چاندنی چەوەندەر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-17-21:54:00 - کۆدی بابەت: 11038
چاندنی چەوەندەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی چەوەندەر (بە ئینگلیزی: planting beet، بە عەرەبی: زراعة الشمندر)، یەکێکە لە ئەو بەرهەمانەی کە تایبەتە بە ناوچە فێنکەکان، چاندن و گەورەبوونی ئاسان و خێرایە، هەردوو گەڵا و ڕەگەکەی شیاوی خواردنن و بەکاردێن، چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە شێوە و ڕەنگیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە دەکرێت چەوەندەر سووری تۆخ، سپی، زەرد یان هێڵدار بێت.

دەکرێت ڕووبەڕووی نەخۆشی جیاوازی ڤایرۆسی، مێروویی یاخود کەڕوویی ببێتەوە، هەندێک لە نیشانەکان ئەمانەن، گەڵاکانی ڕەنگی جیاواز و کونی تیادا دروست دەبێت، یاخود ڕەگەکەی لەلایەن مێرووەکانەوە دەخورێت، بۆ چارەسەر کردن سەرەتا پێویستە ئەو ڕووەکانەی کە زیانیان پێگەیشتووە لاببرێن، ئەوانی تریش هەواگۆڕکێ و هەلومەرجی گونجاویان بۆ دابینبکرێت.

هەنگاوەکانی چاندن

  • لە سەرەتای بەهاردا دەستدەکرێت بە چاندنی چەوەندەر، کاتێک کە خاکەکەی کەمێک گونجاو بێت و کاری تێدا بکرێت.
  • تۆوەکەی لە قوڵی نزیکەی یەک سانتیمەتردا دەچێنرێت، مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر باشترە ٢-٥ سانتیمەتر ببێت و مەودای نێوان ڕیزەکانیش بگاتە ٣٠-٤٦ سانتیمەتر.
  • تۆوەکان بە چینێکی تەنک لە خۆڵ دادەپۆشرێن و جێگەکەش بە شێداری دەهێڵرێتەوە و ئاو دەدرێت بۆ ئەوەی تۆوەکان چەکەرە بکەن.
  • چەکەرەکردنی تۆوەکان بە گوێرەی پلەی گەرمی خاکەکە دەگۆڕێت، لە پلەیەکی گونجاودا تۆوی چەوەندەر ٥-٨ ڕۆژی پێویستە هەتاکوو چەکەرە بکات، بەڵام لە خاکێکی ساردتردا نزیکەی ٢-٣ هەفتەی پێویستە.
  • بۆ خێراکردنی چەکەرە کردنی تۆوەکە باشترە ٢٤ کاتژمێر پێش چاندنی بخرێتە ئاوەوە.

شێوازی گرنگیپێدان

چەوەندەر پێویستی بە خاکێکە کە پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان کەمێک ترش بۆ هاوکێشبێت و بە دیاریکراوی ٦-٧ پلە ببێت، دەکرێت بەرگەی کەمێک سەروو حەوت پلە بگرێت واتە کەمێک تفتتر بێت، بەڵام توانای بەرگەگرتنی بۆ خاکێک نییە کە پلەی ترشێتییەکەی لە شەش کەمتر بێت، هەروەها جێگەکەی ڕووناکی خۆری زۆری هەبێت یاخود کەمێک سێبەر، بەڵام ئەگەر ڕووناکی خۆری زیاتر بێت ئەوا خێراتر گەشە دەکات کە باشترە بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە شەش کاتژمێر ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆی هەبێت.

گونجاوترە کە خاکەکەی دەوڵەمەند بێت بە ماددەی خۆراکی و بەپیتبێت، بەڵام دەکرێت لە خاکێکیشدا کە زۆر بەپیت نەبێت سەوز ببێت چونکە توانای بەرگەگرتنی هەندێک دۆخ و هەلومەرجی هەیە، خاکەکەی دەبێت بەرد و ڕێگری تری تێدا نەبێت و سەرەتا پێش چاندنی پاک بکرێتەوە، هەفتانە ئاوی پێویستی بە شێوەیەکی ڕێکخراو پێبدرێت بۆ ئەوەی شێی گونجاوی هەبێت، یان بۆ ئاسانکاری دەکرێت چینێک سەماد بۆ بنجی ڕووەکەکان زیادبکرێت کە دەبێتە هۆی هێشتنەوەی شێ.

جگە لە ئەمانەش پێویستە چەوەندەر بژار بکرێت واتە گژوگیا زیانبەخشەکان دەربهێنرێن، بەڵام بە وریاییەوە چونکە ڕەگی چەوەندەرە گەنجەکان لە نزیکیدایە و دەکرێت زیانیان پێبگات، بەهۆی ئەوەی کە توانای بەرگەگرتنی پلەی گەرمی نزم و سەرمای هەیە، ئەوا بە یەکێک لە بەروبوومە پاییزییەکان دادەنرێت

لە پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر چاندنی تۆوەکەی چەوەندەرەکان پێدەگەن، کاتێک درێژی گەڵاکان دەگاتە ١٠-١٢ سانتیمەتر دەبێت ژمارەی بنجەکان تەنبکرێنەوە، بۆ ئەوەی ڕەگەکەی بگاتە قەبارەی گونجاوی خۆی، کە قەبارەی ڕەگە خڕەکەی دەگاتە نزیکەی قەبارەی تۆپێکی گۆڵف ئەوا دەکرێت بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەگەر گەورەتر ببێت ئەوا ڕەق دەبێت و کەمتر گونجاوە.

گەڵاکەی لە هەموو کاتێکدا دەکرێت لێبکرێتەوە، تامێکی جیاواز و تایبەت بە خۆی هەیە، تەنانەت ڕێژەی ماددە خۆراکییەکان لە گەڵاکەیدا زیاترە بە بەراورد بە ڕەگەکەی، لە دوای دەرهێنانی چەوەندەرەکە دەتوانرێت ٥-٧ ڕۆژ لە پلەی گەرمی ژووردا هەڵبگیردرێت، بەڵام ئەگەر چەند سانتیمەترێک لە قەدی گەڵاکەی بە چەوەندەرەکەوە بهێڵرێتەوە ئەوا زیاتر دەمێنێتەوە، یاخود بۆ هەڵگرتنی ماوەی زیاتر دەخرێتە بەفرگرەوە.


سەرچاوەکان



346 بینین