دایك و باوكی ژەهراوی كێن؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2023-01-16-20:05:00 - کۆدی بابەت: 10916
دایك و باوكی ژەهراوی كێن؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دایك و باوكی ژەهراوی كێن؟ (بە ئینگلیزی: Who are toxic parents?، بە عەرەبی: من هم الوالدان المسمومان؟)، ڕاستە زۆربەی کات دایک و باوک باشترینەكانیان بۆ منداڵەکانیان دەوێت یان تا ئەو ئەندازەیەی بتوانن باشترین كاریان بۆ دەکەن. بەڵام هەندێک جار بە مەبەست یان بەبێ مەبەست، ئەو ڕەفتارانە لە پەروەردەکردنی منداڵدا نیشان دەدەن کە دەروونناسەکان پێیان دەڵێن خووی ژەهراوی. چونکە ژەهری ئەم ڕەفتارانە دەتوانێت ساڵانێک لە جەستەی منداڵدا بمێنێتەوە و زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە.

ئەو دایک و باوکانەی کە ئەم جۆرە تایبەتمەندییە نەشیاوانەیان هەیە پێیان دەوترێت دایک و باوکی ژەهراوی. دایک و باوکی ژەهراوی ناتوانن سەركەوتووبن لە ئەو چاودێرییە سۆزداری، جەستەیی و دەروونییەی کە منداڵ پێویستی پێیەتی بۆ گەشەکردن، تەندروستی سۆزداری و سەربەخۆیی بوون پێویستیان پێیەتی. لە ئەنجامدا كێشە دروست دەبێت لە تەندروستی دەروونی منداڵەكەدا. لەم بابەتەدا باس لە هەندێک لە تایبەتمەندییە ژەهراویەکانی دایکان و باوکان دەکەین.

  1. دایک و باوکی ژەهراوی چاوەڕێی ئەوە دەکەن منداڵەکانیان لەسەر هەموو شتێک لەگەڵیان هاوڕا بن: هەندێک منداڵ لەگەڵ دایک و باوکێک گەورە دەبن کە ڕێگەیان پێنادەن بیرکردنەوە یان بۆچوونی جیاواز دەرببڕن. لەوانەیە ئەم جۆرە دایک و باوکانە كاتێك منداڵەکە هاوڕا نەبێت لەگەڵیان، تۆمەتباری بکەن بەوەی کە کەسێکی یاخی بووە. پێدەچێت ئەمە بە تایبەتی لە بابەتی باوەڕدا باو بێت. ئەو دایک و باوکە ژەهراوییانە لەوانەیە سزای ئایینی وەک دۆزەخ یان سزای جەستەیی بۆ منداڵێک کە هاوبەشی بیروباوەڕەکانیان نییە لەبەرچاو بگرن. ئەو دایک و باوکانەی ئەم سیفەتەیان هەیە بەزۆری لەگەڵ پرسیارکردنی منداڵەکانیاندا نین، چونکە پێیان وایە تەنانەت پرسیارێکی سادەش ئەوە دەردەخات کە منداڵەکە گومانی لە بۆچوونی دایک و باوکی هەیە. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین بوونی تایبەتمەندییەکی لەو شێوەیە لە دایک و باوکدا یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دایک و باوکی ژەهراوی. چونکە منداڵ ڕێگەی پێنادرێت خۆی بیربکاتەوە. بەزۆری چاوەڕوان دەکرێت ئەم جۆرە منداڵانە قسەی دایک و باوکیان وەک ڕاستییەك قبوڵ بکەن و زیاتر وەک سەرباز یان ڕۆبۆت ڕەفتار بکەن نەک مرۆڤ.
  2. دایک و باوکی ژەهراوی باوەڕیان بە تایبەتمەندی منداڵ نییە: ئەو دایک و باوکانەی کە تایبەتمەندی نادەن بە منداڵەکە دەتوانن زیانێکی زۆر بە کەسایەتی منداڵەکە بگەیەنن. ئەو دایك و باوكانە بە تایبەت كاتێك منداڵەكەیان گەورەتر دەبێت لە جێی پاراستنی تایبەتمەندییەكانی، ڕەنگە دەفتەری یادەوەری منداڵەكەی بخوێنێتەوە یان جانتاكەی بپشكنێت. لە دۆخێکی وادا ئەگەر منداڵەکە دەرگای ژوورەکەی دابخات بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجی لەسەر كارەكەی بێت، دایک و باوکی گومانی لێدەکەن. زۆرجار ئەو دایک و باوکانەی ئەم ڕەفتارانەیان هەیە، بە زەحمەت پێداویستییە سۆزدارییەکانی منداڵەکەیان دەبینن.
  3. هەستەكانی دایک و باوکی ژەهراوی لە پێش هەموو شتێکەوە ئەولەویەت وەردەگرن: ئەو دایک و باوکانەی کە پەروەردەی پێداویستییە سۆزدارییەکانی منداڵەکەیان ڕەتدەکەنەوە، داهاتوویەک دروست دەکەن کە تیایدا منداڵەکە هەست بکات ناتوانێت ئەو شتانە دەرببڕێت کە پێویستییەتی. هەروەها دایک و باوکی ژەهراوی بە زۆری خۆیان بە سەنتەر دەزانن و ناتوانن لەوە تێبگەن کە ڕۆڵی دایک و باوک لە ژیانی منداڵەکانیاندا ڕۆڵی خزمەتکردن و پشتیوانییە. ئەرکی هەموو دایک و باوکێک لە قۆناغی یەکەمدا ئەوەیە کە باشترین دەرفەت بە منداڵەکە بدات بۆ ئەوەی گەشە بکات و ببێتە مرۆڤێکی تەندروست و تەواو. لە دۆخێکی وادا کاتێک منداڵەكە هەستە ڕاستەقینەكانی خۆی دەردەبڕێت، دایک و باوکی پێی دەڵێن کە نابێت بەو جۆرە هەست بكات. هەروەها ئەو جۆرە دایك و باوكانە باس لەوە دەکەن کە چەندە منداڵەکانیان خۆشدەوێت، بەڵام ئەگەر دەربارەی تایبەتمەندییەكانی منداڵەكەیان پرسیاریان لێ بكەیت ناتوانن زۆر قسەی لەسەر بكەن چونکە بەڕاستی نازانن.
  4. بەراوردکردنی منداڵ بە کەسانی تر یەکێکە لە ڕەفتارە ژەهراوییەکانی دایک و باوک: دایک و باوکی ژەهراوی دەتوانن لە بەرامبەر ئەو منداڵانەی كە هاوتەمەنی منداڵەكەی خۆیانە هەر شتێكی باش بدۆزنەوە تا بیڵێن، بەڵام کاتێک دێتە سەر باسی منداڵەكەی خۆیان، تەنها كارێك كە دەتوانن بیكەن ئەوەیە كە گلەیی بكەن، سەرزەنشتی منداڵەكەیان بكەن و بەراوردیان بكەن بە منداڵەکانی تر. ڕەنگە تەنانەت زۆرێک لە دایک و باوکان درک بە زیانەکانی بەراوردکردنی منداڵ لەگەڵ یەکتر نەکەن و بەبێ مەبەست ئەنجامی بدەن. لە ڕاستیدا ئەم دایک و باوکانە بەزۆری سەرقاڵی تاوانبارکردنی کەسانی دیکەن، بەتایبەتی منداڵەکانیان.
  5. دایک و باوکی ژەهراوی دەیانەوێت منداڵەکانیان لە ناو خەونە بەدینەهاتووەکانی ئەواندا بژین: زۆرێک لە دایک و باوکان تەنها دەیانەوێت منداڵەکانیان ماوەیەكی منداڵی باشتریان هەبێت وەك لەوەی کە ئەوان هەیانبووە. ئەم ئارەزووە لە بنەڕەتدا خراپ و ژەهراوی نییە. لە ڕاستیدا ئەمە كاتێك دەبێتە کێشە كە دایک و باوک نەزانن چۆن سنوور دابنێن و دان بەوەدا نەنێن کە منداڵەکەیان بە تەواوی سەربەخۆن و جیاوازن لە ئەوان. زۆرجار دایک و باوکە ژەهراوییەکان چاوەڕێی ئەوەن منداڵەکانیان ئەوە هەڵبژێرن كە ئەوان دەیانەوێت بەبێ گوێدانە ئارەزووی دڵیان. لەوانەیە پاڵ بە منداڵەكانیانەوە بنێن بەرەو هەندێک پیشە یان بەشێكی کۆلێژی دیاریكراو، هەروەها فشاریان لەسەر دروست بكەن بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکەن و منداڵیان هەبێت.
  6. دایک و باوکی ژەهراوی ناتوانن شانازی بە منداڵەکەیانەوە بکەن: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دایک و باوکی ژەهراوی ئەوەیە کە هەست بە دڵتەنگی دەکەن کاتێک منداڵەکانیان دڵخۆشن. هەندێک جار دایک و باوکی ژەهراوی تەنانەت ڕەنگە بەبێ مەبەست هەست بە ئیرەیی بكەن بەرامبەر منداڵەکانیان. ئەم دایک و باوکانە بە سادەیی ناتوانن بەسەر هەستەکانیاندا زاڵ بن و زۆرجار گاڵتە بە منداڵەکانیان دەکەن. هەروەها لەوانەیە زۆر بێباک بن بەرامبەر بە دەستکەوتەکانی منداڵەكە یان سەرنجەكانیان ببێتە هۆی لەناوبردنی هەستی بەهای منداڵەکە. ئەم جۆرە دایک و باوکە ناتوانن شانازی بە منداڵەکەیانەوە بکەن.
  7. ئەو دایک و باوکانەی خووی ژەهراوییان هەیە شێوازی سزادان بەکاردەهێنن: سزادان لە بنەماکانی گۆڕینی ڕەفتاردا بەزۆری وەک دوا چارەسەر دادەنرێت و ئەگەر ڕێگەیەکی تر نەبوو ئینجا بەكاردەهێنرێت، پێویستە بنەماکانی سزادانی منداڵ پەیڕەو بکرێت. هەرکاتێک دایک و باوک منداڵەکانیان سزا دەدەن، بۆ ئەوەیە کە منداڵەکان فێربن چۆن بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە ڕەفتار بكەن و فێری ڕەفتارێکی دروست بن. زۆرێک لە دایک و باوکە ژەهراوییەکان ئەمە پشتگوێ دەخەن و لەبری ئەوە لە ڕووی سۆزدارییەوە بە شێوەیەكی توند منداڵەکانیان سزا دەدەن. دایک و باوکی ژەهراوی سزای منداڵەكەیان نادەن لەبەر ئەوەی کە ڕەفتاری منداڵەکە بگۆڕن بەڵکو بە هۆی هەستی توڕەیی، بێزاری، شەرمەزاری و تەنانەت ترسی خۆیانەوەیە كە وادەكەن. هەروەها لێدان، لۆمەکردن و گاڵتەکردن پێیان شێوازی سزادانی ئەم دایک و باوکانەن. منداڵانی ئەم دایک و باوکانە لەوانەیە لێیان بترسن یان بە تەواویی هەست بە بێ بەهایی بکەن.
  8. هەستكردن بە تاوانباری بەکاردەهێنن بۆ گەشتن بە ئەوەی كە دەیانەوێت: بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، دایک و باوکی ژەهراوی پەنا دەبەنە بەر بیانوویەکی وەک هەستكردن بە تاوان بۆ ئەوەی منداڵ ناچار بکەن بیروڕای بگۆڕێت. لەبیرت نەچێت لە پەیوەندییەکی تەندروستی نێوان دایک و باوک و منداڵدا، هەردوولا دەتوانن قسە و پێداویستییەکانی خۆیان دەرببڕن بەبێ داواكاری یان پێداگری لەسەر پشتگوێخستنی خواست و پێداویستییەکانی لایەنی بەرامبەر.

کاریگەری دایک و باوکی ژەهراوی لەسەر منداڵ چییە؟

 لە خێزانێكدا كە دایك و باوك خووی پەروەردەكردنی ژەهراوییان هەبێت، دەكرێت ببێتە هۆی گەورەبوونی منداڵانێك كە بە شێوەیەکی گشتی یەکێک لەم تایبەتمەندیانەی خوارەوەیان هەبێت:

  • بۆیان زەحمەتە كە بڵێن نەخێر.
  • تووشی دڵەڕاوکێ دەبن.
  • بە سەختی كار دەكەن بۆ ڕازیكردنی کەسانی تر.
  • ناتوانن خودی ڕاستەقینەی خۆیان بن.
  • کاردانەوەیان نییە بەرامبەر بە ڕەفتاری خراپی کەسانی دیکە.
  • چاوەڕێی ئەوە دەکەن كە خراپترین شت لە ژیانیاندا ڕووبدات.

ئەم زیانانە بەهۆی هەڵسوکەوتی بەردەوام و دووبارەبوونەوەی دایک و باوکی ژەهراوی دروست دەبێت. ئازار، شكاندنەوە و خراپەکاری لە ئەم ڕەفتارە زیانبەخشانەن. هەروەها بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان ناکەن، نەرم و نیان نین و هەرگیز داوای لێبوردن ناکەن. ئەوان بەزەیی و توانای پێویستیان بۆ پەروەردەکردنی منداڵەكانیان نییە و زیاتر گرنگی بە پێویستییەكانی خۆیان دەدەن وەك لەوەی نیگەرانی ئەوە بن ئەوەی دەیکەن باشە یان خراپ بۆ منداڵەکەیان.


سەرچاوەکان



841 بینین