تبلیس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-24-21:45:00 - کۆدی بابەت: 10765
تبلیس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تبلیس یان تبلیسی (بە ئینگلیزی: Tbilisi، بە جۆرجی: თბილისი، بە عەرەبی: تبلیسی، لە هەندێک زماندا هێشتا بە ناوەکەی پێش ساڵی ١٩٣٦ ناسراوە تیفلیس (Tiflis)، پایتەخت و گەورەترین شاری جۆرجیایە، دەکەوێتە ڕۆخی ڕووباری کورا (Kura) و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٫٥ ملیۆن کەسە.

گرنگی و مێژووی شارەکە

تفلیس لە سەدەی پێنجەمی زایینییەوە دامەزراوە و لەو کاتەوە وەکوو پایتەختی شانشینی و کۆمارە جیاوازەکانی جۆرجیا خزمەتی کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٨٠١ بۆ ١٩١٧ کە ئەوکات بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا، تبلیس شوێنی جێگری پاشای قەفقاز بوو کە هەردوو بەشی باکوور و باشووری قەفقازی بەڕێوە دەبرد. بەهۆی شوێنەکەیەوە کە لە نێوان ئەورووپا و ئاسیادایە و نزیکە لە ڕێگای هەورێشم (لە چینەوە تا دەریای مەدیتەرانە)، بەدرێژایی مێژوو تبلیس خاڵێکی ناکۆکی نێوان هێزە جیهانییە جیاوازەکان بوو. شوێنی شارەکە تا ئەمڕۆش پێگەی خۆی وەک ڕێڕەوێکی گرنگی گواستنەوە بۆ پڕۆژەکانی وزە و بازرگانی دەپارێزێت. مێژووی تبلیس لە تەلارسازییەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە کە تێکەڵەیەکە لە پێکهاتەکانی نیو سەدەیی، نیوکلاسیکی، هونەرە جوانەکان، هونەری نوێ و ستالینی و مۆدێرن.‌ لەڕووی مێژووییەوە، تبلیس شوێنی نیشتەجێبوونی چەندین پاشخانی کولتووری و نەتەوەیی و ئایینی بووە، سەرەڕای ئەوەش زۆربەی دانیشتووانەکەی پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتین. تبلیس ناوەندی ئابووری وڵاتەکەیەتی و نزیکەی لەسەدا ٥٠ـی بەرهەمی ناوخۆیی جۆرجیا بەرهەم دەهێنێت.

لەڕووی گەشتیارییەوە

پەرەسەندنی ناوبانگی جۆرجیا وەکوو شوێنێکی گەشتیاری نێودەوڵەتی تبلیسی خستۆتە سەر نەخشەی گەشتیاری جیهانی. لەبەرئەوەی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا میوانداری زیاتر لە ٩ ملیۆن سەردانیکەری نێودەوڵەتی کرد، پایتەختەکەی وەبەرهێنانی گەورەی لە پیشەسازی میوانداریدا کردووە. لە ئێستادا تبلیس شوێنێکی گەشتیاریی پێشەنگە لە ناوچەکەدا و دیمەنە نایابەکانی شار، هونەری دێکۆ، تەلارسازی ڕووسی، ڕۆژهەڵات و سۆڤیەت، مۆزەخانە و گەلەرییە نیشتیمانییەکان، شوێنە سەرنجڕاکێشە کولتوورییەکان، فێستیڤاڵەکان، باڵەخانە مێژووییەکان و خواردنی ناوازە و نەریتی جۆرجیا لەگەڵ کۆمەڵێک چێشتخانەی نێودەوڵەتی پێشکەش دەکات.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری تبلیس لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا (تا ساڵی ١٨٠٠) بە ١٥ هەزار کەس مەزەندەکرا و لە ساڵی ١٨٣٢ـدا ژمارەی دانیشتووان گەشتە ٢٦ هەزار کەس. لە سەدەی نۆزدەهەمدا، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد ئەویش بەهۆی زیادبوونی سروشتی و کۆچبەرییەوە بوو، بەپێی ئەو سەرژمێرییەی کە لە ساڵی ١٨٧٦ـدا ئەنجامدرا، ژمارەی دانیشتووان بە ١٠٤ هەزار مەزەندە کرا. هەروەها بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٨٨٦ ژمارەی دانیشتووانی شارەکە گەیشتووەتە ١٤٥ کەس، بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٨٩٧ گەیشتووەتە ١٦٠ هەزار کەس. لە سەدەی بیستەمدا گەشەی دانیشتووانی تبلیس بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش خێراتر بوو و لە ساڵی ١٩٧٥ـدا گەیشتە یەک ملیۆن کەس. لە ١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ژمارەی دانیشتووانی تبلیس ١٫٢٠٢٫٧ هەزار کەس بوو. ڕووبەری تبلیس ٥٠٤٫٢ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی ٣٫١٩٤٫٣٨ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

نەتەوە

تفبیس وەک شارێکی فرە نەتەوەیی زیاتر لە ١٠٠ نەتەوەی تێدا نیشتەجێیە. نزیکەی ٨٩٪ـی دانیشتووانەکەی لە نەتەوەی جۆرجیا پێکهاتوون، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتووانێکی بەرچاو لە نەتەوەکانی دیکەی وەک ئەرمەنییەکان، ڕووسەکان و ئازەربایجانییەکان له شارەکەدا نیشتەجێن. هاوکات لەگەڵ ئەو گرووپانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، تبلیس شوێنی چەند نەتەوەیەکی دیکەیە لەوانە ئۆسێتیاییەکان، ئەبخازییەکان، ئۆکرانییەکان، یۆنانییەکان، جوولەکەکان، ئاشوورییەکان، ئێزیدییەکان و نەتەوەکانی تر. ڕەگەز و نەتەوەکانی شارەکە بە ڕێژە بەم شێوەیەی خوارەوەن:

  • جۆرجییەکان: ٨٩٫٩٪
  • ئەرمەنییەکان: ٤٫٨٪
  • ئازەربایجانییەکان: ١٫٤٪
  • ڕووسەکان: ١٫٢٪
  • ئێزیدییەکان: ١٫٠٪
  • نەتەوەکانی تر: ١٫٧٪

ئایین

زیاتر لە ٩٥٪ـی دانیشتووانی تبلیس جۆرێک لە ئایینی مەسیحی پەیڕەو دەکەن و زۆرترینیان سەر بە کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی جۆرجیان. هەروەها کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا و کڵێسای نێردراوی ئەرمینیاش شوێنکەوتووی بەرچاویان هەیە. کەمینەیەکی دانیشتووان کە نزیکەی ١٫٥٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن ئایینی ئیسلام پەیڕەو دەکەن و بە شێوەیەکی سەرەکی شیعە مەزهەبن. لە کاتێکدا نزیکەی ٠٫١٪ـی دانیشتووانی شارەکە شوێنکەوتەی ئایینی جوولەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا کڵێسایەکی کاسۆلیکی ڕۆمانی و پەرستگایەکی ئێزیدی تێدایە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای شاری تبلیس نیمچە خولگەیی شێدارە و بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە گەرم و مامناوەندە. هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو باران له شارەکەدا دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی لە شارەکەدا ١١٫٢ پلەی سەدییە و ساڵانە نزیکەی ٧٤٥ مللیمەتر باران دەبارێت.

شاری تبلیس لە نیوەگۆی باکوورە، وەرزی هاوین لەم شارەدا لە کۆتایی مانگی حوزەیران دەست پێ دەکات و لە مانگی ئەیلوولدا کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. ڕێژەی شێ لە مانگی تشرینی دووەمدا بەرزترینە ٧٦٫٩٥٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی ئابدا نزمترینە ٥٤٫٧٢٪ـە.

وشکترین مانگی ساڵ مانگی كانوونی دووەمە و بە تێکڕایی ٣٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی ئایار باراناویترین مانگی ساڵە و بە تێکڕایی ١١٧ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها گەرمترین مانگی ساڵ مانگی ئابە و تێکڕای پلەی گەرمی ٢٣٫٧ پلەی سەدییە، ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەم و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ٠٫٥- پلەی سەدییە. باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە بریتین لە مانگی حوزەیران، تەممووز و ئاب.


سەرچاوەکان



288 بینین