سوودەکانی توێکڵی لیمۆ

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-28-21:12:00 - کۆدی بابەت: 10798
سوودەکانی توێکڵی لیمۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی توێکڵی لیمۆ (بە ئینگلیزی: Benefits of lemon، بە عەرەبی: فوائد الليمون). لیمۆ یەکێکە لە میوە ترشەکان، لە کاتێکدا تەڵپەکەی و شەربەتەکەی دەخورێت و دەخورێتەوە، بەڵام زۆربەی کەس توێکڵەکەی ناخوات و فڕێی دەدات. توێژینەوەکان دەریانخستووە، توێکڵی لیمۆ بە پێکهاتەی زیندەچالاکی دەوڵەمەندە، بەمەش چەندین سوودی جۆراوجۆر بە جەستە دەبەخشێت. 

سوودەکانی توێکڵی لیمۆ

١. بە پێکهاتەی خۆراکی دەوڵەمەندە

سەرەڕای ئەوەی توێکڵەکەی بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەخورێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پێکهاتەی گرنگی لەخۆگرتووە، لە نزیکەی یەک کەوچکی نان خواردن واتە شەش گرامدا ئەم پێکهاتانە هەیە:

توێکڵی لیمۆ بڕێکی باش لەڕیشاڵ و ڤیتامینC تێدایە، هەروەها بڕێکی کەم لە کالسیۆم و پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆمی تێدایە. پێکهاتەیەک لەناو توێکڵی لیمۆدا هەیە کە بە (D-limonene) ناسراوە، ئەم پێکهاتەیە بەرپرسە لە پێدانی ئەو بۆن و بەرامە تایبەتە و لەگەڵ ئەوەشدا چەندین سوودی تەندروستی هەیە. 

٢. پاڵپشتی تەندروستی دەم دەکات

کلۆربوونی ددان و تووشبوونی میکرۆبی پووک، دوو نەخۆشی باون کە بەهۆی بەکتریا ڕوودەدەن. توێکڵی لیمۆ پێکهاتەی دژەبەکتریای تێدایە، بەمەش ڕێگری لە گەورەبوونی وردە زیندەوەرەکان دەکات. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، لە توێکڵی لیمۆدا چوار پێکهاتە هەیە کە تایبەتمەندی دژەبەکتریایان هەیە و دژی نەخۆشییەکانی دەم دەجەنگێن. 

٣. بە پێکهاتەی دژەئۆکسێن دەوڵەمەندە

دژەئۆکسێن پێکهاتەیەکی ڕووەکییە، کە ڕێگری لە زیان گەیاندنی خانەکانی لەش بەهۆی تەنۆلکەی سەربەستەوە دەگرێت. توێکڵی لیمۆ بە پێکهاتەی دژەئۆکسێنی وەک ڤیتامین C و (D-limonene) دەوڵەمەندە. سەلمێندراوە هەبوونی دژەئۆکسێنی لەم جۆرە ئەگەری تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی دیاریکراوی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو کەم دەکاتەوە. لە ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکدا دەرکەتووە، چالاکی دژەئۆکسێن لە توێکڵی لیمۆدا زیاترە بە بەراورد بە هەندێک میوەی تری وەکوو توێکڵی لیمۆ. ڤیتامین C لەم توێکڵی میوەیەدا، ڕۆڵی دژەئۆکسێنێکی بەهێز دەبینێت و یارمەتی بەرەو پێشبردنی تەندروستی کۆئەندامی بەرگری دەدات. 

٤. تایبەتمەندی دژەبەکتریا و دژەکەڕووی هەیە

توێکڵی لیمۆ تایبەتمەندی دژەبەکتریا و دژەکەڕووی هەیە، واتە ڕێگری لە گەورەبوونی بەکتریا دەکات. هەروەها دژی ئەو جۆرە کەڕووە دەجەنگێت، کە تووشی پێست دەبێت. 

٥. کۆئەندامی بەرگری بەهێز دەکات

بەهۆی بوونی پێکهاتەی وەکوو فلاڤینۆید و ڤیتامین C، توێکڵی لیمۆ بەشداری لە بەهێزبوونی کۆئەندامی بەرگری دەکات، ئەم سوودەی لە لێکۆڵینەوەیەکی ١٥ ڕۆژیدا سەلمێنراوە. هەروەها لەتوێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، وەرگرتنی نزیکەی یەک بۆ دوو گرام لە ڤیتامین C لە ڕۆژێکدا ئەگەری تووشبوون بە پەتا و نەخۆشی کەم دەکاتەوە. 

٦. تەندروستی دڵ بەرەوپێش دەبات

بەرزە پەستانی خوێن و بەرزی کۆلیستڕۆڵ و قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکەن، کە لە ئەمریکادا هۆکاری سەرەکی مردنە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، پێکهاتەکانی وەک فلاڤینۆید، ڤیتامین C و پێکتین (pectin) کە لە توێکڵی لیمۆدا ڕیشاڵێکی سەرەکییە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە. لە ئەنجامی پێداچوونەوە بە ١٤ لێکۆڵینەوەدا، سەلمێنراوە ڕۆژانە وەرگرتنی دە میلیگرام لە فلاڤینۆید بەڕێژەی لە ٥% ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە. هەروەها هەبوونی پێکهاتەی پێکتین یارمەتی کەم بوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ دەدات. 

٧. تایبەتمەندی دژەشێرپەنجەی هەیە

توێکڵی لیمۆ چەند تایبەتمەندییەکی دژەشێرپەنجەی هەیە. بۆ نموونە فلاڤینۆید ئەگەری تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجەی کەم دەکاتەوە، هەروەها ڤیتامین C ڕێگری لە گەورەبوون و گەشەکردنی خڕۆکە سپییەکانی خوێن دەگرێت، ئەگەر بەشێوەیەکی نائاسایی لە هەوڵی گەشەکردندا بن. هەروەها پێکهاتەی (D-limonene) بە هەمان شێوە تایبەتمەندی دژەشێرپەنجەی هەیە، بەتایبەتی ڕێگری لە شێرپەنجەی گەدە دەکات. بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەم سوودەدا، توێکڵی لیمۆ وەکوو چارەسەرێک بۆ نەخۆشی شێرپەنجە بەکارناهێنرێت، بەڵکوو دەشێت ڕێگری لە ڕوودانی بکات. 

٨. چارەسەری بەردی زراو دەکات

بەهۆی بوونی پێکهاتەی (D-limonene) لە توێکڵی لیمۆدا، یارمەتی چارەسەرکردنی بەردی زراو دەدات. لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان ٢٠٠ کەسدا ئەنجامدرا، دەرکەوت لە ٤٨% ئەو کەسانەی ئەم پێکهاتەیان وەرگرتووە، بەردی زراویان کەمبووەتەوە و نەماوە.


سەرچاوەکان



584 بینین