەش، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڕووسیا، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ تورکیا، لە باشوورەوە لەگەڵ ئەرمینیا و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئازەربایجان هاوسنوورە. ڕووبەری ئەم وڵاتە ٦٩٫٧٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی ٣٫٧ ملیۆن کەسە. شاری تبلیس پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاته، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی جۆرجیای لێ دەژی.

زانیاری گشتی

ناو جۆرجیا
پایتەخت و گەورەترین شار تبلیس
سەرۆکی وڵات سالۆمێ زورابیچڤیلی
سەرۆک وەزیران ئیراکلی گاریباشڤیلی
زمانی فەرمی جۆرجی
ڕووبەری گشتی ٦٩٫٧٠٠ كم٢
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٣٫٦٨٨٫٦٤٧ کەس
چڕیی دانیشتووان ٥٧٫٦/كم٢
سەربەخۆبوونی لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا ٢٦ـی ئایار ١٩١٨
سەربەخۆبوونی لە یەکێتی سۆڤیەت ٩ـی نیسانی ١٩٩١
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی تەلەفۆن ٩٩٥+
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان مەسیحی
یەکەی دراو لاری جۆرجی (₾)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی ٢٠٢١ ١٧٫٨٥ بلیۆن دۆلار

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی جۆرجیا لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ـدا بە ٣٫٦٨٨٫٦٤٧ کەس خەمڵێندرا، ئەمە لە کاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووان لە سەرژمێری پێشووی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ـدا ٣٫٧١٣٫٨٠٤ كەس بوو. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ٦٥٫٣ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا و ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی وڵات لە ساڵی ٢٠١٧ ـەوە ١٫٥٪ بوو. سەرەڕای ئەوەش، ڕێژەی لەدایکبوون لە هەمان ساڵی ٢٠١٧ـدا ١٤٫٣٪ کەس و ڕێژەی مردن ١٢٫٨٪ بوو. تەمەنی ٢٠٪ـی دانیشتووانی جۆرجیا لە نێوان سفر بۆ ١٤ ساڵی، ٦٥٫٤٪ـی دانیشتووان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵی و تەمەنی ١٤٫٦٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکه ٦٥ ساڵی و زیاترن.‌ لەگەڵ ئەوەشدا، تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی وڵات ٧٣٫٥ ساڵییە. ڕەگەز و نەتەوەکانی جۆرجیا لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • جۆرجییەکان: ٨٦٫٨٪
  • ئازەرییەکان: ٦٫٢٪
  • ئەرمەنییەکان: ٤٫٥٪
  • نەتەوەکانی تر: ٠٫٧٪

ئایین

هەر بەپێی هەمان زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٤، ئایینی دانیشتووانی جۆرجیا بەم شێوەیە بوو. ٨٨٫١٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، ١٠٫٧٪ـی دانیشتووان سەر بە ئایینی ئیسلام و ١٫٢٪ـی دانیشتووان یان سەر بە ئایینەکانی ترن یان هیچ ئایینێک پەیڕەو ناکەن.

زمان

زمانی فەرمی دانیشتووانی جۆرجیا زمانی جۆرجییە و لە لایەن ٨٧٫٧٪ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت، بەدوای ئەویشدا زمانی ئازەری دێت کە لە لایەن ٦٫٢٪ـی دانیشتووانەوە بەکار دەهێنرێت و ٣٫٩٪ـی دانیشتووان بە ئەرمەنی، ١٫٢٪ ڕووسی و ١٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن.

مێژووی وڵاتەکە

لە سەردەمی کلاسیکدا چەندین شانشینی سەربەخۆ لەو شوێنەی کە ئێستا وڵاتی جۆرجیایە دامەزران. لە سەرەتای سەدەی چوارەمدا جۆرجییەکان بەفەرمی ئایینی مەسیحییان هەڵبژارد. پاشان و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، شانشینی یەکگرتووی جۆرجیا دەرکەوت و لە سەردەمی حکوومڕانی پاشا دەیڤدی چوارەم و شاژنە تەمارا لە سەدەکانی ١٢ و ١٣ـدا گەیشتە سەردەمی زێڕینی خۆی. دوای ئەوە شانشینەکە لەژێر سەروەریی هێزە ناوچەییە جۆراوجۆرەکانی وەکوو مەغۆلەکان، تورکەکان و خێزانه دەسەڵاتدارە جۆراوجۆرەکانی فارس، هەڵوەشایەوە و تێک شکێنرا. لە ساڵی ١٧٨٣ـدا یەکێک لە شانشینەکانی جۆرجیا هاوپەیمانی لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا بەست، کە بەدرێژایی سەدەی نۆزدەهەم بە شێوەیەکی پارچە پارچە خاکی جۆرجیای مۆدێرنی کۆنتڕۆڵکرد.

دوای شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧، جۆرجیا وەک کۆمارێکی سەربەخۆ دەرکەوت کە ئەرکی پاراستنی لە ئەستۆی وڵاتی ئەڵمانیا بوو. دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، جۆرجیا لە ساڵی ١٩٢٢ لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە داگیر و کۆنتڕۆڵکرا و بوو بە یەکێک لە کۆمارە پێکهێنەرەکانی. پاشان و له هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیی سەریهەڵدا و بە خێرایی گەشەی کرد، ئەمەش لە نیسانی ١٩٩١ـدا جیابوونەوەی جۆرجیای لە یەکێتی سۆڤیەت بە دوای خۆیدا هێنا. کۆماری ئێستای جۆرجیا لە ساڵی ١٩٩١ـەوە سەربەخۆیە و یەکەم سەرۆکی جۆرجیا (زڤیاد گامساخوردیا) بوو. گامساخوردیا لە ماوەی هەمان ساڵدا بە کودەتایەکی خوێناوی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و ئەو وڵاتە تووشی شەڕێکی ناوخۆیی تووند بوو کە تا ساڵی ١٩٩٥ بەردەوام بوو، بە پشتیوانی ڕووسیا، ئەبخازیا و ئۆسیتیای باشوور سەربەخۆیی دیفاکتۆیان لە جۆرجیا بەدەستهێنا. شۆڕشی گوڵی سوور ئیدوارد شواردنادزەی ناچار کرد لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا دەست لەکار بکێشێتەوە و کۆتایی بە سەرکردایەتی سەردەمی سۆڤیەت لە وڵاتەکەدا هێنا، پاشان جۆرجیای دوای سۆڤیەت تووشی قەیرانی ئابووری، ناسەقامگیری سیاسی، ململانێی نەتەوەیی و شەڕی جیابوونەوەخوازی بوو له ئەبخازیا و ئۆسیتیای باشوور. دوای شۆڕشی گوڵی سوور لە ساڵی ٢٠٠٣، ئامانجی جۆرجیا بوون بە ئەندام بوو لە یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ. ئەمەش بووە هۆی خراپتربوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا کە لە ئەنجامدا و لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا جەنگی ڕووسیا و جۆرجیای بەدوای خۆیدا هێنا و گرژییەکانی جۆرجیا لەگەڵ ڕووسیا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

لەڕووی سیاسییەوە

جۆرجیا دیموکراسییەکی نوێنەرییە کە وەک کۆمارێکی پەرلەمانی یەکگرتوو بەڕێوە دەبرێت. ئەم وڵاتە وڵاتێکی گەشەسەندووە و ئاستی گەشەسەندنی مرۆیی زۆر بەرزە. چاکسازییە ئابوورییەکان لە دوای سەربەخۆبوونی وڵاتەکەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئازادی ئابووری و نزمبوونەوەی ئاستی گەندەڵی و هەژاری و بێکاری. جۆرجیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی جیهان کە بەکارهێنانی حەشیشی کرد بە یاسایی و وڵاتەکە ئەندامی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، لەوانە ئەنجوومەنی ئەورووپا، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی، کۆمەڵگەی وزە و چەند ڕێکخراوێکی تر.

کەشوهەوا

کەشوهەوای جۆرجیا لە کەناراوەکان و لە دەشتی ڕۆژئاوادا مامناوەند و باراناوییە، لە کاتێکدا لە ناوچە ناوخۆییەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتدا زیاتر کیشوەری و وشکە. کەشی وڵات لە شاخەکاندا ساردترە.

بەدرێژایی کەنارەکانی دەریای ڕەش و لە دەشتی ڕۆژئاوا، کەشوهەوا مامناوەند و باراناوییە، بەنزیکەیی تایبەتمەندی کەشوهەوای ئۆقیانوسی هەیە. ڕێژەی دابارین بەرزە و ساڵانە لە دەشتی ڕۆژئاوادا ١٫٤٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت. لە کاتێکدا ساڵانە لە کەناراوەکانی بەشی باکووردا ١٫٥٠٠ مللیمەتر بۆ ٢٫٥٠٠ مللیمەتر لە بەشی باشوور باران دەبارێت. وەرزەکانی پاییز و زستان باراناویترین وەرزی ساڵن.

کەشی وڵات لە وەرزی زستان و بەدرێژایی کەناراوەکان تاڕادەیەک مامناوەندە، بەو پێیەی تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەمدا نزیکەی ٨ پلەی سەدییە. دەریا کەشوهەوا مامناوەند دەکات و زنجیرە چیاکانی قەفقاز لە باکوور بەشێکی ئەم ناوچەیە لە بای سارد دەپارێزێت. بەڵام لە پشتی زنجیرە چیاکانی قەفقازەوە دەشتە بەستووەکانی ڕووسیا دەبینینەوە و هەندێک جار کەمێک هەوای سارد دەتوانێت شاخەکان تێپەڕێنێت و بگاتە کەناراوەکان، بەتێکڕایی ساڵانە نزیکەی دە ڕۆژ بەفر دەبارێت و بە گشتی پلەکانی گەرما بۆ ٢-/٣- پلەی سەدی دادەبەزن. وەرزی هاوین گەرمە و تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا لە دەوروبەری ٢٤ پلەی سەدیدایە. زۆرجار خۆر دەدرەوشێتەوە، بەڵام دەشکرێت باران ببارێت کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە شێوەی خوڕژم یان ڕەشەبای بروسکاویدایە. لە گەرمترین ڕۆژەکاندا پلەی گەرمی بە گشتی لە کەناراوەکان دەگاتە ٣٥ پلەی سەدی و لە دەشتی ڕۆژئاوا دەگاتە ٣٧/٣٨ پلەی سەدی. هەروەها لە مانگی تەمموزەوە تا ئەیلوول دەریای جۆرجیا ئەوەندە گەرمە کە بۆ مەلەکردن دەشێت و پلەکانی گەرما لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا دەگەنە ٢٥ پلەی سەدی.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی

باشترین کات بۆ سەردانکردنی جۆرجیا وەرزەکانی بەهار و پاییزە، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران و لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم. لەبەرئەوەی پاییز لە ناوچەی کەنارییەکاندا زۆر باراناوییە بۆیە ڕەنگە بەهارت پێ باشتر بێت.


سەرچاوەکان



726 بینین