دڵەکزە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-22-00:22:00 - کۆدی بابەت: 10745
دڵەکزە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دڵەکزە (بە ئینگلیزی: Heartburn، بە عەرەبی: حرقة المعدة) بریتییە لە هەستکردن بە سووتانەوە لە ناوچەی سنگدا. ئەمەش بەهۆی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەیە بۆ بەشی سەرەوەی قورگ. ئازارەکە بە زۆری لە دوای نان خواردن بەرەو خراپی دەچێت. یان کاتێک کەسەکە پاڵ دەکەوێت یان دەچەمێتەوە. ئەم حاڵەتە حاڵەتێکی باوە و زۆربەی خەڵکی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژیانیان ئەم حاڵەتەیان دەبێت، دەکرێت بۆ ماوەی چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.

نیشانەکان

  • هەستکردن بە سووتانەوە لە سنگدا بەزۆری لە دوای نان خواردن و لە شەواندا کەسەکە هەست بەم ئازارە دەکات.
  • ئازارەکە زیاتر دەبێت کاتێک کەسەکە پاڵدەکەوێت یان دەچەمێتەوە.
  • هەستکردن بە تاڵی یان ترشی لە دەمدا.

هۆکارەکانی دڵەکزە

بۆ ئەوەی لە چۆنیەتی ڕوودانی دڵەکزە تێبگەیت، پێویستە سەرەتا لە چۆنیەتی کارکردنی سورێنچک و گەدە تێبگەیت.

دڵەکزە ڕوودەدات کاتێک ترشێتی گەدە دەگەڕێتەوە ناو سورێنچک (ئەو بۆرییەی کە خواردن لە دەمەوە بۆ گەدە دەگوازێتەوە).

بە شێوەیەکی ئاسایی کاتێک مرۆڤ خواردن دەخوات، بە سورێنچکدا تێپەڕ دەبێت بەشی خوارەوەی سورێنچک لە زمانەکان پێکهاتووە لە کاتی خواردندا ئەم زمانانە دەکرێنەوە تاکوو ڕێگە بە خواردنە و خواردنەوەکان بدات بۆ گەدە بگوازرێنەوە. دواتر زمانەکان دادەخرێنەوە تاکوو ڕێگە لە گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بگرێت. لە کاتی هەرسکردنی خۆراکدا ترشەڵۆکی گەدە لە تێکشکاندنی خۆراکدا بەشدار دەبێت، بەڵام کاتێک ئەم زمانانەی بەشی خوارەوەی سورێنچک  داناخرێنەوە ئەم ترشەڵۆکەی ناو گەدە دەگەڕێتەوە بەشی سەرەوەی سورێنچک و دەبێتە هۆی دڵەکزە.  

هەندێک خواردن و خواردنەوە دەبنە هۆی دڵەکزە کە بریتین لە:

  • خواردنە توونەکان
  • پیاز
  • خواردنە ترشەمەنییەکان
  • تەماتە و بەرهەمەکانی وەک کەچەپ
  • خواردنی چەور و سوورەکراو
  • نەعنا
  • چوکلێت
  • کحول و ئەو ماددانەی کافایینیان تێدایە.
  • هەروەها کێشی زۆر و لە ئافرەتانی دووگیانیشدا ئەم حاڵەتە زۆر دەبێت.
  • هەندێک دەرمانی دژە هەوکردنەکان وەک ئەسپرین.
  • جگەرە کێشان
  • هەبوونی فشارێکی زۆر

چارەسەر

زۆرجار دڵەکزە دەکرێت لە ماڵەوە چارەسەر بکرێت، وەک گۆڕینی شێوازی ژیان و کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ڕوودانی ئەم حاڵەتە.

  • پێش خەوتن نان مەخۆ: نان خواردن سێ بۆ چوار کاتژمێر پێش خەوتن وا دەکات گەدە بە بەتاڵی بمێنێتەوە و ئەگەری ڕوودانی دڵەکزە کەم دەکاتەوە.
  • خۆت لە نان خواردنی زۆر بە دوور بگرە: دەتوانیت چوار بۆ پێنج جار لە ڕۆژێکدا نان بخۆیت لەجیاتی خواردنی خواردنێکی زۆر لە سێ ژەمدا.
  • لەبەرکردنی جلوبەرگی تەسک زۆرجار دەبێتە هۆی ڕوودانی دڵەکزە بەکارنەهێنانی قایشی توند و لەبەرکردنی جلوبەرگی فراوان دەکرێت ڕوودانی ئەم حاڵەتە کەم بکاتەوە.
  • بەپەلە نان خواردن دەکرێت هۆکار بێت بۆ ڕوودانی دڵەکزە.
  • خەوتن لەسەر لای چەپ

ئەم جۆرە خەوتنە یارمەتی هەرسکردنی خۆراک و لابردنی ترشەڵۆکی گەدە و سورێنچک بە شێوەیەکی خێرا دەدات.

لە کاتی نووستن با سەرت و سنگ لە ئاستی قاچەکانت بەرزتر بن.

  • باشترە ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان بەلایەنی کەم دوو کاتژمێر دوای نان خواردن بن. هەروەها خواردنەوەی بڕێکی کەم لە ئاو پێش ئەنجامدانی ڕاهێنان یارمەتی هەرسکردنی خۆراک و ڕێگریکردن لە وشکبوونەوە دەدات.

 

بەڵام ئەگەر ئەم حاڵەتە بە بەردەوامی دووبارە ببێتەوە و کێشە بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانەی کەسەکە دروست بکات، ببێتە هۆی هەوکردنی سورێنچک. پێویستی بە چوونە لای پزیشک و وەرگرتنی چارەسەر دەبێت. زۆرجار پزیشکەکان بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکی ڕوودانی حاڵەتەکە پێشنیازی پشکنین بە ناوبین دەکەن.


سەرچاوەکان



612 بینین