چۆن هانی منداڵان بدەین؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-30-20:11:00 - کۆدی بابەت: 10809
چۆن هانی منداڵان بدەین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن هانی منداڵان بدەین؟ (بە ئینگلیزی: ?How to encourage children، بە عەرەبی: كيف نشجع الاطفال؟لە ڕابردوودا دایک و باوکان پێیان وابوو هاندانی منداڵ دەبێتە هۆی خۆویستی و متمانەی لە ڕادەبەدەر، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​خۆیان لە هاندانی منداڵەکانیان بەدوور دەگرت. لە کاتێکدا لەم ڕۆژانەدا پسپۆڕانی دەروونی منداڵان جەخت لەسەر گرنگی شێوازی دروستی هاندانی منداڵان دەکەنەوە لە پەروەردەکردنی منداڵدا. پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی هاندان گرنگە و چ کاریگەرییەکی لەسەر منداڵان هەیە؟ چۆن هانی منداڵان بدەین؟ ئایا هەر ئەوەندەی كە ستایشی منداڵەکەمان بكەین بەسە، یان هاندان و ستایشکردنی منداڵ بنەمای تایبەتی هەیە؟ لەم بابەتەدا باس لە شێوازی دروستی هاندانی منداڵان و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕەفتاری منداڵ دەکەین.

چۆن هانی منداڵان بدەین؟

١. هۆکاری هاندانی منداڵەکە بە وردی دیاری بکە

لەکاتی هاندانی منداڵەکەتدا، هۆکارەکەی بە وردی ڕوون بکەرەوە. دەكرێت گشتاندن مانای سەرەکی بشارێتەوە و منداڵ لە هۆکارەکەی تێنەگات. بۆ نموونە لەبری ئەوەی پێی بڵێیت "لە پارکەکەدا ڕەفتارەكانت جوانت بوو"، بە وردەکاری زیاترەوە بڵێ: "سوپاس بۆ ئەوەی كە لە سەرەی خشخشێنەكەدا سەبرت هەبوو و ئارام بوویت ". بەم شێوەیە منداڵەکە تێدەگات کە جارێکی تر هەمان ڕەفتار دەبێتە هۆی هاندان و ستایشكردنی و بەردەوام دەبێت لەسەری. لە جێی بەكارهێنانی وشەیی گشتی بۆ هاندان، منداڵەكان بە وشەی وەسفكەر و تایبەت هان بدەن. گرنگیدان بە وردەکاری ڕەفتاری منداڵەکەت ئەوە دەردەخات کە تۆ گرنگی پێدەدەیت و بەڕاستی بۆ تۆ گرنگە.

٢. ڕاستگۆبە لە هاندانی منداڵ

گرنگە ڕاستگۆ بیت و زیادەڕەوی نەکەیت لەکاتی هاندانی منداڵان. بۆ نموونە بۆ ئەوەی ستایشی منداڵەکە بکەیت پێویست ناکات بڵێیت "تۆ باشترین نیگارکێشی جیهانیت". تەنها بەسە كە بەڕاستگۆیی و بەشێوەیەكی ڕاستەقینە وەسفی كارەكانی بكەیت. لەبیرت نەچێت کە منداڵان دەبینن کە هاندانی تۆ تا چەندە ڕاستەقینە. تەنانەت ڕەنگە زیادەڕەوی لە ستایشکردندا کاردانەوەی پێچەوانەی هەبێت و منداڵەکە ئیتر باوەڕ بە ستایشەکانی تۆ نەکات. 

٣. تۆنی دەربڕینەكەت هێندەی وشەکان گرنگە لە هاندانی منداڵدا

دەروونناسەکان جەخت لەسەر بەکارهێنانی تۆنێکی گەرم و خۆشەویستی ئامێز دەکەنەوە لە كاتی ڕوونکردنەوەی بنەماکانی ستایشکردن و هاندانی منداڵان. هەروەها زمانی جەستەت گرنگە لە کاتی ستایشکردن و هاندانی منداڵەکەتدا. سەیری چاوی بكە و ئەگەر كرا خۆت بچەمێنەوە و خۆت بخەرە هەمان ئاستی باڵای منداڵەکە بەجۆرێک کە ڕووبەڕووی بیت. لەکاتی هاندانی منداڵ هەوڵبدە ناوی بهێنیت و لەڕێگەی ووشە و دەربڕینی دەموچاوەوە هەستەکە بگەیەنیت. ئەم کارە کاریگەری هاندانی منداڵ زیاد دەکات و جێگەیەکی تایبەت و بەردەوامی هەیە لە یادەوەریدا.

٤. گرنگی بە پێشکەوتنەكانی بدە 

ئەگەر شێوەی هاندانەکەت دروست بێت، منداڵەکەت تێدەگات کە تۆ چەندە گرنگی بە پێشکەوتنەکانی دەدەیت. بەراوردی بکە لەگەڵ خۆی و سەرنجت لەسەر گەشەکردن و باشتربوونی بێت چونکە ئەم جۆرە هاندانە پاڵنەرێکە بۆ منداڵان بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵبدەن. بۆ نموونە پێی بڵێ "تۆ ئێستا زۆر باشتریت لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپەکەدا بە بەراورد بە پێش ئەوەی دەورەكە ببینیت". بەم شێوەیە نیشانی منداڵەکە دەدەیت کە گرنگی بە شێوازی کارکردنی دەدەیت و بە تەواوی ئاگاداری پێشكەوتن و گەشەکردنییت.

٥. باشترین هاندان بۆ منداڵ ئەوەیە کە بەراورد بکرێت لەگەڵ خۆی

تواناکانی منداڵان جیاوازن و ناکرێ چاوەڕێی هەمان شت لە هەموو منداڵان بکەیت. کەواتە وەک بنەمایەک هەرگیز منداڵەکەت بەراورد مەکە لەگەڵ هیچ کەسێکی تر. بەراوردکردن وا دەکات منداڵان ڕووبەڕووی شکست ببنەوە لە داهاتوودا. دەتوانیت ئەو باوەڕە لە منداڵەکەتدا بچێنیت کە هەموو کەسێک بەهرەی جیاوازی هەیە.

بۆ نموونە باشترە کاتێک منداڵ توانایەکی تایبەت یان بەهرەیەکی تایبەت لە خوشک یان برا گەورەکەیدا دەبینێت، جگە لە ستایشکردنی ئەو کەسە، پێویستە تواناکانی خۆی بیر بخەیتەوە. بۆ نموونە ئەگەر وتی کە ناتوانێت وەک برا گەورەکەی لێدانی بەرز لێبدات، پێی بڵێ: ڕاستە براکەت لێدانەكانی زۆر باشن، بەڵام تێبینیم کردووە کە تۆ دەتوانیت زۆر خێرا ڕابکەیت و تۆپەکە بە ناو بەرگریکارەکاندا تێپەڕێنیت. ئەم جۆرە هاندانی منداڵ، جگە لەوەی کاریگەری لەسەر كاركردنی منداڵ هەیە، متمانە بەخۆبوونیشی زیاد دەکات. 

٦. ستایش كردنی ماندووبوونی منداڵان

یەکێک لە بنەماكانی هاندانی منداڵ ئەوەیە کە بتوانێت بەشێوەیەکی گونجاو كرداری ستایشكراو لە مێشکی منداڵدا بگەڕێنیتەوە بۆ ڕەفتارەکانی بۆ ئەوەی بەردەوام ببێت لەسەری. کاتێک منداڵان ستایشی هەوڵەکانیان دەکەیت لە ئەرکێکدا، فێر دەبن سەرکەوتن بگەڕێننەوە بۆ هەوڵەکانی خۆیان. بەو پێیەی هەوڵدان تایبەتمەندییەكە کە هەموومان هێزی کۆنترۆڵکردن و باشترکردنیمان هەیە، ئەم منداڵانە زیاتر سەرنجیان لەسەر هەوڵدان بۆ ڕاهێنان یان پەرەپێدانی لێهاتووییەکانیانە نەک سەرنجیان لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکان بێت.

شێوازی بیرکردنەوەی لەم جۆرە دەتوانێت پاڵنەر و خۆشی ناوەوەی منداڵ زیاد بکات. ئەم منداڵانە کاتێک ڕووبەڕووی شکست دەبنەوە، پێیان وایە بۆیە شکستیان هێناوە، چونکە بەڕادەی پێویست هەوڵیان نەداوە و ئەگەر هەوڵی زیاتر بدەن، لە شکست بەدوور دەبن. بۆیە ئەم منداڵانە پاڵنەریان بۆ دروست دەبێت کە دووبارە هەوڵبدەن و کارەكانیان باشتر بكەن. ئەم منداڵانە نەرم و نیانتر دەبن و لە ئەگەری شکستهێناندا هەڵناچن. 

٧. دەستبەجێ منداڵەکە هان بدە، بەڵام مەیکە بە خوو!

یەکێک لە بنەماکانی هاندانی منداڵ ئەوەیە کە دەستبەجێ ستایشی بکەیت لەسەر کارێکی باش یان ڕەفتارێکی ئەرێنی. لەم حاڵەتەدا منداڵەکەت دەتوانێت ئەم دوو بابەتە بەیەکەوە ببەستێتەوە. زۆرێک لە دایک و باوکان بەدوای دۆخێکی تایبەت و نائاساییدا دەگەڕێن بۆ ستایشکردن و هاندانی منداڵەکەیان. بۆ نموونە لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: "چەند جوان یارمەتیدام لە ئامادەكردنی سفرەكەدا، کاتێک باوکی هات، پێی دەڵێم هانی بدات"، لە کاتێکدا خاڵێكی گرنگ لە هاندانی منداڵان ئەوەیە کە پێویستە دەستبەجێ بێت و بیبەسیتەوە بەو ڕەفتارە ئەرێنییەوە.

هەروەها تێبینی ئەوە بکە کە هاندانی منداڵ شمشێرێکی دوو دەمە. ستایشکردنی هەموو کارێکی ئەرێنی مەکەن بە خوو. پێویست ناکات هەموو ڕۆژێک هانی بدەیت بۆ ئەوەی یارمەتی بدەیت تا پاڵنەری هەبێت. سوودەکانی ستایشکردنی منداڵ کاتێک لەدەست دەچن کە دەبێتە خوو. بۆ ئەوەی ستایشی زۆر یان ناڕاستگۆیانە نەکەیت، باشترین ڕێگا ئەوەیە کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و بەشێوەیەكی ڕاستەقینە بیکەیت.

٨. دروستکردنی خشتەی هاندان بۆ منداڵان

خشتەی هاندان بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێنماییکردنی ڕەفتاری ئەرێنی و هاندانی منداڵان لە تەمەنی ٣ بۆ ٨ ساڵان. شێوەی جۆراوجۆری هەیە، لەوانە پۆستەری دیوار یان ئەپڵیکەیشنی تایبەت. لەم خشتانەدا وێنەی ڕەفتاری ئەرێنی یان ئەو ئامانجانەی کە منداڵەکەت دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، دەلکێنرێت یان ناوەکەی دەنووسرێت. بۆ نموونە وتنی "تکایە" پێش داواکاری بۆ منداڵێکی ٣ ساڵان، لەپێكردنی پێڵاو بە تەنیا بۆ منداڵێکی ٥ ساڵان و بەدەستهێنانی نمرەی تەواو لە نووسینەوە بۆ منداڵێکی ٧ ساڵان. ئەم خشتانە ئامانجەکان دابەش دەکەن بۆ پێکهاتەی بچووکتر و بۆ بەردەوامبوونی هەر ڕەفتارێک نمرە دادەنرێت. دەتوانرێت نمرەكان وەک دانانی ئەستێرەیەك بێت بۆ هەر جارێك كە ڕەفتاری خوازراو ئەنجام دەدات.


سەرچاوەکان



348 بینین