گرنگی هاوڕێیەتی چییە؟

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-05-01-22:42:00 - کۆدی بابەت: 12733
گرنگی هاوڕێیەتی چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرنگی هاوڕێیەتی چییە؟ (بە عەرەبی: ما هي أهمية الصداقة، بە ئینگلیزی: What is the importance of friendship)، بوونی هاوڕێیەتی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ هەموو چین و توێژێک کە لە هەر تەمەن و ساتێکدا بێت.

واتای هاوڕێیەتی چییە؟

فەیلەسووفی یۆنانی ئەرسـتۆ دەڵێ: "گەر دەربارەی هاوڕێیەتی لەمن دەپرسی، ئەوەیە کە گیانێکە و لە دوو جەستەدایە". هەروەها هاوڕێیەتی ڕاستەقینە واتا هاوبەشیکردن و لەیەکگەیشتن و هاوبڕوایی و هاوسۆزی و هاوخۆشەویستی و هاودڵسۆزی و هاوڕێزییە، لە نێوان دوو کەس یا زیاتردا، هاوڕێیەتی راستەقینە پیرۆزترین و جوانترین و بەسوودترین و پاکترین و بەرزترین پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە لە نێوان ئادەمیزادا کە لەگەڵ تێپەڕبوونی رۆژان و ساڵاندا، هاوڕێیەتیش ڕەسەنتر و بەهێزتر و قووڵتر دەبێتەوە. مرۆڤ بۆ هەمیشە ناتوانێت بە تەنها بژی ئەگەر وابوایە ئەوا هەرگیز نەیدەتوانی خێزان و کۆمەڵگا و شار و پێشکەوتن پێکبهێنێت.

هاوڕێیەتی راستەقینە رووەکێکە کە بە دڵسۆزی و بە خۆشەویستی و بە هاوڕێزی و بە نیازپاکی ئاو دەدرێ و لەسەر خۆی دەڕوی و باڵا دەکات هاوڕییانی دڵسۆز ئەو هاوڕێیانەن، کە لە خۆشی و لە ناخۆشیدا، لە شایی و لە شیندا، لە شێنەیی و لە تەنگانەدا یەکتری بەسەربکەنەوە و فریای یەکتری بکەون. هەروەها لەلای منداڵان بیرۆکەیەکی سەرەتایی دەربارەی واتای هاوڕێیەتی گەڵاڵە بووە ئەوان وای لێکدەدەنەوە کە هاوڕێ هەر مرۆڤێکە کە خۆشیانی بوێ، هەر کەسێکە یاری خۆشیان لەگەڵدا بکا، سەرەتای هاوڕێیەتی لە لای منداڵان بە سادەیی و بە نیازپاکی دەست پێدەکات وەک دڵەپاکەکانی خۆیان.

هەروەها بەهێزترین و پاکترین هاوڕێیەتی ئەو هاوڕێیەتییەیە کە لە قۆناخی یەکەمی تەمەنی منداڵیدا دروست دەبێت، کە ڕەنگدانەوەی دڵپاکی و نیازپاکی منداڵانی پێوە دیارە و دەشێ ئەم هاوڕێیەتییەش ڕێکەوتی بێت و بە هۆی پێکەوە یاریکردن دروست بووبێت، یان لە ڕێی پەیوەندیی خزمایەتییەوە، یان پەیوەندی دراوسێتی، یان تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵانی گەڕەک یان قوتابخانەدا، یان بە هۆی هاوڕێیەتی منداڵانی هاوڕێکانی دایکان و باوکان و خوشکان و براکان و تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵانی خێزانانی تردا، یان بە هۆی هەر رێکەوتێکی ترەوە بێت دروست بوبێت. هەروەها بە ئاسانی هاوڕێیەتی لە نێوان منداڵاندا دروست دەبێت.

گرنگی هاوڕێەتی چییە؟

هاوڕێیەتی زۆر گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا بە تایبەتیش زۆر گرنگترە لە ژیانی منداڵاندا گرنگترینیش ئەوەیە، کە هاوڕێ و دۆستی ڕاست و دڵسۆز و دڵپاک هەڵبژێرن چونکە هاوڕێیانی دڵسۆز و ڕاسەقینە ئەگەر لەبەر چاویش نەبن ئەوا لە ناخی دڵدا دەژین. هەروەها سەرجەم دەروونناسان و زانایانی پەروەردەش، جەخت لە گرنگیی و لە سوودەکانی هاوڕێیەتی لە نێوان کەسەکان دەکەنەوە، چونکە هاوڕێیەتی لە نەخۆشییە دەروونییەکان دەپارێزێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی هاوڕێیەتی ئارەزوومەندانەیە و لەسەر بڕوا بە یەکتری و لێبووردن و هاوبەشیکردن و هاوسۆزی بنیاتنراوە، هاوڕێیەتی کەسایەتی مرۆڤ بەهێز دەکات و یارمەتیشی دەدات بۆ پێشخستی پێوەرە ڕەوشتییەکانی وەکوو یەکسانی و داپەروەری و هاوبەشی کردن و یارمەتیدان. 

گرنگترین سوودەکانی هاوڕێیەتی چییە؟

١ـ یارمەتییەکی زۆری گەشەی دەروونی و جووڵەیی و کۆمەڵایەتی دەدات.
٢ـ کارتێکەرە لە دروستبوونی کەسایەتی ئاسایی و دروست و بەهێز.
٣ـ سوودێکی گرنگیی هاوڕێیەتی ئەوەیە، کە کەسەکان لە گۆشەگیری و لە دابڕان دووردەخاتەوە، گۆشەگیریش زۆر مەترسیدارە، چونکە مرۆڤ دەگۆڕێت و دەبێتە کەسایەتییەکی لاواز.
٤ـ هاوڕێیەتی بەسەر کێشەکانی قسەکردن و کەمدوویی دا زاڵ دەبێت.
٥ـ هاوڕێیەتی بەسەر شەرم و ترس و ترسی کۆمەڵایەتیدا سەردەکەوێت.
٦ـ هاوڕێیەتی مرۆڤەکان لە خۆپەرستی و لە خۆبایی ڕزگار دەکات.
٧- هاوڕێیەتی وا لە مرۆڤەکان دەکات کە بڕوایەکی زیاتریان بە خۆیان هەبێت، هەست بەوە دەکەن کە کەسانێکی نزیک پاڵپشتیانن و لێیان تێدەگەن و دڵنیاشن گەر پێویست بکات راوێژیان پێدەکەن و یارمەتیان دەدەن.
٨- هاوڕێیەتی فێری هاوکاری و هەرەوەزی و خێرخوازیمان دەکات.
٩- هەروەها هاوڕێیەتی لە نێوان کوڕان و کچاندا لە هەستی جیاوازی دووریان دەخاتەوە و بڕوایان بە یەکتری زیاتر دەبێت و هەرەس بە کوڕسالاری دەهێنێت، کە لەم ڕووەوە قوتابخانە تێکەڵەکانی کچان و کوڕان کە پێکەوەن رۆڵێکی سەرەکییان هەیە.


سەرچاوەکان



82 بینین