نیپاڵ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-06-01:51:00 - کۆدی بابەت: 10848
نیپاڵ

ناوه‌ڕۆك

 

ناساندن

نیپاڵ (بە ئینگلیزی: Nepal، بە نیپاڵی: नेपाल، بە عەرەبی: نیبال)، بە فەرمی کۆماری فیدڕاڵی دیموکراتی نیپاڵ، وڵاتێکی بێ کەنارە لە باشووری ئاسیا. بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە زنجیرە چیای هیمالایا، بەڵام بەشێک لە دەشتی هیندۆ-گانج لەخۆ دەگرێت. نیپاڵ جوگرافیایەکی هەمەچەشنی هەیە، لەوانە دەشتە بەپیتەکان، گردە دارستانییەکانی دامێنی شاخ و هەشت چیا لە دە بەرزترین چیاکانی جیهان، لەنێویاندا چیای ئێڤرێست کە بەرزترین خاڵی سەر زەوییە. نیپاڵ دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیی، فرە زمان، فرە ئایین و فرە کولتوورییە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی نیپاڵی زمانی فەرمی دانیشتووانی وڵاتە. کاتماندۆ پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتەکەیە.

ناو نیپاڵ یان کۆماری فیدڕاڵی دیموکراتی نیپاڵ
پایتەخت و گەورەترین شار کاتماندۆ
سەرۆکی وڵات بیدیا دێڤی بهانداری
زمانی فەرمی نیپاڵی
ڕووبەری گشتی ١٤٧٫٥١٦ كم٢
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٣٠٫٦٦٦٫٥٩٨
چڕیی دانیشتووان ١٨٠/كم٢
ڕێڕەوی لێخوڕین چەپ
كۆدی تەلەفۆن ٩٧٧+
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان هیندۆنیزم
یەکەی دراو ڕوپیەی نیپاڵی (Rs, रू)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی ٢٠٢٢ ١٧٥ بلیۆن دۆلار

لەڕووی جوگرافییەوە

شێوەی جوگرافی نیپاڵ بەنزیکەیی نیمچە لاتەریبە، درێژییەکەی ٨٠٠ کیلۆمەترە و پانییەکەی ٢٠٠ کیلۆمەترە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەرەکەی ١٤٧٫٥١٦ کیلۆمەتر دووجایە. وڵاتەکە دەکەوێتە نێوان هێڵەکانی پانی ٢٦ و ٣١ ـی باکوور و هێڵەکانی درێژی ٨٠ و ٨٩ ـی ڕۆژهەڵات.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ناوی نیپاڵ "Nepal" بۆ یەکەمجار لە دەقەکانی سەردەمی ڤێدی نیمچە کیشوەری هیندستان تۆمارکراوە، ئەو سەردەمەی کە لە نیپاڵی کۆن ئایینی هیندۆسی دامەزرا و لە ئێستادا ئایینی سەرەکی دانیشتووانی وڵاتەکەیە. بەڵگە شوێنەوارییە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مێژووی نشینگەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ٣٠٫٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا. نیپاڵییەکان نەوەی سێ کۆمەڵەی کۆچکردووی سەرەکی هیندستانن، ئەوانیش بریتین لە تبت و باکووری بۆرما و پارێزگای یونانی چین. دانیشتووانی سەرەتایی ناوچەکە کیراتەکانن کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵات نیشتەجێن لەگەڵ نەوارەکانی دۆڵی کاتماندۆ و تاروە ڕەسەنەکانی دەشتەکانی تێرای و خەڵکی خاس پەهاری لە گردەکانی ئەوپەڕی ڕۆژاوا. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاوی دانیشتووان کۆچیان بۆ تێرای کرد، زۆرینەی نیپاڵییەکان هێشتا لە بەرزاییەکانی ناوەڕاستدا دەژین و شاخەکانی باکوور دانیشتووانێکی کەمی لێ نیشتەجێیە.

نیپاڵ وڵاتێکی فرە کولتووری و فرە نەتەوەییە، شوێنی ١٢٥ نەتەوەی جیاوازە، کە بە ١٢٣ زمانی دایکی جیاواز قسە دەکەن و جگە لە ئایینی هیندۆسی، بوودی، ئیسلام و مەسیحی، ژمارەیەک ئایینی ڕەسەن و فۆلکلۆر پەیڕەو دەکەن. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتووانی نیپاڵ ٢٦٫٥ ملیۆن کەس بوو، کە نزیکەی سێ هێندە زیادیکردووە لە چاو ساڵی ١٩٥٠ـدا کە ژمارەی دانیشتووان نۆ ملیۆن کەس بووبوو. ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠١١ـدا ١٫٣٥٪ بوو، لە کاتێکدا گەشەی ساڵانەی دانیشتووان بە تێکڕایی لە نێوان ساڵانی ١٩٦١ و ٢٠٠١ـدا ٢٫٢٥٪ بوو، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەنەبوونی دانیشتووان و جێهێشتنی وڵات بە مەبەستی کارکردن بەتایبەتی ڕەگەزی نێر. بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە ٣٠٫٦٦٦٫٥٩٨ کەسە و چڕی دانیشتووانیش ١٨٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

ئابووری نیپاڵ

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی نیپاڵ (GDP) لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ٣٤٫١٨٦ ملیار دۆلار بوو و ڕێژەی گەشەی ساڵانەی لە هەمان ساڵدا بە ٦٫٦٪ دانراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ڕێژەی گەشەی ساڵانەی ٢٫٨٩٪ بێت. ئەم وڵاتە یەکێکە لە خێرا گەشەسەندوترین ئابوورییەکانی جیهان و لە پلەی ١٦٥ـی جیهاندایە. هێزی کاری نیپاڵ کە ١٦٫٨ ملیۆن کرێکار لەخۆ دەگرێت، ٣٧هەمین هێزی کاری جیهانە. کەرتی سەرەکی ٢٧٫٥٩٪، کەرتی لاوەکی ١٤٫٦٪ و کەرتی سێیەم ٥٧٫٨١٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت. لە ساڵی ٢٠١٨ـدا حەواڵەی ئاڵوگۆڕی دراوی دەرەکی نیپاڵ بە بڕی ٨٫١ ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو، کە ١٩ـهەمین گەورەترینی جیهان بوو و ٢٨٫٠٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت.

هەروەها بەرهەمە کشتوکاڵییە سەرەکییەکانی وڵاتەکە بریتین لە دانەوێڵە (جۆ، گەنمەشامی، هەرزن، چەڵتوک و گەنم)، دانەڕۆن (دانی ڕۆنی)، پەتاتە، وشکەدان، قامیشی شەکر، گونیە، تووتن، شیر و گۆشتی گامێشی ئاوی. پیشەسازییە سەرەکییەکانی نیپاڵ بریتین لە گەشتیاری، فەرش، چنین، جگەرە، چیمەنتۆ، خشت و کارگەی بچووکی برنج، گونیە، شەکر و دانەڕۆن. بازرگانی نێودەوڵەتی نیپاڵ لە ساڵی ١٩٥١ـدا زۆر فراوان بوو و زیاتر لە ٦٠٪ـی بازرگانی نیپاڵ لەگەڵ وڵاتی هیندستاندایە. بەرهەمە هەناردەکراوە سەرەکییەکان بریتین لە پۆشاکی دووراو، فەرش، وشکەدان، کاری دەستی، چەرم، گیای دەرمانی و بەرهەمە کاغەزیەکان کە ٩٠٪ـی کۆی گشتی پێک دەهێنن. بەرهەمە هاوردەکراوە سەرەکییەکانیش بریتین لە کاڵای جۆراوجۆری تەواوکراو و نیمچە تەواوکراوەکان، کەرەستەی خاو، ئامێر و کەرەستەکان، پەینی کیمیایی، ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنی، بەرهەمە نەوتییەکان، زێڕ و پۆشاکی دووراو. سەرەڕای ئەوانەش هەڵاوسانی دراوی لە ساڵی ٢٠١٩ـدا بە ڕێژەی ٤٫٥٪ بوو.

گەشتیاری لە نیپاڵ

گەشتیاری یەکێکە لە گەورەترین و خێرا گەشەسەندوترین پیشەسازییەکانی نیپاڵ کە زیاتر لە ملیۆنێک کەسی تێدا دامەزراوە و لە ٧٫٩٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵات پێک دەهێنێت. ژمارەی سەردانکەرانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٨ـدا بۆ یەکەمجار یەک ملیۆن سەردانکەری تێپەڕاند، بەبێ هەژمارکردنی ئەو گەشتیارانەی هیندستان کە لە ڕێگەی وشکانییەوە دێنە وڵاتەوە. نیپاڵ لە ساڵی ١٩٥١ بە فەرمی بەڕووی ڕۆژاواییەکاندا کرایەوە و لە ماوەی ساڵانی شەست و حەفتاکاندا بوو بە شوێنێکی بەناوبانگ. پاشان لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە پیشەسازییەکە خاوبوویەوە و دواتر سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی چەند ئاستەنگییەک دەستی کردەوە بە گەشە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای نیپاڵ بەپێی بەرزی و نزمی ناوچەکان جیاوازە، کەشوهەوا لە ناوچە باریک و درێژ و تەختەکەی باشوور نیمچە خولگەییە و وەرزی باراناوی هەیە، کەشوهەوای شاخە نزمەکان مامناوەندە و کەشوهەوای لووتکەکانی زنجیرە چیای هیمالایا ساردە. لە‌ وەرزی هاویندا بارانێکی زۆر دەبارێت، واتە لە مانگی ‌حوزەیران تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم.

وەرزی زستان لە دەشتی باشوور خۆرەتاو و مامناوەندە، کەشی ناوچەکە لە ڕۆژدا گەرمێکی خۆشە بەڵام لە شەودا فێنک دەبێت، هەندێکجار ساردیش دەکات. تێکڕای پلەکانی گەرما لە مانگی کانوونی دووەمدا لە دەوروبەری ١٥ پلەی سەدیدایە و هەندێک جار دەشێت تەم دروست بێت.

لە مانگی ئازاردا پلەی گەرما زۆر بەرز دەبێتەوە و کەش گەرم دەکات، لەکاتێکدا لە مانگی نیسان تا مانگی حوزەیران کەش زۆر گەرمە و دەشێت بەرزترین پلەی گەرمی بگاتە ٤٠ پلەی سەدی یان زیاتر. لە مانگی حوزەیراندا، وەرزە با دەگات، ئەم مانگە تایبەتمەندە بە بارانبارینی بەخوڕ، لە شێوەی دابارین و ڕەشەبای بروسکاوی. پلەکانی گەرما دادەبەزن و پلەی گەرمی لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا بۆ دەوروبەری ٣٣ پلەی سەدی دادەبەزێت، بەڵام ڕێژەی شێ زیاد دەکات و کەشە گەرمەکە گەرم و شێدار دەکات. لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا بارانێکی زۆر دەبارێت و مانگانە ٣٠٠ مللیمەتر تێ دەپەڕێت، بەڵام لە هەندێک ناوچەی دامێنی چیاکان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی وڵات، دەشێت مانگانە ٦٠٠ مللیمەتر زیاتر باران ببارێت.

لە باشووری ڕۆژاوا، وەرزی زستان لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا کۆتایی مانگی شوبات یان سەرەتای مانگی ئازار دەخایەنێت، کەشی ناوچەکە بە شەودا فێنک و هەندێکجار ساردە، لە کانوونی دووەمی ٢٠١٣ پلەی گەرمی بۆ سفر پلەی سەدی دابەزی. جگە لەوەش لە مانگی تشرینی دووەم تا مانگی شوبات، لە شەو و بەیانی زوودا تەم دروست دەبێت.‌ بەرزترین پلەی گەرمی ١٤/١٥ پلەی سەدییە و هەندێکجار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزێت. لە ناوەڕاستی مانگی ئازار تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، پێش وەرزی با، کەش زۆر گەرمە و پلەی گەرمی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٥ـدا گەیشتە ٤٥ پلەی سەدی.

لە ناوچەی تەخت کە دەکەوێتە ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتەوە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە ماوەی مانگی ئازار تا حوزەیران سنووردارە، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ناگاته سەرووی ٣٣/٣٤ پلەی سەدی. لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا، هەر لە نیوەی دووەمی مانگی نیساندا، پێش هاتنی خودی وەرزە با یەکەم ڕەشەبای بروسکاوی پاشنیوەڕۆ هەڵ دەکات‌.

لە سەرووی ٨٠٠/١٠٠٠ مەترەوە کەشوهەوا مامناوەندە، بەڵام شێوازی بارانبارین یەک شتە. لە شاری پۆخارا کە لە بەرزی ٨٠٠ مەترەوەیە تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەم لە نێوان ١٣٫٥ پلەی سەدی تا لە مانگەکانی تەممووز و ئاب ٢٦ پلەی سەدیدا دەبێت. لە زستاندا دەشێت پلەی گەرما لە شەوانی ساردتردا بۆ دەوروبەری سفر پلەی سەدی دابەزێت. هەندێک جار دەشێت تەم دروست بێت. لە ڕۆژدا پلەکانی گەرما لە مانگی نیسان تا ئەیلوول زۆر هاوشێوەن. بەرزترین پلەی گەرمی ساڵ بە شێوەیەکی گشتی پێش وەرزە با و لە مانگی ئایار و هەندێکجاریش لە مانگی نیساندا تۆمار دەکرێت، بەڵام ماوەکەی کورتخایەنە.‌

ساڵانە ١٫٤٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لەم ژمارەیە ١٢٥ مللیمەتریان لە مانگی ئایار و زیاتر لە ٣٦٥ مللیمەتریان لە مانگی تەممووزدا دەبارێت، کە باراناویترین مانگی ساڵە. هەروەها لە مانگی ئەیلولدا ٢٠٠ مللیمەتر و لە مانگی تشرینی یەکەمدا ٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت.


سەرچاوەکان



419 بینین